ئاڵای نەتەوەیی کوردستان
ئاڵای کوردستان هێمای هەردەمیی یەکێتی، سەروەریی و شوناسی وارگێڕیی نەتەوەی کورد و ئاڵای هەردەمیی کورد و کوردستانە. ئاڵای کوردستان نەک ئاڵای نەتەوە، وڵات و دەوڵەتی کوردستانە و هەر دەسەڵات و پەرگاڵێک لە کوردستان دەسەڵاتدارییەتی بکات، ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەییەت…
ئاڵای کوردستان هێمای هەردەمیی یەکێتی، سەروەریی و شوناسی وارگێڕیی نەتەوەی کورد و ئاڵای هەردەمیی کورد و کوردستانە. ئاڵای کوردستان نەک ئاڵای نەتەوە، وڵات و دەوڵەتی کوردستانە و هەر دەسەڵات و پەرگاڵێک لە کوردستان دەسەڵاتدارییەتی بکات، ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەییەتی کە ڕێز لە ئاڵای کوردستان بگرێت و لە هەمان کاتدا مافی کەڵکاژۆیی بۆ ڕێبازی ئایدیۆلۆژیک لە ئاڵای نەتەوەیی نییە. ئەم ئاڵایە لە سێ ڕەنگی ئاسۆیی پێکدێت: سوور لە بەشی سەرەوە، سپی لە ناوەڕاست و سەوز لە بەشی خوارەوە. لە ناوکی ڕەنگە سپییەکەدا، خۆرێکی زێڕین بە بیست و یەک تیشکەوە دەدرەوشێتەوە.
یەکەم: پەیمانی ڕەنگەکان
ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستان، نەک هەر تەنیا توخمێکی بینراو، بەڵکو بەرجەستەبوونی دەستووریی ئەو پەیمانە بنەڕەتی و نەگۆڕانەن کە بوونی نەتەوەیی لەسەریان دامەزراوە. هەر ڕەنگێک نوێنەرایەتیی ئەرکێکی بوونایەتی و بەڵێنێکی هەردەمیی دەکات کە لەسەر شانی دەوڵەت و هەر تاکێکی نەتەوەی کوردە.
ئا. ڕەنگی سوور: پەیمانی خوێن و نەتەوە
ڕەنگی سوور، نوێنەری پەیمانی خوێنە؛ ئەو پەیوەندییە ئۆرگانیک و دانەبڕاوەی کە هەر تاکێکی کورد بە ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی نەتەوەی کوردەوە گرێ دەدات. ئەمە هێمای ئەو ڕیشە هاوبەشە قووڵەیە کە وەک ڕەچەڵەک لە باوانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و وەک سپاردەیەکی پیرۆز دەیگوازینەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەم پەیمانە دەوڵەت و شارۆمەند پابەند دەکات بە:
١. داننان بەوەی کە نەتەوە نەک هەر کۆمەڵێک تاک، بەڵکو زنجیرەیەکی زیندووی مێژووییە کە خوێن و یادەوەری پێکەوەی بەستووەتەوە.
٢. پاراستنی پاکی و درێژەدارییەتی نەتەوە وەک باڵاترین ئەرکی بوونایەتی.
٣. بەرپرسیارێتیی هاوبەش بۆ پاراستنی هەر تاکێکی نەتەوە، چونکە هەر تاکێک هەڵگری بەشێکە لەم پاشماگە هاوبەشە.
٤. دانەدواوەی هەر ئایدۆلۆژیایەک کە هەوڵی سڕینەوەی ئەم پەیوەندییە بنەڕەتییە بدات یان شوناسی نەتەوەیی بە شتێکی هەڵبژاردەیی یان کاتی وێنا بکات.
ب. ڕەنگی سپی: هێمای ڕووناکی وەک پەیمانی ژیانی بەکۆمەڵی گەش و ڕووناک
ڕەنگی سپی، لوتکەی پەیمانی نەتەوەی کوردە بۆ بنیاتنانی ژیانێکی بەکۆمەڵی گەش و ڕووناک و خاوەن ویستی پۆڵایین، کە لەسەر بنەماکانی ئاوەز، قانوون، دادپەروەری و ویستی بەکۆمەڵی سەروەریی ڕەها لە کوردستان وەک وڵاتی نەتەوەی کورد دامەزراوە. ئەمە پەیمانی ئامانجە؛ ئەو ئاسۆ ڕوونەی کە خەباتی نەتەوە بەرەو ئەو ئاڕاستە دەکات. ئەم پەیمانە دەوڵەت و شارۆمەند پابەند دەکات بە:
١. بنیاتنانی دەوڵەتێکی هێزمەند و قانوونسەروەر کە تێیدا هیچ کەسێک لە سەرووی قانوونەوە نییە.
٢. مسۆگەرکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان وەک بنچینەی ژیانێکی شکۆمەندانە.
٣. پەرەپێدانی زانست و ڕۆشنگەری و بەرەنگاربوونەوەی نەزانی و دواکەوتوویی.
٤. کارکردنی بێوچان بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و دادپەروەر کە ببێتە چرایەک بۆ ناوچەکە و جیهان.
پ. ڕەنگی سەوز: پەیمانی وار
ڕەنگی سەوز، هێمای پەیمانی دانەبڕاو و هەردەمیی نەتەوەی کورد و شارۆمەندانییەتی لەگەڵ خاک و وارگەی پیرۆزی کوردستاندا. ئەمە نەک هەر پەیوەندییەکی جوگرافی، بەڵکو پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی و بوونناسانەییە لەنێوان نەتەوە و ئەو خاکەی کە جەستەی فیزیکیی و شانۆی بەرجەستەبوونی بوونایەتییە مێژووییەکەیەتی. ئەم پەیمانە دەوڵەت و شارۆمەند پابەند دەکات بە:
١. پاراستنی بێ سازانی یەکپارچەیی وارگەی نەتەوەیی وەک بەرزترین ئەرکی بوونایەتی.
٢. ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی خاک وەک ئەرکێکی پیرۆز، نەک تەنیا وەک سەرچاوەیەکی ئابووری، بەڵکو وەک بەدیهێنانی تواناکانی نەتەوە لەسەر جەستەی خۆی.
٣. ڕێزگرتن لە سروشت و پاراستنی ژینگەی کوردستان وەک پاشماگێکی نەوەکانی داهاتوو.
٤. دانەدواوەی ڕەهای هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای خاک یان لێدابڕینی هەر بستێکی، کە بە ناپاکی لەم پەیمانە هەژمار دەکرێت.
دووەم: هێمای خۆر و سەرچاوەی وزەی نەتەوەیی
خۆری زێڕینی ناوەند، دڵی لێدەری ئاڵاکەیە و هێمای ژیان، زانین و سەرهەڵدانەوەی هەردەمیی نەتەوەیە. ئەم خۆرە نوێنەری ئەو وزە هەربووییە کە پەیمانەکانی وار و نەتەوە و ژیانی بەکۆمەڵ پێکەوە گرێ دەدات و دەیانکاتە یەکەیەکی زیندووی خاوەن سەروەری.
٢.١. وزەی خۆر:
ئا. وزەی خۆر ژیان بە وارگەی کوردستان (سەوز) دەبەخشێت و دەیگۆڕێت لە خاکێکی بێگیانەوە بۆ نیشتمانێکی زیندوو.
ب. وزەی خۆر خوێنی نەتەوە (سوور) گەرم دەکات و ویستی بەرگری و یەکێتیی پێدەبەخشێت.
پ. تیشکی خۆر ڕێگای ژیانی بەکۆمەڵی گەش و ڕووناک (سپی) ڕۆشن دەکاتەوە و ئاسۆی سەروەریی و ئاوەدانی کوردستان دیاری دەکات.
٢.٢. ژمارەی بیست و یەک (٢١) تیشکەکەی ئاماژەیە بەم دوو ڕاستەواییە مێژووییە دامەزرێنەرە، کە لە یادەوەریی نەتەوەییدا نەسڕاونەتەوە:
ئا. بیست و یەکی ئازار (نەورۆز)، وەک نوێبوونەوەی ساڵانەی پەیمانی نەتەوە لەگەڵ ژیان و بەرەنگاریدا.
ب. بیست و یەکی کانوونی دووەمی ١٩٤٦، ساڵی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، وەک یەکەم بەرجەستەبوونی قانوونیی و وارگێڕیی مۆدێرنی ویستمەندی هەردەمیی نەتەوە بۆ دەوڵەتداری.
سێیهم: پێگەی قانوونیی و نیشتمانی
٣.١. ئاڵای کوردستان خاوەنی پێگەی دەستووری و سەروەریی قانوونیی ڕەبەقە و بەم جۆرە ڕایی دەکرێت:
ئا. ئاڵای کوردستان وەک هێمایەکی باڵا، خاوەنی پێگەیەکی دەستووری و سەروەریی ڕەبەقە لە گشت بوارەکانی نوێنەرایەتیکردنی دەوڵەتدا، چ لەناو کوردستان و چ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.
ب. دەبێت ئاڵای کوردستان بە شکۆوە لەسەر هەموو تەلار و باڵەخانە فەرمییەکان، نووسینگەکانی دەسەڵات، باڵیۆزخانەکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکان هەڵبدرێت و بە بەرزی و دیاری بشەکێتەوە.
پ. ئامادەیی ئاڵا لەم شوێنانە ئەرکێکی قانوونییە و نەبوونی، بە پێشێلکاریی دەستووری و بێڕێزی بە پیرۆزییە نیشتمانییەکان هەژمار دەکرێت.
ت. ئاڵا هێمای فەرمیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری کوردستانە و لەسەر جلوبەرگ و بنکە سەربازییەکان بە شێوەیەکی شکۆمەندانە بەکاردێت. ههڵكردنى ههر ئاڵايهكى ديكه، جگه له ئاڵاى كوردستان لهلايهن هێزهكانى چهكدار، به سهرپێچى دهستوورى ههژمار دهكرێت.
ج. دەبێت ئاڵا وەک بەشێک لە پرۆگرامی خوێندن بناسێنرێت و ڕێزگرتن لێی وەک بەهایەکی باڵا، لەنێو نەوەی نوێی کوردستاندا بچەسپێنرێت.
چوارهم: تاوان دژی ئاڵا
٤.١. سووکایەتی بە ئاڵای نەتەوەیی بەم شێوەیە پێناسە و سزا دەدرێت:
ئا. هەر کردەوەیەک – چ زارەکی، چ هێمایی یان فیزیکی – کە سووکایەتی، ڕێزشکاندن، شێواندن یان کەمکردنەوە بێت لە شکۆ و پێگەی ئاڵای کوردستان، بە تاوانێکی گەورە و نابەخشراو دژی سەروەریی و شکۆی دەوڵەت و نەتەوەی کورد دادەنرێت.
ب. تاوانەکانی دژی ئاڵا بەپێی قانوون بەرکارەکانی سزادانی نیشتمانی سزا دەدرێن.
پ. سزای ئەم تاوانانە دەکرێت داماڵینی مافە شارستانییەکان، سزای بەندکردن، یان هەر سزایەکی تری توند کە قانوون دیاری دەکات، لەخۆ بگرێت.
پێنجهم: ئەرکی پاراستن
٥.١. پاراستنی ئاڵای کوردستان ئەرکی گشتییە و بەم شێوەیە ڕایی دەکرێت:
ئا. پاراستن، ڕێزگرتن و بەرزڕاگرتنی شکۆی ئاڵا، ئەرکێکی نیشتمانیی سەرشانی هەموو شارۆمەندان، دامەزراوەکان و نوێنەرانی کوردستانە لە هەر شوێنێکی جیهان بن.
ب. دەبێت ئاڵا هەمیشە بە شکۆمەندی پیشان بدرێت و هەرگیز نابێت لەژێر هیچ هێمایەکی دیکەوە بێت، بەڵکو دەبێت وەک پیرۆزترین هێمای نیشتمانی، شانبەشانی خاک و سەروەریی کوردستان، هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت.
٥.٢. شێوازی هەڵکردن، داگرتن و ڕێزگرتن لە ئاڵا بە قانوونێکی تایبەت ڕێکدەخرێت.
