پاراستنی مافی ژیان و سنووردارکردنی سزای لەسێدارەدان
یەکەم: بنەمای پیرۆزیی مافی ژیان
یەکەم: بنەمای پیرۆزیی مافی ژیان
مافی ژیان، پیرۆزترین و بنەڕەتیترین مافی مرۆڤە و لەلایەن دەوڵەتەوە بە توندی دەپارێزرێت. لەسەر ئەم بنەما نەگۆڕە، سزای لەسێدارەدان لە پەڕگاڵی سزایی کۆماری کوردستاندا هەڵوەشاوەیە و باڵاترین سزا، زیندانیکردنی هەتاهەتاییە.
دووەم: کاراکردنەوەی کاتی و مەرجدار
سەرەڕای بنەمای گشتی، تەنیا لە دۆخی ڕاگەیاندنی فەرمیی جەنگ، بەرگری لە بەرامبەر داگیرکاریی دەرەکی، یان هەر هەڕەشەیەکی بوونایەتی بۆ سەر دەوڵەت، مەکۆی نیشتمانی دەتوانێت، بە قانوونێکی تایبەت و بە زۆرینەی سێ لەسەر چواری (٣/٤)ـی کۆی ئەندامانی، بە شێوەیەکی کاتی و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، سزای لەسێدارەدان تەنیا بۆ چەند تاوانێکی دیاریکراو کارا بکاتەوە.
سێیەم: تاوانە تایبەتەکان
سزای لەسێدارەدان تەنیا بۆ ئەو تاوانانەی خوارەوە ڕایی دەکرێت، بەو مەرجەی لە ماوەی ئەو دۆخە نائاساییەدا ئەنجام درابن و زیانێکی کارەساتباریان بە بوونی دەوڵەت و نەتەوە گەیاندبێت:
٣.١. تاوانی باڵای ناپاکیی نیشتمانی: ئەو کردەوانەی کە ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی داڕمانی هێڵەکانی بەرگریی دەوڵەت یان سپاردنی بەشێکی ستراتیژیی خاکی نیشتمان بە دوژمن.
٣.٢. تاوانی تێرۆریستیی بەرفراوان: ئەو کردەوە تێرۆریستییانەی کە بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ یان لە ڕێگەی هێرشی بەرفراوانەوە ئامانج لێی کوشتاری بەکۆمەڵ بێت.
٣.٣. تاوانی جینۆساید: هەر کردەوەیەک بە مەبەستی لەناوبردنی فیزیکیی بەشێک یان هەمووی نەتەوەی کورد یان هەر پێکهاتەیەکی دیکەی کوردستان.
چوارەم: ڕێکارە دادوەرییە توندەکان
هەر بڕیارێکی لەسێدارەدان دەبێت ئەم مەرج و ڕێکارانەی خوارەوەی تێدا بێت:
٤.١. دەبێت لەلایەن لقی تایبەتی دادگای باڵای ئاسایشی نەتەوەییەوە و بە کۆی دەنگی گشت دادوەرانی، پاش دادگاییکردنێکی تەواو دادپەروەرانە، دەربچێت.
٤.٢. بڕیارەکە پێویستی بە پەسەندکردنی کۆتایی لەلایەن سەرکۆمارەوە هەیە، کە مافی هەیە سزاکە بۆ زیندانیکردنی هەتاهەتایی سووک بکات.
پێنجەم: هەڵوەشاندنەوەی خۆگەڕ
بە کۆتاییهاتنی دۆخی جەنگ یان ئەو بارە نائاساییەی کە لە بڕگەی دووەمدا ئاماژەی پێکراوە، ڕاییکردنی گشت بڕیارەکانی لەسێدارەدان کە تا ئەو کاتە جێبەجێ نەکراون، ڕادەگیرێت و سزاکان بە شێوەیەکی خۆگەڕ (ئۆتۆماتیک) بۆ زیندانیکردنی هەتاهەتایی دەگۆڕدرێن.
