کولتوور، زمانی کوردی و پاشماگی نەتەوەیی
کولتوور، زمان و پاشماگی نەتەوەیی، کۆڵەکەی شوناس و کەرەستەی خاوی بنیاتنانی ئاوەزیی نەتەوەن. دەوڵەت، وەک ئەرکێکی باڵای دەستووری، پابەندە بە پاراستن، بووژاندنەوە و بەکارهێنانی ستراتیژیی ئەم سێ کۆڵەکە ژینەکییە، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی هزری و درێژەداریی…
کولتوور، زمان و پاشماگی نەتەوەیی، کۆڵەکەی شوناس و کەرەستەی خاوی بنیاتنانی ئاوەزیی نەتەوەن. دەوڵەت، وەک ئەرکێکی باڵای دەستووری، پابەندە بە پاراستن، بووژاندنەوە و بەکارهێنانی ستراتیژیی ئەم سێ کۆڵەکە ژینەکییە، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی هزری و درێژەدارییەتیی بوونی نەتەوە.
یەکەم: زمانی کوردی، کۆڵەکەی شوناس و ئامرازی سەربەخۆیی
١.١. زمانی کوردی، بە گشت زاراوەکانییەوە کە پێکەوە "زنجیرەزاراوە"ـی کوردی پێکدەهێنن، تاکە زمانی فەرمیی دەوڵەتی کۆماری کوردستانە. ئەم پێگەیە سەوداهەڵنەگرە و بەشێکە لە بنەما نەگۆڕەکانی ئەم دەستوورە.
١.٢. فەرمییەتی زمانی کوردی ئەم ئەرکە قانوونییانە لەسەر شانی دەوڵەت دادەنێت:
ئا. زمانی کوردی زمانی تاکانەی گشت دامەزراوەکانی دەوڵەتە، لەوانە دەسەڵاتەکانی ڕایەدار، قانووندانان و دادوەری. گشت بەڵگەنامە، قانوون و بڕیارێکی فەرمی دەبێت بە زمانی کوردی دەربچێت.
ب. زمانی کوردی زمانی تاکانەی خوێندنە لە هەموو قۆناغەکانی پەروەردەدا، لە باخچەی ساوایانەوە تا کۆتاییهێنانی خوێندنی باڵا.
پ. گشت ڕاگەیاندنێکی فەرمی، میدیای دەوڵەتی و پەیوەندیی گشتیی دامەزراوەکان، دەبێت بە زمانی کوردی بێت.
ت. بەکارهێنانی زمانی کوردی لە گشت هێما گشتییەکان، ناوی شەقام و شوێنەکان و تابلۆی ڕێنوێنییەکاندا ناچارییە.
١.٣. دەوڵەت پابەندە بە "وارگێڕیی بووژاندنەوەی زمانی"، کە ئامانجی گێڕانەوەی زمانی کوردییە بۆ هەموو ئەو کوردانەی بەهۆی وارگێڕیی توانەوەی داگیرکەرانەوە زمانی دایکیی خۆیان لەدەست داوە.
دووەم: ئەکادیمیای نیشتمانیی زمانی کوردی
٢.١. بەپێی ئەم دەستوورە، "ئەکادیمیای نیشتمانیی زمانی کوردی" وەک دامەزراوەیەکی دەستووریی سەربەخۆ دادەمەزرێت، کە خاوەنی کەسایەتیی قانوونیی و سەربەخۆیی تەواوی کارگێڕی و داراییە.
٢.٢. ئەرکە بنەڕەتییەکانی ئەم ئەکادیمیایە بریتین لە:
ئا. لێکۆڵینەوەی زانستیی قووڵ لەسەر ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی، پێکهاتە و پەرەسەندنی زمانی کوردی و زاراوەکانی.
ب. داڕشتن و ستانداردکردنی زمانی فەرمیی نووسین و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی نیشتمانیی یەکگرتوو.
پ. وشەسازیی نوێ و داڕشتنی زاراوەی زانستی و تەکنەلۆژیی هاوچەرخ، بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە زمانەکە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا هاوتەریب بێت.
ت. داڕشتنی وارگێڕیی زمانیی نیشتمانی و چاودێریکردنی ڕاییکردنی لە گشت دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
٢.٣. بڕیارەکانی ئەکادیمیا لە بواری ستانداردکردن و زاراوەدا، دوای پەسەندکردنیان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیی خۆی، بۆ گشت دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت پابەندکەرن.
٢.٤. پێکهاتە و میکانیزمی کارکردنی ئەکادیمیا بە قانوونێکی تایبەت ڕێکدەخرێت، بە شێوازێک کە سەربەخۆیی و ئاستی بەرزی زانستیی مسۆگەر بکرێت.
سێیەم: پاراستنی پاشماگی شارستانی وەک کەرەسەی یادەوەری
٣.١. پاراستن، نۆژەنکردنەوە، تۆمارکردنی زانستی و ناساندنی پاشماگی شتەکی و ناشتەکی شارستانی و شوێنەوارەکانی کوردستان بە جیهان، ئەرکێکی باڵای دەستووریی دەوڵەتە.
٣.٢. هەر هەوڵێک بۆ شێواندن، سڕینەوە، دزین یان بازرگانیکردنی ناقانوونیی بەم پاشماگە، بە تاوانێکی قورس دژی یادەوەریی نەتەوەیی و ئاسایشی دەوڵەت هەژمار دەکرێت و بەپێی قانوونێکی تایبەت توندترین سزای لەسەر دەبێت.
٣.٣. دەوڵەت، لە ڕێگەی "دەستەی نیشتمانیی پارێزگاریی پاشماگ و یادەوەری"ـیەوە، ئەرکدارە بە گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی دیپلۆماسی و قانوونیی بۆ گێڕانەوەی بێ مەرجی گشت ئەو پاشماگە نەتەوەییانەی کە بە ناقانوونیی براونەتە دەرەوەی وڵات.
چوارەم: دامەزراوەکانی یادەوەریی نیشتمانی
٤.١. دەوڵەت پابەندە بە دامەزراندنی ئەم دامەزراوە ژینەکییانە بۆ پاراستنی یادەوەریی بەکۆمەڵی نەتەوە:
ئا. ئەرشیڤی نەتەوەیی کوردستان: وەک دامەزراوەیەکی مۆدێرن و دیجیتاڵی بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی گشت بەڵگەنامە مێژوویی، وارگێڕی و فەرمییەکانی نەتەوە و دەوڵەت. ئەم ئەرشیڤە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ژێرخانی "دەوڵەتی ژیر" دادەنرێت.
ب. مۆزەخانەی نیشتمانیی کوردستان: وەک ناوەندی زیندووی یادەوەریی نەتەوە، بۆ نمایشکردنی سیستماتیکی مێژووی دوور و درێژی شارستانییەت و خەباتی نەتەوەی کورد، و وەک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی بۆ پێگەیاندنی نەوەی نوێ.
پ. کتێبخانەی نیشتمانیی کوردستان: بۆ کۆکردنەوە، پاراستن و بەردەستخستنی گشت بەرهەمێکی چاپکراو و دیجیتاڵی کە بە زمانی کوردی یان دەربارەی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
پێنجەم: بووژاندنەوەی هزری نەتەوەیی و باڵادەستیی ئاوەزی
٥.١. دەوڵەت، وەک ئەرکێکی ستراتیژی، پابەندە بە پشتیوانیکردنی دامەزراوەیی لە بووژاندنەوە و پەرەپێدانی هزری ڕەسەنی کوردستانی.
٥.٢. ئەم ئەرکە لە ڕێگەی هاندانی توێژینەوەی ئەکادیمیی قووڵ لەسەر مێژووی بیرمەندی، هزری وارگێڕی و کۆمەڵایەتیی کوردستان ڕایی دەکرێت.
٥.٣. ئامانج لەم کارە، بنیاتنانەوەی ئاوەزیی نەتەوەیی، بەهێزکردنی باڵادەستیی هزری، و ناساندنی بەشدارییەکانی کوردە لە مێژووی هزری مرۆڤایەتیدا.
٥.٤. دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەرکدار دەکرێن بە دامەزراندنی بەشی تایبەتمەند و تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەم بوارە ژینەکییە.
