دیپلۆماسیی ئابووری و سامانە نەتەوەییەکان
کۆماری کوردستان، سوورە لەسەر ئەوەی کە سامانە سروشتییەکان مڵکی ڕەهای نەتەوەن و پێسپاردەیەکن لە دەستی نەوەی ئێستادا بۆ نەوەکانی داهاتوو. لەم سۆنگەیەوە، وارگێڕیی ئابووری و وزەی دەرەکیی وڵات لەسەر بنەمای سەروەریی تەواو، خۆڕاگریی ستراتیژی و دادپەروەریی نێوان نەو…
کۆماری کوردستان، سوورە لەسەر ئەوەی کە سامانە سروشتییەکان مڵکی ڕەهای نەتەوەن و پێسپاردەیەکن لە دەستی نەوەی ئێستادا بۆ نەوەکانی داهاتوو. لەم سۆنگەیەوە، وارگێڕیی ئابووری و وزەی دەرەکیی وڵات لەسەر بنەمای سەروەریی تەواو، خۆڕاگریی ستراتیژی و دادپەروەریی نێوان نەوەکان دادەڕێژرێت. ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە گۆڕینی ئەم سامانە کاتییە بۆ هێزێکی وارگێڕی و ئابووریی درێژەدار کە ڕاژەی ئاسایشی نەتەوەیی و خۆشبژێویی گشتی بکات.
یەکەم: بنەمای بنەڕەتی: ئابووری وەک درێژکراوەی وارگێڕیی دەرەوە
١.١. کۆماری کوردستان، لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی ستراتیژی، ئابووری و وارگێڕیی دەرەوە بە دوو ڕەهەندی دانەبڕاوی یەک هێزی نەتەوەیی دادەنێت.
١.٢. لەم سۆنگەیەوە، دیپلۆماسیی ئابووریی وڵات، وەک ئامرازێکی بنچینەیی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت، و مسۆگەرکردنی گەشەیەکی ئابووریی بەرهەمهێنەری فرەبناغە پەیڕەو دەکرێت.
١.٣. هەر ڕێککەوتنێکی ئابووریی نێودەوڵەتی، نەک تەنیا لەسەر بنەمای سوودی بازرگانی، بەڵکو لەسەر بنەمای بەشداریی لە بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیریی درێژخایەندا هەڵدەسەنگێنرێت.
دووەم: وزە وەک ئامرازی هێزی نەتەوەیی و جێگیریی جیهانی
٢.١. دەوڵەت سەرچاوە وزە ستراتیژییەکانی وەک ئامرازێکی سەرەکیی وارگێڕیی دەرەوە بەکاردەهێنێت بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانیی ستراتیژی، مسۆگەرکردنی پشتیوانیی وارگێڕی و سەپاندنی کاریگەریی ئەرێنیی کۆمار لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی.
٢.٢. وارگێڕیی وزەی دەوڵەت لەسەر بنەمای بەشداریکردن لە "ئاسایشی وزەی جیهانی" دادەڕێژرێت. کوردستان کار بۆ ئەوە دەکات کە ببێتە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان و بەمەش بەشداری لە جێگیریی ئابووریی جیهانیدا دەکات.
سێیەم: سەروەریی ڕەهای نەتەوەیی لەسەر سامانە سروشتییەکان
٣.١. سەرجەم سامانە سروشتییەکانی ژێرخاک و سەرخاکی کوردستان، مڵکی ڕەها، دانەبڕاو و دەستلێهەڵنەگیراوی نەتەوەی کوردن و سەروەرییەکەشیان لە ڕێگەی دەوڵەتەوە ڕایی دەکرێت.
٣.٢. ئەم سەروەرییە نە دەفرۆشرێت، نە دەبەخشرێت و نە دەکەوێتە ژێر هیچ جۆرە دانوستانێکەوە کە کەم بکرێتەوە.
٣.٣. هەر گرێبەست و ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لە بواری وزە و سامانە سروشتییەکاندا، دەبێت:
ئا. بە شێوەیەکی ڕوون و بێگومان دان بەم سەروەرییە ڕەهایەدا بنێت.
ب. مافی "خاوەندارێتی" نەداتە لایەنی بیانی، بەڵکو تەنیا مافی "وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان" لە چوارچێوەی قانوونەکانی کۆماردا ببەخشێت.
پ. پێش واژۆکردنی کۆتایی، لەلایەن "کۆڕی باڵای وزەی نیشتمانی"ـیەوە پەسەند بکرێت و بخرێتە بەردەم لیژنەی تایبەتمەندی مەکۆی نیشتمانی بۆ چاودێری.
چوارەم: خۆڕاگریی ئابووری و ئاسایشی وزەی ناوخۆیی
٤.١. دەوڵەت "ستراتیژی نیشتمانیی خۆڕاگریی ئابووری" دادەڕێژێت، کە بریتییە لە:
ئا. فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نەتەوەیی.
ب. بنیاتنانی یەدەگی ستراتیژیی وزە و خۆراک.
پ. پەرەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی.
ت. کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردنی کاڵا ستراتیژییەکان.
٤.٢. ئاسایشی وزەی ناوخۆیی هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی دەوڵەتە و دڵنیایی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی وزەی شارۆمەندان و پیشەسازیی ناوخۆیی بە نرخی گونجاو دەدات.
پێنجەم: دامەزراوەی نیشتمانیی نەوت و گاز
٥.١. بەپێی قانوونی تایبەت، "دامەزراوەی نیشتمانیی نەوت و گازی کوردستان" دادەمەزرێت. ئەم دامەزراوەیە وەک یەکەیەکی بازرگانیی دەوڵەت، بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز، لەژێر چاودێریی وارگێڕیی "کۆڕی باڵای وزە"ـدا.
٥.٢. ئەم دامەزراوەیە لەسەر بنەمای کارامەیی و پیشەگەری کار دەکات و دوور دەبێت لە دەستێوەردانی پارتایەتی.
شەشەم: سندوقی نەوەکان
٦.١. بەشێکی دیاریکراو لە داهاتی نەوت و گاز، کە بە قانوون ڕێکدەخرێت، دەخرێتە سەر "سندوقی نەوەکان" بە مەبەستی مسۆگەرکردنی دادپەروەریی نێوان نەوەکان و گۆڕینی سامانی سروشتیی کاتی بۆ سامانی خاوەن درێژەدارییەتی.
٦.٢. ئەم سندوقە بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن لە بواری ژێرخانی ستراتیژی، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و پەروەردەی باڵادا بەکاردەهێنرێت.
٦.٣. بەڕێوەبردنی ئەم سندوقە لەلایەن دەستەیەکی سەربەخۆی پسپۆڕانەوە دەبێت و لەژێر چاودێریی توندی مەکۆی نیشتمانی و دامەزراوەی باڵای چاودێریی داراییدا دەبێت.
حەوتەم: دیپلۆماسیی ژێرخانی ستراتیژی
٧.١. دەوڵەت، وارگێڕیی بنیاتنانی "کۆریدۆری وزە و بازرگانی" پەیڕەو دەکات کە کوردستان دەکاتە ناوەندێکی گرنگی وزە و بازرگانی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.
٧.٢. ئەم ژێرخانانە ئامرازی ستراتیژین بۆ بەستنەوەی چارەنووسی ئابووریی وڵاتانی هاوپەیمان بە چارەنووسی ئابووریی کوردستان، بەمەش ئاسایشی نەتەوەیی بەهێزتر دەبێت.
هەشتەم: پابەندبوونی مەرجدار و چوارچێوەی قانوونیی
٨.١. هەموو گرێبەستە نێودەوڵەتییەکانی بواری وزە دەبێت پابەند بن بە بەرزترین ستانداردە جیهانییەکانی پاراستنی ژینگە.
٨.٢. کۆماری کوردستان دان بە "ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی"ـدا دەنێت، بەو مەرجە ڕەهایەی کە هەر بڕیارێکی ناوبژیوانی ڕێز لەم بنەما نەگۆڕانەی کوردستان بگرێت: بەرژەوەندییە ژینەکییەکانی دەوڵەت، ئاسایشی نەتەوەیی، و سەروەریی ئابووری.
٨.٣. قانوون ناوخۆییەکانی پەیوەست بە وزە دەبێت ڕووەن و جێگیر بن بۆ هاندانی وەبەرهێنانی درێژخایەن.
