ڕاژەی نیشتمانی و هێزی یەدەگ
پاراستنی دەوڵەت و مسۆگەرکردنی درێژەدارییەتیی سەروەریی نەتەوەیی، ئەرکێکی هاوبەشە کە لەسەر شانی دەوڵەت و هەر شارۆمەندێکە. لەم ڕوانگەیەوە، ڕاژەی نیشتمانی وەک ئەرکێکی پیرۆز و قۆناغێکی بنەڕەتیی بنیاتنانی شارۆمەندیی بەرپرسیار دادەنرێت، کە ئامانج لێی سەرەڕای ئاماد…
پاراستنی دەوڵەت و مسۆگەرکردنی درێژەدارییەتیی سەروەریی نەتەوەیی، ئەرکێکی هاوبەشە کە لەسەر شانی دەوڵەت و هەر شارۆمەندێکە. لەم ڕوانگەیەوە، ڕاژەی نیشتمانی وەک ئەرکێکی پیرۆز و قۆناغێکی بنەڕەتیی بنیاتنانی شارۆمەندیی بەرپرسیار دادەنرێت، کە ئامانج لێی سەرەڕای ئامادەیی سەربازی، هەروەها چەسپاندنی یەکێتیی نەتەوەیی، ورەی بەرگریی گشتی، و ئامادەکردنی نەوەکانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گشت ئاڵنگارییەک.
یەکەم: ڕاژەی نیشتمانیی ناچاری
١.١. ڕاژەکردن لە چوارچێوەی پەرگاڵی بەرگریی نیشتمانیدا، ئەرکێکی قانوونییە.
١.٢. ئەم ئەرکە هەموو شارۆمەندێکی شایستە دەگرێتەوە کە تەمەنی قانوونیی تەواو کردووە.
١.٣. ڕاییکردنی ئەم ئەرکە ژن و پیاو بە شێوەیەکی یەکسان دەگرێتەوە.
١.٤. قانوون وردەکارییەکانی ماوە، مەرجەکان و شێوازی ڕاییکردنی ڕاژەی نیشتمانی دیاری دەکات.
دووەم: ڕاژەی ژیاریی جێگرەوە
٢.١. ئەو شارۆمەندانەی کە بەهۆی ناتوانایی جەستەیی یان دەروونیی سەلمێنراوەوە توانای ئەنجامدانی ڕاژەی چەکدارییان نییە، ڕاژەی ژیاریی جێگرەوە ئەنجام دەدەن.
٢.٢. ئەم ناتواناییە تەنیا لەلایەن "لیژنەی پزیشکیی پسپۆڕی سەربازی"ـیەوە پشتڕاست دەکرێتەوە.
٢.٣. ڕاژەی ژیاری لە بوارەکانی بەرگریی شارستانی، یارمەتیی مرۆیی، ڕاژەداریی گشتیی ستراتیژی و پاراستنی ژینگەدا بەڕێوەدەچێت.
٢.٤. ئەم ڕاژەیە وەک ئەرکێکی هاوتا بە ڕاژەی سەربازی دادەنرێت و ماوە و مەرجەکانی بەپێی قانوون یەکسان دەبن.
٢.٥. هەر هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافە بە شێوەی ناقانوونیی، بە تاوان هەژمار دەکرێت و سزای توندی لەسەر دەبێت.
سێیەم: هێزی یەدەگی نیشتمانی و دۆکترینی "نەتەوەی چەکدار"
٣.١. دەوڵەت پەرگاڵێکی هێزی یەدەگی نیشتمانیی گشتگیر دادەمەزرێنێت، کە لەو شارۆمندانە پێکدێت کە ڕاژەی نیشتمانییان تەواو کردووە.
٣.٢. ئەم هێزە وەک بەرجەستەبوونی مۆدێرنی دۆکترینی "نەتەوەی چەکدار"، پردی پەیوەندیی نێوان ئارتەشی پیشەیی و کۆمەڵگا پێکدەهێنێت و بە شێوەیەکی دەوری ڕاهێنانی پێدەکرێت.
٣.٣. هێزی یەدەگی نیشتمانی وەک هێزێکی ڕێپێگریی ستراتیژی کار دەکات و ئەرکێکی دوولایەنەی هەیە:
ئا. لە کاتی جەنگدا: پشتیوانیکردنی ڕاستەوخۆی ئارتەش، پاراستنی دامەزراوە ژینەکییەکان و مسۆگەرکردنی ئاسایشی ناوخۆیی.
ب. لە کاتی ئاشتیدا: ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان، قەیرانە تەندروستییە گەورەکان و بەشداریکردن لە پڕۆژە نیشتمانییە ستراتیژییەکاندا.
چوارەم: چوارچێوەی قانوونیی
٤.١. قانوونێکی تایبەت گشت وردەکارییەکانی پەیوەست بە ڕاژەی نیشتمانی و هێزی یەدەگ ڕێکدەخات.
٤.٢. ئەم قانوونە دەبێت بە ڕوونی ئەم بوارانە دیاری بکات:
ئا. مەرج و تەمەنی شایستەبوون بۆ ڕاژە.
ب. پڕۆسەی دادپەروەرانە بۆ پۆلێنکردنی تاکەکان بۆ ڕاژەی سەربازی یان ژیاری.
پ. ماف و ئەرکەکانی شارۆمەندان لە ماوەی ڕاژەی نیشتمانیدا.
ت. پێکهاتە، ڕاهێنان و میکانیزمی بانگهێشتکردنی هێزی یەدەگی نیشتمانی.
