دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 73

پرەنسیپە ڕێنوێنکەرەکانی وارگێڕیی دەرەوە

وارگێڕیی دەرەوەی کۆماری کوردستان لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پرەنسیپی بنەڕەتی دادەمەزرێت، کە ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان، بەهێزکردنی ئاسایشی نەتەوەیی، و بەشداریکردنی بنیاتنەرانەیە لە داڕشتنی پەرگاڵێکی جیهانیی ئارام و دادپەروەردا.

بەندی 73 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

وارگێڕیی دەرەوەی کۆماری کوردستان لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پرەنسیپی بنەڕەتی دادەمەزرێت، کە ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان، بەهێزکردنی ئاسایشی نەتەوەیی، و بەشداریکردنی بنیاتنەرانەیە لە داڕشتنی پەرگاڵێکی جیهانیی ئارام و دادپەروەردا.

یەکەم: پرەنسیپە بنەڕەتییەکان

وارگێڕیی دەرەوەی کۆمار بەم پرەنسیپانەی خوارەوە ڕێنوێنی دەکرێت:

١.١. ڕێزگرتنی دوولایەنە لە سەروەریی و یەکپارچەیی وڵات: کۆماری کوردستان پابەندە بە پرەنسیپی ڕێزگرتنی دوولایەنە لە سەروەریی، سەربەخۆیی وارگێڕی و یەکپارچەیی خاکی گشت دەوڵەتان. ئەم پابەندبوونە لەسەر بنەمای هەڵسوکەوتی هاوتا و ڕێزی بێ مەرجی ئەوان بۆ سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی کوردستان دادەمەزرێت.

١.٢. دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی: پابەندبوونی تەواو بە پرەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتانی دیکەدا، و لە هەمان کاتدا دانەدواوەی ڕەهای هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی کۆماردا.

١.٣. چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان: پەیڕەوکردنی بنەمای چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ، دانوستان و ئامرازە دیپلۆماسییەکانەوە، و خۆبەدوورگرتن لە بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشەکردن پێی، مەگەر بۆ مەبەستی بەرگریی ڕەوا و لە چوارچێوەی بنەماکانی ئەم دەستوورەدا.

١.٤. بێلایەنیی پرەنسیپدار: پەیڕەوکردنی وارگێڕیی بێلایەنی لەو ململانێ هەرێمی و جیهانییانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانەوە نییە. سەرەڕای ئەمە، کۆمار لەبەرامبەر تاوانەکانی جینۆساید، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، و زەوتکردنی مافی خۆبڕیاردەریی نەتەوەکاندا بێلایەن نامێنێتەوە و بەپێی توانا و بەرژەوەندییەکانی، پشتیوانی لە بنەماکانی دادپەروەریی نێودەوڵەتی دەکات.

١.٥. هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی: بنیاتنانی هاوپەیمانێتیی ستراتیژی تەنیا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و بەهێزکردنی ئاسایشی کۆمار. هەر جۆرە هاوپەیمانێتییەک دەبێت ڕێز لە سەروەریی تەواوی کوردستان بگرێت و نابێت ببێتە هۆی سنووردارکردنی سەربەخۆیی بڕیاری وارگێڕیی وڵات.