دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 68

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی

لەسەر بنەمای ئەزموونی مێژوویی نەتەوەی کورد وەک قوربانییەکی داگیرکاری، و لە پێناو مسۆگەرکردنی ئەوەی کە سەروەریی دەوڵەت هەرگیز ناکەوێتە مەترسییەوە، "دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی" وەک کەرەسەی پێشبینی و پارێزەری ستراتیژیی کۆمار دادەمەزرێت. ئەرکی بنەڕەتیی ئەم دەزگا…

بەندی 68 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

لەسەر بنەمای ئەزموونی مێژوویی نەتەوەی کورد وەک قوربانییەکی داگیرکاری، و لە پێناو مسۆگەرکردنی ئەوەی کە سەروەریی دەوڵەت هەرگیز ناکەوێتە مەترسییەوە، "دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی" وەک کەرەسەی پێشبینی و پارێزەری ستراتیژیی کۆمار دادەمەزرێت. ئەرکی بنەڕەتیی ئەم دەزگایە بریتییە لە پاراستنی بێ ئەملاوئەولای ئەم دەستوورە، سەروەریی دەوڵەت، و ئاسایشی نەتەوەیی.

یەکەم: ئەرک و دەسەڵاتە ستراتیژییەکان

١.١. دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی ئەرکی بنەڕەتیی بریتییە لە پاراستنی دەوڵەت لەبەرامبەر هەموو هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و دەرەکیدا، کە ئەم بوارانەی خوارەوە دەگرێتەوە:

ئا. هەواڵگریی دەرەکی: کۆکردنەوە، شیکردنەوە و بەرهەمهێنانی هەواڵگری لەسەر ئاستی دەرەکی، بە مەبەستی دابینکردنی زانیاریی ورد و کاتی بۆ داڕێژەرانی وارگێڕیی دەرەوە و پلانی بەرگریی نیشتمانی.

ب. بەرەنگاربوونەوەی هەواڵگریی دوژمن: بەرەنگاربوونەوەی چالاکیی هەواڵگریی دوژمن لەناوخۆی وڵاتدا، بە مەبەستی پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ژێرخانی ستراتیژی و نهێنییە نیشتمانییەکان لە دزەکردن، سیخوڕی و تێکدانکاری.

پ. کردەی نادیار: ئەنجامدانی کردەی نادیار لە دەرەوەی سنوورەکان، تەنیا کاتێک کە هەڕەشەیەکی بوونایەتیی ڕاستەوخۆ لەسەر مانەوەی کۆمار هەبێت و ڕێگاچارەی دیپلۆماسی و سەربازیی ئاشکرا کاریگەر نەبێت. ئەم کردانە دەبێت بە فەرمانی تایبەتی سەرکۆمار و لەژێر چاودێریی توندی کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەییدا بێت.

دووەم: چوارچێوەی ستراتیژی و دۆکترینی هەواڵگری

٢.١. دەزگاکە لەسەر بنەمای "دۆکترینی بەرگریی پێشوەختە" کار دەکات؛ ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە ناسینەوە و پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکان پێش ئەوەی بگەنە ئاستی کرداری.

٢.٢. دەزگاکە هاوسەنگییەک لەنێوان هەواڵگریی مرۆیی و هەواڵگریی تەکنەلۆژیدا ڕادەگرێت، بۆ مسۆگەرکردنی دروستی و فرەڕەهەندیی زانیارییەکان.

٢.٣. بێلایەنیی وارگێڕیی ڕەها بنەمای سەرەکیی کارکردنی دەزگاکەیە. دەزگاکە ڕاژەی "دەوڵەت" وەک بوونەوەرێکی دەستووریی هەردەمیی دەکات، نەک هیچ دەسەڵات، پارت، یان کەسایەتییەکی وارگێڕیی کاتی. سوێندی وەفاداریی کارمەندانی تەنیا بۆ دەستوور و کۆمارە.

سێیەم: هاوکاریی نێودەوڵەتی و سەروەریی نەتەوەیی

٣.١. هەموو جۆرە هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەگەڵ دەزگا بیانییەکان لەسەر بنەمای "هاوپەیمانیی هەواڵگری" و بەرژەوەندیی هاوبەشە، نەک لەسەر بنەمای ژێردەستەیی.

٣.٢. دەزگاکە بە هیچ شێوەیەک ڕاژەی هەواڵگری پێشکەش بە هیچ دەوڵەتێکی تر ناکات، مەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی یەکساندا بێت.

٣.٣. دەزگاکە هاوکاریی چالاک لەگەڵ دەوڵەتە هاوپەیمانەکاندا دەکات لە دژی تیرۆریزم، دژەکوردستانیزم و هەموو جۆرە توندڕەوییەک کە ئاسایشی جیهانی دەخاتە مەترسییەوە.

چوارەم: قەڵغانی دەستووری و پاراستنی مافەکان

٤.١. چاودێریکردنی شارۆمەندانی کوردستان لەسەر بنەمای بیروڕای وارگێڕی، ئایینی، یان چالاکیی ژیاریی قانوونیی، بە شێوەیەکی ڕەها نەهێڵراوە و بە تاوانێکی قورسی دژە-دەستووری هەژمار دەکرێت.

٤.٢. دەزگاکە بە هیچ شێوەیەک نابێت ببێتە ئامرازی سەرکوتی وارگێڕیی نێوخۆیی.

٤.٣. پاراستنی نهێنیی ژیانی تایبەتی، پەیوەندییەکان و زانیارییە کەسییەکانی شارۆمەندان ئەرکێکی بنەڕەتیی دەزگاکەیە. هیچ کردەوەیەک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شارۆمەندێک ئەنجام نادرێت، مەگەر بە فەرمانی دادوەری لە لقی تایبەتمەندی دادگای باڵاوە بێت و گومانی توند و بەڵگەدار لەسەر تێوەگلانی لە تاوانەکانی تیرۆر، سیخوڕی، یان ناپاکیی نیشتمانی هەبێت.

پێنجەم: ژێردەستەیی و لێپرسینەوەی دیموکراتی

٥.١. دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرکۆماردایە.

٥.٢. دەزگاکە لە ڕووی ستراتیژی و بودجەوە لەبەرامبەر "کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی" وەڵامدەرەوەیە.

٥.٣. دەسەڵاتی قانووندانان، لە ڕێگەی "لیژنەی تایبەتمەندی کۆڕی نیشتمانی بۆ کاروباری هەواڵگری"، مافی تەواوی چاودێریکردن و لێپرسینەوەی لە کارەکانی دەزگاکە هەیە.

٥.٤. دەزگاکە ساڵانە ڕاپۆرتێکی گشتگیر پێشکەش بە سەرکۆمار و لیژنەی تایبەتمەندی مەکۆی نیشتمانی دەکات. پوختەیەکی گشتیی ڕاپۆرتەکە، کە نهێنییە ئۆپەراسیۆنییەکانی تێدا نەبێت، بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە.

شەشەم: نهێنیپارێزی و پۆلێنکردنی زانیاری

٦.١. هەموو کارمەند و کارەکانی دەزگاکە دەکەونە ژێر قانوونی توندی "پاراستنی نهێنییەکانی دەوڵەت". ئاشکراکردنی هەر زانیارییەکی پۆلێنکراو بە تاوانی ناپاکیی نیشتمانی هەژمار دەکرێت.

٦.٢. قانوون پۆلێنکردنی زانیارییەکان لەسەر ئاستی جیاوازی نهێنی دیاری دەکات و میکانیزمێک بۆ لابردنی پۆلێنی نهێنی لەسەر بەڵگەنامە مێژووییەکان دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی قانوونیی دادەنێت.

حەوتەم: دامەزراندن و پێکهاتەی کارمەندان

٧.١. دامەزراندن لەم دەزگایەدا تەنیا لەسەر بنەمای لێهاتوویی ڕەها، وەفاداریی بێمەرج بۆ دەستوور و کۆمار، و دڵسۆزیی نیشتمانی دەبێت.

٧.٢. هەموو کارمەندان دەبێت لە پشکنینی وردی ئاسایشی، پزیشکی و دەروونی دەربچن و پێش دەستبەکاربوون، سوێندی دەستووریی تایبەت بخۆن.

هەشتەم: بنەماکانی بودجە و سەرچاوە داراییەکان

٨.١. بودجەی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی وەک بەشێک لە بودجەی گشتیی دەوڵەت، لەلایەن مەکۆی نیشتمانییەوە پەسەند دەکرێت.

٨.٢. وردەکاریی بودجەکە تەنیا لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندی مەکۆی نیشتمانییەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و چاودێری دەکرێت.