جینۆساید وەک تاوانی لێنەبوراو و ئەرکی هەردەمیی نەتەوە
کۆماری کوردستان، کردەوە سیستماتیکەکانی جینۆساید، قەڵاچۆکردن و پاکتاوی نەژادی کە بە درێژایی مێژوو بەرامبەر بە نەتەوەی کورد ئەنجام دراون، وەک ڕاستییەکی مێژوویی نەسڕاوە و برینێکی دامەزرێنەری بوونی نەتەوەیی دەناسێنێت. دەوڵەت وەک وەڵامێکی مێژوویی بەم تاوانانە، ب…
کۆماری کوردستان، کردەوە سیستماتیکەکانی جینۆساید، قەڵاچۆکردن و پاکتاوی نەژادی کە بە درێژایی مێژوو بەرامبەر بە نەتەوەی کورد ئەنجام دراون، وەک ڕاستییەکی مێژوویی نەسڕاوە و برینێکی دامەزرێنەری بوونی نەتەوەیی دەناسێنێت. دەوڵەت وەک وەڵامێکی مێژوویی بەم تاوانانە، بوونی خۆی وەک گەرەنتیی سەرەکیی "هەرگیز دووبارە نەبوونەوە" دەچەسپێنێت و پابەند دەبێت بە گرتنەبەری گشت ڕێکارێکی قانوونیی و دیپلۆماسی بۆ بەدەستهێنانی دادی مێژوویی.
یەکەم: بنەمای دەستووری و باری دەستدرێژینەکراو
١.١. مێژووی جینۆسایدی کورد، جیا لە بەسەرهاتێکی ڕابردوو، بەڵکوو یەکێک لە بنەماکانی بوونناسانەی دەستوور و سەرچاوەی ڕەوایەتیی دەوڵەتی سەربەخۆیە.
١.٢. بەرپرسیارێتیی ئەم تاوانانە بە تێپەڕبوونی کات و گۆڕانی ڕژێمەکان کۆتایی نایەت و وەک قەرزێکی قانوونیی و ڕەوشتی لەسەر شانی دەوڵەتە بەرپرسیارەکان دەمێنێتەوە.
دووەم: پێناسی دەستووریی جینۆسایدی کوردستان
٢.١. بۆ مەبەستی ئەم دەستوورە، جینۆسایدی نەتەوەی کورد بریتییە لە هەر کردەوەیەکی مەبەست بۆ لەناوبردنی گشتی یان بەشەکیی نەتەوەکە، کە ئەم جۆرانە دەگرێتەوە:
ئا. جینۆسایدی فیزیکی: کوشتاری بەکۆمەڵ، کیمیاباران و تاقیکردنەوەی چەکی نەهێڵکراو لەسەر جەستەی نەتەوە.
ب. پاکتاوی دیمۆگرافی: ڕاگواستنی زۆرەملێ، دەرکردنی نەتەوەی کورد لە وارگەی مێژوویی خۆی و نیشتەجێکردنی پێکهاتەی بێگانە بە مەبەستی شێواندنی شوناسی خاک.
پ. جینۆسایدی سپی (کولتووری): ڕێنەدراوکردنی زمانی کوردی، سڕینەوەی ناوی کوردی لەسەر شوێنە جوگرافییەکان و سەپاندنی سیستماتیکی وارگێڕیی تواندنەوەی نەتەوەیی.
ت. جینۆسایدی ژینگەیی: تێکدانی مەبەستی سەرچاوە ئاوییەکان، وێرانکردنی دارستانەکان و گوندەکان بە مەبەستی مەحاڵکردنی ژیان لەسەر خاکی کوردستان.
سێیەم: ئەرکی نیشتمانیی یادکردنەوە و ئەرشیڤکردن
٣.١. دەوڵەت ئەرکدارە بە پاراستنی یادەوەریی بەکۆمەڵ لە ڕێگەی دامەزراندنی مۆنۆمێنت، مۆزەخانەی نیشتمانیی جینۆساید و دیاریکردنی ڕۆژێکی ساڵانە بۆ پرسەی نەتەوەیی.
٣.٢. پاراستنی دیجیتاڵیی بەڵگەنامە و گەواییدەرە لەناو پەڕگاڵی "دەوڵەتی ژیر"ـدا وەک "داراییەکی ستراتیژیی پارێزراو" هەژمار دەکرێت کە نابێت فەرامۆش بکرێت.
چوارەم: پەروەردەی هوشیارکەرەوە و توێژینەوە
٤.١. مێژووی جینۆسایدی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دەبێت وەک بەشێکی بنەڕەتی و ناچاری تێکەڵی پرۆگرامی خوێندنی هەموو قۆناغەکان بکرێت، بۆ پێگەیاندنی نەوەیەک کە لە مەترسییە بوونایەتییەکان تێبگات.
٤.٢. دەوڵەت پشتیوانیی بێسنووری دارایی و زانستی لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی پسپۆڕ لە بواری جینۆسایدناسی و مێژووی ستەملێکراوی کوردستان دەکات.
پێنجەم: تاوانبارکردنی نکۆڵیکردن و شێواندن
٥.١. نکۆڵیکردنی ئاشکرا، بچووککردنەوە، یان پاساوهێنانەوە بۆ هەر کام لە کردەوەکانی جینۆساید دژی نەتەوەی کورد، بە تاوانێکی قورس دژی ئاسایشی نەتەوەیی هەژمار دەکرێت.
٥.٢. هەر جۆرە شکۆدانان، پیاهەڵدان یان بە پیرۆزکردنی ئەو سەرکردە، دەزگا و ئایدیۆلۆژیایانەی کە فەرمانیان بە جینۆساید داوە یان تێیدا بەشدار بوون، ڕێنەدراوە و ڕووبەڕووی توندترین سزای قانوونیی دەبێتەوە.
شەشەم: بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی و وارگێڕیی بژێران
٦.١. بەرپرسیارێتیی قانوونیی و مێژوویی جینۆساید، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی کە تاوانەکەیان ئەنجام داوە و گشت ئەو یەکە وارگێرییە پاشماگگرانەی کە جێگەیان گرتوونەتەوە.
٦.٢. دەوڵەتی کوردستان ئەرکدار دەکرێت بە بەکارهێنانی هەموو کەناڵە دیپلۆماسی و قانوونییەکان بۆ سەپاندنی ئەم بژێرانە بەسەر لایەنە بەرپرسیارەکاندا:
ئا. بژێری ئابووری: بۆبژاردنی شتەکیی قوربانیان، و هەڵگرتنی تێچووی تەواوی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ناوچە وێرانکراوەکان.
ب. بژێری واتایی: ناچارکردنی دەوڵەتە بەرپرسیارەکان بە داخوازی لێبوردنی فەرمی و بێ مەرج، و گەڕاندنەوەی ڕوفاتی تەواوی قوربانیان بۆ ناشتنێکی شکۆمەندانە.
پ. بژێری پەروەردەیی: پابەندکردنی ئەو دەوڵەتانە بە گۆڕینی پرۆگرامی خوێندنیان بۆ داننان بە تاوانەکانیان دژی کورد، وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ دروستکردنی هەر پەیوەندییەکی ئاسایی.
ت. بژێری سەربەشی (ئیمتیاز): ناچارکردنی دەوڵەتە بەرپرسیارەکان بە دەرکردنی قانوونی تایبەت بۆ پێدانی ئاسانکاریی بێهاوتا بە هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانی کوردستان (وەک لێخۆشبوونی باج و هاتووچۆی ئازاد) وەک بۆبژاردنیی مێژوویی.
حەوتەم: دادی نێودەوڵەتی و ڕاوەدوونانی تاوانباران
٧.١. دەوڵەتی کوردستان ئەرکی لە ئەستۆدایە بۆ ڕاوەدوونانی قانوونیی گشت ئەو کەسانەی دەستیان لە جینۆسایدی کورددا هەبووە، لە هەر شوێنێکی جیهان بن، و کارکردن بۆ دادگاییکردنیان وەک تاوانباری جەنگ.
هەشتەم: پاراستنی ڕزگاربووان و پاشماگیان
٨.١. دەوڵەت بەرپرسیارە لە دابینکردنی خۆشبژێویی هەمەلایەنە (شتەکی، دەروونی و کۆمەڵایەتی) بۆ هەموو ڕزگاربووانی جینۆساید و کەسوکاریان.
٨.٢. پاراستنی پاشماگی زارەکی و نووسراوی ڕزگاربووان وەک بەشێک لە "یادەوەریی نەتەوەیی" ئەرکێکی دەستووریی بێپسانەوەیە.
نۆیەم: چوارچێوەی قانوونیی و ڕاییکردن
٩.١. قانوونێکی تایبەت، وردەکاریی میکانیزمەکانی یادکردنەوە، شێوازی داخوازکردنی بژێرەکان و ڕێکارەکانی لێپرسینەوە لە تاوانباران ڕێک دەخات.
٩.٢. جێبەجێکردنی ئەم بەندە نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەریی ململانێ وارگێڕییە کاتییەکانەوە و هەمیشە وەک یەکەمایەتیی باڵای دەوڵەت دەمێنێتەوە.
