پاراستنی شکۆی نەتەوەیی و نەهێشتنی نەیارشەیدایی
یەکەم: بناغەی دەستووری
یەکەم: بناغەی دەستووری
شکۆی نەتەوەیی و یادەوەریی مێژوویی، بەهای باڵا و پارێزراوی دەستوورین. دەوڵەت ئەرکدارە بە پاراستنیان لە هەر هەوڵێک کە ببێتە هۆی شێواندن، سووکایەتیکردن، یان لاوازکردنی ورەی نەتەوەیی، کە وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەت هەژمار دەکرێت.
دووەم: پێناسەی قانوونیی تاوان
تاوانی نەیارشەیدایی بریتییە لە هەر کردەوە، گوتار، یان پڕۆژەیەکی سیستماتیک و مەبەستدار کە ئامانجی یەکێک یان زیاتر لەم خاڵانەی خوارەوە بێت:
٢.١. شکۆدانان بە دوژمن: ئاساییکردنەوە یان جوانکردنی وێنەی یەکەیەکی دوژمنکار (دەوڵەت، ڕێکخراو، یان ئایدۆلۆژیایەک کە دژایەتیی سەروەریی کوردستانی کردبێت)، بە مەبەستی سڕینەوەی سیمای دوژمنکارانەی.
٢.٢. شێواندنی یادەوەریی نەتەوەیی: نکۆڵیکردن، بچووککردنەوە، یان پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکانی جینۆساید، پاکتاوی نەژادی، یان هەر تاوانێکی دیکەی دژ بە مرۆڤایەتی کە بەرامبەر نەتەوەی کورد ئەنجام دراوە.
٢.٣. تێکدانی ورەی نەتەوەیی: بڵاوکردنەوەی گوتارێک کە گومان لەسەر بوونایەتیی نەتەوەیی دروست بکات، ورەی بەرگریی گشتی لاواز بکات، و بێئومێدی و هەستی خۆبەکەمزانی لەنێو کۆمەڵگادا بڵاو بکاتەوە.
سێیەم: کردەوە نەهێڵراوەکان
ئەنجامدانی هەر یەکێک لەم کردەوانەی خوارەوە، بە تاوانی قورسی دژ بە شکۆی نەتەوەیی و ئاسایشی دەوڵەت دادەنرێت و بە توندی نەهێڵراوە:
٣.١. پەرەپێدانی هێمای دوژمن: بەرزکردنەوە، نمایشکردن، یان بڵاوکردنەوەی مەبەستداری ئاڵا، هێما، یان دروشمی ئەو یەکە دوژمنکارانەی کە تاوانیان دژی نەتەوەی کورد ئەنجام داوە.
٣.٢. نکۆڵیکردن لە جینۆساید: نکۆڵیکردنی ئاشکرا، بچووککردنەوە، یان پاساوهێنانەوەی وارگێڕی بۆ تاوانەکانی جینۆساید (وەک ئەنفال و کیمیاباران) و پاکتاوی نەژادی.
٣.٣. شکۆدانان بە تاوانباران: پیاهەڵدان و بە پیرۆزکردنی ئەو سەرکردە و دامەزراوانەی یەکە دوژمنکارەکان کە فەرمانیان بە تاوانکاری دژی کوردستان داوە یان تێیدا بەشدار بوون.
٣.٤. هاوکاریکردنی پڕوپاگەندەی دوژمن: بەرهەمهێنان، بڵاوکردنەوە، یان وەرگێڕانی هەر ناوەڕۆکێکی میدیایی، ئەکادیمی، یان هونەری کە بە مەبەست ئامانجەکانی پڕوپاگەندەی دوژمن پێک بهێنێت.
٣.٥. چالاکیی کولتووریی تێکدەرانە: دامەزراندنی هەر ناوەندێکی "لێکۆڵینەوە"، "کولتووری"، یان "پەروەردەیی" کە لە ژێرەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای دوژمن و تێکدانی شوناسی نەتەوەیی بکات.
٣.٦. هاوکاریی ئابووریی ستراتیژی: ئەنجامدانی هەر چالاکییەکی ئابووری کە بە زانابوون یارمەتیی توانای سەربازی یان هەواڵگریی یەکەیەکی دوژمنکار بدات.
چوارەم: بەرپرسیارێتیی قانوونیی و سنوورەکان
ئەم بەندە هەموو تاکێکی شارۆمەند، بەرپرسێکی دەوڵەتی، پارتییەکی وارگێڕی، دامەزراوەیەکی میدیایی، ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی ژیاری و کۆمپانیایەکی تایبەت دەگرێتەوە. هیچ کەس و لایەنێک لە ئاستی ئەم بەندەدا پارێزبەندیی نییە.
پێنجەم: جۆری تاوان و سزا
کردەوەکانی نەیارشەیدایی بە تاوانی قورسی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی و پەڕگاڵی دەستووری دادەنرێن. سزای ئەم تاوانانە بەپێی قانوونێکی تایبەت دیاری دەکرێت کە دەبێت توندترین سزا لەخۆبگرێت. ئەم تاوانانە بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابن و ناکەونە ژێر هیچ بڕیارێکی لێبوردنی گشتی یان تایبەتەوە.
شەشەم: پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕینی ڕەوا
ئەم بەندە نابێت وەک پاساوێک بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ئەکادیمی، ڕەخنەی ڕەوای بنیاتنەر لە وارگێڕییەکانی دەوڵەت، کاری ڕۆژنامەوانیی پیشەیی، یان گفتوگۆی مێژوویی کە ئامانجی دەرخستنی ڕاستییەکان بێت، لێک بدرێتەوە. قانوون سنووری وردی نێوان ڕەخنەی ڕەوای نیشتمانی و تاوانی نەیارشەیدایی دیاری دەکات.
