ئازادیی داهێنان و ڕۆشنگەریی نەتەوەیی
دەوڵەت بەرهەمی کولتووری و داهێنانی هونەری وەک هێزێکی ژینەکی و دینامیکی بۆ بنیاتنانی ئاوەزێکی نەتەوەیی پێشکەوتوو و کۆمەڵگایەکی خاوەن شکۆ دەبینێت. ئازادیی داهێنان نەک هەر مافێکی تاکەکەسی، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ گەشەسەندنی هزری، پتەوکردنی شوناس و توان…
دەوڵەت بەرهەمی کولتووری و داهێنانی هونەری وەک هێزێکی ژینەکی و دینامیکی بۆ بنیاتنانی ئاوەزێکی نەتەوەیی پێشکەوتوو و کۆمەڵگایەکی خاوەن شکۆ دەبینێت. ئازادیی داهێنان نەک هەر مافێکی تاکەکەسی، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ گەشەسەندنی هزری، پتەوکردنی شوناس و توانای نەتەوە بۆ ڕەخنەگرتن لە خۆی و جیهان و بەدیهێنانی بەدیلی نوێ. لەم سۆنگەیەوە، دەوڵەت نەک تەنیا ڕێز لە ئازادیی داهێنان دەگرێت، بەڵکو بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەسەندنی کولتوورێکی زیندوو، ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە بڕەخسێنێت.
یەکەم: گەرەنتیی ئازادیی داهێنان
١.١. دەوڵەت گەرەنتیی ئازادیی داهێنانی هونەری، ئەدەبی و هزری دەکات.
١.٢. هیچ هونەرمەند، نووسەر و بیرمەندێک نابێت لەسەر بەرهەم و داهێنانەکانی ڕووبەڕووی لێپرسینەوە، سانسۆر، یان فشاری وارگێڕی ببێتەوە.
١.٣. ئازادیی دەربڕینی هونەری و ئەدەبی بەشێکی دانەبڕاوە لە ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.
دووەم: سنوورەکان و بەرپرسیارێتیی هونەری
٢.١. ئازادیی داهێنان ڕەها نییە و نابێت ببێتە پاساوێک بۆ پێشێلکردنی بەندە بنەڕەتییەکانی ئەم دەستوورە. بەپێی قانوونێکی تایبەت، هەر بەرهەمێکی هونەری یان ئەدەبی کە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا یەکێک لەم کردەوانەی خوارەوەی تێدا بێت، ڕێنەدراوە:
ئا. هاندانی ڕاستەوخۆ بۆ ئەنجامدانی تاوانی تێرۆریزم و توندوتیژی.
ب. بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە و پاکتاوی نەژادی دژی هەر پێکهاتەیەکی نەتەوەیی یان ئایینیی کوردستان.
پ. سوکایەتیپێکردنی ئاشکرا بە پیرۆزییە ئایینییە دانپێدانراوەکانی وڵات بە شێوازێک کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
ت. هەر کردەوەیەک کە بکەوێتە چوارچێوەی تاوانی ناپاکیی نیشتمانی یان نەیارشەیداییەوە.
٢.٢. ڕاییکردنی ئەم سنووردارکردنانە تەنیا لە ڕێگەی بڕیاری دادگای پسپۆڕەوە دەبێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک بۆ سەرکوتکردنی ڕەخنەی وارگێڕیی ڕەوا یان دەنگی جیاواز بەکاربهێنرێت.
سێیەم: پشتیوانیی ستراتیژیی دەوڵەت وەک ئەرکێکی نیشتمانی
٣.١. دەوڵەت وەک بەشێک لە وارگێڕیی "هێزی نەرم"، پشتیوانیی چالاکانە، بێوچان و سیستماتیک لە بەرهەمهێنانی کولتووریی باڵا دەکات.
٣.٢. ئەم پشتیوانییە بریتییە لە:
ئا. دابینکردنی بودجەی شایستە بۆ ئەو پڕۆژە هونەرییە ناوازانەی کە بەهایەکی بەرزیان هەیە.
ب. بنیاتنانی ژێرخانی کولتووریی مۆدێرن وەک هۆڵی شانۆ، گەلەریی هونەری، سینەماتیک و ناوەندی کولتووری لە سەرانسەری وڵاتدا.
پ. پێدانی هاندانی باج و ئاسانکاریی کارگێڕی بە کەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە بواری کولتوور و هونەردا.
چوارەم: پاراستنی ماف و شکۆی پیشەیی هونەرمەند
٤.١. دەوڵەت بە شێوەیەکی تایبەت گەرەنتیی ڕاییکردنی کارای قانوونەکانی مافی هزری دەکات بۆ پاراستنی مافە شتەکی و گیانەکییەکانی هونەرمەندان و داهێنەران.
٤.٢. قانوون پێگەی پیشەیی هونەرمەند ڕێکدەخات و مافی دامەزراندنی سەندیکای سەربەخۆ و بەشداریکردن لە پەرگاڵی ئاسایشی کۆمەڵایەتییان بۆ مسۆگەر دەکات.
پێنجەم: دامەزراوە نیشتمانییەکان بۆ گەشەپێدانی کولتووری
٥.١. بۆ ڕاییکردنی ئەم ئامانجانە، دەوڵەت کار بۆ دامەزراندنی دامەزراوەی نیشتمانیی تایبەتمەند دەکات، وەک:
ئا. سندوقی نیشتمانی بۆ پشتیوانیی فیلم: بۆ دابینکردنی بودجە و پشتیوانیی تەکنیکی بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی و دۆکیۆمێنتاریی چلۆنایەتی باڵا.
ب. ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان: وەک ناوەندێکی باڵای ئەکادیمی بۆ پێگەیاندنی نەوەی نوێی هونەرمەندان و پەرەپێدانی توێژینەوەی هونەری.
پ. ئۆرکێسترای نیشتمانیی کوردستان و گرووپە شانۆییەکان: بۆ نمایشکردنی بەرهەمی هونەریی باڵا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
شەشەم: ناوەندگەرایی نەکردنی کولتووری
٦.١. دەوڵەت پابەندە بە وارگێڕیی ناوەندگەرایی نەکردنی کولتووری و دڵنیابوون لەوەی کە ژیانی کولتووری تەنیا لە پایتەختدا قەتیس نابێت.
٦.٢. پشتیوانیی تایبەت لە چالاکییە کولتوورییە خۆجێی و هەرێمییەکان دەکات و هانی دامەزراندنی ناوەندی کولتووری لە گشت شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا دەدات.
حەوتەم: دیپلۆماسیی کولتووریی نێودەوڵەتی
٧.١. دەوڵەت بە شێوەیەکی ستراتیژی کار لەسەر دیپلۆماسیی کولتووری دەکات وەک ئامرازێک بۆ ناساندنی کوردستان بە جیهان، لە ڕێگەی:
ئا. پاڵپشتیکردنی وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبییە ناوازەکانی کورد بۆ زمانە جیهانییەکان و بە پێچەوانەوە.
ب. ڕێکخستنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم، مۆسیقا و شانۆ لە کوردستان.
پ. ئاسانکاری کردن بۆ بەشداریی هونەرمەندانی کوردستان لە بۆنە و پێشانگا جیهانییەکاندا، بۆ ئەوەی وەک باڵیۆزی کولتووریی نەتەوەکەیان کار بکەن.
