دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد

بەڵگەنامەی پۆرتاڵ

پێشەکییەکان

ڕاگەیاندنی دەستووری کۆماری کوردستان

نەتەوەی کورد، وەک نەتەوەیەکی دایک، خاوەن و پاشماگگری ڕەسەنی ئەو کەتواری بنیاتنەرە مێژوویی و شارستانییەتانەیە کە لە قووڵایی مێژووی سومەر، میتانی، هوری و گوتی و هتد هەڵقوڵاون و لە ماد / میدیا و ساسانیدا گەیشتوونەتە لوتکەی یەکخستنی ئاوەزی دەوڵەتداریی کە بەسەر سەرانسەری وارگەی نەتەوەیی کورددا سەروەر بووە و بوونایەتی خۆی سەپاندووە. ئەم بوونایەتییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە کەلتورە کەونارەکانی قەوقاز، زاگرۆس، ئەلبۆرز و تۆرەسەوە داکوترا، جیا لە پەیوەندییەکی جوگرافی، هەمان بوونایەتیی بوونسەپێنـی مێژووییە کە لە چیاکانەوە شارستانییەتی بردووەتە شار و دەوڵەتشارەکانی پێدەشتەکانی دەوروبەری خۆی و لەسەر بنەمای سەروەریی ڕەها و قانوونی هەزاران ساڵەی خۆی بنیاد ناوە.

لە سەدان ساڵی ڕابردوودا، هەنووکە پاش تێپەڕاندنی قۆناغی ژێردەستی و ئازارەکانی جینۆساید و هەموو تاوانێکی لێنەبوراو، بە پشتبەستن بە ئاوەزی گشتی، ژیری کۆیی و ویستی ئاشکرا کە بە فەرمی لە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ لە باشووری نیشتمان و بە بەرزکردنەوەی دەنگ لە پارچە بندەستەکان لە فۆرمی هاتنە سەرشەقام بۆ پشتیوانی دەنگی سەربەخۆیی لە باشووری وڵات و هەروەها تازەترینیان بە بەرزکردنەوەی دەنگی سەربەخۆیی لە خۆپێشاندانە سەدان هەزارییەکانی جەنیوەری ٢٠٢٦ بە دروشمگەلی وارپارێزانە و دەوڵەتخوازانە و بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، ئێمە ویستی هەربوویی کورد بەم دەستوورە ڕادەگەیەنین. کۆماری کوردستان، کە لە مەهاباد (١٩٤٦) وەک ویستێکی ڕەهای نەتەوەیی ڕاگەیەندرا، لە ڕووی واتا و ڕەواییەوە بە هەربوویی ماوەتەوە؛ هەرچەندە داگیرکەران بە فیزیکی کۆماریان هەڵوەشاندەوە و نەتەوەی کوردیان خستە ناو دۆخێکی درێژخایەنی هەڵوەشاوەیی، بەڵام ئەم دەستوورە وەک باڵاترین خواستی بوونویستانە، کۆتایی بەو دۆخە و بە تەوژمێکی لێڵی هەڵوەشاوەیی و بێکۆماریی دەهێنێت و واتا مێژووییەکەی کۆمار بۆ کەتواری سەروەریی بونیاد دەنێتەوە؛ بەمەش خۆمان دەگۆڕین بۆ بکەرێکی چالاکی مێژووساز لە ناو هەناوی وڵاتی خۆماندا کە هەموو کوردێک هاووڵاتی کوردستان و کورد هەمووی شارۆمەندی کۆماری کوردستانن.

ئەم دیکلاراسیۆنە، دەسپێکی یەکلاکەرەوەی ڕەوایی و خۆسەرچاوەیی دەستووری کۆماری کوردستانە؛ بەم واتایە، یەکەمین دامەزراوەی دەوڵەتی کوردستانە کە وەک ئامرازێکی پیرۆز و پێویست و کێڵگە و ژینگەی وارگێڕیی بۆ ڕاییکردنی ویستی گەوهەریی نەتەوەی کورد لە وڵاتی کوردستان دامەزراوە، و بە هیچ شێوەیەک ڕەوایەتیی خۆی لە دەرەوەی پەیمانی نێوان کورد و وارگەی نەتەوەیی خۆی وەرناگرێت. فۆڕمی کۆماریی دەوڵەتی کوردستان، وەک بنەمایەکی ئێستایی و دانەدواوەی ڕەهای هەر جۆرە دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی یان تاکپەرستانە، باڵاترین دەسکەوتی تێکۆشان و هاوئاگایی و خۆئاگایی نەتەوەییە کە لەم دەستوورەدا زایەڵە دەداتەوە. ئامانجی باڵای دەوڵەتی کوردستان لە ناو ئەم دەستوورەدا، هەم دابینکردنی ڕاژەی گشتی بۆ کۆمەڵگای کوردستان و هەم جێگیرکردنی سەروەریی ڕەهایە بەسەر وارگەی نەتەوەیی کوردستان، و مسۆگەرکردنی مانەوەی شکۆمەندانەی کوردستانە و پاراستنی بێ مەرجی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی لە سەرووی گشت بەرژەوەندییەکی لایەنی کاتی یان گرووپیە.

لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا، ئیسکبەندیی بنەمایی دەوڵەتدارێتی بنەمای جیاکردنەوەی گەوهەری دەسەڵاتەکان دەنەخشێنێت. دەسەڵاتی دادوەریی خاوەنی سەربەخۆیی بنەڕەتیی ڕەهایە، کە لە ڕێگەی دابینکردنی بودجە و کارگێڕیی سەربەخۆ گەرەنتی کراوە، تا ببێتە ویژدانی بێلایەنی کۆمار و پاسەوانی سەروەریی قانوون بەسەر هەموواندا. مەکۆی نیشتمانی و مەکۆی ژیران وەک زایەڵەی ژیریی کۆیی کوردستان کار دەکەن و لە ڕێگەی چاودێریی مەکۆی نیشتمانی بەسەر دەسەڵاتی ڕایەداردا، ڕێگری لە هەر جۆرە لاسارییەک و لادانێک لە پڕۆسەی قانووندانان دەگرن.

شارۆمەندی کوردستانی، وەک شارۆمەندی پێشمەرگە، خاوەنی ئەرکی باڵای نیشتمانییە بۆ پاراستنی پیرۆزیی خاک و ڕاییکردنی راژەی نیشتمانی. لە وارگەی ئاسایشدا، دۆکترینی بەرگریی چالاک و پاراستنی پێشوەختە، لە ڕێگەی هەواڵگریی نیشتمانی و ناوەندی نیشتمانی بۆ هەواڵگری و شیکاریی ستراتیژی، هەڕەشەکان پێش گەیشتنیان بە وارگەی نەتەوەیی پووچەڵ دەکاتەوە. هێزی بەرگریی نیشتمانی/ئارتەش، وەک شمشێری پۆڵایینی وڵات، تەنیا پابەندی ئاڵای نەتەوەیی کوردستان و دەستوورە، و دڵسۆزیی پارتایەتی یان ناوچەیی لە ناو ئەم هێزەدا بە تاوانێکی هەڵوەشێنەرەوەی بنەماکانی دەوڵەت دادەنرێت.

لە ڕەهەندی ئابووریدا، ئابووریی نیشتمانی لەسەر بنەمای ئابووری دەوڵەتی کوردستان و سەرمایەداریی نیشتمانی و ئابووریی فرەبناغە دامەزراوە. سامانە سروشتییەکان وەک سپێردەیەکی پیرۆزی نەوەکانی داهاتوو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، و بەڕێوەبردنیان لە ڕێگەی کۆڕی باڵای ئابووریی نیشتمانییەوە، ئامانجی گەشەی ڕاوەستاو و ڕێگریکردنە لە خوێنبەربوونی دارایی کوردستان. ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تاوانی جەردەسالاری و داڕزاندنی دەوڵەت، کە وەک ژەهری ناو جەستەی دەوڵەت پێناسە دەکرێت، ئەرکێکی بوونویستانەیە بۆ پاراستنی متمانەی گشتی و زاڵکردنی شایستەسالاری و ڕوونایی و ڕووەنی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی کوردستاندا.

دەوڵەتی ژیر و پەرگاڵی دەوڵەتی ژیر، لە ڕێگەی چوارچێوەی قانوونیی و ڕەوشتیی توند بۆ تەکنەلۆژیا، سەربەخۆیی تەکنەلۆژی و دیجیتاڵی کوردستان مسۆگەر دەکات. ئەم ڕەهەندە مۆدێرنە، پارێزەری شوناسی نیشتمانیی دیجیتاڵی شارۆمەندان لە دژی هەر جۆرە دزەکردنێکی ئەلگۆریتمی و پێشێلکارییەکی پاراستنی زانیاریی کەسی و کەسینەیی دیجیتاڵییە.

لە کۆتاییدا، ئەم دەستوورە، وەک دۆکترینی بوونسەپێنانەی کوردستانیزم، کوردبوون (ڕەسەنایەتیی بوونناسانە و مێژوویی) لەگەڵ کوردستانیبوون (وارپارێزی و شارۆمەندیی قانوونی و یەکسانیی گشتگیر) هاوسەنگ دەکات؛ فەرمیبوونی زمانی کوردی بەرزترین پێگەی دەبێت و ماف و شکۆی شوناسی فەرهەنگی و زمانیی ناکوردان لە چوارچێوەی وەفاداریی بێ مەرج بۆ دەوڵەت و یەکپارچەیی وار پارێزراو دەبێت. ئەم دەقە، پەیمانی نێوان نەوەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوویە و دوادانەوەی ڕەها بۆ هەر جۆرە ناپاکی نیشتمانی و ملکەچییەک بۆ بێگانەیە، چونکە نەتەوەی کورد بڕیاری داوە چیتر لە تاریکخانەی مێژووی مۆدێرندا نەمێنێتەوە، بەڵکوو وەک سوبێکتێکی سەروەر و خاوەن ویستی خۆی، شکۆی نەتەوەیی بە کردەوە بسەپێنێت.

لە ڕێگەی ئەم دەستوورەوە، نەتەوەی کورد دەستووری خۆی ڕادەگەیەنێت؛ ئەم بەڵگەنامەیە نەک هەر پەیمانێکی وارگێڕی، بەڵکو ڕێنامەی ئاوەزیی دەوڵەتسازی و دەوڵەتداری و نەخشەڕێگایەکی کردەیییە بۆ وارگێڕیی کوردستان و چلۆنایەتیی بنیاتنانی دامەزراوەکان و بەڕێوەبردنێکی ژیرانە. لێرەدا ویستی هەرمان و هەربوویی کورد، وەک پارێزەری مانەوەی شکۆمەندانە و سەرچاوەی هەردەمیی سەروەریی کۆماری کوردستان دەمێنێتەوە.

بژی کۆماری کوردستان، واری ئاوەزی دەوڵەتی و قەڵای سەروەریی نەتەوەی کورد

واژووی دامەزرێنەرانی دەستوور:

مانی ئاڤرین حەسەن مستەفا

برایم مەلازادە ئەلەند ئیبراهیم

لە ساڵی یەکەمی ڕاگەیاندنی دەستووری کۆماریی کوردستان

٢٧٢٦-٠١-٠١

دەستووری کوردستان؛ زایەڵەی ژیریی کۆیی کورد بۆ بنیاتنانی بوونایەتی هەرهەیی

هێز و دادپەروەری، بنەمای مانەوەیە.

ئەم دەستوورە، وەک ڕەنگدانەوە و زایەڵەی ژیریی کۆیی سەرچاوەی ڕەهای ویستی کوردە، پێویستی بە جیاکردنەوەی گەوهەریی لە گشت دەقێکی نووسراوی تر هەیە، لە بنەڕەتدا نابێت بە سادەیی وەک کۆمەڵێک بەندی قانوونی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت، چونکە ئەمە بەڵگەنامەییکردنی بوونی نەتەوەیەکی خاوەن ژیریی کۆییە کە ناسینی بنەڕەتی لە خودی کۆیی خۆی وەک ژێدەری نەتەوەبوون و کرداریی کۆیی خۆی هەیە، کە مێژووی دەیان هەزار ساڵەی لە هەناوی کوردستانی مێژووییدا لە قووڵایی وڵاتەکەماندا هەڵگرتووە. لە ڕوانگەی ژوراڵ دەستوورییەوە، گشت دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و دامەزراوە دادوەرییەکان پابەند دەکرێن کە بەندەکانی ئەم دەستوورە نەک تەنیا وەک دەقێکی وشک، بەڵکوو وەک ئامرازی بەرجەستەکردنی ئەم ڕوانگە فەلسەفییە و پاراستنی 'خودی کۆیی و بەکۆمەڵ'ـی کورد لێک بدەنەوە و ڕایی بکەن؛ بەم پێیە، ئەم بەراییە ڕوونکەرەوەیە بە هیچ شێوەیەک قانوونێکی لاوەکی نییە، بەڵکو ڕووگەی تێگەیشتنی نەتەوەی کورد بۆ دەقە بنەڕەتی و فەرمییەکانییەتی.

ویستی ڕەها بۆ سەروەریی لە ژیریی کۆیی و هاوئاگایی مێژوویی نەتەوەی کوردەوە هەڵدەقوڵێت، بۆیە جوگرافیای میدیا چوارچێوەی کەتوارسازێنەری وڵات لەسەر زەوییە؛ ئەوێ زێدی نیشتەجێبوونی باوانی ئێمە و نەوە ڕەسەنەکانیانە. قووڵایی ڕەگ و ڕیشەی بوونمان لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە لە ڕێگەی گەواهی شوێنەوارە دێرینەکانی وەک قەڵاکورد، شانیدەر، وارواسی، وەزمە، و گرێ مەرازان دەسەلمێنرێت؛ ئەمەش قووڵبوونەوەیە لە ڕەسەنایەتی ئەو خاکە کە لانکەی یەکەمین کۆمەڵگەکانی مرۆیی بووە و بنەماکانی شارستانییەتی سەرانسەری ئەم ناوچەیەی داڕشتووە، درێژەی هەبووە تا گەیشتۆتە قۆناغی میدیا و پارت و ساسانی و درێژەی بە بوونایەتی خۆی داوە لە سەردەمی دوای داگیرکارییەکانی عەڕەب، سەرەڕای هەوڵە مێژووییەکان بۆ ونکردنی کورد لە تەوژمێکی لێڵی نەناسراوییدا. نەتەوەیەک خاوەنی ئەم هەموو قووڵاییە مێژووییە بێت، لە دەرەوەی هەموو مەرج و ڕەزامەندییەکی دەرەکی، خاوەنی یەکینەیەکی کۆییە کە ژێرخانی پەیدابوونی ژیریی کۆیی، خودی کۆیی و کەسایەتی نەتەوەیی کوردە و تێگەیشتنێکی قووڵی لە چلۆنایەتی بوونی نەتەوەیی خۆی هەیە؛ ئەم کۆییبوونە کە لەسەر بوونایەتی خۆی وەستاوە مافی ڕەها و قانوونیی خۆیەتی سەروەریی ڕەبەق و بێ مەرجی لە ڕێگای دەوڵەتی خۆی بەسەر خاکەکەیدا هەبێت. لەم ڕوانگەیەوە، پابەندبوونی گەوهەری-سرووشتی مێژوویی، کورد ناچار دەکات بە هەبوون و مانەوە و گەشەکردنی وەک نەتەوەیەکی دایک؛ چونکە نەتەوە، بەبێ ڕێکخراوێک کە سەروەرییەکەی جێگیر بکات، تەنیا مەیلێکی پاسیڤە بۆ بوون، نەک بکەرێکی چالاک. ئەگەر دەوڵەت وەک فۆڕمێکی ڕەهای ڕێکخراو نەبێت، نەتەوە وەک 'گیانێکی بێ جەستە' وایە، چونکە ناتوانێ هێزی خۆی بە شێوەیەکی قانوونیی ڕایی بکات؛ چونکە مۆنۆپۆلی هێزی دادپەروەر بۆ دەرچوون لە 'باری سروشتی و جێگیرکردنی ئاسایش دابین دەکات. لەم دۆخەدا، کاری ئەم دەستوورە ئەوەیە کە ببێتە گیانی ناو جەستەی نەتەوەی کورد و هێزی ویستمەندیی کۆیی بگۆڕێت بۆ 'کۆماری کوردستان' وەک کەتوارێکی ڕەها و خاوەن سەروەریی؛ ئەمە نەک تەنیا مافێکی مۆڕاڵی، بەڵکو پێویستییەکی بوونناسانەیە بۆ ڕزگاربوون لەو ئاژاوە نێودەوڵەتییەی کە قووڵترە لە 'باری سرووشتی'ـی لەسەر ئاستی جیهانیدا. بۆیە دەستوور، وەک 'ئاوەزی باڵا و جەوهەریی نەتەوەیی'، ئەم هێزە ئۆرگانیکە دەکاتە پەرگاڵێکی ڕێکخراو کە توانای نواندنی 'ویستمەندیی هێزمەند'ـی

لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا هەبێت، نەک تەنیا لەناوخۆدا. دەستوور لێرەدا، وەک گێڕانەوەیەکی بنەڕەتی لە ژیریی کۆیی و ژیانی قووڵ و ڕیشەداری نەتەوەکەمان، خۆی بە شێوەیەکی خۆساز و خۆسەرچاوە ڕەوایی خۆی بەدەست دێنێت؛ ئەم تایبەتمەندییە ئەوە دەگەیەنێت کە دەستوور بەبێ پێویستی بە هیچ سەرچاوەیەکی قانوونیی دەرەکی یان ڕەزامەندی دەرەوەی کوردستان، خۆی خۆی دروست دەکا و دادەمەزرێنێت و بۆ ڕەوایی و قانوونمەندیی خۆی پەنا ناباتە بەر هیچ بنەمایەکی دەرەکی، بەڵکو لە سەروو-دەوڵەتدا وەستاوە. هەر لەبەر ئەمەیە، تەنانەت پێش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەم دەقە دامەزراوە کارگێڕیی، قانوونیی و وارگێڕییەکانی داگیرکەران لە بەها و بایەخ دەخات و ڕەوایەتییان لێ دەسێنێتەوە، چونکە سەرچاوەی دەسەڵاتیان لە دەرەوەی ویستی کوردەوە هاتووە و بەسەریدا سەپێنراون. پەیوەندی نێوان دەستوور و دەوڵەت لە نێوان شێوە و ناوەڕۆکدایە، لە نێوان ئامانج و ئامرازدایە؛ دەوڵەت ئافرێنراوی دەستوورە، نەک بە پێچەوانەوە، ئەرکی دەوڵەت تەنیا و تەنیا ڕاییکردن و پاراستنی فەرمانەکانی دەستوورە. نەتەوەیەک کە بناغەکانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی دامەزراندووە، دەبێت خۆی بسەپێنێتەوە و جێگەی خۆی بگرێت لە پەرگاڵی دەوڵەتاندا وەک مۆدێرنترین چاخی مێژوویی مرۆڤ، و چیدی پێویست ناکات بدرێتە دەم کڵپی تیژی بەربەرییەت.

ئاڵای نەتەوەیی کوردستان لە دەستووردا لە فۆرمی پارچە قوماشێک دەردەهێنرێت و دەبێتە ئەو پەیمانە بنەڕەتی و نەگۆڕانەی کە بوونی نەتەوەیی لەسەریان دامەزراوە. هەر ڕەنگێکی نوێنەرایەتیی ئەرکێکی بوونایەتی و بەڵێنێکی هەردەمیی دەکات؛ ئایا دەکرێت ئەمە بە بەڵێنێکی ساکار هەژمار بکرێت؟ نا، ئەمە سێ لایەنی سەرەکیی گەوهەری نەتەوەیی لێک دەدات. ڕەنگی سوور، پەیمانی خوێن و نەتەوەیە؛ ئەمە ئەو پەیوەندییە ئۆرگانیک و دانەبڕاوەیە کە هەر تاکێکی کورد بە ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی نەتەوەوە گرێ دەدات، بۆیە ئەرکی پاراستنی پاکی و درێژەدارییەتی نەتەوە وەک باڵاترین ئەرکی بوونایەتی دەچەسپێنێت. ڕەنگی سپی، هێمای پەیمانی ژیانی کۆیی و بەکۆمەڵی گەش و ڕووناکە؛ لوتکەی ویستی پۆڵایینە کە لەسەر بنەماکانی ئاوەز، قانوون و دادپەروەری دامەزراوە، بە واتای بنیاتنانی دەوڵەتێکی هێزمەند و قانوونسەروەر کە تێیدا هیچ کەسێک لە سەرووی قانوونەوە نییە، هەر ئەمەشە کە پابەندبوون بە پەرەپێدانی زانست و ڕۆشنگەری و بەرەنگاربوونەوەی نەزانی و دواکەوتوویی مسۆگەر دەکات. ڕەنگی سەوز، پەیمانی دانەبڕاو و هەردەمیی کورد لەگەڵ خاک و وارگەی پیرۆزی کوردستان؛ ئەمە لە ژوورووی پەیوەندییەکی جوگرافی، پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی و بوونناسانەییە لەنێوان نەتەوە و ئەو خاکەی کە جەستەی فیزیکیی و شانۆی بەرجەستەبوونی بوونایەتییە مێژووییەکەیەتی، بۆیە پاراستنی سەوداهەڵنەگر و بێ سازانی یەکپارچەیی وارگەی نەتەوەیی وەک بەرزترین ئەرکی بوونایەتی جێگیر دەکرێت و دانەدواوەی ڕەهای هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای خاک یان لێدابڕینی هەر بستێکی، بە ناپاکی لەم پەیمانە هەژمار دەکرێت. خۆری زێڕینی ناوەند، کە بە ٢١ تیشک دەدرەوشێتەوە، دڵی لێدەری ئاڵاکەیە و هێمای وزە هەربووییەکەیە کە پەیمانەکانی وار و نەتەوە و ژیانی کۆیی و بەکۆمەڵ پێکەوە گرێ دەدات و دەیانکاتە یەکەیەکی زیندووی خاوەن سەروەری؛ سووکایەتی بەم هێمایە، داشکاندنی ڕێز و شکۆی گەوهەری کوردستانە و سووکایەتی بە ئاڵای نەتەوەیی بە تاوانێکی گەورە و نابەخشراو دژی سەروەریی و شکۆی دەوڵەت و نەتەوە دادەنرێت و پاراستنی ئاڵا ئەرکێکی نیشتمانیی سەرشانی هەموو شارۆمەندێکە و دەبێت هەمیشە بە شکۆمەندی پیشان بدرێت و هەرگیز لەژێر هیچ هێمایەکی دیکەوە نەبێت.

پێویستە لێکدانەوەی قانوونی جیاوازیی بنەڕەتیی نێوان کوردبوون و کوردستانیبوون وەک گەوهەریی بنەڕەتی کوردستانیزم جێگیر بکات. کوردبوون ژێرخانی بوونناسانەی هەستی نەتەوەیی کوردە و دەرخەری پەیوەندیی ڕەچەڵەکی، مێژوویی، کولتوری و وارناسانەیە، کە لە ڕێگەی ڕەچەڵەکی کوردییەوە دەگوێزرێتەوە یان لە ڕێگەی خۆئاگایی، هاوئاگایی و هەستی ناسنامەی ڕەچەڵەکمەندانەی کوردییەوە دەچەسپێت و گەشە دەکات و دەوڵەتی کوردستان پێویستە پاراستنی ناسنامەی کوردبوون بە شێوازی دامەزراوەیی لە دەستوور، قانوونی بنەڕەتی و لاوەکییەکاندا مسۆگەر بکات. لە کاتێکدا کوردستانیزم (کوردستانیبوون) پێوەبەستەییەکی بنەڕەتییە بە وارگەی نەتەوەیی کوردستان وەک وڵات و خاک، کە بنەمای قانوونیی و دەستووری هاووڵاتیبوونی کوردستانییە و مافی نیشتەجێبوون و ژیان لەسەر خاکی کوردستان مسۆگەر دەکات؛ ئەمە واتای ئەوەیە کە شارۆمەندی کوردستانی بریتییە لە کۆی کوردان و ناکوردانی نیشتەجێی کوردستان کە خاوەنی پلەی شارۆمەندییەتین و بەبێ جیاوازی لە ڕەچەڵەک، نەژاد، یان ئایین، لە مافی شارۆمەندیدا لە بەرامبەر قانووندا یەکسانن. دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی شوناسی فەرهەنگی و زمانیی ناکوردانی کوردستان، بەڵام ئەم مافە هەرگیز نابێت ببێتە هۆی لاوازکردنی پابەندبوون بە دەستوور و سەروەریی دەوڵەتی کوردستان، بەڵکو دەبێت بە یەکێتییەکی نەتەوەیی پتەو و یەکگرتوو گەشە بکات کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی جیاوازییەکان و فرەیی ڕەنگەکانی نێوخۆی کوردستان دامەزرا بێت، کە هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان لەخۆ بگرێت. ئەمە ئەرکی دەوڵەتە کە زمانی کوردی بۆ ئەو کوردانە بگەڕێنێتەوە کە لە ئەنجامی تواندنەوە و گواستنەوەی زمانییەوە لە دەستیان داوە. بەڵێندارێتی دەستووریی ئەوە دەسەپێنێت کە ئەرکی دەوڵەتە بە وارگێڕیی دروست زمانی کوردی بۆ خۆیان و نەوەکانی دواتریان بگەڕێنێتەوە، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پاراستنی ناسنامەی کوردبوون بە شێوازی دامەزراوەیی، چونکە زمانی کوردی درێژەدارییەتی مێژوویی و بەشێکی دانەبڕاوی ناسنامەی هەزاران ساڵەی نەتەوەیی و وارگەی نەتەوەیی کوردستانە و فەرمییەتی زمانی کوردی هەموو زاراوەکان دەگرێتەوە.

سەروەریی نەتەوەیی دەوڵەتی کوردستان بەر لە هەر شتێک گەوهەری بوونایەتی ڕەسەن، دانەبڕاو، سەوداهەڵنەگر و هەردەمیی نەتەوەی کوردە؛ دەوڵەتی کوردستان، ئامراز پێویست بۆ ڕایەداری ئەم سەروەرییە بەسەر خاکی پیرۆزی کوردستانە. هیچ دەسەڵاتێک، تەنانەت ئەوانەی بە شێوەیەکی دیموکراتیش هەڵبژێردرابن، بۆی نییە بە ناوی نەتەوەوە دەستبەرداری بچووکترین بەشی ئەم سەروەرییە ببێت، چونکە نەتەوەی کورد خاوەنی ڕەسەنی سەروەرییە. پاراستنی شکۆی نەتەوەیی و نەهێشتنی نەیارشەیدایی، دەبێت وەک بنەمایەکی دەستووریی قووڵ لێکبدرێتەوە، کە مەبەست لێی نەک تەنیا دانەدواوەی بیردۆزێک، بەڵکو مەبەست لێی نەهێشتنی دۆخێکە کە کورد بە تاک یان بە کۆ تێیدا تووشی ئەوینداری بۆ دوژمن بووە، بەڵام ئەمە لە چوارچێوەیەکی وارگێڕیی و نەتەوەییدا ڕوو دەدات و پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی هزریی و قانوونی هەیە؛ و دەکرێت دڵسۆزی بۆ داگیرکەر لە پێناو بەرژەوەندیی کاتی، بە ڕەفتارێکی تاوانبارانە؛ واتا تاوانی باڵای ناپاکیی نیشتمانی و وەک کردەی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان نەتەوە و ویستی گەوهەریی خۆی دادەنرێت و دەکەوێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە پەڕگاڵی دەستوورییەوە. دەستوور داخوازی دانەدواوەی ڕەهای هەر ئایدیۆلۆژیایەک دەکات کە هەوڵی سڕینەوەی ئەم پەیوەندییە بنەڕەتییە بدات یان شوناسی نەتەوەیی بە شتێکی هەڵبژاردەیی یان کاتی وێنا بکات، چونکە هەر کردەوەیەک کە هەوڵ بدات ڕەوایەتیی سەروەریی دەوڵەتی کوردستان بە ڕەزامەندی یان مەرجی هێزێکی دەرەکییەوە ببەستێتەوە، بە ناپاکی لە هاوئاگایی نەتەوەیی و تاوانی بنەڕەتیی دەستووری هەژمار دەکرێت. ئەرکی دەوڵەت وەک پارێزوان، پاراستنی چالاکانەی سەربەخۆیی و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانە؛ ئەم نەک تەنیا بەرگریکردن، بەڵکو دۆکترینی بەرگریی چالاک و پاراستنی پێشوەختە پەیڕەو دەکات.

دەسەڵاتی قانووندانان، سەرچاوە و پێکهاتەیەکی هەیە کە لەو هاوئاگاییە نەتەوەییە هەڵدەقوڵێت و دەبێت نوێنەرایەتیی ویستی کۆمەڵیی نەتەوە بکات، نەک بەرژەوەندیی لایەنی کاتی. مەکۆی نیشتمانی (پەرلەمان)، وەک دەسەڵاتی قانووندانان، بە شێوەیەکی لۆژیکیی دەبێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ مەکۆی ژیران (سەنا)، وەک ژووری ژیرمەندی و سەقامگیریی نیشتمانی، هەبێت. مەکۆی ژیران، ئەرکی ژێرخانیکردنی سەقامگیریی فۆڕمی دەستووریی و چاودێریی باڵای بەسەر قانوونەکاندا لە ئەستۆ دەگرێت، بەو واتایەی، دەستوور، هەمیشە وەک ڕێنوێن و سەکۆی سەرووی هەموو قانوونێکی دیکە دەمێنێتەوە. هەڵوەشاندنەوەی قانوونەکان دەبێت بە میتۆدۆلۆژیایەکی توند و قانوونییەوە ڕێکبخرێت کە ڕێگە بە لاساریی قانووندانان نەدات، بەڵکو پابەندبوون بە بنەما نەگۆڕەکانی دەستوور بکاتە پێوەری یەکلاکەرەوە. لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بوودجە و کارگێڕیی دەسەڵاتی دادوەریی بە قانوون گەرەنتیی سەربەخۆیی بنەڕەتیی پێدەدرێت، چونکە دادوەران و داخوازکارانی گشتی لە کاتی ڕاژەیاندا خاوەنی سەربەخۆیی تاکەکەسین و دەبێت لە هەر کاریگەرییەکی دەسەڵاتی ڕایەدار یان دارایی بێ پارێزراو بن، و پڕۆسەی لێپرسینەوە و سزادانی دادوەرانیش بە شێوازێکی زۆر توند ڕێکخراوە بۆ پاراستنی شکۆی دادپەروەریی، ئەمەش دڵنیایی دەدات کە دادگای باڵا وەک پارێزەری ڕەهای دەستوور و سەروەریی قانوون دەمێنێتەوە، و بەم شێوەیە پەیوەندیی مەکۆی نیشتمانی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە سەربەخۆکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی تەواو بە سەروەریی قانوونی دەستوور زاڵ دەکرێت.

پێویستە لێکدانەوەی دادوەریی بەردەوام جیاوازیی بکات لەنێوان مافە تاکەکەسییەکانی شارۆمەند و ئەرکە نیشتمانییەکان؛ ئەم دەستوورە جەخت لەسەر ئەو ڕاستەواییە دەکاتەوە کە مانەوەی تاک بەستراوە بە مانەوەی ژینگەی وارگێڕیی، کە ئەویش دەوڵەتە، بۆیە ئەرکی باڵای نیشتمانی وەک بنەمای سەرەکی دادەنرێت. سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان ئەرکی قانوونیی و نیشتمانیی وارپارێزیی و پاراستنی سەروەریی نەتەوەییان لەسەر شانە، ئەمەش نەک تەنیا لە ڕێگەی ئامادەیی بۆ بەرگریکردن لە کاتی شەڕدا، بەڵکوو لە ڕێگەی بەشداریی چالاک لە دامەزراوەکانی کوردستان و وەفاداریی بێ مەرج بە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت ڕایی دەکرێت، دەکرێت کەسێک خۆی لەم ئەرکە نەتەوەییە دانەبڕێت و هێشتا بەرهەمە مادی و مەعنەوییەکانی دەوڵەت بخوات؟ ئامانجی بەرگری نیشتمانی نەک هەر بەرگریکردن، بەڵکو پاراستنی چالاکانەی سەربەخۆیی و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانە، کە بە پێڕەوکردنی دۆکترینی بەرگریی چالاک و پاراستنی پێشوەختە جێبەجێ دەکرێت؛ ئەم دۆکترینیی وارگێڕییە، فەلسەفەی دامەزراندنی هێزی بەرگریی نیشتمانی (ئارتەش)، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و پەڕگاڵی نێوخۆیی و پۆلیسی نیشتمانییە کە پێکەوە کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی پێکدەهێنن، کە پارێزەری ڕەهای سەقامگیریی کوردستانن. بنەماکانی ئابووریی نیشتمانیی کۆماری کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای سەرمایەداریی نیشتمانی و ئابووریی فرەبناغە دامەزرێن، کە ئامانجی سەرەکییان بریتییە لە دابینکردنی سەربەخۆیی ئابووریی و خۆشبژێویی گشتی وەک ئامانجی دەستووریی دەوڵەت، و ناکرێت دەوڵەتێک سەروەریی ڕەبەقی هەبێت بەبێ سەربەخۆیی نەختینەیی و سەقامگیریی دارایی. سەروەریی دەوڵەت بەسەر سامانە سروشتییەکاندا ڕەهایە و دەبێت بە شێوازێک ڕێکبخرێت کە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی مسۆگەر بکات، چونکە ئەم سامانانە مڵکی نەوەکانی داهاتووشن. ئەرکی ئاوەدانکردنەوەی ستراتیژی و گەشەی ڕاوەستاو پێویستی بە دامەزراندنی بانکی ناوەندیی کوردستان و کۆڕی باڵای ئابووریی نیشتمانی هەیە، بۆ ئەوەی ببنە قەڵغانی بەرگریی لە بەرامبەر شۆکە دەرەکییەکان و دەستێوەردانە ئابوورییە بیانییەکان، بەشێوەیەک کە ئاسایشی خۆراک و سەربەخۆیی کشتوکاڵی بپارێزرێت و پاراستنی ئابووریی نەتەوەیی بکاتە بنەمای بازرگانیی نێودەوڵەتی. ئابووریی دەبێت وەک ئامرازێک بۆ نواندنی شارستانیەت و گەڕیاریی نیشتمانی کار بکات، کە تێیدا پشتیوانی لە داهێنانی ئابووری و پڕۆژەی نوێباو دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی ڕکابەر لە گۆڕەپانی جیهانیدا، ئەمە نەک تەنیا خواستێکی ئابوورییە، بەڵکوو ئەرکێکی بوونایەتی و دەستوورییە.

بنەما ستراتیژی و دەستوورییەکانی وارگێڕیی دەرەوەی کۆماری کوردستان لەسەر پرەنسیپە ڕێنوێنەرەکانی سەربەخۆیی ڕەبەق و نەگۆڕ و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی دامەزراون. پەیوەندیی نێوان قانوونی کوردستان و قانوونی نێودەوڵەتی بە شێوازێک ڕێک دەخرێت کە قانوونی نێوخۆیی هەمیشە لە سەرووی هەموو ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتییەوە بێت و هەرگیز ڕێگە بە سەودا لەسەر بەشێک لە مافە ڕەهاکانمان لە پێناو دانپێدانانێکی کاتی نادرێت، چونکە ئەمە دژی بنەما نەگۆڕەکانی دەستوور و سەروەریی نەتەوەییە. لەم چوارچێوەیەدا، دیاسپۆرای کورد وەک قووڵایی ستراتیژیی کوردستان پێناسە دەکرێت و دەوڵەت بەرپرسیارە لە وارگێڕیی دروستی ئەوان و بەستنەوەی کولتووری و فەرهەنگی بە نیشتمانەوە. هاوکات، پەیوەندیی مێژوویی و پەیمانی ستراتیژی لەگەڵ نەوەکانی ماد و پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و بەرەنگاربوونەوەی دژەجووبوون وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دۆکترینی وارگێڕیی دەرەوە دەچەسپێنرێن، کە ئاماژەیە بۆ هاوسەنگیی ستراتیژیی نەتەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئایدیۆلۆژیای هەڵوەشێنەر وەک ئەرکێکی دەستووریی.

دەوڵەتی کوردستان پابەند دەکرێت بە پەرەپێدانی چەمکی دەوڵەتی ژیر، کە تێپەڕاندنی پەرگاڵی کارگێڕییە بەرەو گەرەنتیی سەربەخۆیی تەکنۆلۆژیی و دیجیتاڵیی نەتەوە. بنەما دەستوورییەکانی دەوڵەتی ژیر دەبێت ببنە چوارچێوەیەک بۆ ڕاژە گشتییەکان و دیجیتاڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری و بەدیهێنانی شوناسی نیشتمانیی دیجیتاڵی و پەڕگاڵی دیموکراسیی دیجیتاڵی. لە سەردەمی ئێستادا، پاراستنی زانیاریی کەسی و کەسینەیی دیجیتاڵی مافێکی لاوەکی نییە، بەڵکو مافێکی بنەڕەتی و ئەرکێکی ڕەهای دەوڵەتە؛ بۆیە دامەزراندنی دەستەی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ناوەندی نیشتمانی بۆ هەواڵگری و شیکاریی ستراتیژی لەم چوارچێوەیەدا بە پێویستییەکی ژینەکیی دادەنرێت بۆ ئەوەی چوارچێوەی قانوونیی و ڕەوشتیی تەکنۆلۆژیا بە توندی ڕێکبخەن، چونکە ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نەتەوەیی گشتگیر.

ڕەوایەتیی دەسەڵات لە توانای دابینکردنی خۆشبژێویی گشتی وەک ئامانجی دەستووریی دەوڵەت و گەشەپێدانی شایستەسالاری وەک بنەمای هێزی دەوڵەتدا دەبینرێتەوە. مانەوەی دەسەڵات سەربەخۆ لەژێر سایەی گەندەڵکاران و جەردەسالاراندا ناشۆیە، بۆیە تاوانی جەردەسالاری و داڕزاندنی دەوڵەت بە تاوانێکی باڵا هەژمار دەکرێت و دەبێت بە دامەزراندنی دەستەی نیشتمانیی پاکڕەوشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ژمێریاریی گشتی و چاودێریی کارایی لە دەزگاکانی دەوڵەتدا، بە توندی بەرەنگاری بکرێتەوە. لە هەمان ئاستدا، پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیای هەڵوەشێنەر ئەرکێکی هەردەمیی دەوڵەتە و پاراستن و ساغکردنەوەی دیمۆگرافیای نەتەوەیی وەک بەندێکی نەگۆڕ جێگیر دەکرێت، چونکە نەتەوەیەک کە دیمۆگرافیا و کولتووری دەشێوێنرێت، وارگەی بوونایەتیی خۆی لەدەست دەدات. ئەرکی دەسەلاتە کە بێپسانەوە بۆ بەهێزکردنی دەستەی نیشتمانیی مافەکانی مرۆڤ و نووسینگەی پارێزەری گشتی و بێلایەنیی دەوڵەت بەرامبەر ئایین و باوەڕەکان کار بکات، بۆ ئەوەی لە دادپەروەریی گشتگیر و سەروەریی قانوون بەسەر هەموواندا دڵنیایی بدات.

لەسەر بنەمای پەیمانی وارپارێزی و ئەرکی بوونناسانە پێویستە لێکدانەوەی دادوەریی بێوچان جیاکارییەکی ورد و بنەڕەتی لەنێوان مافە تاکەکەسییەکانی شارۆمەند و ئەرکە باڵا نیشتمانییەکان بکات، چونکە ئەم دەستوورە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەكاتەوە کە مانەوەی تاک لە دەرەوەی ژینگەی وارگێڕیی، کە دەوڵەتە، ناشۆیە؛ بۆیە ئەرکی باڵای نیشتمانی وەک بنەمایەکی ژینەکی و سەرەکی دادەنرێت و بەرژەوەندیی گشتی هەمیشە پێش بەرژەوەندیی تایبەتی دەکەوێت. سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان، بەبێ جیاوازی، ئەرکی قانوونیی و نیشتمانیی وارپارێزیی و پاراستنی سەروەریی نەتەوەییان لەسەر شانە، ئەمەش نەک ئەرکێکی ڕووکەش، بەڵکو پەیمانێکی بوونناسانەیە کە نەک تەنیا لە ڕێگەی ئامادەیی جەستەیی بۆ بەرگریکردن لە کاتی جەنگدا، بەڵکوو لە ڕێگەی بەشداریی چالاک و هۆشمەندانە لە دامەزراوەکانی کوردستان و وەفاداریی بێ مەرج بە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت ڕایی دەکرێت. مافی سوودمەندبوون لە بەرهەمە شتەکی و واتاییەکانی دەوڵەت و ژیان لە سایەی ئاسایشەکەیدا، بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی بەندە بە ئەنجامدانی ئەم ئەرکە نەتەوەییەوە و هەر چەشنە دابڕانێک لێی، دژی لۆژیکی دادپەروەری و پێچەوانەی پەیمانی پیرۆزی هاووڵاتیبوونە. ئامانجی بەرگری نیشتمانی لەم دەستوورەدا نەک هەر بەرگریکردنی سادە، بەڵکو بریتییە لە پاراستنی چالاکانەی سەربەخۆیی و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان کە بە پێڕەوکردنی "دۆکترینی بەرگریی چالاک" و "پاراستنی پێشوەختە" جێبەجێ دەکرێت؛ ئەم دۆکترینیی وارگێڕییە، فەلسەفەی دامەزراندنی کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەییە کە پێکهاتووە لە هێزی بەرگریی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و پۆلیسی نیشتمانی، کە پێکەوە وەک یەکەیەکی ژینەکی کار دەکەن بۆ ئەوەی ببنە پارێزەری ڕەهای سەقامگیریی بوونایەتیی کوردستان و ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەک بکەن کە ئامانجی شێواندنی ناسنامە یان داگیرکردنی وارگەی نەتەوەیی بێت.

ژێرخانی ئابووریی نەتەوەیی کۆماری کوردستان لەسەر بنەمای "سەرمایەداریی نەتەوەیی" و پەرگاڵی ئابووریی فرەبناغە دادەمەزرێت، کە ئامانجی سەرەکییان بریتییە لە دابینکردنی سەربەخۆیی ئابووریی ڕەها و دابینکردنی "خۆشبژێویی گشتی" وەک ئامانجی دەستووریی دەوڵەت، لەسەر ئەو باوەڕەی کە هەبوونی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی نەتەوەیی ڕەبەق بەبێ هەبوونی سەربەخۆیی نەختینەیی و سەقامگیریی دارایی، ناشۆیە. لەم ڕوانگەیەوە، باڵادەستیی دەوڵەت بەسەر سامانە سروشتییەکاندا ڕەهایە و دەبێت بە شێوازێک ڕێکبخرێت کە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی مسۆگەر بکات، چونکە ئەم سامانانە مڵکی نەوەکانی داهاتووشن و بەفیڕۆدانیان تاوانە دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی. ئەرکی ئاوەدانکردنەوەی ستراتیژی و گەشەی ڕاوەستاو پرسێکی ژینەکییە و پێویستی بە دامەزراندنی "بانکی ناوەندیی کوردستان" و "کۆڕی باڵای ئابووریی نەتەوەیی" هەیە، بۆ ئەوەی ببنە قەڵغانی بەرگریی لە بەرامبەر شۆکە دەرەکییەکان و دەستێوەردانە ئابوورییە بیانییەکان، بەشێوەیەک کە ئاسایشی خۆراک و سەربەخۆیی کشتوکاڵی بپارێزرێت و پاراستنی ئابووریی نەتەوەیی بکاتە بنەمای بازرگانیی نێودەوڵەتی. ئابووریی لەم دەستوورەدا دەبێت وەک ئامرازێک بۆ نواندنی شارستانیەت و "گەڕیاریی نەتەوەیی" کار بکات، کە تێیدا پشتیوانی لە داهێنانی ئابووری و پڕۆژەی نوێباو دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی ڕکابەر لە گۆڕەپانی جیهانیدا، ئەمەش نەک تەنیا ویستێکی ئابوورییە، بەڵکوو ئەرکێکی بوونایەتی و دەستوورییە.

بنەما ستراتیژی و دەستوورییەکانی وارگێڕیی دەرەوەی کۆماری کوردستان لەسەر کۆڵەکە ڕێنوێنەکانی سەربەخۆیی ڕەبەق و نەگۆڕ و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی دادەمەزرێن. هاوکێشەی نێوان قانوونی کوردستانی و قانوونی نێودەوڵەتی بە شێوازێک ڕێک دەخرێت کە قانوونی کوردستانی هەمیشە باڵادەستیی هەبێت بەسەر هەموو ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتییەوە، بە جۆرێک کە هەر هەوڵێک بۆ سەوداکردن لەسەر بەشێک لە مافە ڕەهاکان لە پێناو دانپێدانانێکی کاتی، وەک پێشێلکاریی دەستووری و لادان لە سەروەریی نەتەوەیی بە توندی وەدوا دەدرێتەوە. ڕوانگەی ستراتیژیی بۆ پەرگاڵێکی جیهانیی دادپەروەرانە و بەرپرسیارێتیی گەردوونی ئاراستە دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، دیاسپۆرای کورد وەک قووڵایی ستراتیژیی نەتەوە پێناسە دەکرێت و دەوڵەت بەرپرسیارە لە وارگێڕیی دروستی ئەوان و بەستنەوەی کولتووری و فەرهەنگی بە نیشتمانەوە. لە هەمان کاتدا، پەیوەندیی مێژوویی و پەیمانی ستراتیژی لەگەڵ نەوەکانی ماد و پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و بەرەنگاربوونەوەی دژەجووبوون وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دۆکترینی وارگێڕیی دەرەوە دەچەسپێنرێن، کە ئاماژەیە بۆ هاوسەنگیی ستراتیژیی نەتەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئایدیۆلۆژیای هەڵوەشێنەر وەک ئەرکێکی دەستووریی و نەتەوەیی.

دەوڵەتی کۆماری کوردستان چەمکی "دەوڵەتی ژیر" وەک ستراتیژییەتێکی باڵا دەچەسپێنێت، بە جۆرێک کە پەرگاڵی کارگێڕیی پێشکەوتوو تەنیا ئامرازێک نەبێت، بەڵکو ببێتە گەرەنتیی سەربەخۆیی تەکنەلۆژیی و دیجیتاڵیی نەتەوە. بنەما دەستوورییەکانی ئەم دەوڵەتە، چوارچێوەی ڕاژە گشتییەکان، دیجیتاڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری و بەدیهێنانی ناسنامەی نەتەوەیی دیجیتاڵی دادەڕێژێتەوە. لەم دۆکترینیەدا، پاراستنی زانیارییە کەسییەکان و کەسینەیی دیجیتاڵی، لە پلەی مافێکی لاوەکییەوە بۆ ئاستی مافێکی بنەڕەتی و ئەرکێکی ڕەهای دەوڵەت بەرز دەکرێتەوە؛ لەم سۆنگەیەوە، دامەزراندنی "دەستەی نەتەوەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی" و "ناوەندی نیشتمانی بۆ هەواڵگری و شیکاریی ستراتیژی" بە گەرەکییەکی حاشاهەڵنەگر دادەنرێت بۆ ڕێکخستنی توندی چوارچێوەی قانوونیی و ڕەوشتیی تەکنەلۆژیا، بەو پێوەرەی کە ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەشێکی دانەبڕاو و تەواوکەری ئاسایشی نەتەوەیی گشتگیرە.

سەرچاوەی ڕەوایەتیی دەسەڵات لە توانای دابینکردنی "خۆشبژێویی گشتی" و جێگیرکردنی "شایستەسالاری" و دابینکردنی ئاسایش بۆ هاوڵاتیانی کوردستان وەک تاکە پێوەری وەرگرتنی بەرپرسیارێتیدا بەرجەستە دەبێت؛ بۆیە چەمکی دەوڵەتی سەربەخۆ و دیاردەی "جەردەسالاری" دوو دژبەری ئاشکران و لە یەک کاتدا کۆنابنەوە. هەر فۆرمێکی گەندەڵی و داڕزانی دامەزراوەیی، وەک هەڵوەشێنەرەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی و "تاوانێکی باڵا" دژ بە شکۆی دەوڵەت پێناسە دەکرێت، کە پێویستە لە ڕێگەی کاراکردنی "دەستەی نەتەوەیی پاکڕەوشتی" و "ژمێریاریی گشتی"ـیەوە بە توندی ڕیشەکێش بکرێت. هاوکات، دەوڵەت ئەرکی پارێزبەندیی لە "کەسایەتیی دیمۆگرافی"ـی نەتەوەکەمان لە ئەستۆ دەگرێت، لەسەر ئەو بنەمایەی کە شێواندنی دیمۆگرافیا و کولتوور، یەکسانە بە لەدەستدانی "وارگەی بوونایەتی"؛ کەواتە "ساغکردنەوەی" نەخشەی دیمۆگرافی وەک بەندێکی نەگۆڕی دەستووری زاڵ دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، دەسەڵات نوێنەرایەتیی هیچ ئایین و باوەڕێکی تایبەت ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی "نووسینگەی پارێزەری گشتی" و "دەستەی نەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ"ـەوە، بێلایەنیی ڕەهای خۆی دەپارێزێت بۆ ئەوەی ببێتە چەترێکی دادپەروەر بۆ هەموو پێکهاتەکان و باڵادەستیی قانوون بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ بکات.

ئەم دەستوورە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی کەسایەتی مێژوویی و یەکپارچەی نەتەوەکەمانە، هاواری قانوونیی خودی بەکۆمەڵە — تاسەی مێژوویی، هۆشمەندیی فەلسەفی و ویستمەندیی بێوچانی بۆ سەربەخۆیی بێسنوور و دەوڵەتداریی تەواوە. دەستوور پشت بە "بوونایەتیی بوونسەپێن"ـی کوردستان و ویستی کۆیی نەتەوە و سرووشتی مێژوویی وڵات دەبەستێت؛ هەبوونی کەتوارە ناوەرۆکسازەکەی لە خۆئاگایی نەتەوەیی و لە هەناوی ئەزموونی مێژووییەوە هەڵدەقوڵێت و بایەخ و بەهای خۆی لە ویستی بێپسانەوەی کوردەوە وەردەگرێت، بۆیە ئەم هێزە هەربووییە لە چوارچێوەی دەقێکی وشکدا بەرتەسک ناکرێتەوە، بەڵکو وەک ڕۆحێکی زیندوو دەمێنێتەوە. "خۆسەرچاوەیی"، ئەو چاوگە بوونناسییە بنچینەییەیە کە پڕۆسەی دەوڵەتبوون و دەستوور بەیەکەوە گرێ دەدات؛ واتە دەستوور نەک هەر دەربڕینی قانوونمەندی، بەڵکو لە قووڵبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە هەناوی ڕەوتی مێژوویی نەتەوەدا سەری هەڵداوە و بۆ هەموو گۆڕانکارییەکی مێژوویی داهاتوو، پلاتفۆرمێکی ڕەوایی قانوونیی بەرفراوان دابین دەکات. دەستوور ڕابەرێکی مێژووییە بۆ تێپەڕین لە قۆناخی ژێردەستی بۆ قۆناخی سەروەریی نەتەوەیی و سەربەخۆیی، بە جۆرێک کە هاوبەرپەرچیی نێوان دەوڵەت، ڕەوایی و دەستوور لە ڕوانگەی دەستوورەوە هەم یەکبین و هەم لێکجیاوازە؛ یەکبین لەو ڕووەوە کە هەرسێکیان لە کەتواری ناسنامەی نەتەوەیی و هەستی نەتەوەییەوە هەڵدەقوڵێن، لێکجیاوازیش لەو ڕووەوە کە هەریەکەیان لە ئاستی جیاوازی پێگەیشتنی کەتواری وارگێڕی و قانوونییدا خۆیان دەردەخەن. لەم هاوکێشەیەدا، دەوڵەت سەرچاوەی دەستوور نییە، بەڵکو ئەوە دەستوورە کە لە "سەروو-دەوڵەت"ـدا وەستاوە و ڕەوایی بە بوونی دەوڵەت دەدات، کەواتە دەوڵەت ئافرێنراوی دەستوورە و پێویستە ملکەچی بێت. ئاواتی مێژوویی نەتەوەی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ، بۆ سەروەریی نەتەوەیی و بۆ بڕیار لەسەر چۆنییەتی بوونایەتیی خۆ وەک نەتەوە و نیشتمانەکەی وەک وڵات، لەم دەقە پیرۆزەدا دەگات بە بەرزترین پلەی دەربڕینی بوونایەتی.

پێشەکی

ئێمە، نەتەوەی کورد، نەوەی ڕەسەنی ئەو مرۆڤانەی کە لە سەرەتای مێژوودا لە سەرانسەری پێدەشتەکان و بەرزەدەشتەکانی زاگرۆس، ئەڵبورز، تۆرۆس و قەوقاز، لەنێوان دەریاکانی مەکران، هۆرموز، کاسپێن، دەریای ڕەش و ناوەڕاست نیشتەجێ بوون، بە گەواهی شوێنەوارە دێرینەکانی وەک قەڵاکورد، وارواسی، وەزمە، شانیدەر، هەزارمەرد، زارزی، بێستوون، گرێ مەرازان و نێڤالی و دەیان ناوەندی ژیاری تر، قووڵایی ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەکەمان لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە دەسەلمێنین. لەم خاکەدا، کە لانکەی یەکەمین کۆمەڵگەکانی مرۆیی و پێشەنگی گەشەپێدانی ژیاری بوو، ئێمە بە نیشتەجێبوون و دۆزینەوەی کشتوکاڵ لە شوێنەوارەکانی وەک خرابڕەشک، گرێناڤۆکێ، حەسەنکەیف، چیای نەمرود، شمشارە، نەمرک، شانیدەر، بێستانسوور، چەرمۆ و هاوشێوەکانی، بنەماکانی شارستانییەتی سەرانسەری ئەم ناوچە فراوانەمان داڕشت. وڵاتی ئێمە بە گەواهی گرێمەرازان بێشکەی سەرهەڵدانی یەکەمین ئایینەکانی جیهان بووە، لە بەردنووسەکانی سومەر و دەقە کەونارەکان و کتێبی پیرۆزی موسڵمانان وەک خاکی پیرۆز ئاماژەی پێ دەکرێت، کەشتی نوح لێی دەگیرسێتەوە، هەروەها ئیبراهیم لێی لە دایک دەبێت، بانگەشەی پێغەمبەری دەکات وێجا میترا پیرۆزترین پەیامەکانی خۆی پێ دەگەیەنێتە کورد و مرۆڤانی تر، کە هەتا ئەم ساتەش ژێرخانی کولتوری وڵاتی ئێمەیە و ئایینە پیرۆزە کوردییەکانی ئەزدایی، یارسان و هەڵاوی لێی هاتوونە بوون و کوردستانی دێرین و هەنووکەییەکانی کرد بە کۆمەڵگەیەکی ڕەوشتیی، کە مرۆڤی کورد بەزەییان بۆ یەکتر هەبێ و پارێزگاری لە بوونایەتی بەکۆمەڵی خۆیان و لە مانەوەی یەکتر بکەن. ئەم خاکە، وارگەی نەتەوەیی و مێژوویی نەگۆڕی نەتەوەی کوردە، کە دەکاتە هەمان خاکی میدیای دێرین. بە درێژایی هەزاران ساڵ، ئەم خاکە بووەتە سەکۆی سەنگاندن و پەرەسەندنی شارستانییەتە شکۆمەندەکانی وەک سومەر، ئیلامی، کاسی، سوبارتۆ، گوتی، هوری، میتانی، میدی، پارت، ئادیابین، ساسانی و دەیان یەکە و کولتوری دێرینی تر، کە لەسەر ئەم زەوییە یەکەم جار بناغەی ئاوەزی دەوڵەتیان بنیاد نا و قانوونی لێ هاتە بوون و لە هاوسەنگی کۆمەڵایەتی ژیاون و بەشدارییەکی بنەڕەتی و هەردەمییان لە پێشخستنی ژیانی مرۆڤایەتیدا کردووە. کورد پاشماگگری ڕاستەقینەی هەموو ئەو شارستانییەت و دەوڵەتە مێژووییانەیە، کە لەسەر خاکی کوردستانی مێژوویی دامەزراون. باوانی کورد نەک تەنیا داهێنەری زانست و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەردەمی خۆیان بوون، بەڵکو بنەماکانی کشتوکاڵی پێشکەوتوو، دێرینترین گوند و نیشتەجێبوونەکان، یەکەمین شێوازی دەستەمۆکردنی ئەسپ، کۆنترین پەیوەندییە دیپلۆماسییە تۆمارکراوەکان، یەکەمین نەبەردیی و ڕاپەڕینەکان بەڕووی داگیرکاری و زۆردارییدا لەم خاکەوە دەستیان پێکردووە. لێرە کۆنترین پەرگاڵە دیموکراتییەکانی وەک هەڵبژاردنی پاشا و فەرمانڕەوا لەلایەن گۆتییەکانەوە پێش لە یۆنانییەکان بوونی هەبوو، نموونەی دەسەڵاتداریی سەقامگیر و ئاوەدانیی وەک سەردەمی فەرمانڕەوایی کاشییەکان لە دۆڵی دووڕووبار تۆمار کراوە. پاشایەتیی ئادیابین وەک نموونەیەکی دیار لەنێو سنووری ئەم خاکە مێژووییەدا، هێمای دەخۆگرتنی دانیشتووانی نەکوردی وڵاتی کورد لەسەر بنەمای ڕێز و پاراستن و پابەندبوون بە بەها بنەڕەتییەکانی شکۆمەندی، مانەوە و بەرەنگاربوونەوەی زۆردارییە، کە پێکەوە خاوەندارییەتی لێ دەکەین و مێژووی نەتەوەییمان دەوڵەمەند دەکات. سەروەریی ڕەبەق و بێ مەرج بەسەر خاکی کوردستاندا، تەنیا و تەنیا دەرفێکی گەردوونی و مافی ڕەوا و قانوونیی نەتەوەی کوردە، کە سەرەتا لە قووڵایی مێژوو و ڕەسەنایەتی بوونمان و دواتر لە بەڵگەنامە قانوونییەکان و بنەما نێودەوڵەتییەکانی وەک چارتەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانی نەتەوەکان و خۆبڕیاردەری خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت. هیچ هێز و یەکەیەکی دیکە، چ ناوخۆیی و چ بیانی، مافی دەستدرێژی و سەپاندنی سەروەریی بەسەر کوردستاندا نییە. ئەو هێز و قەوارانەی کە لە قۆناغەکانی مێژوودا بە زۆر و بە زۆرداری خۆیان بەسەر کوردستاندا سەپاندووە، ناقانوونیی و داگیرکەر بوون و هیچ ڕەوایەتییەکیان نییە و هێز و دەسەڵاتیان بەسەر کوردستاندا لەدژی خواست و ویستی نەتەوەکەمان و ئەم قانوون بنەڕەتییەیە کە بناغەی هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە. لە درێژەی تێکۆشانی سەدان ساڵەی نەتەوەییماندا بۆ وەدیهێنانی ئاواتی لەمێژینەی سەربەخۆیی، شکۆمەندی و پاش قوربانیی و تێچووی زۆر لە ڕێگای ڕزگاری نەتەوەییدا، لە ساڵی ١٩٤٦ كۆماری كوردستان لە مهاباد دامەزرا وەك یەکەم دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی لە سەردەمی مۆدێرندا بە سەرۆكایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، کە نوێنەرایەتیی ویستمەندیی نەتەوەکەمانی دەکرد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆمان لەسەر خاکی خۆمان. هەرچەندە ئەم کۆمارە تەمەنکورت بوو و بە پیلانی هاوبەشی هێزە داگیرکەر و دەرەکيیەکان ڕووخێنرا و پێشەوا و هاوڕێیانی گیانی خۆیان بەخشی، بەڵام ڕۆح و ڕێبازەکەیان بووە چرای ڕێگای خەباتگێڕان و نەوەکانی دوای خۆیان، بۆ درێژەدان بە تێکۆشان لەپێناو دەوڵەت و سەربەخۆیی. ئێمە، نەتەوەی کورد و کۆمەڵی کوردستان، لەم ساتە مێژووییە چارەنووسسازەدا کە ویستمەندیی ئازادانەمان و ئاواتە کۆنەکانمان بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی ڕەها گەیشتووەتە قۆناغی پشکووتن وەك پاشماگگری ئەم مێژووە دێرینە و لەسەر ڕێبازی پیرۆزی پێشەوا قازی محەممەد و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی نیشتمان، بە هەستكردن بە شكۆمەندیی و بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی، ئەم دەستوورە وەك قانوونی بنەڕەتی و پەیماننامەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو، بۆ دامەزراندنەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بە فۆڕمی كۆمار ڕادەگەیەنین.

ئەم دەستوورە نەک داهێنانێکی نوێ، بەڵكو درێژەپێدەر و كۆكردنەوەی مافە مێژوویی و قانوونییەكانی نەتەوەكەمانە و ڕەنگدانەوەی ئاوات و ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەیەکە کە سەدان ساڵە لەپێناو سەربەستیی، خۆییبوون، ئازادیی و شکۆمەندییدا دەکۆشێت و دەجەنگێت. هاوکرداریی قووڵ و ڕیشەداریی مێژووی ناو کورد هەزاران ساڵە وەک دەستوورێکی نەنووسراوە، بەڵام کارکردە و کارا، کوردی وەک تاک و کۆمەڵ لێ بەستۆتەوە و بە ژیریی کۆیی و ئاوەزی گشتی چەشنێک لە خودی کۆییان بنیادناوە کە ڕۆحی نەتەوەیی کوردی وەک دەستووری نەنووسراوە بۆ پێکەوەژیانی درێژەدار و نەپساوە کورد بگەیەنێت چەرخی هەنووکەیی و لە جیهانی مۆدێرندا وەک نەتەوەیەک کە ئێستایی سەر هەڵدات. دەستوور گەوهەری ئەو ژیریی کۆیی و ئاوەزیی گشتی و هاوکردارییە مێژووییەی کورد لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و دەبێتە ئاوەزی دەوڵەتی بۆ بنیاتنانی دەوڵەت و وارگێڕیی کۆمەڵگای وڵاتەکەی خۆی.

ئەم دەستوورە پابەندبوونی كۆماری كوردستان بە بنەما سەلمێندراوەكانی دادپەروەریی، یەكسانیی، ڕێزگرتنی بێ مەرجی ڕێکەوتنامەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەكانی چارتەری نەتەوە یەكگرتووەكان، سەروەریی قانوون و ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ گشت نەتەوە دۆستەکان لە جیهاندا دەسەلمێنێت. كۆماری كوردستان دەوڵەتی نەتەوەیی کوردە و بۆ ژیانی بەختەوەری هەموو كوردستانیان وەک هاووڵاتی ئەم وڵاتە دەبێت، دەوڵەتێکی دیموکراتی ڕاستەقینە کە تێیدا دەنگی هەموو شارۆمەندێك بە بایەخ و گرنگییەوە وەربگیرێت و هیچ كەس لەسەر بنەمای جیاوازییەكان پەراوێز نەخرێت یان مافەکانی پێشێل نەکرێن. دەوڵەت پابەند دەبێت بە بنەماكانی دەسەڵاتداریی شكۆمەند و ڕوونایەتی و لێپرسراوێتی، کار بۆ دابینکردنی خۆشبژێویی و پێشکەوتنی هەموو شارۆمەندان لە چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەییدا دەکات. ئێمە باوەڕمان بە یەکێتییەکی نەتەوەیی پتەو و یەکگرتوو هەیە کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی جیاوازییەکان و فرەیی ڕەنگەکانی نێوخۆی کوردستان دامەزرا بێت، کە هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان لەخۆ بگرێت، کۆی گشتی هەموو کورد و هەروەها کەمینە کولتووری و ئایینییە ڕەسەنەکانی کوردستانیشەوە وەک بەشێکی دانەبڕاو و بنەڕەتی لە نیشتمان و ناسنامەی نەتەوەیی کوردستان. ئێمە، نەتەوەی کورد و کۆمەڵی کوردستان، بە ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان، دان بە گرنگیی پەیوەندییەكی تەندروست و سازگار لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا دەنێین. كۆمارەكەمان وەک دەوڵەتی سەربەخۆ خوازیارە ببێتە ئەندامێكی كارا و بەرپرسیار لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، بەشداریی لە چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان بکا و پەرە بە ئاشتیی و ئاسایش و دادپەروەریی جیهانی بدات، لەگەڵ ڕێزگرتن لە قانوون نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوون بە هەموو ئەو پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی کە لەگەڵ بنەما و ئامانجەکانی نەتەوەکەمان دەگونجێن و ڕاژەی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان دەکەن. بە دڵنیاییەوە لەوە ئاگادارین کە ڕێگای بەردەممان پڕە لە هەوراز و نشێوی و ئاستەنگە و ئالەنگاری گەورە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بەڵام باوەڕمان بە خۆمان و بە توانای نەتەوەکەمان بۆ سەرکەوتن بەسەر هەموو بەربەستەکاندا و تێپەڕاندنی هەموو سەختییەکان هەیە. ئێمە ویستمەندییەکی پۆڵایینمان هەیە بۆ بنیاتنان و پاراستنی دەوڵەتێکی بەهێز، پێشکەوتوو و دیموکراتی، دەوڵەتێک کە شانازی بە ڕابردووی پڕشکۆی خۆیەوە بکات و هیوای بە ئایندەیەکی گەش و ڕوون هەبێت. بەم باوەڕ و ئومێدەوە، ئێمە، نەتەوەی كورد و گشت کۆمەڵی كوردستان، ئەم دەستوورە بۆ كۆماری كوردستان دادەمەزرێنین و بە یەکدەنگی پەیمان نوێ دەکەینەوە کە دەست لەناو دەست، پێکەوە کار بکەین بۆ ڕاییکردنی ئەم دەستوورە، بۆ بنیاتنانی كوردستانێکی سەربەخۆ، ئاوەدان، ئازاد، دادپەروەر و پێشکەوتوو، کە مایەی شانازیی هەموومان بێت و ببێتە چرایەک بۆ ئاشتیی و ئارامیی لە ناوچەکە و جیهاندا.

ڕۆحی نەتەوەیی، ژیریی کۆیی، خودی بەکۆمەڵ و پێویستیی دەستووریبوون

ئەم مانیفێستە فەلسەفییە، گەوهەری بوونناسانەی دەستوور و سەرچاوەی باڵای لێکدانەوەیە؛ گشت دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و دامەزراوە دادوەرییەکان پابەندن کە بەندەکانی ئەم دەستوورە نەک تەنیا وەک دەقێکی وشک، بەڵکوو وەک ئامرازی بەرجەستەکردنی ئەم دیدگا فەلسەفییە و پاراستنی 'خودی بەکۆمەڵ'ـی کورد لێک بدەنەوە و ڕایی بکەن.

دەستوور — قانوونی بناغەیی دەوڵەتی کوردستان— گێڕانەوەیەکی دەستوورییە لە ژیانی قووڵی سروشتی و ژوورسروشتی نەتەوەی کورد، کە لە درێژەدارییەتییەکی ڕەسەنی مێژووییەوە هەڵدەقوڵێ و بەشێوەیەکی خۆساز و خۆسەرچاوە ڕەوایی خۆی لە خواست و ویست و تاسە دەروونی کورد بۆ هەبوونی دەوڵەت بەدەست دێنێ و دەیسەلمێنێت. خۆسازبوونی دەستوور بەو واتایەیە کە ئەم دەستوورە بەبێ پێویستی بە هیچ سەرچاوەیەکی قانوونیی دەرەکی یان ڕەزامەندی دەرەوەی نەتەوە، لەسەر بنەمای ژیریی کۆیی کورد وەک بەرهەمی هەزاران ساڵەی ژیانی کۆیی و یەکترناسین و گەشەی کولتووری و پارادایمە بە کۆمەلەکان کە کوردی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە کرداریی بەکۆمەلدا پێک بەستۆتەوە خۆی خۆی دروست دەکا و دادەمەزرێنێت و بۆ ڕەوایی و قانوونمەندیی خۆی پەنا نابات بۆ هیچ بنەمایەکی لە دەرەوە ژیریی کۆیی کورد و ویستی دەروونیبووی ئەم نەتەوەی بۆ نواندنی سەروەریی ڕەهای خۆی وەک دەوڵەت. خۆسەرچاوەبوونیشی بەو واتایەیە کە سەرچاوەی بەدەوڵەتبوون و دەسەڵات و ڕەواییەکەی لە قووڵایی ناخی خودی کۆیی هەزاران ساڵەی کورد وەک ویستمەندیی ژیر و بەئاگا و هەربوویی ئەودایە. ئەم دوو تایبەتمەندییە —خۆسازبوون و خۆسەرچاوەبوون— وەک دوو ڕەهەندی یەک ڕاستی، دەستوور لە سەرووی هەموو قانوون و دەستوورێکی دەرەکی دادەنێن، چونکە هیچ قانوونێکی دەرەکی ناتوانێ بەم شێوەیە ڕەسەنانە لە ناخی خۆئاگایی نەتەوەییەوە هەڵقوڵێ و دەرکەوێت و بۆ کورد ببێتە سەرچاوەیی ڕەوایی. هەر لەبەر ئەمەیە کە دەستووری کۆماری کوردستان، تەنانەت پێش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، دامەزراوە کارگێڕیی، قانوونیی و وارگێڕییەکانی داگیرکەران لە بەها و بایەخ دەخات و ڕەوایی و قانوونمەندییان لێ دەسێنێتەوە، چونکە ئەو دامەزراوانە خۆساز و خۆسەرچاوە نین، بەڵکو سەرچاوەی دەسەڵاتیان لە دەرەوەی کوردەوە هاتووە و بەسەریدا سەپێنراون. دەستوور، بە پێچەوانەی ئەوان، بە شێوەیەکی ئۆرگانیک لە ناخی کوردستان و نەتەوەی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە و لە هەناوی ویستی تاسەریی نەتەوەییەوە دەرکەوتووە و بەم شێوەیە خاوەنی ڕەواییەکی ڕەسەن و بنچینەییە کە هیچ قانوون و دەستوورێکی سەپێنراوی دەرەکی ناتوانێ هەیبێت. بۆیە هەر ئەم تایبەتمەندییە خۆساز و خۆسەرچاوەیەی دەستوورە کە ئەم دەستوورە دەکاتە دەربڕی ڕاستەقینەی ویستی نەتەوەیی کورد و دواتر بە دامەزراندنی دەوڵەتی ڕەسەن و نەتەوەیی لەسەر بنەمای ویستی نەگۆڕ و بێکۆتایی نەتەوەی کورد، بە تەواوی سڕینەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوانە و قانوونمەندیی داگیرکەران دەستەبەر دەکات. ئەم دەستوورە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی کەسایەتی مێژوویی و یەکپارچەی نەتەوەکەمانە، هاواری قانوونیی خودی بەکۆمەڵی کورد — تاسەی مێژوویی، هۆشمەندیی فەلسەفی و ویستمەندیی بێوچانی بۆ سەربەخۆیی بێسنوور و دەوڵەتداریی ڕەبەقە. دەستوور پشت بە بوونایەتی بوونسەپێنی کوردستان و ویستی کۆیی نەتەوەی کورد و سرووشتی مێژوویی وڵاتەکەیەوە دەبەستێت، هەبوونی کەتوارە ناوەرۆکسازەکەی دەستوور لە خۆئاگایی نەتەوەییەوە و لە هەناوی ئەزموونی مێژوویی کوردەوە هەڵدەقوڵێ و بایەخ و بەهای خۆی لە ویستی بێپسانەوەی نەتەوەوە وەردەگرێ کە لە ڕۆحی هەربوویی کورد و وڵاتەکەیەوە دێت.

خۆسەرچاوەیی، ئەو چاوگە بوونناسییە بنچینەییەیە کە بە دەوڵەتبوون و دەستوور بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دەستوور وەک تەنبا دەربڕینی قانوونمەندی سەرچاوە نەگرتووە، بەڵکو لە قووڵبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە هەناوی ڕەوتی مێژوویی نەتەوەدا سەری هەڵداوە، بەجۆرێک کە هەر دەمە و بۆ هەموو گۆڕانکارییەکی مێژوویی هاتوو لە داهاتوودا پلاتفۆرمێکی ڕەوایی قانوونیی بەرفراوان دابین دەکات. دەستوور وەک یروشێکی مێژوویی بۆ تێپەڕین لە قۆناخی ژێردەستی بۆ قۆناخی سەروەریی و سەربەخۆیی کار دەکات. هاوبەرپەرچیی نێوان دەوڵەت و ڕەوایی و دەستوور لە ڕوانگەی دەستوورەوە هەم یەکبین و هەم لێکجیاوازە. یەکبین لەو ڕووەوە کە هەرسێکیان لە کەتواری شوناسی کوردی و هەستی نەتەوەییەوە هەڵدەقوڵێن، لێکجیاوازیش لەو ڕووەوە کە هەریەکەیان لە ئاستی جیاوازی پێگەیشتنی کەتواری وارگێڕی و قانوونیی و ڕێکخستنی بوونایەتیدا خۆیان دەردەخەن. دەوڵەت سەرچاوەی دەستوور نییە، بەڵکو ئەوە دەستوورە کە لە سەروو-دەوڵەتدا وەستاوە و ڕەوایی بە بوونی دەوڵەت دەدات، بە شێوەیەک کە دەوڵەت پێویستە پابەندی دەستوور بێت نەک بە پێچەوانەوە.

دەستوور سەرچاوەی خۆی لە چەمکی نوێی "گەوهەری نەتەوەیی"ـدا دەدۆزێتەوە. ئەم چەمکە لە شیکردنەوە لاساییەکانی ژوراڵ دەستووری و فەلسەفەی وارگێڕی لەو سەروو-ترە و ئیدی تەنیا لە پەیوەندی پەیمانناسانەی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتیدا خۆی بەرتەسک ناکاتەوە، بەڵکو تێگەیشتنێکی گەوهەرییە لە هەبوونی نەتەوە وەک وەکیەکبوون و پێکەوەبوون و خەمی هاوبەش و هاوئاگاییەکی نەتەوەیی زیندوو، بەرپرسیارەتی نەتەوەیی، مێژوویی و کولتووریی. گەوهەری نەتەوەیی کورد وەک ئەو خاڵەی لە نێوان بوون و نەبووندا ناسنامەی مێژوویی و ڕەواییەکی خۆسەرچاوەی پێداوە، ئاراستەکەری ڕەوتی سەرهەڵدان، پاراستن و درێژەدانی بوونی نەتەوەییە لە سەر هێڵی شوێن-کات. دەستوور ڕەنگدانەوەی ئەم گەوهەرە و ڕەشماڵی مێژوویی پاراستنیەتی. بەم پێیە، پەیوەندی نێوان دەستوور و دەوڵەت لە نێوان شێوە و ناوەڕۆکدایە، لە نێوان ئامانج و ئامرازدایە، لە نێوان ویست و دەرکەوتەدایە، کە سەرەڕای جیاوازی دەروونی، یەکێتییەکی ناسێنەریان هەیە.

نەتەوەی کورد ڕوانگەیەکی هێرمۆنۆتیکی بۆ مێژووی خۆی هەیە کە لە ڕێگەی دەستوورەوە ڕەنگ دەداتەوە. هێرمۆنۆتیکی مێژوویی کورد ئاماژەیە بۆ ئەو چۆنیەتییەی کە نەتەوە مێژووی خۆی لێکدەداتەوە و واتای پێدەبەخشێت، کە لەو شێوەی کورد بۆ مێژووی خۆی بەکاری دەهێنێت بریتییە لە پەیمانێکی مێژوویی-نەتەوەیی پێش-دەوڵەتی. لەم پەیمانەدا نەتەوە لەگەڵ مێژووی خۆیدا، لەگەڵ خاکی خۆیدا و لەگەڵ شوناسی خۆیدا پەیمانێکی هەربوویی و ئۆنتۆلۆژی بەستووە کە پێویستی بە هیچ بەڵگەنامەیەکی دەرەکی نییە. دەستوور بریتییە لە بەڵگەنامەیی کردنی ئەم پەیمانە بنچینەییە و تەنیا بۆ ئاشکراکردنیەتی، نەک بۆ دروستکردنی.

پەیوەندی نێوان نەتەوە و دەستوور لەسەر بنەمای هاوئاگایی نەتەوەیی ڕادەگیرێت. هاوئاگایی نەتەوەیی بە واتای بەشداربوونی هەموو ئەندامانی نەتەوە لە یەک ئاگایی کۆیی و یەک ویستی دەروونی و یەک سۆزی نەتەوەیی و یەک شێوازی مێژوویی ڕوانینە بۆ ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو. ئەم هاوئاگاییە پێویستییەکی دڵنیایی و نێوەکییە، نەک شتێکی هەڵبژاردە و دەرەکی، چونکە هەر لە دایکبوونێکی مرۆڤێکی کورد، بە شێوەیەکی نێوەکی دەچێتە ناو ئەم هاوئاگاییەوە و بەشێک لێی پێکدەهێنێت و بە ڕەگوڕیشەی خۆی دەزانێت. لەبەر ئەمە ئەندامێتی ناسنامەیی بە دەوڵەتی کوردستان لەسەر بنەمای ئەم هاوئاگاییە نەتەوەییە دەبێت کە ئەوان دەکاتە بەشێک لە خاکێک کە وارگەی نەتەوەیی خۆیانە کە لەوێ پێکەوەژیانی نەتەوەیی و نیشتمان بە شێوەی کۆیی لە جیهان-ژینێکیدا ئەزمون دەکەن. هاوئاگایی نەتەوەیی وەک بناغەی دەستوور بێوچان لە گەشەکردن و نوێبوونەوەدایە و هەڵقوڵاوی ئەزموونە هاوبەشەکانی نەتەوەیە، کە لە دەستووردا دەبێتە ڕێنوێنی دەستووری بۆ ئاڕاستەکردنی ویستی کۆمەڵیی نەتەوە بەرەو سەروەریی و ئازادی و دادپەروەری.

نەتەوەکان لە ویستی ڕەها بۆ بوون، بۆ مانەوە، بۆ خۆڕێکخستن و بۆ بنیادنانەوەی سەروەریی بەسەر ژیانی کۆیی و ژێرخانی ژینگەیی ئەو ژیانە کۆییەوە، پەیدا دەبن. ئەم پرۆسەیە بناغەی دروستبوونی هەر نەتەوەیەکە و نەتەوەی کوردیش لەم چوارچێوەیەدا سەریهەڵداوە و چونکە خاوەنی شارستانییەتێکی دێرینە کە بە پانتایی فراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان دەبێتەوە کە بە بەڵگە و شوێنەوارە دێرینەکان دەسەلمێنرێت و نیشانەی قووڵایی ڕەگ و ڕیشەی ژیاریی و شارستانی کوردن لەسەر ئەم خاکی مێژوویی خۆی، کە دەیان هەزار ساڵ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە.

کورد سەرەڕای سەدان ساڵ لە لەدەستدانی سەروەریی بەهۆی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و ئەکتەرە جیهانییەکانەوە، بەڵام هەرواش توانیویەتی بە شێوەیەکێ بەرچاو بوونایەتی خۆی بپارێزێت و لە سەر هێڵی کات و شوێن وەک "سوبێکتێکی ژوراڵ" کە خاوەن درێژەداریەتییەکی مێژوویی وڵاتی و نەتەوەییە، توانیویەتی ناسنامە و هەبوونی خۆی بهێڵێتەوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەمە لە سەردەمێکدا کە کورد لە هەبوونی ئیمپراتۆری بێبەش بوو، هێزە ئەمپریاڵە خۆرئاواییەکان پەرگاڵی دەوڵەتتەوەریان بنیاد نا و کورد بە ویستی ئاگامەندانەی ئەوان لە پشکی خۆی لەم پەرگاڵە بێبەشکرا و کرا بە نەتەوەی بێدەوڵەت و فڕێداریە تاریکخانەی ونی هێڵی شوێن-کات. دەستوور ئامرازی خۆسەپاندنەوەی کوردستانە لەسەر پەرگاڵی دەوڵەت وەک مۆدێرنترین چاخی مێژوویی مرۆڤ.

کورد وەک نەتەوەیەک کە بناغەکانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕشتووە، دایان و باوانی کورد ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەبووە لە پەیمانی شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا و لە سەرەتای کشتوکاڵەوە، کە یەکێکە لە بنەماکانی ژیاریی، تا بنیاتنانی یەکەمین شارەکان، داهێنانی خەت و نووسین، پەرەپێدانی ئایین و هونەر و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئیمپراتۆریەتە گەورەکان وەک میدیا، پارت و ساسانی و پاشماگگری شارستانییەتگەلێکە کە بنچینەی هەبوونی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی مۆدێرن پێکدەهێنێت، بەم دەستوورە چیدی پەسەند ناکات لە تاریکخانەی ئەم شارستانییەتەدا ون بکرێت و بدرێتە دەم کڵپی تیژی بەربەرییەت تاکو لەناوی ببات.

مانەوەی بوونایەتیی کردەیەکی خۆدان درێژەدارییەتی و ڕاوەستاوییە کە لەسەر چەندین بنەما خۆی هەڵدەچنێت: درێژەدارییەتی یادەوەریی و شوناسپارێزیی کۆیی، ژینگەسازیی و وارپارێزیی و ویستمەندیی وارگێڕی بۆ بەدەستهێنانەوە و پاراستنی سەروەریی بەسەر وارگەی نەتەوەیی خۆیدا. شارستانییەتی کوردستان لە ڕەوتی میژوودا و لە سەر هێڵی شوێن-کات لە پانتاییەکی فراواندا گەشەی کردووە،کە وەک وڵات بووە بە هەم زێد و هەم نیشتمان. بە درێژایی مێژووی بوونایەتی مرۆڤ، شارستانییەتی ئێمە پەرەی سەندووە و بەرهەمی ئەو ژینگە ژیارییەیە کە کوردستان لە مێژوودا لەنێو دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە، ئەوە بووە کە لە سەرهەڵدان و گەشەی شارستانییەتی جیهان بە تایبەت خۆرئاوا ڕۆڵێکی بنەڕەتی گرنگی گێڕاوە. ئەو شارستانییەتە و کولتوری بەرزی کوردستان لەم دەستوورەدا هەم بە پێوەری دیرۆکی و هەم بە پێوەری سەردەم و هاوچەرخ زایەڵە دەداتەوە و ڕەوایی ئەم دەستوورە بنیاد دەنێت.

دەستوور لە پانتایی مێژوویی و قانوونیی نەتەوەی کورددا پەیمانێکی گەوهەرییە کە ئەڵقەی پەیوەندی نێوان کەتواری ئێستایی و داهاتووی نەتەوەیی پێکدەهێنێت، پەیمانێک کە هەم بەڵێنێکی ڕاستییانەیە بۆ سەلماندنی ڕەوایی بوونایەتی نەتەوەیی، هەم پەیمانێکی نێوان-نەتەوەییە بۆ یەکگرتنی هێزە گەوهەرییەکانی ناخی هەموو کورد و کوردستانیان. ئەم پەیمانە گەوهەرییە پشت بە ئەو تێڕوانینە ئۆنتۆلۆژییە دەبەستێت کە نەتەوە وەک بوونایەتییکی ژیندار، درێژەدار و ڕوو لە داهاتوو هەڵگری کۆمەڵێک گەرەکمەندیی بنەڕەتییە کە لە پێکهاتەی دەروونی و هەناوی کولتووری و زەمینەی مێژووییەوە هەڵدەقوڵێت، نەک لە ڕێککەوتنێکی کاتی یان خواستێکی ڕواڵەتی. ئەم گەرەکمەندییە بنەڕەتییە لە دەستووردا دەبنە بنەمای سەروەریی، دەبنە ڕەگی قانوونیی، دەبنە پشتی دەستووری و دەبنە ئاسۆی دەوڵەتمەندی. دەستوور لە ڕەوتی مێژوودا کەتواری سەربەخۆیی نەتەوەیی دەچەسپێنێت و سەروەریی هەبوویی نەتەوە لە شێوەی بەڵێندارەتییەکی گەوهەری-سرووشتی مێژووییدا دەردەبڕێت، بەڵێندارەتییەک بە هەبوون و مانەوە و گەشەکردنی کورد وەکو نەتەوەیەکی دایک، چونکە نەتەوە بەبێ دەوڵەت وەک گیانێکی بێ جەستەیە. لە ڕوانگەی دەستوورەوە، دەوڵەتی کوردستان بەر لەوەی بەرهەمی بەرەنگاری و خۆڕاگریی بێت، بەرهەمی سەرهەڵدانی ویستێکی هاوبەش و هاوگیانی بووویستانەیە کە لە هەناوی مێژووەوە بەرەو داهاتووی خۆیی وڵاتی کوردستان هەڵچووە، ویستێک کە گەڕێنەری هێزی ئۆرگانیکی نەتەوەییە، هێزێک کە ئامانجی سڕینەوەی ئاژاوەی بێدەوڵەتی و پارچەبوونە لە نێو نەتەوەکەماندا. لە ئاوێنەی دەستووردا، کە ژینەری ڕۆحی نەتەوەیی کوردستانە؛ کەتوارگەی نەتەوەیی دەبێتە شێوازی دەرکەوتەی خودی نەتەوەیی، سەردەمی مێژوویی دەگەیەنێتە تروسکایی دۆخی دەوڵەت و سەروەریی. هەر ئەمەیە کە واتای قووڵی خۆسەرچاوەیی و خۆسازی دەدات بە دەستوور: نە دەسەڵاتێک لە دەرەوەی دەستوورەوە توانای ڕەدکردنەوەی دەبێت، نە ڕکێفێک لە سەرووی نەتەوەوە دەتوانێت هەڵیوەشێنێتەوە. دەستوور هاوکات لە ناخی مێژوو، لە هەناوی کەتوار و لە ئاسۆی داهاتوودا ڕەوایی و بوونی خۆی دەسەلمێنێت. دەستوور کردەیەکی نەتەوەیی دەستووریی-ژوراڵیە کە پەیوەندی نێوان هاووڵاتیانی کوردستان هەرتەنیا لە چوارچێوەی پەیوەندی قانوونیی یان بەرژەوەندی ئابووری کورت ناکاتەوە، بەڵکو دەیانکاتە بەشداربووی هاوئاگایی نەتەوەیی واتە یەک خۆئاگایی نەتەوەیی لەسەر بنەمای بیرەوەری هاوبەش، کوردبوون وەک بوونایەتی هاوبەش، کوردستانیبوون وەک شارۆمەندیی هاوبەشی دەوڵەتێکی خۆیی، کولتور وەک شێوازی ژیانی هاوبەش، یەک ئاسۆی چاوەڕوانی هاوبەش، یەک چێژوەرگرتنی ئێستێتیکی هاوبەش و ئەرکی خۆپاراستن و یەکترپاراستنی هاوبەش. لەم ڕوانگەیەوە، ڕەوایی دەستوور لە توانای پاراستن و پتەوکردنی ئەم هاوبەشییە نەتەوەییەدایە، لە توانای پاراستنی ئەو پەیوەندییەدایە کە تاکی کورد و شارۆمەندی کوردستانی بە نەتەوەکەیەوە دەبەستێتەوە و لە توانای پاراستنی ئەو ئازادییەدایە کە هەموو کورد و کوردستانییەک لە بوون و شێوەی بوونی خۆیدا هەستی پێدەکات. دەستوور بەم پێیە ناوەندی پەیوەندی نێوان تاک و نەتەوە و دەوڵەت و مێژوو و داهاتووە، ناوەندێک کە هەم سەربەستی تاکەکەسی دەپارێزێت و هەم بوونایەتی نەتەوەیی گەشە پێدەدات، هەم ڕەواییەک بە دەوڵەت دەدات کە نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوە و پارێزوانی وڵات و هاوبەشایەتییەکان بێت و هەم ئاسۆیەک دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە داهاتوویەک کە لەگەڵ تاسەی مێژوویی کورد بۆ دەوڵەتمەندی، بۆ دەسەڵاتداری، بۆ بوون-بۆ-خۆ و بۆ بوون-لەگەڵ-خۆ، یەک بگرێتەوە. ئاواتی مێژوویی نەتەوەی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ سەروەریی نەتەوەیی و بۆ بڕیار لەسەر چۆنییەتی بوونایەتیی خۆ وەک نەتەوە و نیشتمانەکەی وەک وڵات و هەروەها دیاریکردنی داهاتووی خۆی، لە دەستووردا دەگات بە بەرزترین پلەی دەربڕینی بوونایەتی و ئەمەش وەک ئاواتێکی خودەکی و بەهایەکی بناغەیی, هاوکات بەڵێندارەتییەکی گەوهەرییە بە هەموو ئەو قوربانییانەی کە کورد و کوردستان لە مێژووی خۆیدا داویەتی. دەستوور ئەم بەڵێندارەتییە وەک بنەمای ڕەوشتی-قانوونیی دادەنێت، بەڵێندارەتییەک کە سەرەڕای هەموو گۆڕانکارییەکانی مێژوو، هەمیشە چاوەڕێی سەرکەوتنی دەبێت.