دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد

بەڵگەنامەی پۆرتاڵ

دەزگا چاودێرییەکان

هێزی چاودێری؛ بنەمای سەقامگیریی کۆمار و گەرەنتیی هەرمانی نەتەوە

هێز بەبێ چاودێری، دەستپێکی داڕزانی سەروەرییە و لەسەر ئەو بنەمایە لە کۆماری کوردستاندا، دەسەڵات جیا لەوەی ئامرازی بەڕێوەبردنی وڵاتە، هەروەها وەک سپێردەیەکی پیرۆزـە کە لە لایەن نەتەوەی کوردەوە بە ڕایەداران سپێردراوە تاوەکوو ئەرکی پاراستنی وار وەک پاوانی نەتەوەیی و بەدیهێنانی خۆشبژێویی گشتی ڕاپەڕێنن. سروشتی مرۆیی و مێژووی دەوڵەتداری سەلماندوویانە کە هێزی بێچاودێری، مەیلی بەرەو قۆرخکاری، فەرامۆشکردنی بەرژەوەندییە باڵاکان و دواجار کەوتنە ناو تەڵەی جەردەسالاری هەیە. لەبەر ئەمە، چاودێریکردنی دەسەڵاتداران نەک تەنیا پێویستییەکی کارگێڕی، بەڵکوو فەرمانێکی بوونخوازانەیە بۆ پاراستنی جەستەی نەتەوە لە ژەهری گەندەڵی و داڕزان.

پێویستە ئەم چاودێرییە بە شێوەیەکی سیستماتیک و دەستووری بێت؛ واتا نابێت چاودێری کارێکی هەڕەمەکی یان کاتی بێت، بەڵکوو دەبێت وەک دەمارە-پەرگاڵی دەوڵەت لە ناو تەواوی ئیسکبەندیی کۆماردا داکوترا بێت. چاودێریی سیستماتیک واتا بوونی تۆڕێکی چڕ لە دامەزراوەی بێلایەن کە بەردەوام و بێپسانەوە وردبینی لە گشت بڕیار، گرێبەست و کردارێکی وارگێڕیی دەکەن. ئەم جۆرە لە چاودێری، ڕوونایی دەکاتە کولتوورێکی دەوڵەتداری و ڕێگری دەکات لەوەی کە بڕیارە ستراتیژییەکانی نیشتمان لە پشت پەردە تاریکەکاندا و بۆ بەرژەوەندیی لایەنی کاتی بدرێن. دەوڵەتی کوردستان تەنیا کاتێک دەتوانێت لە ژێر چاودێریدا گەشە بکات، کە چاودێری نەک وەک بەربەست، بەڵکوو وەک ئاوەزێکی ڕاستکەرەوە ببینرێت و بەکار بێت.

دەسەڵاتی ڕایەداریی لە ژێر چاودێرییەکی سیستماتیکدا، ناچار دەبێت پەنا بۆ داهێنان و «شایستەسالاری" ببات. کاتێک ڕایەدار بزانێت کە گشت هەنگاوەکانی لە ژێر وردبینیی دەوڵەتی ژیر و دەزگا پسپۆڕەکاندایە، هەوڵ دەدات باشترین مێشکەکان و کاراترین ڕێگاکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات هەڵبژێرێت. ئەمەش گەشەکردن و پەرەسەندنی ڕاستەقینە گەرەنتی دەکات؛ چونکە لە ژینگەیەکی چاودێردا، سامانی نەتەوەیی لەبری ئەوەی بۆ گیرفانی جەردەسالاران بڕوات، دەخرێتە ناو خولی سامان و سەرمایەی نیشتمانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ستراتیژیی وارگەی نەتەوەیی واتا کوردستان. چاودێری دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت وەک یەکەیەکی کارا و بەرهەمهێنەر لە گۆڕەپانی جیهانییدا دەربکەوێت و سەروەرییەکەی لە بەرامبەر زەبرە دەرەکییەکاندا بپارێزرێت، چونکە ناوخۆیەکی پاک و تۆکمە، باشترین ئامرازی بەرگرییە.

پاراستنی مەردم و وارگەی نەتەوەیی، تەنیا بە ئارتەش نابێت، بەڵکوو بە دادپەروەریی دەبێت. چاودێریی سیستماتیک گەرەنتیی ئەوە دەکات کە هیچ ناوچەیەک یان گرووپێک پەراوێز ناخرێت و گشت دەرفەتەکان بە یەکسانی بۆ هەمووان دابین دەکرێن. ئەمە واتای ڕاستەقینەی دادپەروەرییە لە کۆماری کوردستاندا؛ واتا دابینکردنی دەرفەتی هاوتا بۆ گشت کچ و کوڕێکی کوردستانی تاوەکوو تەنیا لە سەر بنەمای لێهاتوویی خۆیان بڕسکێن و پۆستە باڵاکان بەدەست بهێنن. کاتێک چاودێری هەبێت، خزمخزمێنە دەمرێت و جێگەی خۆی بۆ توانست و شیان چۆڵ دەکات، کە ئەمەش متمانەی مەردم بە دەوڵەت پتەوتر دەکات و یەکێتییەکی نەتەوەیی تێکنەشکێنراو دەخوڵقێنێت.

لە ئەنجامدا، چاودێری لەم دەستوورەدا پەیدابوون و وەدیارکەوتنی ژیریی کۆیی نەتەوەی کوردە. دەوڵەتی ژیر لە ڕێگەی ئەم تۆڕە چاودێرییە مایکرۆ-ستراتیژییەوە، دڵنیایی دەدات کە کۆماری کوردستان نەک تەنیا دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بەڵکوو دەوڵەتێکی پێشەنگ و دادپەروەریشە. چاودێری، ئامرازی پاراستنی سەروەرییە؛ چونکە ڕێگری لە هەر جۆرە داڕزانێکی ناوخۆیی دەکات کە ببێتە دەروازەیەک بۆ دەستێوەردانی بێگانە. بەم شێوەیە، چاودێری دەبێتە گەرەنتیی هەرەمانی کوردستان و ژیانی شکۆمەندانەی نەتەوەیەکی دایک لە سەر خاکی پیرۆزی باوان و دایانی هەزاران ساڵەی خۆی.

١. چاودێریی باڵای دەستووری، قانوونی و وارگێڕیی

دادگای باڵا (بەندی ٢٨ و ١٢٩): باڵاترین دەسەڵاتی چاودێریی دەستوورییە؛ پشکنینی گشت قانوونەکان، بڕیارەکانی سەرکۆمار و کردارەکانی دەسەڵاتەکان دەکات تاوەکوو لەگەڵ دەستووردا بگونجێن.

مەکۆی ژیران/ سەنا (بەندی ١٧ و ٢١): چاودێریی باڵای بەسەر پڕۆسەی قانوونداناندا هەیە و پشکنینی شایستەیی بەرپرسە باڵاکان دەکات پێش جێگیربوونیان.

مەکۆی نیشتمانی/ پەرلەمان (بەندی ١٨ و ٢٢): چاودێریی وارگێڕیی بەسەر کابینەی دەسەڵاتدا لە ڕێگەی پرسیار، وەپرسین و لیژنەی لێکۆڵینەوە دەکات.

لیژنە پسپۆڕییەکانی مەکۆی نیشتمانی (بەندی ١٨.١٠): چاودێریی وردی کاروبارەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکەن بەپێی پسپۆڕی.

لیژنەی پسپۆڕی دەستووری (بەندی ١٢٦): پشکنینی گشت قانوونە کۆنەکان و دیاریکردنی ڕادەی گونجانیان لەگەڵ ئەم دەستوورە نوێیەدا لە قۆناغی ڕاگوێزدا.

٢. چاودێریی دارایی، وردبینی و دژە-جەردەسالاری

نووسینگەی ژمێریاریی گشتی (بەندی ١٠٩): وردبینیی دارایی و چاودێریی کارایی لە گشت خەرجی و داهاتەکانی دەوڵەتدا دەکات تاوەکوو ڕێگری لە بەفێڕۆدان بگرێت.

دەستەی نیشتمانیی پاکڕەوشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی (بەندی ١٣٤): چاودێریی بێوچانی گشت گرێبەستە گەورەکان و پشکنینی سامانی بەرپرسانی دەوڵەت دەکات.

دەستەی نیشتمانیی قەڵغانی دژە-جەردەسالاری (بەندی ١٠٧): چاودێری و لێکۆڵینەوەی گشتگیر بۆ ڕیشەکێشکردنی تاڵانکاریی سیستماتیکی دەسەڵات.

دەستەی نیشتمانیی وردبینیی ستراتیژی و کارایی (بەندی ١٣٨): هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا پڕۆژە نیشتمانییەکان گەیشتوونەتە ئامانجە ستراتیژییەکانیان یان نا.

یەکەی هەواڵگریی دارایی (بەندی ٩٠): چاودێریکردنی جووڵە داراییە گوماناوییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە.

دامەزراوەی باڵای چاودێریی دارایی (بەندی ١٣ و ١٠١): چاودێریکردنی دارایی شارەوانییەکان و دەزگای مێدیای گشتی.

٣. چاودێریی ژیاری، مافەکان و ڕاژەداریی

نووسینگەی پارێزەری گشتی/ئۆمبودسمان (بەندی ١١٠): چاودێریی ڕەفتارە کارگێڕییەکانی دەزگا دەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی شارۆمەند لە ستەم و کەمتەرخەمی دەکات.

دەستەی نیشتمانیی مافەکانی مرۆڤ (بەندی ١٣٥): چاودێریی پابەندبوونی دەزگا هەدارییەکان و زیندانەکان بە مافە بنەڕەتییەکان و شکۆی مرۆڤ دەکات.

کاریاری خۆماڵی (بەندی ١٣): نووسینگەیەکی سەربەخۆ لە ئاستی شارەوانییەکان بۆ چاودێریکردنی کارگێڕیی خۆماڵی و وەرگرتنی سکاڵای خەڵک.

دەستەی سەربەخۆی ژیاری بۆ چاودێریکردنی پۆلیس (بەندی ٦٧): چاودێریی دەرەکی بۆ دڵنیابوون لەوەی پۆلیسی نیشتمانی زەبر و گوشار بە ناقانوونیی بەکار ناهێنێت.

دەزگای نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی بازاڕ (بەندی ٦٢): چاودێریی چلۆنایەتیی کاڵاکان و پاراستنی مافی کڕیاران لە قۆرخکاری.

دەزگای نیشتمانیی چاودێریی ژینگە (بەندی ٩١): چاودێریی توند بۆ سزادانی پیسکەرانی وارگەی نەتەوەیی.

٤. چاودێریی تەکنەلۆژی، داتا و دەوڵەتی ژیر

پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر (بەندی ١١٣): وەک پەرگاڵێکی چاودێریی خۆگەڕ بێوچان پشکنین بۆ گشت فەرمانە دیجیتاڵییەکان دەکات تاوەکوو لە دەستوور لانەدەن.

کۆڕی باڵای دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد (بەندی ١١٣): دەسەڵاتێکی ڕێکخەری سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی بێپسانەوەی ئەلگۆریتمەکانی دەوڵەتی ژیر.

دەستەی نیشتمانیی پاراستنی زانیاری (بەندی ٥٤ و ١١٤): چاودێریکردنی پڕۆسەی کۆکردنەوە و بەکارهێنانی داتای کەسیی شارۆمەندان.

دەستەی باڵای سەرپەرشتیاری ژیانی دیجیتاڵیی شارۆمەند (بەندی ١١٩): چاودێریی ڕەوشتیی پەڕگاڵە یەکگرتووەکانی پەروەردە و تەندروستی.

دەسەڵاتی نیشتمانیی ڕێکخەری تەکنەلۆژیا (بەندی ١٢٠): پشکنینی دەوریی گشت تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان لە ڕووی سەلامەتی و ڕەوشتییەوە.

دەستەی نیشتمانیی هەداریی ئەلیکترۆنی (بەندی ١١٢): چاودێریی پاراستنی ژێرخانە ژینەکییەکانی نەتەوە لە هێرشی ئەلیکترۆنی.

٥. چاودێریی شوناس، دیمۆگرافیا و پەروەردە

دەزگای نیشتمانیی یەکپارچەیی دیمۆگرافی (بەندی ١٣١): چاودێریی زیرەکی گۆڕانکارییەکانی دانیشتووان و ڕێگری لە شێواندنی شوناسی نەتەوەیی.

کۆڕی باڵای پاراستنی ئاوەزی نەتەوەیی (بەندی ١٣٠): چاودێریی پانتایی هزری و کولتووریی بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیرکاریی گیانەکی و واتایی.

ئەنجومەنی باڵای ستراتیژیی پەروەردەیی و هەڵسەنگاندن (بەندی ٩٦): چاودێریی چلۆنایەتیی خوێندن و ناوەڕۆکی پرۆگرامەکان.

دەستەی نیشتمانی بۆ دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشینی ئەکادیمی (بەندی ٩٧): چاودێریی ئاستی زانستیی زانکۆکان و پڕۆسەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان.

لیژنەی ڕەوشتی توێژینەوەی زانستی (بەندی ٩٧): چاودێریی پابەندبوون بە ڕاستگۆیی ئەکادیمی و ڕێگری لە دزیی زانستی.

دەستەی نیشتمانیی پارێزگاریی پاشماگ و یادەوەری (بەندی ٥): چاودێریی پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان.

٦. چاودێریی بوارە هەدارییەکان و ستراتیژییەکان

لیژنەی تایبەتمەندی مەکۆی نیشتمانی بۆ کاروباری هەواڵگری (بەندی ٦٨): چاودێریی قانووندانان بەسەر کار و بودجەی دەزگای هەواڵگریدا.

پشکنەری گشتیی ناوەندی هەواڵگری (بەندی ١١٨): پۆستێکی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی ناوخۆیی دەزگای هەواڵگری و ڕێگری لە بەد بەکارهێنانی دەسەڵات.

لیژنەی ستانداردی پیشەیی و لێپرسینەوە لە ناو پۆلیس (بەندی ٦٧): چاودێریی ناوخۆیی بۆ ڕێگری لە سەرپێچیی ئەفسەران.

کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی (بەندی ٦٤): چاودێریی گشتگیر بەسەر وارگێڕییەکانی بەرگری و هەواڵگریدا.

کۆڕی باڵای هەداریی نیشتمانی (بەندی ١٣): چاودێریی هەداری بەسەر شارەوانییەکان لە دۆخی نائاساییدا.

٧. چاودێریی جەماوەری، مێدیایی و شارۆمەندی

دەستەی نیشتمانی بۆ پێوانەکردنی ڕای گشتی (بەندی ١٠٤): چاودێریی ئاستی ڕەزامەندی و متمانەی کۆمەڵ بە کارایی دەسەڵات.

ناوەندی نیشتمانی بۆ پێوانەکردنی خۆشبژێویی گشتی (بەندی ١٠٨): چاودێریی کاریگەریی وارگێڕییەکان لەسەر ئاستی ژیانی خەڵک.

کۆڕی متمانەپێکراوی نیشتمانی (بەندی ١٠١): چاودێریکردنی بێلایەنیی مێدیای گشتیی نەتەوەیی.

کۆڕی نیشتمانیی مێدیا (بەندی ١٠٠): دەستەیەکی پیشەیی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی ڕەوشتی ڕۆژنامەوانی.

دەستەی باڵای شایستەسالاری و ڕاژەی دەوڵەتی (بەندی ١٠٦): چاودێریی گشت دامەزراندنەکان تاوەکوو تەنیا لەسەر بنەمای لێهاتوویی بن.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان (بەندی ١٣٣): چاودێریی پاکی پڕۆسەی دەنگدان و پرۆژەی دارایی پارتەکان لە هەڵبژاردنەکاندا.

مێدیا (بەندی ١٠٠): وەک «کۆڵەکەی چوارەم»، ئەرکی چاودێریی بەردەوامی ژیاریی بەسەر گشت جومگەکانی دەوڵەتدا هەیە.