دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 46

شارۆمەندی، شوناس و بنەمای یەکسانی

یەکەم: بنەمای گشتی شارۆمەندی

بەندی 46 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

یەکەم: بنەمای گشتی شارۆمەندی

شارۆمەندێتی کۆماری کوردستان پەیوەندییەکی قانوونی و گیانەکی نێوان تاک و دەوڵەتە، و بناغەی ماف، ئەرک، پابەندی و بەشداری لە ژیانی کۆمار پێکدەهێنێت. ئەم پەیوەندییە لە چوارچێوەی دەستوور، سەروەریی قانوون، شوناسی کوردستانی، و وەفاداری بۆ کۆمار ڕێکدەخرێت.

دووەم: پێناسەی دەستووری هاووڵاتی و شارۆمەند

٢.١. کۆماری کوردستان وەک دەوڵەتی نەتەوەیی کورد دامەزراوە، و سەروەریی نەتەوەیی ئەم کۆمارە لە نەتەوەی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت. لەم چوارچێوەیەدا، هاووڵاتی ئاماژەیە بە هەر تاکێکی بە ڕەچەڵەک کورد، کە بە بوونی دەوڵەت یان بەبێ بوونی دەوڵەت، خاوەنی پەیوەندیی ڕەسەنیی نەتەوەیی بە خاکی کوردستان، وارگەی نەتەوەیی، سەروەریی نەتەوەیی و پشکداریی ڕەسەنی لە خاوەندارێتیی وڵاتە.

٢.٢. هاووڵاتیی بە ڕەچەڵەک کورد، کاتێک لە چوارچێوەی کۆماری کوردستاندا بەپێی دەستوور و قانوون پێگەی قانوونیی شارۆمەندی هەبێت، هەم هاووڵاتییە و هەم شارۆمەندە. هاووڵاتیبوون پەیوەندیی ڕەسەنیی نەتەوەییە؛ شارۆمەندبوون پێگەی قانوونیی ئەندامێتیی کۆمارە.

٢.٣. شارۆمەند ئاماژەیە بە هەموو ئەو تاکانەی کە بەپێی ئەم دەستوورە و قانوونەکانی کۆمار، شارۆمەندی کوردستانیان هەیە. شارۆمەند دەتوانێت هاووڵاتیی بە ڕەچەڵەک کورد بێت، یان ناکوردێکی نیشتەجێی کوردستان، ئەندامی کەمینە، یان کەسێک بێت کە بەپێی قانوونی تایبەت شارۆمەندی کوردستان وەردەگرێت.

٢.٤. جیاوازیی دەستووری نێوان هاووڵاتی و شارۆمەند لە جیاوازیی نێوان پەیوەندیی ڕەسەنیی نەتەوەیی و پێگەی قانوونیی شارۆمەندی سەرچاوە دەگرێت. هاووڵاتی پێگەی ڕەچەڵەکی و نەتەوەیی دەردەبڕێت و پەیوەستە بە پشکداریی ڕەسەن لە خاک، وارگەی نەتەوەیی و سەروەریی نەتەوەیی؛ شارۆمەند پێگەی قانوونی و دەستووریی تاک لەناو کۆماردا ڕێکدەخات و بنەمای ماف، ئەرک، پابەندی و بەشداری لە ژیانی کۆماردا دیاری دەکات.

٢.٥. ناکوردی نیشتەجێی کوردستان یان ئەو کەسەی بەپێی قانوون شارۆمەندی کوردستان وەردەگرێت، لە چوارچێوەی دەستووردا شارۆمەندە و لە ماف و ئەرکە قانوونییەکاندا لەگەڵ شارۆمەندانی دیکە یەکسانە؛ بەڵام ئەم پێگەی قانوونییە نابێت وەک هاووڵاتیبوونی ڕەسەنی، پشکداریی نەتەوەیی لە خاوەندارێتیی خاک، یان سەرچاوەبوون بۆ سەروەریی نەتەوەیی لێک بدرێتەوە.

٢.٦. ئەم جیاوازییە نابێتە هۆی هیچ جیاکارییەک لە ماف، ئەرک، دادگاییکردن، پاراستن، ڕاژەی گشتی و پێگەی قانوونیی شارۆمەنداندا. هەموو شارۆمەندانی کوردستان، بەبێ جیاوازی ڕەچەڵەک، زمان، ئایین، ڕەگەز، کولتوور، یان پێگەی کۆمەڵایەتی، لەبەردەم قانوون یەکسانن؛ بەڵام بنەمای هاووڵاتیبوون و پەیوەندیی ڕەسەنیی نەتەوەیی دەبێت لە پێناسەی سەروەریی نەتەوەیی، خاوەندارێتیی وارگەی نەتەوەیی و پشکداریی ڕەسەنیی نەتەوەی کورد پارێزراو بێت.

سێیەم: شێوازەکانی بەدەستهێنانی شارۆمەندی

٣.١. ڕەچەڵەک؛ مافی خوێن: شارۆمەندی کوردستان لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای ڕەچەڵەک دادەمەزرێت. هەر کەسێک لە دایک یان باوکێکی هاووڵاتی کورد لەدایک بێت، مافی وەرگرتنی شارۆمەندی کوردستان هەیە، جا لە ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات لەدایک بووبێت.

٣.٢. خاک؛ مافی وارگەی نەتەوەیی: تەنیا لەدایکبوون لەسەر خاکی کوردستان بە شێوەی خۆگەڕ مافی وەرگرتنی شارۆمەندی نادات. قانوون تەنیا لە باری زۆر تایبەتدا، بۆ ڕێگری لە دروستبوونی بێدەوڵەتی، ڕێکارەکانی پێدانی شارۆمەندی بەو کەسانە ڕێکدەخات کە نیشتەجێی درێژخایەنی کوردستانن و هیچ شارۆمەندیەکی دیکەیان نییە.

٣.٣. نیشتەجێبوون و وەرگرتنی شارۆمەندی: قانوونی تایبەت، بە شێوەی توند و دیاریکراو، مەرجەکانی پێدانی شارۆمەندی بە کەسانی بیانی دیاری دەکات کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە کوردستان نیشتەجێ بوون. ئەم مەرجانە دەبێت لانیکەم ئەمانە لەخۆبگرن:

ئا. پابەندی ڕوون و وەفاداری بۆ دەستوور، سەروەریی نەتەوەیی، یەکپارچەیی وڵات، و سەروەریی قانوون.

ب. شارەزایی گونجاو لە زمانی کوردی و ناسینی مێژوو، کولتوور، شوناس، و بنەما دامەزراوەییەکانی کۆماری کوردستان.

پ. توانای ئابووری سەربەخۆ و بەشداری لە گەشەی نیشتمانی.

ت. نەبوونی پێشینەی تاوانی قورس، تێرۆریزم، سیخوڕی، ناپاکی نیشتمانی، یان هەر هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.

ج. نەبوونی پەیوەندی کردەوەیی بە دەوڵەتی دوژمنکار، ڕێکخراوی دوژمنکار، یان هەر لایەنێک کە هەڕەشە بۆ سەروەری، یەکپارچەیی وڵات، یان بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی کوردستان دروست دەکات.

چوارەم: یەکسانی ڕەها لەبەردەم قانووندا

٤.١. هەموو شارۆمەندانی کوردستان، بەبێ گوێدانە ئەوەی هاووڵاتی کوردن، ناکوردی کوردستانن، ئەندامی کەمینەیەکن، و بەبێ جیاوازی زمان، ڕەگەز، کولتوور، یان پێگەی کۆمەڵایەتی، لەبەردەم قانوون و لە مافی شارۆمەندی یەکسانن.

٤.٢. هەموو شارۆمەندان بە یەکسانی خاوەنی مافە شارۆمەندی، ئازادییە بنەڕەتییە قانوونیەکان، و هەمان ئەرک و بەرپرسیارەتی نیشتمانیین.

٤.٣. پێناسەی جیاواز بۆ هاووڵاتی و شارۆمەند نابێ بە جیاکاری، بێبەشکردن، یان کەمکردنەوەی مافە قانوونیەکان لەبەرامبەر هیچ شارۆمەندێکدا بەکاربهێنرێت.

پێنجەم: پاراستن، لەدەستدان و سزای سەرپێچی لە شارۆمەندی

٥.١. هاووڵاتی بە ڕەچەڵەک کورد، بە هۆی ڕەسەنێتی نەتەوەیی و پشکداری ڕەسەنی دەوڵەت، خاک، سەروەریی نەتەوەیی و خاوەندارێتی لە وارگەی نەتەوەیی، هیچ کات پێگەی شارۆمەندی کوردستان لەدەست نادات.

٥.٢. سەرپێچی هاووڵاتی بە ڕەچەڵەک کورد لە دەستوور، قانوون، ئاسایشی نەتەوەیی، یەکپارچەیی وڵات، یان بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی، نابێتە هۆی لێسەندنەوەی شارۆمەندی، بەڵام تووشی سزای دیاریکراوی قانوونی دەبێتەوە.

٥.٣. شارۆمەندی خاوەنی ڕەچەڵەکی ناکوردی، ئەگەر بە کردەوەی سەلمێندراو، بەڵگەی ڕوون، و بڕیاری دادگایی کۆتایی، وەک هەڕەشە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، یەکپارچەیی وڵات، سەروەریی نەتەوەیی، یان بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی دیاری بکرێت، دەتوانێت پێگەی شارۆمەندی کوردستان لەدەست بدات، جگە لەو سزایانەی قانوون بۆ کردەوەکەی دیاری دەکات.

٥.٤. لەدەستدانی شارۆمەندی بۆ شارۆمەندی خاوەنی ڕەچەڵەکی ناکوردی تەنیا بەپێی قانوونی تایبەت، ڕێکاری دادپەروەرانە، بڕیاری دادگایی کۆتایی، و پاراستنی مافی دادگاییکردن جێبەجێ دەکرێت.

٥.٤. ئەو کەسەی بەپێی ئەم بەندە پێگەی شارۆمەندی لەدەست دەدات، دەتوانێت بەپێی قانوون و بڕیاری دادگایی کۆتایی لە وڵات دەربکرێت، یان دوور بخرێتەوە، ئەگەر ئەو ڕێکارە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، یەکپارچەیی وڵات، سەروەریی نەتەوەیی، یان بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی پێویست بێت.

شەشەم: چوارچێوەی قانوونی

قانوونی تایبەت وردەکاری هەموو بڕگەکانی ئەم بەندە ڕێکدەخات، لەوانە مەرج و ڕێکارەکانی بەدەستهێنان، سەلماندن، تۆمارکردن، لەدەستدان، گێڕانەوە، پێداچوونەوە، و دادگاییکردنی بابەتە پەیوەستەکانی شارۆمەندیی. هیچ بڕیارێک لە بابەتی شارۆمەندیی نابێ له دەرەوەی دەستوور، سەروەریی قانوون، بڕیاری دادگایی کۆتایی، و ڕێکاری دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت.