بنەما ستراتیژی و دەستوورییەکانی وارگێڕیی دەرەوە
کۆماری کوردستان وارگێڕیی دەرەوەی خۆی لەسەر بنەمای ئەزموونی مێژوویی نەتەوەی کورد وەک قوربانییەکی سیستماتیکی نادادپەروەریی نێودەوڵەتی، و لەسەر ئەرکێکی دەستووری بۆ بەشداریی چالاکانە لە بنیاتنانی پەرگاڵێکی جیهانیی دادپەروەرانەتر دادەمەزرێنێت. ئەم بەندە ئەو چوار…
کۆماری کوردستان وارگێڕیی دەرەوەی خۆی لەسەر بنەمای ئەزموونی مێژوویی نەتەوەی کورد وەک قوربانییەکی سیستماتیکی نادادپەروەریی نێودەوڵەتی، و لەسەر ئەرکێکی دەستووری بۆ بەشداریی چالاکانە لە بنیاتنانی پەرگاڵێکی جیهانیی دادپەروەرانەتر دادەمەزرێنێت. ئەم بەندە ئەو چوارچێوە فەلسەفی و قانوونییانە دیاری دەکات کە پێگەی دەوڵەت وەک سوبێکتێکی مێژووساز لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕێک دەخات.
یەکەم: هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی دەستووری بەرامبەر پەرگاڵی جیهانی
١.١. کۆماری کوردستان دان بەو ڕاستییە دەستووری و مێژووییەدا دەنێت کە پەرگاڵی نێودەوڵەتیی هەنووکەیی، سەرەڕای بانگەشە قانوونییەکانی، هێشتا بە شێوەیەکی بەرفراوان لەژێر هەژموونی پێوەرە نایەکسانەکان و پاشماوەی ستراکچەریی (پێکهاتەیی) داگیرکاریدایە کە لە سەدەکانی ڕابردووەوە بەسەر نەتەوەکانی ناوچەکەدا سەپێنراوە.
١.٢. دەوڵەت ئەم بارودۆخە نایەکسانە بە سەرچاوەی سەرەکیی پێشێلکردنی بنەمای "یەکسانیی سەروەریی نەتەوەکان" دەناسێنێت، کە بووەتە هۆی زەوتکردنی مافی خۆبڕیاردەریی و ڕەواییدانی ناقانوونیی بەو سنوورە دەستکردانەی کە دژ بە لۆژیکی مێژوویی و جوگرافیی وارگەی نەتەوەیی کوردستان کێشراون.
١.٣. کۆماری کوردستان پابەندە بە ناساندنی ئەم نادادپەروەرییانە لە سەکۆ جیهانییەکاندا و کار دەکات بۆ گۆڕینی لۆژیکی "بەرژەوەندیی هێزە گەورەکان" بۆ لۆژیکی "باڵادەستیی دادی نێودەوڵەتی".
دووەم: ئەرکی مێژوویی و وارگێڕیی واتایی لە ئاستی جیهانی
٢.١. وارگێڕیی دەرەوەی کۆمار نەک هەر ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە شتەکییەکان، بەڵکوو فەرمانێکی دەستوورییە بۆ نواندنی هێزی واتایی نەتەوە و کارکردن وەک ئەکتەرێکی پێشەنگ لەم بوارانەدا:
ئا. داکۆکیکردنی بێ مەرج لە پرەنسیپی "یەکسانیی شارستانییەکان" و دانەدواوەی هەر جۆرە پلەبەندییەکی کولتووری یان نەژادی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
ب. بوون بە دەنگی قانوونیی و دیپلۆماسیی گشت ئەو مەردم و نەتەوە بێدەوڵەت و ستەملێکراوانەی کە لە پەرگاڵی جیهانیدا پەراوێز خراون، وەک بەشێک لە بەرپرسیارێتیی مرۆیی و ئەخلاقیی کۆمار.
پ. کارکردنی چالاکانە بۆ تێپەڕاندنی ململانێیە ئایدیۆلۆژییەکان و جێگیرکردنی زمانێکی دیپلۆماسی کە لەسەر بنەمای ئاوەزمەندی، زانست و ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆیی دامەزرابێت.
سێیەم: پەیمانی سەروەری و پابەندبوونی مەرجدار بە قانوونی نێودەوڵەتی
٣.١. کۆماری کوردستان جەخت دەکاتەوە کە لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریدا، نەتەوەی کورد هیچ پابەندییەکی قانوونیی بەرامبەر بەو پەیماننامە و ڕێککەوتنانە نەبووە کە بە بێ ڕەزامەندیی ئەو و بۆ مەبەستی دابەشکردنی وارگەی نەتەوەییەکەی واژۆ کراون، و گشت ئەو دەقانە بە پووچەڵ هەژمار دەکات.
٣.٢. وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کۆماری کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ ئەندامێتیی بەرپرسیارانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕادەگەیەنێت و پابەندی بنەما مرۆڤدۆستانەکانی قانوونی نێودەوڵەتی و چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت، بەو مەرجە ڕەهایەی کە ئەم پابەندبوونە نەکەوێتە دژایەتییەوە لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی ئەم دەستوورە و سەروەریی نەتەوەیی کوردستان.
٣.٣. دەوڵەت تەنیا ئەو بڕیار و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییانە وەک "قانوونی کارپێکراو" دەناسێنێت کە لەلایەن دەسەڵاتی قانووندانانی کوردستانەوە پەسەند کرابن؛ لە کاتی هەر پێکدادانێکدا، "دەستووری کۆمار" سەرچاوەی باڵا و یەکلاکەرەوەی کۆتایی دەبێت.
٣.٤. کۆماری کوردستان مافی دەستووریی خۆی دەپارێزێت بۆ پێداچوونەوە بە گشت ئەو بڕیارە مێژووییانەی کە زیانیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە گەیاندووە، و بەکارهێنانی ئامرازە قانوونییەکان بۆ ساغکردنەوەی مافە زەوتکراوەکانی لەسەر ئاستی جیهانی.
