ئابووریی دیجیتاڵی و سەربەخۆیی تەکنەلۆژی
دەوڵەت دان بەوەدا دەنێت کە وارگەی دیجیتاڵی و توانای تەکنەلۆژی، گۆڕەپانی سەرەکیی کێبڕکێ و هێزی جیهانین. گەشەپێدانی ئەم کەرتە جیا لە ئامانجێکی ئابووری هەروەها کۆڵەکەیەکی ژینەکیی ئاسایشی نەتەوەیی و بنەمای "سەربەخۆیی تەکنەلۆژیی" کوردستانە، کە بریتییە لە توانای…
دەوڵەت دان بەوەدا دەنێت کە وارگەی دیجیتاڵی و توانای تەکنەلۆژی، گۆڕەپانی سەرەکیی کێبڕکێ و هێزی جیهانین. گەشەپێدانی ئەم کەرتە جیا لە ئامانجێکی ئابووری هەروەها کۆڵەکەیەکی ژینەکیی ئاسایشی نەتەوەیی و بنەمای "سەربەخۆیی تەکنەلۆژیی" کوردستانە، کە بریتییە لە توانای نەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چارەنووسی دیجیتاڵیی خۆی.
یەکەم: بنەمای ستراتیژی و سەربەخۆیی دیجیتاڵی
١.١. وارگەی دیجیتاڵی وەک درێژکراوەیەکی دانەبڕاوی سەروەریی نەتەوەیی و ڕەهەندێکی نوێی دەسەڵات دەناسێنرێت.
١.٢. دەوڵەت پابەندە بە داڕشتن و ڕاییکردنی ستراتیژییەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ گواستنەوەی کۆمار لە قۆناغی بەکارهێنەری تەکنەلۆژیاوە بۆ قۆناغی بەرهەمهێنەر و داهێنەری خاوەن شکۆ و ویستمەندیی.
دووەم: ژێرخانی دیجیتاڵیی نیشتمانیی پارێزراو
٢.١. دەوڵەت پابەندە بە بنیاتنانی ژێرخانێکی دیجیتاڵیی نیشتمانیی پێشکەوتوو و پارێزراو، کە ئەم کۆڵەکانە لەخۆدەگرێت:
ئا. مافی دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت: دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا، سەقامگیر و سەرتاسەری وەک مافێکی بنەڕەتی بۆ گشت شارۆمەندان و دامەزراوەکان.
ب. هەوری نیشتمانیی سەربەخۆ: دامەزراندنی ناوەندی داتای نیشتمانیی پێشکەوتوو کە بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتدارێتی و قانوونەکانی کۆماری کوردستاندایە، بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە سامانە داتاییەکانی نەتەوە ناکەونە ژێر هەژموونی قانوونیی هیچ هێزێکی بیانییەوە.
پ. ئاسایشی ئەلیکترۆنیی گشتگیر: بنیاتنانی پەرگاڵێکی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی تۆکمە بۆ پاراستنی ژێرخانە ژینەکییەکان لەبەرامبەر هەر هەڕەشە و هێرشێکی ئەلیکترۆنیدا.
سێیەم: وارگێڕیی ستراتیژی بۆ گەشەپێدانی تەکنەلۆژیا
٣.١. دەوڵەت، لە ڕێگەی سندوقی وەبەرهێنانی ستراتیژی و ئاسانکاریی قانوونییەوە، وارگێڕییەکی ئاڕاستەکراو بۆ پشتیوانی لە گەشەپێدانی خۆماڵیی تەکنەلۆژیا ستراتیژییەکان دادەڕێژێت.
٣.٢. یەکەمایەتی دەدرێت بەم بوارانەی خوارەوە:
ئا. ژیریی دەستکرد و شیکاریی داتا: وەک بزوێنەری سەرەکیی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی.
ب. تەکنەلۆژیای بلۆکچەین: بۆ مسۆگەرکردنی ڕوونایەتی و ئاسایش لە هەڵسوکەوتکاندا.
پ. تەکنەلۆژیای دارایی (FinTech): بۆ مۆدێرنیزەکردنی کەرتی دارایی و بەهێزکردنی پێگەی کوردستان.
چوارەم: بنیاتنانی سەرمایەی مرۆیی تەکنەلۆژی
٤.١. بە داننان بەوەی کە سەرمایەی مرۆیی بناغەی باڵادەستیی تەکنەلۆژییە، دەوڵەت پابەندە بە:
ئا. چەسپاندنی خوێندنی تەکنەلۆژیای زانیاری و بیرکردنەوەی ژمێریاری وەک بەشێکی بنەڕەتی لە پرۆگرامی خوێندنی هەموو قۆناغەکاندا.
ب. دامەزراندنی پرۆگرامی تایبەتمەند بۆ پێگەیاندنی پسپۆڕانی بواری تەکنەلۆژیای باڵا و دروستکردنی ئیکۆسیستەمێکی بەهرە بۆ هاندانی گەڕانەوە و بەکارخستنی پسپۆڕە کوردەکانی دەرەوەی وڵات.
پێنجەم: پەرگاڵی قانوونیی و ڕەوشتیی سەردەمی دیجیتاڵی
٥.١. دەوڵەت بە داڕشتنی چوارچێوەیەکی قانوونیی و ڕەوشتیی مۆدێرن بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا پابەندە.
٥.٢. ئەم چوارچێوەیە دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان هاندانی داهێنان و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندان، وەک مافی تایبەتمەندی، ئازادیی بیروڕا، و مافی لەبیرچوونەوە، ڕابگرێت.
٥.٣. قانوون دەبێت بە ڕوونی مافی شارۆمەند بۆ کۆنترۆڵکردنی چارەنووسی دیجیتاڵیی خۆی مسۆگەر بکات.
