پێگە و مافی کەمینەکان
یەکەم: پەیمانی شارۆمەندی و یەکسانیی بنەڕەتی
یەکەم: پەیمانی شارۆمەندی و یەکسانیی بنەڕەتی
١.١. ئەو کەمینە ئێتنیکیانەی کە بە درێژایی مێژوو لەسەر خاکی کوردستان ژیاون، شارۆمەندی خاوەن مافی تەواوی قانوونیی خۆیان لە کۆماری کوردستانن. پێگەیان لەسەر بنەمای پەیمانێکی دوولایەنە دامەزراوە: لە بەرامبەر گەرەنتیی تەواوی مافەکانیان لەلایەن دەوڵەتەوە، ئەوان پابەندی وەفاداریی بێ مەرجن بۆ ئەم دەستوورە، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، و سەروەریی نەتەوەی کورد.
١.٢. هەموو شارۆمەندانی سەر بە کەمینە ئێتنیکییەکان، لەبەردەم قانووندا لەگەڵ هاووڵاتییە کوردەکاندا بە تەواوی یەکسانن و خاوەنی هەمان ماف و ئەرکی نیشتمانین.
دووەم: مافە تایبەتەکان
جگە لەو مافە گشتییانەی کە هەموو شارۆمەندێک هەیەتی، ئەندامانی کەمینە ئێتنیکییەکان خاوەنی ئەم مافانەن:
٢.١. پاراستنی شوناسی کولتووری: مافی پاراستن و پەرەپێدانی کولتوور، زمان، و نەریتی تایبەتی خۆیان هەیە، بە مەرجێک لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی دەستوور و پەڕگاڵی گشتیدا ناکۆک نەبێت.
٢.٢. زمانی دایک: لە کاتێکدا زمانی کوردی تاکە زمانی فەرمیی دەوڵەتە و فێربوونی لە پەرگاڵی پەروەردەدا ناچارییە، ئەندامانی کەمینەکان مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی خۆیان لە ژیانی تایبەت، چالاکیی کولتووری، و دامەزراوە تایبەتەکانی خۆیاندا هەیە. قانوون دەتوانێت میکانیزمی خوێندنی زمانی دایک لە چوارچێوەی پەرگاڵی پەروەردەی گشتیدا بەپێی داخوازکاریی ڕێک بخات.
٢.٣. خاوەندارێتیی مڵک: وەک هەر شارۆمەندێکی تر، مافی تەواوی خاوەندارێتی، کڕین، فرۆشتن و بە پاشماگ بەجێهێشتنی مڵکی تایبەتیان (خانوو، باڵەخانە، زەوی کشتوکاڵی، کارگە، هتد) هەیە. ئەم مافە نابێ وەک ئامرازی وارگێڕیی کەڵکی لێ وەربگیرێت.
سێیەم: ئەرکە نیشتمانییە یەکسانەکان
ئەندامانی کەمینە ئێتنیکییەکان، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی نیشتمانی، هاوشانی هاووڵاتییە کوردەکان، بە شێوەیەکی یەکسان پابەندن بە ڕاییکردنی ئەم ئەرکانەوە:
٣.١. ڕاژەی سەربازی و بەشداریکردن لە بەرگریی نیشتمانیدا.
٣.٢. پێدانی باج و پابەندبوون بە ئەرکە داراییەکانی دەوڵەت.
٣.٣. ڕێزگرتن و پابەندبوون بەم دەستوورە و سەرجەم قانوونەکانی وڵات.
چوارەم: هێڵی سووری سەروەریی نەتەوەیی
٤.١. مافی بەکۆمەڵی خاوەندارێتیی خاک (وارگەی نەتەوەیی) و سەروەریی نەتەوەیی دەوڵەتی کوردستان، تەنیا و تەنیا مافێکی ڕەسەن و تایبەتی نەتەوەی کوردە.
٤.٢. هیچ کەمینەیەکی ئێتنیکی مافی داخوازکردنی خاک، ئۆتۆنۆمی، یان هەر جۆرە پێکهاتەیەکی وارگێڕی کە یەکپارچەیی خاکی کوردستان بخاتە مەترسییەوە، نییە.
٤.٣. هەر هەوڵێک لەم چوارچێوەیەدا بە کردەوەی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی و پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ئەم دەستوورە هەژمار دەکرێت و سزای توندی قانوونیی لەسەر دەبێت.
