مێدیا، ڕاستی و ئاوەزی گشتی
لە کۆماری کوردستاندا، ڕاگەیاندنێکی ئازاد کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی پەڕگاڵی دەستووری و پاسەوانێکی ژینەکیی نرخ و بەها دیموکراتیکەکانی کۆمارە. مێدیا وەک پانتایی سەرهەڵدانی گوتاری گشتی، کە دەسەڵات دەخاتە ژێر چاودێریی کۆمەڵەوە و گەیشتن بە ڕاستی مسۆگەر دەکرێت. هەر هەوڵ…
لە کۆماری کوردستاندا، ڕاگەیاندنێکی ئازاد کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی پەڕگاڵی دەستووری و پاسەوانێکی ژینەکیی نرخ و بەها دیموکراتیکەکانی کۆمارە. مێدیا وەک پانتایی سەرهەڵدانی گوتاری گشتی، کە دەسەڵات دەخاتە ژێر چاودێریی کۆمەڵەوە و گەیشتن بە ڕاستی مسۆگەر دەکرێت. هەر هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی ناقانوونیی ئازادیی ڕاگەیاندن، بە هەوڵێک بۆ کوێرکردنەوەی بینایی و چاودێری دەوڵەت و لاوازکردنی بناغەکانی دیموکراسی دادەنرێت.
یەکەم: پێگەی دامەزراوەیی و پارێزبەندیی فەزای گشتی
١.١. مێدیا لە کۆماری کوردستاندا وەک "کۆڵەکەی چوارەم" و چاودێرێکی دەستووریی سەربەخۆ بەسەر سێ دەسەڵاتەکەی دەوڵەتەوە دەناسرێت؛ پاراستنی سەربەخۆییەکەی ئەرکێکی باڵای دەستوورییە بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاریی دەسەڵات.
١.٢. دەوڵەت پابەندە بە مسۆگەرکردنی "مافی دەستگەیشتن بە ڕاستەوایی" بۆ هەموو شارۆمەندێک؛ ئەمەش لە ڕێگەی دابینکردنی ژینگەیەکی قانوونییەوە دەبێت کە تێیدا مێدیا بتوانێت بەبێ ترس و فشار، زانیارییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرێت و بڵاویان بکاتەوە.
١.٣. ڕووبەری گشتیی مێدیایی، پانتاییەکی پارێزراوە و هیچ دەزگایەکی هەواڵگریی یان سەربازی مافی دەستێوەردان، ئاڕاستەکردن، یان داگیرکردنی ناوەندە مێدیاییەکانی نییە، مەگەر بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دادگای باڵا و تەنیا لە باریی هەڕەشەی بوونایەتیی سەلمێنراودا.
دووەم: کۆڵەکەکانی ئازادیی مێدیا
بۆ دڵنیابوون لە کارکردنی ئازادانەی مێدیا، ئەم مافانە بە شێوەیەکی ڕەها و پێشێلنەکراو بەپێی دەستوور پارێزراون:
٢.١. کەرەسەی قانوونیی دژی سانسۆر: سانسۆر، بە هەموو شێوەکانییەوە، بە ڕەهایی ڕێنەدراوە. هیچ دەزگایەکی دەوڵەتی بۆی نییە پێش بڵاوکردنەوە، دەستکاریی ناوەڕۆکی هیچ ماتریاڵێکی ڕۆژنامەوانی بکات یان ڕێگریی لێ بکات.
٢.٢. مافی دامەزراندن و فرەیی: هەر شارۆمەندێک مافی دامەزراندنی دەزگای مێدیایی (ڕۆژنامە، تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، یان پلاتفۆرمی دیجیتاڵی) هەیە بەپێی ئەو قانوونەی کە ئەم بوارە ڕێکدەخات، بۆ دڵنیابوون لە فرەیی و جۆراوجۆریی دەنگەکان.
٢.٣. پاراستنی نهێنیی سەرچاوەکان: ڕۆژنامەنووسان مافی پاراستنی نهێنیی سەرچاوەی زانیارییەکانیان هەیە و ناشێت بە هیچ شێوەیەک ناچار بکرێن بە ئاشکراکردنیان، مەگەر لە باریی تاوانی زۆر قورس (وەک ناپاکیی نیشتمانی یان تێرۆریزم) و تەنیا بە بڕیاری دادگای باڵا.
سێیەم: چوارچێوەی بەرپرسیارێتی و سنوورە قانوونییەکان
ئازادیی ڕاگەیاندن بەندە بە بەرپرسیارێتیی پیشەیی و نیشتمانییەوە. قانوون دەتوانێت تەنیا لەبەر یەکێک لەم هۆکارە ژینەکییانەی خوارەوە و بە شێوەیەک کە لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیدا پێویست و هاوسەنگ بێت، سنوور بۆ ئەم ئازادییە دابنێت:
٣.١. پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی: بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی ئەو نهێنییە سەربازی و هەواڵگرییە باڵایانەی کە تەندروستیی دەوڵەت و ژیانی هێزەکانی بەرگری دەخاتە مەترسییەکی ڕاستەقینەوە.
٣.٢. بەرەنگاربوونەوەی گوتاری کینە: بۆ ڕێنەدراوکردنی هەر ناوەڕۆکێک کە ڕاستەوخۆ و بە مەبەست هانی توندوتیژی و ڕق و کینەی نەتەوەیی، ئایینی، یان ڕەگەزی بدات و ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێک بدات.
٣.٣. ڕێزگرتن لە شکۆی تاک: بۆ ڕێگریکردن لە ناوزڕاندن، بوختان و پێشێلکردنی مافی تایبەتمەندیی شارۆمەندان.
٣.٤. پاراستنی چلۆنایەتیی ئاوەزی گشتی: بڵاوکردنەوەی سیستماتیکی خوڕافە، زانیاریی نادروست و بێ بنەما و بەکارهێنانی مێدیا بۆ گەوجاندنی کۆمەڵگا و دابەزاندنی ئاستی گوتاری گشتی، بە پێشێلکاریی ئەرکی ڕۆشنگەریی مێدیا دادەنرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی قانوونیی دەبێتەوە.
٣.٥. پەرەپێدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و شارۆمەندیی: مێدیا ئەرکێکی نیشتمانیی لەسەر شانە بۆ بەهێزکردنی ئاوەزی دەوڵەتداری و هاندانی شارۆمەندان بۆ بەشداریی چالاک لە ژیانی وارگێڕی و ژیاریدا.
چوارەم: ڕوونایەتی و بەرەنگاربوونەوەی شەڕی زانیاری
بۆ پاراستنی سەربەخۆیی میدیا و بەرەنگاربوونەوەی شەڕی زانیاری، دەوڵەت ئەم ڕێکارانە دەگرێتەبەر:
٤.١. ڕوونایی ڕەها لە خاوەندارێتی و دارایی: قانوون گشت دەزگایەکی مێدیایی پابەند دەکات بە ئاشکراکردنی تەواوی خاوەن و سەرچاوە داراییەکانیان بۆ ڕای گشتی، بۆ ئەوەی بزانرێت کێ لە پشت گوتارە مێدیاییەکەوەیە.
٤.٢. ڕێنەدراوکردنی بەکارهێنان وەک ئامرازی دەرەکی: وەرگرتنی پاڵپشتیی دارایی لەلایەن هەر دەوڵەت، دەزگای هەواڵگری، یان لایەنێکی بیانییەوە بە مەبەستی کاریگەریکردنە سەر ڕای گشتیی کوردستان و ڕاژەیی ئەجێندای دژە-نیشتمانی، بە تاوانێکی قورس دژی ئاسایشی نەتەوەیی هەژمار دەکرێت و دەزگا میدیاییەکە دادەخرێت و خاوەنەکانی ڕووبەڕووی توندترین سزای قانوونیی دەبنەوە.
پێنجەم: کۆڕی نیشتمانیی مێدیا و ڕەوشتی پیشەیی
دەوڵەت هانی دامەزراندنی "کۆڕی نیشتمانیی مێدیا" دەکات وەک دەستەیەکی پیشەیی و سەربەخۆ، کە لەلایەن خودی ڕۆژنامەنووسان و پسپۆڕانەوە بەڕێوە ببرێت. ئەرکی ئەم کۆڕە بریتی دەبێت لە داڕشتنی پەیڕەوێکی ڕەوشتیی پیشەیی، بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆژنامەنووسان و چارەسەرکردنی سکاڵاکان لە چوارچێوەی خۆڕێکخستنی پیشەییدا، بۆ کەمکردنەوەی پێویستیی دەستێوەردانی دادوەری.
