دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 7

ئامانجی باڵای دەوڵەت و هاوسەنگیی ستراتیژی

دەوڵەتی کۆماری کوردستان وەک ئامرازی مێژوویی ویستمەندیی بەکۆمەڵی کورد، لەسەر بنەمای ئامانجێکی باڵا و گەوهەریی دامەزراوە: مسۆگەرکردنی مانەوەی شکۆمەندانە، گەشەسەندنی بێپسانەوە و سەروەریی ڕەهای نەتەوەی کورد لەسەر وارگەی مێژوویی خۆی.

بەندی 7 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

دەوڵەتی کۆماری کوردستان وەک ئامرازی مێژوویی ویستمەندیی بەکۆمەڵی کورد، لەسەر بنەمای ئامانجێکی باڵا و گەوهەریی دامەزراوە: مسۆگەرکردنی مانەوەی شکۆمەندانە، گەشەسەندنی بێپسانەوە و سەروەریی ڕەهای نەتەوەی کورد لەسەر وارگەی مێژوویی خۆی.

یه‌كه‌م: ئامانجی باڵای دەوڵەت

١.١. دەوڵەتی کۆماری کوردستان ئامانجێکی باڵا و گەوهەریی هەیە کە خودی هۆکاری بوونی دەوڵەتە:

ئا. مسۆگەرکردنی مانەوەی شکۆمەندانەی نەتەوەی کورد

ب. گەشەسەندنی بێپسانەوەی توانا نەتەوەییەکان

پ. سەروەریی ڕەهای نەتەوەی کورد لەسەر وارگەی مێژوویی خۆی

١.٢. ئەم ئامانجە باڵایە لە سەرووی پاراستنی دۆخی ئێستاییە و پرۆسەیەکی دینامیکی و بێپسانەوە بەدیهێنانی تواناکانی کوردستان بۆ داهاتووە.

١.٣. گشت وارگێڕی، قانوون و کردەوەیەکی دەوڵەت و دەسەڵات دەبێت لە ڕاژەی ئەم ئامانجە پیرۆزەدا بێت و ڕەوایەتیی خۆی لە ڕادەی ڕاژەکردنی بەم ئامانجە باڵایە وەربگرێت.

دوویه‌م: هاوسەنگیی ستراتیژی

٢.١. دەسەڵاتداریی ژیرانە و دەوڵەتداریی بەهێز، لەسەر بنەمای "هاوسەنگیی ستراتیژی" دادەمەزرێت.

٢.٢. هێزی ڕاستەقینەی دەوڵەت لە توانای هاوسەنگکردنی چوار ئەرکی بوونناسانەی دانەبڕاودا خۆی دەبینێتەوە:

ئا. فەرمانی مانەوەی نەتەوەیی:

مانەوەی وڵات و نەتەوە لە سەرووی هەموو قانوون و بەرژەوەندییەکی ترەوەیە

پاراستنی ڕەهای گەوهەری فیزیکی (یەکپارچەیی وڵات و ژیانی شارۆمەندییان)

پاراستنی گەوهەری گیانەکی و واتایی (شوناس، زمان و یادەوەریی مێژوویی) نەتەوە

بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی

ب. بنیاتنانی سەربەخۆیی ستراتیژی و توانای نەتەوەیی:

بنیاتنانی ئابوورییەکی فرەچەشنی بەرهەمهێنەر

گەیشتن بە باڵادەستی تەکنەلۆژی و زانستی

مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆراک و وزە

گەشەپێدانی سەرمایەی مرۆیی وەک ستراتیژیترین سامانی وڵات

پ. چەسپاندنی پەڕگاڵێکی دادپەروەر و شکۆمەندانە:

بەشدارکردنی دادپەروەرانەی کۆمەڵگا لە سامان و دەرفەتەکان

مسۆگەرکردنی شکۆ و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هەر تاکێکی شارۆمەند

بەهێزکردنی یەکڕیزیی و ویستمەندیی نەتەوەیی

ت. گەیاندنی پەیام و بەدیهێنانی کاریگەریی جیهانی:

گۆڕینی کوردستان لە ئۆبژەیەکی وارگێڕییەوە بۆ سوبێکتێکی مێژووساز

پەرەپێدانی دیپلۆماسییەکی ستراتیژیی چالاک

پەرەپێدانی هێزی نەرم لە ڕێگەی کولتوور و زانستەوە

بەشداریکردنی کاریگەر لە داڕشتنی وارگێڕیی هەرێمی و جیهانی

سێیه‌م: پێوەری باڵای دەستووریی و لێکدانەوەی قانوونیی

٣.١. "هاوسەنگیی ستراتیژی" پێوەری باڵای دەستوورییە بۆ هەڵسەنگاندنی گشت وارگێڕی، قانوون و بڕیارێکی دەوڵەت.

٣.٢. پشتگوێخستنی هەر کام لە ئەرکە بوونناسانەکان لەسەر ئەژماری ئەوانی تر، دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی ناتەواو و لەڕێ لادەر.

٣.٣. هەر قانوونێک یان بڕیارێک کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی هاوسەنگیی ستراتیژی تێکبدات، بە پێچەوانەی ئامانجی دامەزراندنی کۆمار دادەنرێت.

٣.٤. دادگای باڵا دەسەڵاتی هەیە هەر قانوون یان بڕیارێک کە هاوسەنگیی ستراتیژی تێکبدات لە بنەڕەتەوە پوچەڵ بکات.

چواره‌م: هاووڵاتی وەک لوتکەی ئامانج و بنچینەی هێز

٤.١. دەوڵەت لە پێناو وڵات و هاووڵاتیدا دادەمەزرێت و بە هاووڵاتیش بەهێز دەبێت.

٤.٢. ئەرکەکانی دەوڵەت پرۆسەی وەبەرهێنانن لە بنیاتنانی "هاووڵاتیی سەربەست"ـدا:

ئا. تاکێک کە خاوەنی شکۆ، ئازادی و خۆشبژێوییە

ب. بەشدارێکی چالاک و بەرپرسیار لە بەهێزکردنی توانای نەتەوەیی

پ. پارێزەری گەوهەری نەتەوەییە و بەرپرس و بەرپرسیارە لە بەرامبەر وڵات و نەتەوە

٤.٣. بەدیهێنانی هاوکێشەی هاووڵاتیی سەربەست و بەشدار، لوتکەی دەسەڵاتداریی ژیرانەیە.

پێنجه‌م: هاوبەرپەرچیی ئازادیی تاک و پێویستیی کۆمەڵ

٥.١. پەیوەندیی نێوان ئازادیی تاک و مانەوەی نەتەوە، پەیوەندییەکی دیالێکتیکییە:

ئا. ئازادیی ڕاستەقینەی تاک تەنیا لە سایەی دەوڵەتێکی بەهێز و نەتەوەیەکی سەروەردا مسۆگەر دەبێت

ب. دەوڵەت ئەو چوارچێوەیەیە کە ئازادی تێیدا دەتوانێت بە قانوون پێناسە بکرێت

پ. بوونی ئازادی بە قانوون و دەوڵەت دەپارێزرێت

٥.٢. لە کاتی هەر پێکدادانێکی یەکلاکەرەوەدا لەنێوان بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی و هەڕەشەیەکی بوونایەتی بۆ سەر نەتەوە:

ئا. بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، کە بریتییە لە مانەوەی کوردستان، هەمیشە لەپێشترە

ب. پاراستنی دەوڵەتی سەربەخۆ تاکە ئامرازی بەدیهنان و پاراستنی ئازادییە

٥.٣. قانوون سنووری ئەم یەکەمایەتییە بەم شێوەیە دیاری دەکات:

ئا. لە دۆخە ئاساییەکاندا مافەکانی تاک پارێزراو بن

ب. لە دۆخە چارەنووسسازەکاندا، مانەوەی ئەو چوارچێوەیەی کە ئازادی تێیدا بەدی دێت، مسۆگەر بکرێت