دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 83

سەرمایەداریی نیشتمانی و ئەرکی ئاوەدانکردنەوەی ستراتیژی

کۆماری کوردستان، لەسەر بنەمای داننان بەوەی کە سەرمایەداریی نیشتمانیی بەرهەمهێنەر، لەسەر بنەمای بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی پیشەسازیی ئازاد، بازاڕی ئازاد، مڵکایەتی تایبەت، بزوێنەری بنەڕەتیی گۆڕینی توانستە شاراوەکانی کوردستانە بۆ هێزی ئابووری و ژیاریی، ئەم بەندە…

بەندی 83 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

کۆماری کوردستان، لەسەر بنەمای داننان بەوەی کە سەرمایەداریی نیشتمانیی بەرهەمهێنەر، لەسەر بنەمای بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی پیشەسازیی ئازاد، بازاڕی ئازاد، مڵکایەتی تایبەت، بزوێنەری بنەڕەتیی گۆڕینی توانستە شاراوەکانی کوردستانە بۆ هێزی ئابووری و ژیاریی، ئەم بەندە وەک چوارچێوەی قانوونیی و ستراتیژی بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و سەرمایە دادەمەزرێنێت. فەلسەفەی دەستووریی ئەم بەندە لەسەر ئەو ڕاستەواییە ڕادەوەستێت کە گەشەی خودی و تینوێتیی سەرمایە بۆ قازانج و مانەوە، ئامرازی سەرەکیی مۆدێرنیزەکردنی وڵات و بەهێزکردنی کۆڵەکەکانی دەوڵەتە؛ تێیدا ئاسوودەیی چینی ناوەند و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی، نەک وەک ئامانجێکی خێرخوازیی، بەڵکوو وەک دەرهاویشتەیەکی لۆژیکی و مسۆگەریی بازاڕێکی بەرهەمهێنەری گەورە دێتە کایەوە.

یەکەم: پاراستنی مڵکایەتی و سەقامگیریی "نەزمی خۆڕسک"

١.١. دەوڵەت دان بەوەدا دەنێت کە مڵکایەتیی تایبەتی بەرهەمهێنەر، بنەمای هەر داهێنان و وەبەرهێنانێکی درێژخایەنە. لەم سۆنگەیەوە، پیرۆزیی مڵکایەتی و پاراستنی دەستووریی سەرمایە و گرێبەستەکان، ئەرکێکی بێپسانەوەی دەسەڵاتی دادوەری و ڕایەدارە.

١.٢. هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەت بۆی نییە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە یان لەژێر فشاری وارگێڕییدا، دەستکاریی نەزمی سروشتیی بازاڕ بکات یان دەست بەسەر دارایی و پڕۆژەکانی کەرتی تایبەتدا بگرێت؛ هەر جۆرە دەستوەردانێک لە پێکهاتەی سەرمایەدا، تەنیا لە باریی هەڕەشەی بوونایەتی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و بە بڕیارێکی تایبەتی دادگای باڵا دەبێت، کە دەبێت بۆبژاردنی دەستبەجێ و تەواوی لەگەڵدا بێت.

١.٣. دەوڵەت ژینگەی "کێبڕکێی ئازاد و بێگەرد" دەپارێزێت؛ ئەم پاراستنە بۆ ئەوەیە کە سەرمایەدار ناچار بێت بۆ پاراستنی پێگەی خۆی و زیادکردنی قازانجەکەی، بێوچان پەنا بۆ داهێنان، بەرزکردنەوەی کارایی و کەمکردنەوەی تێچوو ببات، کە ئەمەش لە گەوهەردا ڕاژەی پێشکەوتنی شارستانیی کوردستان دەکات.

١.٤. ڕایەداریی دەوڵەت پابەندە بە چەسپاندنی جێگیریی قانوونیی؛ گۆڕانکاری لە قانوون ئابووری و داراییەکاندا نابێت بە شێوازێک بێت کە متمانەی وەبەرهێنەر لەق بکات یان توانای پێشبینیکردنی پاشەڕۆژی ئابووری لێ زەوت بکات.

دووەم: خولی سەرمایەی نیشتمانی و ڕێگری لە خوێنبەربوونی دارایی

٢.١. سەرمایەی کوردستان داراییەکی ستراتیژیی نەتەوەییە؛ ئاوەدانکردنەوەی وڵات ئەرکی بنەڕەتیی ئەم سەرمایەیەیە. دەوڵەت، لە کاتێکدا ڕێز لە ئازادیی جووڵەی دارایی دەگرێت، وارگێڕییەکی دارایی توند پەیڕەو دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بردنەدەری بێپاساوی سەرمایە کە ببێتە هۆی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتانی تر لەسەر تێچووی کوردستان.

٢.٢. " پەیمانی نەتەوەیی سەرمایە": پشتیوانی و پاراستنی دەوڵەت بۆ سەرمایەداران، مەرجدار دەکرێت بەوەی کە ڕێژەیەکی جێگیر و باڵای سەرمایە و قازانجە بەدەستهاتووەکان، هەمیشە لە ناوخۆی کوردستاندا بگەڕێن و دووبارە وەبەرهێنانیان پێ بکرێتەوە.

٢.٣. قانوون میکانیزمی "هاندانی گەڕانەوەی سامان" دادەڕێژێت؛ ئەو وەبەرهێنەرانەی قازانجە دەرەکییەکانیان دەگەڕێننەوە ناو بازاڕی ناوخۆ، لەمانە سوودمەند دەبن:

ئا. لێخۆشبوونی تەواوی باج لەسەر ئەو سەرمایەیەی دەگەڕێنرێتەوە.

ب. پێدانی پلەی "نیشتمانسازی ئابووری" کە سەربەشیی تایبەت لە گرێبەستە گەورەکاندا دەبەخشێت.

پ. دابینکردنی گەرەنتیی دەوڵەتی بۆ پڕۆژە نوێیەکانیان.

٢.٤. بردنەدەری سیستماتیکی سەرمایەی گەورە بەرەو ئەو دەوڵەتانەی کە بەرژەوەندییان لەگەڵ سەروەریی کوردستاندا دژبەیەکە، یان لە کاتی قەیرانە نیشتمانییەکاندا، بە کردەوەی تێکدانی ئاسایشی ئابووری هەژمار دەکرێت. دەوڵەت دەسەڵاتی دەستووریی هەیە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری ڕێگریکەر لە ڕێگەی ئامرازە بانکی و گومرگییەکانەوە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی سامانی نەتەوەیی.

سێیەم: داهێنانی تەکنەلۆژی و زانستی وەک پێداویستیی سەرمایە

٣.١. دەوڵەت دان بەوەدا دەنێت کە سەرمایەداریی نیشتمانی بۆ بەدیهێنانی گەشەی خۆی، "ناچارە" وەبەرهێنان لە زانستی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیادا بکات. ئەرکی دەوڵەت لێرەدا ئاسانکارییە بۆ ئەم ناچارییە لۆژیکییە لە ڕێگەی:

ئا. ڕێگەدان بە کەرتی تایبەت بۆ دامەزراندنی ناوەندی توێژینەوە و پەرەپێدانی هاوبەش لەگەڵ زانکۆکان.

ب. بەخشینی ئەو بەشەی سەرمایە کە بۆ پڕۆژە زانستی و تەکنەلۆژییەکان خەرج دەکرێت لە باجی ساڵانە.

پ. پاراستنی توندی مافی هزری و پاتێنتەکان بۆ دڵنیابوونی سەرمایەدار لەوەی بەرهەمی داهێنانەکەی ناخورێت.

٣.٢. سەرمایەداریی نیشتمانی وەک بزوێنەری گواستنەوەی تەکنەلۆژیا لە جیهانەوە بۆ ناو کوردستان سەیر دەکرێت. دەوڵەت هانی ئەو جۆرە وەبەرهێنانە دەدات کە نەک تەنیا کاڵا، بەڵکوو "ئاوەزی بەرهەمهێنان" و "تەکنەلۆژیای باڵا" بۆ ناو سنوورەکان دەگوازێتەوە.

چوارەم: مۆدێرنیزەکردنی ژێرخانی ستراتیژی و خێرایی سەرمایە

٤.١. خێرایی جووڵەی سەرمایە، مەرجی سەرەکیی گەورەبوونی ئابوورییە. لەم سۆنگەیەوە، مۆدێرنیزەکردنی ژێرخانەکانی ترانسپۆرت، گەیاندن، لۆجستیک و ئینتەرنێتی خێرا، نەک تەنیا ڕاژەدارییەکی گشتی، بەڵکوو پێداویستییەکی ژینەکیی سەرمایەدارییە.

٤.٢. دەوڵەت ئەرکدارە بە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرمایەی نیشتمانی تاوەکوو لە بنیاتنان و بەڕێوەبردنی ئەم ژێرخانە ستراتیژییانەدا بەشدار بێت، بە مەرجێک خاوەندارێتیی کۆتایی و چاودێریی دەستووریی لە دەستی دەوڵەتدا بمێنێتەوە.

٤.٣. هەر پڕۆژەیەکی ژێرخانیی کە تێچووی جووڵەی کاڵا و زانیاری کەم بکاتەوە، وەک "پڕۆژەی ئاسایشی نەتەوەیی" هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت و یەکەمایەتیی جێبەجێکردنی پێ دەدرێت.

پێنجەم: چینی ناوەند وەک دەرەنجامی سروشتیی کارایی بازاڕ

٥.١. دەوڵەت جەخت دەکاتەوە کە بەهێزبوونی چینی ناوەند، نەک لە ڕێگەی دابەشکردنی خێرخوازیی سامان، بەڵکوو تەنیا لە ڕێگەی بازاڕێکی سەرمایەداریی بەرهەمهێنەر و کێبڕکێکارەوە مسۆگەر دەبێت.

٥.٢. کاتێک سەرمایەداریی نیشتمانی بازاڕ گەورە دەکات، بۆ پاراستنی کارایی و قازانجی خۆی، "ناچارە" ئەم دۆخانە بخوڵقێنێت کە ڕاستەوخۆ خزمەت بە چینی ناوەند دەکەن:

ئا. پێداویستی بۆ هێزی کاری پسپۆڕ و لێهاتوو، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خۆگەڕی ئاستی مووچە و داهات.

ب. پێداویستی بۆ کڕیاری خاوەن توانای دارایی، کە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرمایەدار بەرژەوەندیی خۆی لە دابینکردنی خۆشبژێویی گشتیدا ببینێتەوە.

پ. کێبڕکێ لەسەر چلۆنایەتی و نرخ، کە دەبێتە هۆی ئەوەی شارۆمەندان دەستیان بە باشترین کاڵا و ڕاژەداری بە کەمترین تێچوو بگات.

٥.٣. دەوڵەت هانی مۆدێلی "هاوپشکبوونی کارکەران لە قازانجدا" دەدات؛ ئەمە نەک وەک سۆسیالیزم، بەڵکوو وەک ئامرازێکی "سەرمایەداریی ژیر" بۆ بەرزکردنەوەی دڵسۆزیی پیشەیی و تێوەگلانی چینی ناوەند لە سەرکەوتنی پڕۆژە نیشتمانییەکاندا.

شەشەم: سەربەخۆیی دارایی و بەرگریی لە بازاڕی ناوخۆیی

٦.١. بنیاتنانی پەرگاڵێکی دارایی و بانکیی نیشتمانیی زەبەلاح، کە توانای دابینکردنی سووتەمەنی دارایی بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکان هەبێت، ئەرکێکی باڵای دەستوورییە. دەوڵەت ڕێگری دەکات لەوەی جومگە داراییەکانی وڵات بکەونە ژێر هەژموونی بانکە بیانییەکان بە شێوەیەک کە جووڵەی سەرمایەی نیشتمانی پەک بخەن.

٦.٢. دەوڵەت ئەرکدارە بە پاراستنی سەرمایەداریی نیشتمانی لەبەرامبەر هەر جۆرە کێبڕکێیەکی نادادپەروەرانەی دەرەکی، بەتایبەتی دیاردەی "Dumping" (فرۆشتنی کاڵا بە کەمتر لە تێچوو) کە لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە بە مەبەستی ڕووخاندنی پیشەسازیی ناوخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

٦.٣. پێدانی هەر جۆرە سەربەشییەک بە وەبەرهێنەری بیانی لەناو خاکی کوردستاندا، نابێت بە زیانی سەرمایەداریی نیشتمانی بشکێتەوە؛ "بەرژەوەندیی ناوخۆیی" هەمیشە پێوەر و مەرجی سەرەکیی گشت ڕێککەوتنە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانە.

حەوتەم: کارایی کارگێڕی و نەهێشتنی تەوەزەلی

٧.١. دەوڵەت پابەندە بە ڕیشەکێشکردنی "ئابووریی ڕانتی" (پشت بەستن بە داهاتی خاو) و گۆڕینی بۆ ئابوورییەکی "بەرهەمهێنەر". لەم مۆدێلەدا، ڕایەداریی دەوڵەت تەنیا لە ڕێگەی دابینکردنی ژینگەی کار بۆ سەرمایەداری نیشتمانی واتا وەردەگرێت.

٧.٢. تەوەزەلیی ئابووری و مووچەخۆریی بێ بەرهەم، وەک هەڕەشە بۆ سەر ورەی نیشتمانی و کارایی دەوڵەت دەبینرێن؛ دەوڵەت بە شێوەیەکی ستراتیژیی قورسایی ئابووری لەسەر شانی کەرتی گشتییەوە دەگوازێتەوە بۆ سەر شانی کەرتی تایبەتی بەرهەمهێنەر، تاوەکوو هێزی مرۆیی نەتەوە لە "وەرگری پاسیڤ"ـەوە بگۆڕێت بۆ "داهێنەری چالاک".

٧.٣. هەر جۆرە قۆرخکارییەکە کە نەک لە ڕێگەی کارایی، بەڵکوو لە ڕێگەی دەسەڵاتی وارگێڕییەوە دروست بێت، بە تاوان دژی ئابووریی نیشتمانی هەژمار دەکرێت؛ چونکە قۆرخکاری بکوژی داهێنان و دوژمنی سەرەکیی گەشەی چینی ناوەندە.