دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 67

پەڕگاڵی نێوخۆیی و پۆلیسی نیشتمانی

پۆلیسی نیشتمانی، هێزی ژیاریی دەوڵەتە بۆ ڕاییکردنی قانوون، پاراستنی ماف و ئازادییەکانی شارۆمەندان و چەسپاندنی پەڕگاڵی گشتی. ڕەوایەتیی دەسەڵاتی پۆلیس لە قانوونەوە هەڵدەقوڵێت و ئامانجی سەرەکیی ڕاژەی کۆمەڵگایە. ئەم دامەزراوەیە لەسەر بنەماکانی پیشەییبوون، بێلایە…

بەندی 67 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

پۆلیسی نیشتمانی، هێزی ژیاریی دەوڵەتە بۆ ڕاییکردنی قانوون، پاراستنی ماف و ئازادییەکانی شارۆمەندان و چەسپاندنی پەڕگاڵی گشتی. ڕەوایەتیی دەسەڵاتی پۆلیس لە قانوونەوە هەڵدەقوڵێت و ئامانجی سەرەکیی ڕاژەی کۆمەڵگایە. ئەم دامەزراوەیە لەسەر بنەماکانی پیشەییبوون، بێلایەنی و ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ کار دەکات.

یەکەم: پێگە، ئەرک و چوارچێوەی دەستووری

١.١. پۆلیسی نیشتمانی، تاکە هێزی ژیاریی چەکداریی کۆماری کوردستانە کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی.

١.٢. ئەرکە بنەڕەتییەکانی بریتین لە:

ئا. ڕاییکردنی قانوونەکان و بڕیارە دادوەرییەکان.

ب. پاراستنی پەڕگاڵی گشتی، ژیانی شارۆمەندان و سامانی گشتی و تایبەت.

پ. ڕێگریکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان.

ت. مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ ڕاییکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان.

دووەم: جیاکاریی بنەڕەتی لەگەڵ هێزی بەرگریی نیشتمانی

٢.١. جیاکردنەوەی ئەرکی تەناهی و ئاسایشی ناوخۆ (پۆلیس) لە ئەرکی بەرگریی دەرەکی (ئارتەش)، بنەمایەکی دەستووریی سەوداهەڵنەگرە.

٢.٢. دەستێوەردانی ئارتەش لە کاروباری ئاسایشی ناوخۆیی و ڕاییکردنی قانووندا بە توندی نەهێڵراوە، مەگەر تەنیا لەم دۆخە زۆر تایبەتانەدا:

ئا. ڕاگەیاندنی فەرمیی باری نائاسایی کە هەڕەشەی ڕووخانی پەڕگاڵی دەستووری لێبکرێت.

ب. کاتێک توانای پۆلیسی نیشتمانی بە شێوەیەکی سەلمێنراو بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەس نەبێت.

پ. تەنیا بە فەرمانێکی ڕاستەوخۆ و نووسراوی سەرکۆمار و بەپێی قانوونێکی تایبەت کە ماوە و سنووری دەستێوەردانەکە دیاری دەکات.

سێیەم: بنەماکانی لێپرسینەوە و چاودێری

٣.١. پۆلیسی نیشتمانی دەکەوێتە ژێر چاودێری و لێپرسینەوەی تۆکمەوە بۆ مسۆگەرکردنی پابەندبوونی بە قانوون و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.

٣.٢. ئەم میکانیزمانە دوو ئاست دەگرنەوە:

ئا. لێپرسینەوەی ناوخۆیی: لە ڕێگەی دەستەیەکی تایبەتمەند بە ستانداردی پیشەیی و لێپرسینەوە لەناو خودی دامەزراوەی پۆلیسدا، کە بە قانوون ڕێکدەخرێت.

ب. چاودێریی دەرەکی: لە ڕێگەی دەستەیەکی سەربەخۆی ژیاری بۆ چاودێریکردنی پۆلیس و لیژنە تایبەتمەندەکانی مەکۆی نیشتمانییەوە.

چوارەم: پرەنسیپەکانی بەکارهێنانی هێز

٤.١. بەکارهێنانی هێز لەلایەن پۆلیسەوە دەبێت بە توندی پابەندی پرەنسیپەکانی قانوونییبوون، پێویستی و هاوسەنگی بێت.

٤.٢. هێز تەنیا وەک دوا چارەسەر و کاتێک بەکاردەهێنرێت کە ڕێگەی دیکە کاریگەر نەبن، و دەبێت کەمترین ئاستی پێویست بێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی قانوونیی.

٤.٣. ئامانجی سەرەکی لە هەر بارودۆخێکدا، کەمکردنەوەی پێکدادان و پاراستنی ژیانی هەموو لایەکە.

پێنجەم: چوارچێوەی قانوونیی

٥.١. قانوونێکی تایبەت، پێکهاتە، ئەرک، دەسەڵات، ستانداردی دامەزراندن و ڕاهێنان، و میکانیزمەکانی لێپرسینەوەی پۆلیسی نیشتمانی، بەپێی بنەماکانی ئەم بەندە ڕێکدەخات.