دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 82

بنەماکانی ئابووریی نیشتمانی

ئەم بەندە چوارچێوە و بنەما بنەڕەتییەکانی پەرگاڵی ئابووریی کۆماری کوردستان دیاری دەکات، کە لەسەر بنەمای هاوسەنگیی نێوان ئازادیی بازاڕ و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی دامەزراوە. ئەم هاوسەنگییە نێوان ئەو دوو بەشە دەبێ لە هەر چەشنە هەڕەشەیەک بۆ سەر مڵکایەتی تایبەت…

بەندی 82 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

ئەم بەندە چوارچێوە و بنەما بنەڕەتییەکانی پەرگاڵی ئابووریی کۆماری کوردستان دیاری دەکات، کە لەسەر بنەمای هاوسەنگیی نێوان ئازادیی بازاڕ و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی دامەزراوە. ئەم هاوسەنگییە نێوان ئەو دوو بەشە دەبێ لە هەر چەشنە هەڕەشەیەک بۆ سەر مڵکایەتی تایبەت، بازاڕی ئازاد و بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی پێشەسازی ئازاد دوور بێت.

یەکەم: بنەما و ئامانجی باڵا

١.١. ئابووریی کوردستان ئامرازێکی ژینەکییە لە ڕاژەی بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی نەتەوەدا، کە بریتین لە بەهێزکردنی سەروەریی، تۆکمەکردنی ئاسایشی نەتەوەیی، و مسۆگەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گشت شارۆمەندان.

١.٢. ئابووریی بەهێز و خۆڕاگر، بناغەی هێزی دەوڵەت و سەربەخۆیی بڕیاری وارگێڕییە.

دووەم: پێناسەی پەرگاڵی ئابووری

٢.١. پەرگاڵی ئابووریی دەوڵەت، "بازاڕی ئازادی سیستەماتیک"ـە.

٢.٢. ئەم پەرگاڵە دان بە بنەماکانی داهێنان، کێبڕکێی تەندروست و ڕۆڵی ژینەکیی کەرتی تایبەتدا دەنێت وەک بزوێنەری سەرەکیی گەشەی ئابووری.

٢.٣. ئازادیی بازاڕ لە چوارچێوەی پەرگاڵێکی قانوونیی و دامەزراوەیی تۆکمەدا کار دەکات کە لەلایەن دەوڵەتەوە دادەمەزرێت و ئامانجی مسۆگەرکردنی ئەوەیە کە هێزی بازاڕ لە ڕاژەی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و گەشەی ڕاوەستاودا بێت.

سێیەم: هاوسەنگیی نێوان ئازادی و بەرپرسیارێتی

٣.١. دەوڵەت پارێزەری مافی مڵکایەتی تایبەت و ئابووریی ئازاد، بەڵام ئەم ئازادییە بەندە بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەوە.

٣.٢. هیچ تاک و کۆمپانیایەک مافی نییە لەژێر ناوی ئازادیی بازاڕدا، زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی، ژینگەی کوردستان، تەندروستیی گشتی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی یان دادپەروەریی دەستووری بگەیەنێت.

چوارەم: ڕۆڵ و ئامرازەکانی دەوڵەت

٤.١. دەوڵەت بۆ پاراستنی پەرگاڵەکە و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە باڵاکان، ئەم ئامرازانە بەکاردەهێنێت:

ئا. داڕشتنی نەخشەی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ هاندان و پاڵپشتیی کەرتە ئابوورییە پێشەنگەکان.

ب. دانانی ڕێسای پێویست بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری، کێبڕکێی ناتەندروست و پاراستنی مافی بەکارهێنەران.

پ. چاودێریکردنی سەقامگیریی دارایی و بەڕێوەبردنی وارگێڕیی نەختینەیی لە ڕێگەی بانکی ناوەندیی سەربەخۆوە.

ت. پشتیوانیکردنی ئەو پیشەسازییە ستراتیژییانەی کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەریی تەکنەلۆژییەوە هەیە.

پێنجەم: کێبڕکێی جیهانی و خۆپارێزیی ئابووری

٥.١. ئابووریی نیشتمانی دەبێت ببێتە هێزێکی کارا لەسەر گۆڕەپانی جیهانی. دەوڵەت هانی کۆمپانیا نیشتمانییەکان دەدات بۆ ئەوەی ببنە پاڵەوانی جیهانی و توانای کێبڕکێیان لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بەهێز بکات.

٥.٢. هاوکات، دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی ئابووریی نیشتمانی لەبەرامبەر هەر جۆرە فشار یان شەڕێکی ئابووریی دەرەکی.

٥.٣. قانوون ڕێکاری توند دادەنێت بۆ ڕێگریکردن لە دەستبەسەراگرتنی کەرتە ستراتیژییەکانی وڵات لەلایەن هێزی بیانییەوە کە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی بگەیەنێت.