کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی
کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، باڵاترین دامەزراوەی دەستووریی ڕاوێژکاری و هاوئاهەنگیی ستراتیژییە لە کۆماری کوردستاندا، کە ئەرکی یەکخستنی ئامرازەکانی هێزی نەتەوەیی و داڕشتنی وارگێڕیی یەکگرتووی دەوڵەتی لە ئەستۆدایە بۆ پاراستنی بوون، سەروەریی و بەرژەوەندییە باڵاک…
کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، باڵاترین دامەزراوەی دەستووریی ڕاوێژکاری و هاوئاهەنگیی ستراتیژییە لە کۆماری کوردستاندا، کە ئەرکی یەکخستنی ئامرازەکانی هێزی نەتەوەیی و داڕشتنی وارگێڕیی یەکگرتووی دەوڵەتی لە ئەستۆدایە بۆ پاراستنی بوون، سەروەریی و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان.
یەکەم: دامەزراندن و پێگەی دەستووری
١.١. بەپێی ئەم دەستوورە، "کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی" دادەمەزرێت و ڕاستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی و سەرۆکایەتیی سەرکۆماردایە.
١.٢. ئەم کۆڕە وەک ناوەندی داڕشتنی ستراتیژیی باڵای دەوڵەت کار دەکات و بڕیار و ڕاسپاردەکانی بنەمای سەرەکیی جووڵاندنی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وڵاتن لە بواری ئاسایشی نەتەوەییدا.
دووەم: پێکهاتە
٢.١. کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتیی سەرکۆمار، لە ئەندامانی باڵای دەسەڵاتی ڕایەدار و فەرماندە باڵاکانی هێزی بەرگری و دەزگا هەواڵگرییەکان پێکدێت.
٢.٢. قانوونێکی تایبەت وردەکاریی پێکهاتە و میکانیزمی کارکردنی کۆڕەکە دیاری دەکات، بەڵام دەبێت لانیکەم ئەم ئەندامانەی خوارەوە لەخۆبگرێت:
ئا. سەرکۆمار (سەرۆکی کۆڕ).
ب. شالیاری کاروباری بەرگری.
پ. شالیاری کاروباری ناوخۆ.
ت. شالیاری کاروباری دەرەوە.
ج. شالیاری کاروباری دارایی.
چ. ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرکۆمار.
ح. فەرماندەی گشتیی ئارتەشی کوردستان.
خ. سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی.
سێیەم: ئەرک و دەسەڵاتەکان
٣.١. ئەرکی سەرەکیی کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بریتییە لە یەکخستن و ئاڕاستەکردنی گشت تواناکانی دەوڵەت، کە ئەم بوارانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
ئا. داڕشتنی ستراتیژیی نەتەوەیی: هەڵسەنگاندنی بێپسانەوەی مەترسییە ڕاستەوخۆ و هەلە ستراتیژییە پشکنراوەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانی، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە سەروەریی خاک، ئاسایشی نەتەوەیی، ژێرخانی ژینەکی، مانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، خۆشبژێویی گشتی و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی؛ هەروەها دیاریکردنی یەکینەی بەرژەوەندییە ژینەکییەکانی نیشتمان و داڕشتنی ستراتیژیی یەکگرتووی ئاسایشی نەتەوەیی بەپێی دەستوور و قانوون.
ب. بەڕێوەبردنی قەیران: لە کاتێکدا کە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ، پشتڕاستکراو و قورس بۆ سەروەریی خاک، ئاسایشی نەتەوەیی، ژیانی بەکۆمەڵی شارۆمەندان، یان بەردەوامیی دامەزراوە ژینەکییەکانی دەوڵەت دروست ببێت، کۆڕەکە وەک ناوەندی فەرماندەیی و هاوئاهەنگیی قەیران کار دەکات. ئەم دۆخانە بریتین لە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی جەنگ، هێرشی تێرۆریستییەکی قورس کە ئاسایشی گشتی یان دامەزراوە ژینەکییەکان بخاتە مەترسی، کارەساتی سروشتی یان مرۆیییەک کە ژیانی بەکۆمەڵ یان ڕاژە گشتییە بنەڕەتییەکان پەکبخات، یان هەر دۆخێکی دیکە کە بەپێی قانوون و بە پێوەری دیاریکراو وەک قەیرانی نیشتمانی دەستنیشان کرابێت. کۆڕەکە لەم بارانەدا ئەرکی هەڵسەنگاندنی دۆخ، هاوئاهەنگیکردنی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، دابینکردنی یەکپارچەیی بڕیار و پێشکەشکردنی ڕاسپاردەی کرداری و خێرا بە سەرکۆمار لە ئەستۆ دەگرێت.
پ. پۆلێنکردنی پۆست و ژینگە کارییە سەروەری و هەستیارەکان: کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، بەپێی دەستوور و قانوونی تایبەت، ڕاسپاردە و پێوەری ستراتیژی بۆ دیاریکردنی پۆستە سەروەرییەکان، ژینگە کارییە سەروەری و هەستیارەکان، پلەکانی دەستگەیشتن بە زانیاریی پۆلێنکراو، مەرجەکانی پشکنینی هەداری، و ڕێکاری پێدان، هەڵپەساردن و سڕینەوەی مۆڵەتی دەستگەیشتنی هەداری دادەڕێژێت. ئەم پێوەرانە دەبێت سنووردار، ڕووەن، پشکنراو و پەیوەست بن بە پێویستیی پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی، یەکپارچەیی وڵات، نهێنییەکانی دەوڵەت، ئاسایشی نەتەوەیی، بەرگری، هەواڵگری، ژێرخانی ژینەکی و بڕیاری سەروەریی کۆمار.
ت. هاوئاهەنگیی نێوان دامەزراوەکان: مسۆگەرکردنی هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوان کاروبارەکان، ئارتەش، و گشت دەزگا هەواڵگری و هەدارییەکاندا، بۆ ڕاییکردنی یەکگرتووانەی وارگێڕیی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پێکدادان یان بۆشاییەک لە کارەکاندا.
ج. پێشکەشکردنی ڕاسپاردەی بنەمایی: پێشکەشکردنی ڕاوێژی ستراتیژی بە سەرکۆمار و کابینەی دەسەڵات. هەرچەندە بڕیاری کۆتایی لە دەسەڵاتی سەرکۆماردایە، بەڵام ڕاسپاردەکانی ئەم کۆڕە، بنەمای دەستووری و بنەڕەتیی گشت بڕیارە چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی پێکدەهێنن.
چوارەم: میکانیزمی کار و پاراستنی نهێنی
٤.١. کۆڕی باڵا بە شێوەیەکی دەوری، یان لە کاتی پێویستدا بە بانگهێشتی سەرکۆمار، کۆدەبێتەوە.
٤.٢. کۆڕەکە خاوەنی سکرتاریەتێکی تایبەت و پیشەیی دەبێت کە لەلایەن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ئامادەکردنی دۆسییەکان، بەدواداچوونی بڕیارەکان و پێشکەشکردنی شیکاریی ستراتیژی.
٤.٣. گشت گفتوگۆ، زانیاری و بەڵگەنامەکانی کۆڕ بە نهێنیی باڵای دەوڵەتی هەژمار دەکرێن. ئاشکراکردنی هەر بەشێکیان، بە تاوانی قورسی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی و ناپاکیی نیشتمانی دادەنرێت و سزاکەی بەپێی قانوون دیاری دەکرێت.
