دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 3

بنچینەی بوونناسانەی دەستوور و سروشتی خۆسەرچاوەیی سەروەریی

سەروەریی نەتەوەی کورد، لە هاوئاگایی مێژوویی و ویستی گەوهەریی خۆیەوە هەڵدەقوڵێت. دەستوور دەرکەوتەی قانوونیی ئەم ڕاستەواییە خۆسەرچاوەییەیە، نەک ئافرێنراوی هیچ هێز و ڕەزامەندییەکی دەرەکی.

بەندی 3 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

سەروەریی نەتەوەی کورد، لە هاوئاگایی مێژوویی و ویستی گەوهەریی خۆیەوە هەڵدەقوڵێت. دەستوور دەرکەوتەی قانوونیی ئەم ڕاستەواییە خۆسەرچاوەییەیە، نەک ئافرێنراوی هیچ هێز و ڕەزامەندییەکی دەرەکی.

یه‌كه‌م: ڕەوایەتیی نێوەکی و سەروەریی دامەزرێنەر

١.١. دەستوور باڵاترین دەرکەوتەی قانوونیی و دامەزرێنەری ویستمەندیی نەتەوەی کوردە و لە گەوهەردا خۆساز و خۆسەرچاوەیە.

١.٢. ڕەوایەتیی ڕەهای دەستوور و ئەو سەروەرییەی کە دایدەمەزرێنێت، لە هیچ کردەیەکی دەرەکییەوە هەڵناهێنجرێت، لەوانە:

ئا. دانپێدانانی نێودەوڵەتی

ب. پەیماننامە و ڕێککەوتنەکان

پ. ڕەزامەندیی هێزی بیانی

ت. ڕاپرسیی گشتیی پێشوەخت

١.٣. دەستوور خۆی سەرچاوەی گشت ڕەوایەتییەکە و ئەو کردە بنەڕەتییەیە کە خودی نەتەوە لە ڕێگەیەوە:

ئا. بوونی وارگێڕیی خۆی دەچەسپێنێت

ب. ویستی مێژوویی خۆی دەکاتە قانوونی باڵادەست

دوویه‌م: هاوئاگایی نەتەوەیی وەک چاوگەی ڕەوایەتی

٢.١. هاوئاگایی نەتەوەیی زیندووی نەتەوەی کورد، چاوگە نەبڕاوەی هێز و قانوونمەندیی ڕەهای دەستوورە و دەگرێتەوە:

ئا. هەستکردن بە بوونایەتی هاوبەش وەک کورد و وەک نەتەوە

ب. هەستکردن بە خاوەندارێتی وارگەی نەتەوەیی وەک وڵاتی ئەم نەتەوەیە

٢.٢. هاوئاگایی نەتەوەیی پەیمانێکی بوونناسانە و پێش-دەستوورییە کە:

ئا. لە قووڵایی مێژووەوە تاکەکانی کورد پێکەوە گرێ دەدات

ب. کوردان وەک یەک "خودی بەکۆمەڵ"ـی خاوەن ویستمەندیی و هەڵکەوتەی بوونایەتی سەربەخۆ دەناسێنێت

پ. لەسەر کۆڵەکەکانی بوونایەتیی هاوبەش، یادەوەریی هاوبەش و ویستی بەکۆمەڵی بێپسانەوە بۆ سەروەریی دامەزراوە

٢.٣. دەستوور بەڵگەنامەییکردن و گەشەپێدەری ئەم پەیمانە گەوهەرییەیە، نەک دروستکەری.

سێیه‌م: دەستوور وەک ئامرازی گەوهەری نەتەوەیی

٣.١. دەستوور ئامرازی قانوونیی "گەوهەری نەتەوەیی" کوردە، کە بریتییە لە:

ئا. ویستی ڕەهای نەتەوە بۆ بوون لەسەر بنەمای "بوون بۆ نەتەوە"

ب. ویستی ڕەهای نەتەوە بۆ مانەوەی شکۆمەندانە

پ. ویستی ڕەهای نەتەوە بۆ خۆڕێکخستن لە فۆڕمی دەوڵەتی سەربەخۆدا

٣.٢. دەستوور بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە سەرووی هەموو قانوون و دەستوورێکی سەپێنراوی دەرەکییەوەیە.

٣.٣. لە ساتی ڕاگەیاندنی دەستوور:

ئا. ڕەوایەتی لە گشت دامەزراوە و پەڕگاڵێکی داگیرکەران دەسەنرێتەوە

ب. بوونی داگیرکەران لەسەر وارگەی نەتەوەیی کوردستان، لە دۆخی "قانوون"یەوە دەگۆڕێت بۆ دۆخی "کردەی زەبری ڕووت و داماڵراو لە هەرچەشنە قانوونمەندییەک"

٣.٤. دەوڵەت ئافرێنراوی دەستوورە، نەک بە پێچەوانەوە؛ ئەرکی دەوڵەت تەنیا و تەنیا ڕاییکردن و پاراستنی فەرمانەکانی دەستوورە.

چواره‌م: ڕێنەدراوکردنی بەستنەوەی سەروەریی بە مەرجی دەرەکی

٤.١. ئەم کردەوانە بە ناپاکی لە هاوئاگایی نەتەوەیی و تاوانی بنەڕەتیی دەستووری هەژمار دەکرێن:

ئا. هەر کردەوەیەک کە هەوڵ بدات ڕەوایەتیی سەروەریی کۆماری کوردستان بە ڕەزامەندی هێزێکی دەرەکییەوە ببەستێتەوە

ب. هەر گوتارێک کە هەوڵ بدات ڕەوایەتیی سەروەریی کۆماری کوردستان بە دانپێدانانی هێزێکی دەرەکییەوە ببەستێتەوە

پ. هەر وارگێڕییەک کە هەوڵ بدات ڕەوایەتیی سەروەریی کۆماری کوردستان بە مەرجی هێزێکی دەرەکییەوە ببەستێتەوە

ت. هەر بیردۆزێک کە هەوڵ بدات ڕەوایەتیی سەروەریی کۆماری کوردستان بە هێزێکی دەرەکییەوە ببەستێتەوە، چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ

٤.٢. ئەم جۆرە کردەوانە بە کردەی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان نەتەوە و ویستی گەوهەریی خۆی دادەنرێت و دەکەوێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە پەڕگاڵی دەستوورییەوە.

پێنجه‌م: نەتەوە وەک خاوەنی ڕەسەنی سەروەریی

٥.١. سەروەری، مڵکی گەوهەریی ڕەسەن، دانەبڕاو و هەردەمیی نەتەوەی کوردە.

٥.٢. دەوڵەتی کۆماری کوردستان، ئامرازی پیرۆز و ڕایەداری ئەم سەروەرییەیە، نەک سەرچاوەکەی یان خاوەنەکەی.

٥.٣. گشت دامەزراوەکانی دەوڵەت، لەوانە سەرکۆمار و هەموو یەکەکانی کارگێڕی، لە گەورەترینەوە تا بچووکترین

ڕەوایەتیی خۆیان لەوەوە وەردەگرن کە تا چەند پارێزوانی دڵسۆزی ئەو سەروەرییە بن کە لە گەوهەری نەتەوەدا چەسپاوە و لەم دەستوورەدا بەرجەستە بووە.

٥.٤. هیچ دەسەڵاتێک، تەنانەت ئەوانەی بە شێوەیەکی دیموکراتیش هەڵبژێردرابن، بۆی نییە بە ناوی نەتەوەوە دەستبەرداری بچووکترین بەشی ئەم سەروەرییە ببێت.