دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 47

ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان

٢.١. هەموو شارۆمەندێک مافی ئازادیی بیرکردنەوە، ویژدان و دەربڕینی هەیە. ئەم مافە ئازادیی هەڵگرتنی بۆچوون و وەرگرتن و گەیاندنی زانیاری و بیرۆکە بەبێ دەستێوەردانی دەسەڵاتی گشتی دەگرێتەوە. ٢.٢. ڕاییکردنی ئەم ئازادییانە ئەرک و بەرپرسیارێتیی لەگەڵدایە و دەکرێت بە…

بەندی 47 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

شکۆی مرۆڤ سەوداهەڵنەگرە و پاراستنی ئەم شکۆیە ئەرکی هەموو دەسەڵاتێکی دەوڵەتە. دەوڵەت پاراستن و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هەموو شارۆمەندان گەرەنتی دەکات. ئەم ماف و ئازادییانە ڕەها نین و تەنیا بە قانوون و لە پێناو پاراستنی بنەما نەگۆڕەکانی ئەم دەستوورە، ئاسایشی نەتەوەیی، پەڕگاڵی گشتی، یان مافی کەسانی دیکەدا سنووردار دەکرێن.

یەکەم: مافی ژیان، ئازادی و شکۆی مرۆڤایەتی

١.١. مافی ژیان بنەڕەتیترین مافە و بەپێی قانوون دەپارێزرێت. هیچ کەسێک نابێت بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لە ژیان بێبەش بکرێت.

١.٢. ئازادیی کەسی پارێزراوە. هیچ کەسێک نابێت دەستگیر بکرێت، زیندانی بکرێت، یان لە ئازادی بێبەش بکرێت، مەگەر لەسەر بنەمای قانوون و بە بڕیارێکی دادوەریی ڕەوا.

١.٣. ئەشکەنجەدان، هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە یان سووکایەتیپێکەر بە هەموو شێوەیەک نەهێڵراوە.

دووەم: ئازادیی بیروڕا و دەربڕین

٢.١. هەموو شارۆمەندێک مافی ئازادیی بیرکردنەوە، ویژدان و دەربڕینی هەیە. ئەم مافە ئازادیی هەڵگرتنی بۆچوون و وەرگرتن و گەیاندنی زانیاری و بیرۆکە بەبێ دەستێوەردانی دەسەڵاتی گشتی دەگرێتەوە.

٢.٢. ڕاییکردنی ئەم ئازادییانە ئەرک و بەرپرسیارێتیی لەگەڵدایە و دەکرێت بەپێی قانوون و لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، یەکپارچەیی وڵات، پەڕگاڵی گشتی، یان پاراستنی ماف و ناوبانگی کەسانی دیکەدا سنووردار بکرێت.

سێیەم: ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری

٣.١. ئازادیی ڕۆژنامەگەری و میدیاکانی دیکە گەرەنتی کراوە. سانسۆری پێشوەختە نەهێڵراوە.

٣.٢. قانوون چوارچێوەی کارکردنی میدیاکان ڕێکدەخات بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە بنەماکانی پیشەییبوون، ڕاستگۆیی، و پاراستنی شکۆی مرۆڤ و ئاسایشی نەتەوەیی.

چوارەم: ئازادیی ئایین و باوەڕ

٤.١. هەموو کەسێک مافی ئازادیی بیرکردنەوە، ویژدان و ئایینی هەیە. ئەم مافە ئازادیی هەبوون یان نەبوونی ئایین، گۆڕینی ئایین یان باوەڕ، و دەربڕینیان بە شێوەی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ لە ڕێگەی پەرستن، فێرکردن، و ڕێوڕەسمەوە دەگرێتەوە.

٤.٢. سەپاندنی باوەڕێکی دیاریکراو بە زۆرەملێ، بەتایبەت بەسەر منداڵاندا، نەهێڵراوە.

٤.٣. هیچ باوەڕێکی ئایینی نابێت وەک پاساوێک بۆ ئەنجامدانی هەر کردەوەیەک بەکاربهێنرێت کە دژ بەم دەستوورە، قانوونەکانی وڵات، یان مافە بنەڕەتییەکانی تاک بێت.

پێنجەم: مافی گردبوونەوە و خۆپیشاندان

شارۆمەندان مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و دامەزراندنی کۆمەڵە و ڕێکخراویان هەیە. ڕاییکردنی ئەم مافە بە قانوون ڕێکدەخرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی و مافی کەسانی دیکە.

شەشەم: مافی تایبەتمەندی و نهێنیی پەیوەندییەکان

٦.١. ژیانی تایبەتی، خێزانی، ماڵ و پەیوەندییەکانی هەر شارۆمەندێک پارێزراون و دەستدرێژینەکراون.

٦.٢. هیچ پشکنین و دەستێوەردانێک لەم بوارانەدا ڕێگەپێدراو نییە، مەگەر بە بڕیارێکی دادوەریی ڕەوا و بەپێی ئەو بارانەی کە قانوون دیاری کردووە.

حەوتەم: ئازادیی هاتووچۆ و نیشتەجێبوون

٧.١. هەموو شارۆمەندێک مافی ئازادیی هاتووچۆ و هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێبوونی لەناو خاکی کوردستاندا هەیە.

٧.٢. ئەم مافە تەنیا بە قانوون و لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی یان تەندروستیی گشتیدا سنووردار دەکرێت.

٧.٣. ڕاییکردنی ئەم مافە نابێت ببێتە هۆی جێبەجێکردنی وارگێریی گۆڕینی دیمۆگرافیای هیچ ناوچەیەکی کوردستان.