پاراستنی ژینگە و گەشەی ڕاوەستاو
ژینگەی کوردستان، بە سروشتە دڵڕفێنەکەی، چیا سەربەرزەکانی، ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەکانی و فرەچەشنییە بایۆلۆژییەکەیەوە، مڵکی هەردەمیی نەتەوەی کورد و پاشماگێکی ژینەکییە کە ڕاسپاردەیە لەلای نەوەکانی ئێستا بۆ نەوەکانی داهاتوو. پاراستنی بە شێوەیەکی تەندروست و دەوڵە…
ژینگەی کوردستان، بە سروشتە دڵڕفێنەکەی، چیا سەربەرزەکانی، ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەکانی و فرەچەشنییە بایۆلۆژییەکەیەوە، مڵکی هەردەمیی نەتەوەی کورد و پاشماگێکی ژینەکییە کە ڕاسپاردەیە لەلای نەوەکانی ئێستا بۆ نەوەکانی داهاتوو. پاراستنی بە شێوەیەکی تەندروست و دەوڵەمەند، ئەرکێکی باڵای دەستووریی سەرشانی دەوڵەت و هەموو شارۆمەندێکە.
یەکەم: ژینگە وەک پاشماگێکی نەتەوەیی و مافی نەوەکان
١.١. ژینگەی کوردستان وەک پاشماگێکی نەتەوەیی و مافێکی بنەڕەتیی نەوەکانی داهاتوو دادەنرێت.
١.٢. دەوڵەت و گشت شارۆمەندان بەرپرسیارێتیی هاوبەشیان لە پاراستن و گەشەپێدانی ژینگەدا لە ئەستۆدایە.
دووەم: ئەرک و بەرپرسیارێتی دەوڵەت
٢.١. دەوڵەت پابەندە بە داڕشتنی وارگێڕییەکی ژینگەپارێزیی توند و گشتگیر کە لەسەر ئەم بنەمایانە دامەزرا بێت:
ئا. بنەمای خۆپارێزیی پێشوەختە: لە باریی بوونی هەر مەترسییەکی جددی یان نەگەڕاوە بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی گشتی، نەبوونی دڵنیایی زانستیی تەواو نابێتە پاساو بۆ دواخستنی گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.
ب. بنەمای "پیسکەر دەبێت باجەکەی بدات": قانوون ئەو لایەنانە بەرپرسیار دەکات کە زیان بە ژینگە دەگەیەنن و بە بۆبژاردنی تەواوی زیانەکان و نۆژەنکردنەوەی ژینگە پابەندیان دەکات.
پ. چاودێری و ڕاییکردنی قانوون: دەوڵەت دەزگایەکی نیشتمانیی چاودێریی بەهێز بۆ دڵنیابوون لە ڕاییکردنی قانوون ژینگەییەکان و سزادانی توندی سەرپێچیکاران دادەمەزرێنێت.
سێیەم: گواستنەوە بەرەو ئابووریی سەوز و بازنەیی
٣.١. دەوڵەت بە شێوەیەکی ستراتیژی کار بۆ گواستنەوە بەرەو مۆدێلی ئابووریی سەوز و بازنەیی دەکات.
٣.٢. ئەم ئەرکە لە ڕێگەی ئەم ڕێکارانەوە ڕایی دەکرێت:
ئا. داڕشتنی وارگێڕیی هاندانی ئابووری بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە وەبەرهێنان لە وزەی پاک و تەکنەلۆژیای ژینگەدۆستدا دەکەن.
ب. پشتیوانیکردن لە توێژینەوە و داهێنان لە بواری بەکارهێنانەوەی کەرەستەکان و کەمکردنەوەی پاشماوە.
پ. چەسپاندنی "گەشەی ڕاوەستاو" وەک مەرجێکی سەرەکی لە هەموو پڕۆژە گەورەکانی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازیدا.
چوارەم: پاراستنی فرەچەشنیی بایۆلۆژی
٤.١. پاراستنی گشت جۆرەکانی ژیانی کێوی و ڕووەکی ڕەسەنی کوردستان ئەرکێکی باڵای دەوڵەتە.
٤.٢. بۆ ئەم مەبەستە:
ئا. قانوونی تایبەت بۆ پاراستنی جۆرە گیانلەبەر و ڕووەکە دەگمەنەکان دادەڕێژرێت.
ب. دەوڵەت پابەندە بە دامەزراندنی تۆڕێکی نیشتمانی لە پارکی نەتەوەیی و ناوچەی پارێزراو بۆ پاراستنی پەرگاڵە ئێکۆلۆژییە هەستیارەکان.
پێنجەم: وارگێڕیی کەشوهەوا و ئاسایشی ئاو
٥.١. دەوڵەت دان بە هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا دەنێت و پابەندە بە:
ئا. داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی دەرهاویشتە گازییە زیانبەخشەکان.
ب. بەڕێوەبردنی ژیرانە و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی شیرین وەک سامانێکی ستراتیژیی نەتەوەیی.
پ. بەشداریکردنی چالاکانە لە هەوڵە جیهانییەکانی تایبەت بە پاراستنی کەشوهەوا، بە شێوازێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکاندا بگونجێت.
