دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 8

ڕێکخستنی خاوەندارێتی و وارگەی نەتەوەیی

کوردستان، پاتریای نەتەوەی کوردە. پەیوەندیی کورد بەم خاکەوە، پەیمانێکی خوێنی نەنووسراوە کە پێش هەموو قانوون و دەستوورێک بوونی هەبووە. مافی نەتەوە بەسەر خاکەوە، لە خودی ئەم پەیوەندییە بوونناسانەییەوە هەڵدەقوڵێت.

بەندی 8 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

کوردستان، پاتریای نەتەوەی کوردە. پەیوەندیی کورد بەم خاکەوە، پەیمانێکی خوێنی نەنووسراوە کە پێش هەموو قانوون و دەستوورێک بوونی هەبووە. مافی نەتەوە بەسەر خاکەوە، لە خودی ئەم پەیوەندییە بوونناسانەییەوە هەڵدەقوڵێت.

یه‌كه‌م: پاتریا و پەیمانی خوێنی نەتەوە

١.١. پاتریا لە دەستووری کوردستاندا ئەم واتایانە دەگرێتەوە:

ئا. ئەو پانتاییە بوونناسانەییەی کە تێیدا "خودی بەکۆمەڵ"ـی نەتەوە، فۆڕمی گرتووە

ب. ئەو شوێنەی کە یادەوەریی نەتەوەیی تێدا بەدی هاتوە

پ. ئەو شوێنەی کە نەتەوە ویست و بوونایەتی مێژوویی خۆی تێدا دەژی

ت. ئەو شوێنەی کە تێیدا جوگرافیا دەبێتە مێژوو و مێژووش دەبێتە شوناس

١.٢. پەیوەندیی نەتەوە بە پاتریاوە:

ئا. لە سەرەوەی پەیوەندیی خاوەندارێتیی ڕووتە

ب. پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی و هاوبوونە

پ. نەتەوە لە هەناوی خاکەوە هەڵدەقوڵێت و خاکیش لە ڕێگەی خۆبەخشین و ئاوەدانکردنەوەی ولات و نەتەوەوە واتا وەردەگرێت

١.٣. مافی نەتەوە بەسەر خاکەوە:

ئا. لە هیچ سەرچاوەیەکی دەرەکییەوە نایەت

ب. لە خودی پەیوەندییە بوونویستانەکەوە هەڵدەقوڵێت

پ. پاراستنی خاک، پاراستنی خودی بوونی نەتەوەیە

ت. ئاوەدانکردنەوەی خاک، بەدیهێنانی تواناکانی نەتەوەیە

دوویه‌م: بنەمای بنەڕەتیی خاوەندارێتی و ئاستەکان

٢.١. خاکی کوردستان ڕەنگدانەوەی ڕۆحی نەتەوە و ژینگەی یادەوەریی بەکۆمەڵە.

٢.٢. چەمکی خاوەندارێتی لەسەر خاکی کوردستان لە سێ ئاستی لێک دانەبڕاودا پێناسە دەکرێت:

ئا. خاوەندارێتیی نەتەوە:

نەتەوەی کورد وەک خودێکی مێژوویی و هەردەمیی، خاوەنی ڕەسەن و ڕەهای سەرلەبەری وارگەی نەتەوەیی کوردستانە

ئەم خاوەندارێتییە، مافێکی بوونویستانەی گشتایەتی مێژووی کورد و کوردستانە

ئەم خاوەندارێتییە نەگۆڕە و ناکرێت بفرۆشرێت، ببەخشرێت، یان سازانی لەسەر بکرێت

ب. ئەرکی پاسەوانیی دەوڵەت:

دەوڵەتی کوردستان، پاسەوان و سپێردەداری خاکی کوردستانە

دەوڵەت بە نوێنەرایەتی هەموو کورد (نەوەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو) خاوەندارییەتی لە خاکی کوردستان دەکات

ئەرکی دەوڵەت بریتییە لە پاراستنی خاک، ڕێکخستنی بەکارهێنانی و دڵنیابوون لەوەی کە لە ڕاژەی ئامانجە باڵاکانی نەتەوەدا بەکاردەهێنرێت

پ. ئەرک و مافی شارۆمەند لە بەکارهێنان و ئاوەدانکردنەوە:

شارۆمەندیی کوردستانی بۆ کورد و ناکوردی نیشتەجێی کوردستان مافی بەکارهێنان و ئاوەدانکردنەوەی خاک دەبەخشێت

ئەم مافە لە بەرامبەر ئەرکی شارۆمەند بۆ بەشداریکردن لە گەشەپێدانی نیشتماندا پێی دەبەخشرێت

سێیه‌م: چوارچێوەی قانوونیی مافی بەکارهێنان

٣.١. قانوون چۆنیەتیی بەخشین و ڕێکخستنی مافی بەکارهێنانی خاک بە شارۆمەندان دیاری دەکات.

٣.٢. ئەم چوارچێوەیە لەسەر ئەم بنەمایانە دادەمەزرێت:

ئا. ئاوەدانی وەک مەرجی ڕەوایەتی:

مافی بەکارهێنانی خاک بەندە بە ئەرکی ئاوەدانکردنەوە و بەرهەمهێنانییەوە

پشتگوێخستنی درێژەدارییەتی خاک و بەکارهێنانی بۆ مەبەستی قۆرخکاریی ناڕەوا، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی قانوونیی ئەو مافە

ب. پابەندبوون بە نەخشەی نیشتمانی:

بەکارهێنانی خاک دەبێت لە چوارچێوەی "نەخشەی گشتیی ستراتیژیی خاک"ـدا بێت

ئەم پابەندبوونە بۆ دڵنیابوون لە گەشەیەکی هاوسەنگ و ڕاوەستاوە

چواره‌م: ڕێکخستنی قانوونیی بۆ بیانییەکان

٤.١. بیانییەکان وەک میوانی ڕێزدار و هاوبەشی گەشەپێدان، دەتوانن لە چوارچێوەی قانوونێکی تایبەتدا مافی وەبەرهێنان و سوودوەرگرتنی کاتی لە خاکی کوردستان بەدەست بهێنن.

٤.٢. ئەم مافە بەم مەرجانە دەبێت:

ئا. بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان تێیدا مسۆگەر کرابێت

ب. یارمەتیدەر بێت بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و بەهێزکردنی ئابووریی نیشتمانی

٤.٣. هیچ بیانییەک هەرگیز و لەژێر هیچ بارودۆخێکدا نابێت بە خاوەنی خاک، بەڵکو تەنیا دەتوانن ببن بە خاوەن مڵک.

پێنجه‌م: پووچەڵکردنەوەی خاوەندارێتیی سەردەمی داگیرکاری

٥.١. گشت ئەو بەڵگەنامە و گرێبەستانەی خاوەندارێتی کە لە سەردەمی داگیرکاریدا و لە چوارچێوەی وارگێڕیی گۆڕینی دیمۆگرافیا و لاوازکردنی نەتەوەی کورددا دەرچوون، لە بنەڕەتەوە پووچەڵ و بێکاریگەرن.

٥.٢. دەوڵەت، لە ڕێگەی دادگای تایبەتمەندەوە، کار لەسەر پێداچوونەوەی ئەم دۆسیانە و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەکات.

شه‌شه‌م: پێکهاتە مێژووییەکان و پەیمانی هاونیشتمانیبوون

٦.١. ئەو کەمینە ئێتنیکی و پێکهاتە ئایینییە ڕەسەنانەی کە بە درێژایی مێژوو لەسەر خاکی کوردستان ژیاون و بەشێکن لە تانوپۆی کۆمەڵایەتیی وڵات:

ئا. وەک شارۆمەندی یەکسان خاوەنی ڕەهای مافی بەکارهێنان و ئاوەدانکردنەوەی مڵکی تایبەتی خۆیانن

ب. ئەم مافە لە چوارچێوەی پەیمانی شارۆمەندبوون و وەفاداریی بێ مەرج بۆ دەوڵەتی کوردستان و ئەم دەستوورەدا پارێزراوە

حه‌وته‌م: دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ پڕۆژەی گشتی

٧.١. دەوڵەت وەک نوێنەری نەتەوە، مافی باڵادەستی هەیە کە بۆ مەبەستی پڕۆژەی ستراتیژیی گشتی، مافی بەکارهێنانی خاک لە شارۆمەند وەربگرێتەوە.

٧.٢. ئەم پرۆژانە ئەوانەن کە ڕاژەی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان دەکەن وەک بنیاتنانی بەنداو، فڕۆکەخانە، هێڵی وزە، بنکەی سەربازی و هتد.

٧.٣. ئەم پرۆسەیە دەبێت بەپێی قانوونێکی تایبەت بێت کە بۆبژاردنێکی دادپەروەرانە و پێشوەختە بۆ خاوەن مافەکە مسۆگەر بکات.

هه‌شته‌م: خاکی گشتیی نەتەوەیی و دادی نێوان نەوەکان

٨.١. خاکی گشتیی نەتەوەیی:

ئا. ئەو بەشە بەرفراوانەی خاک کە مڵکی تایبەت نییە (وەک لەوەڕگا شاخاوییەکان، دارستانەکان و ناوچە پارێزراوە سروشتییەکان) وەک "خاکی گشتیی نەتەوەیی" پێناسە دەکرێت

ب. ئەم خاکانە سپێردەیەکی پیرۆزن و بەڕێوەبردن و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتەوەیە

٨.٢. دادی نێوان نەوەکان:

ئا. قانوون ڕێژەیەکی دیاریکراوی خاک وەک "پاشماگی پارێزراوی نەوەکانی داهاتوو" دیاری دەکات

ب. ئەم خاکە هەرگیز بۆ گەشەپێدانی شارستانی یان پیشەسازیی بەکارناهێنرێت

پ. ئەم خاکە وەک خۆی بۆ نەوەکانی دواتر دەپارێزرێت

نۆیه‌م: تۆماری نیشتمانیی دیجیتاڵیی خاک

٩.١. دەوڵەت پابەندە بە دامەزراندنی "تۆماری نیشتمانیی دیجیتاڵیی خاک" وەک بەشێک لە ژێرخانی دەوڵەتی ژیر.

٩.٢. تایبەتمەندییەکانی ئەم تۆمارە:

ئا. ناوەندی

ب. ڕووەن

پ. نەشیاوی دەستکاریکردن

٩.٣. ئەم تۆمارە ئەم زانیارییانە لەخۆدەگرێت:

ئا. مافی بەکارهێنانی خاک

ب. نەخشەی ستراتیژی

پ. سامانە ژێرزەمینییەکان

٩.٤. ئامانجی ئەم تۆمارە:

ئا. دڵنیابوون لە ڕوونایی قانوونیی

ب. ڕێگریکردن لە هەر جۆرە گەندەڵی و دەستدرێژییەک