دادپەروەریی نەتەوەیی و خۆشبژێوی وەک کۆڵەکەی هێزی دەوڵەت
دەوڵەت لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە خۆشبژێوی گشتیی شارۆمەندان و دادی کۆمەڵایەتی، نەک تەنیا ئامانجێکی مرۆیی، بەڵکو کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی ئاسایشی نەتەوەیی و خۆڕاگریی کۆمەڵگان. بنیاتنانی نەتەوەیەکی تەندروست، پەروەردەکراو و بەرهەمهێنەر، وەبەرهێنانێکی ستراتیژییە…
دەوڵەت لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە خۆشبژێوی گشتیی شارۆمەندان و دادی کۆمەڵایەتی، نەک تەنیا ئامانجێکی مرۆیی، بەڵکو کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی ئاسایشی نەتەوەیی و خۆڕاگریی کۆمەڵگان. بنیاتنانی نەتەوەیەکی تەندروست، پەروەردەکراو و بەرهەمهێنەر، وەبەرهێنانێکی ستراتیژییە لە داهاتووی کۆماردا. لەم سۆنگەیەوە، دەوڵەت ئەرکدارە بە مسۆگەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گشت شارۆمەندان، وەک بناغەیەک بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی و ورەی بەرگریی نەتەوەیی.
یەکەم: ئەرکە بنەڕەتییەکان
دەوڵەت لە ڕێگەی گەشەپێدانی ئابووریی ڕاوەستاو و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانە نیشتمانییەکان، کار بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گشت شارۆمەندان دەکات، بە ئامانجی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بەرهەمدار و خاوەن شکۆ.
دووەم: مافی تەندروستی وەک سەرمایەی نەتەوەیی
٢.١. دەوڵەت تەندروستیی شارۆمەندان وەک سەرمایەیەکی ستراتیژیی نەتەوەیی سەیر دەکات. لەسەر ئەم بنەمایە، پەرگاڵێکی تەندروستیی گشتگیر و چلۆنایەتی بەرز دادەمەزرێنێت کە بە خۆڕایی یان بە نرخی گونجاو بۆ گشت شارۆمندان بەردەست بێت.
٢.٢. پاراستنی تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی کۆمەڵگا، وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ ورەبەرزی و خۆڕاگریی نەتەوەیی، ئەرکی دەوڵەتە.
سێیەم: مافی پەروەردە وەک کارگەی بنیاتنانی شارۆمەند
پەروەردە مافێکی بنەڕەتیی گشت شارۆمەندانە. دەوڵەت پەرگاڵێکی پەروەردەی گشتیی بێبەرامبەر دادەمەزرێنێت کە ئامانجی پێگەیاندنی نەوەیەکی خاوەن شوناس، ئاوەزمەند و پابەند بە دەستوور بێت، کە توانای بەشداریکردنی کارایان لە بنیاتنانی دەوڵەتدا هەبێت.
چوارەم: ئاسایشی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزیی نەتەوەیی
دەوڵەت پەرگاڵێکی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دادەمەزرێنێت کە ئامانجی پاراستنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردنە لە دروستبوونی هەر کەلێنێک کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆ. ئەم پەرگاڵە ژیانێکی شایستە بۆ توێژە لاوازەکان (کەمتوانایان، بەساڵاچووان، هەتیوان، و خێزانە هەژارەکان) مسۆگەر دەکات.
پێنجەم: مافی نیشتەجێبوون و سەقامگیریی خێزان
دەوڵەت پابەندە بە داڕشتنی وارگێڕییەک کە ئاسانکاری بۆ هەموو شارۆمەندێک بکات بۆ بەدەستهێنانی ماڵی شایستە، وەک بناغەیەک بۆ بنیاتنانی خێزانی سەقامگیر کە بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی بەهێز پێکدەهێنن.
شەشەم: مافی کارکردن وەک ئەرک و مافێکی نیشتمانی
٦.١. مافی کارکردن و هەبوونی ژینگەیەکی کاری تەندروست پارێزراوە. دەوڵەت کار بۆ دابینکردنی دەرفەتی کار دەکات وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی ئابووریی نیشتمانی.
٦.٢. لە بەرامبەردا، کارکردن و بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی نیشتمانیدا ئەرکێکی شارۆمەندییە. دەوڵەت مافەکانی کارکەران دەپارێزێت و هانی کولتووری کارکردنی بەرهەمدار دەدات.
حەوتەم: مافی بەکارهێنەران و پاراستنی ئابووریی ناوخۆ
مافی بەکارهێنەران بۆ بەدەستهێنانی کاڵا و ڕاژەداریی چلۆنایەتی بەرز و سەلامەت پارێزراوە. دەوڵەت لە ڕێگەی چاودێریکردنی بازاڕەوە، ئابووریی نیشتمانی و تەندروستیی گشتی لە زیانەکانی کاڵای چلۆنایەتی نزم و قۆرخکاریی نادادپەروەرانە دەپارێزێت.
هەشتەم: یەکسانیی ڕەگەزی وەک سەرچاوەی هێزی نەتەوەیی
دەوڵەت پابەندە بە دابینکردنی یەکسانیی تەواو لەنێوان ژن و پیاودا لە گشت بوارەکانی ژیاندا. ئەم بنەمایە وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ ڕزگارکردن و بەکارخستنی تەواوی توانای مرۆیی نەتەوە دادەنرێت، کە مەرجی بنەڕەتیی پێشکەوتن و خۆڕاگریی کۆمارە.
