دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 37

تاوانی باڵای ناپاکیی نیشتمانی

یەکەم: بنەما و شکۆمەندیی قانوونیی

بەندی 37 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

یەکەم: بنەما و شکۆمەندیی قانوونیی

وەفاداری بۆ کۆماری کوردستان و پاراستنی بوون و سەروەرییەکەی، بەرزترین ئەرک و پەیمانی پیرۆزی نێوان شارۆمەند و نیشتمانە. لەم ڕوانگەیەوە، ناپاکیی نیشتمانی بە قورسترین تاوان دژی بوونی دەوڵەت، شکۆی نەتەوە و ئاسایشی گشتی دادەنرێت. ئەم تاوانە پێشێلکاریی ڕاستەوخۆی ئەو پەیمانە بنەڕەتییەیە کە کۆمار لەسەری دامەزراوە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی لێخۆشبوون نییە.

دووەم: پێناسەی گشتیی تاوان

تاوانی باڵای ناپاکیی نیشتمانی، بریتییە لە هەر کردەوەیەکی بە مەبەست و ئاگایانە، کە لەلایەن هەر شارۆمەندێک، بەرپرسێکی دەوڵەتی، یان هەر کەسێکی نیشتەجێی کوردستانەوە ئەنجام بدرێت کە سوێندی وەفاداریی خواردبێت و بە مەبەستی زیانگەیاندن بە سەروەریی، یەکپارچەیی، ئاسایش، یان سەقامگیریی پەڕگاڵی دەستووریی کۆماری کوردستان بێت، یان ببێتە هۆی بەهێزکردنی دوژمن و لاوازبوونی پێگەی دەوڵەت.

سێیەم: پۆلێنکردنی کردەوەکانی ناپاکیی نیشتمانی

بۆ مەبەستی ڕوونیی قانوونیی، کردەوەکانی تاوانی باڵای ناپاکیی نیشتمانی ئەم بوارانەی خوارەوە دەگرێتەوە، بەڵام تەنیا بەمانەوە سنووردار نییە:

٣.١. تاوانی دژ بە سەروەریی و یەکپارچەیی وڵات:

ئا. هاندانی شەڕی دەرەکی: ئەنجامدانی هەر کردەوەیەک کە ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕ دژی کۆماری کوردستان یان خستنە مەترسییەوە.

ب. خستنە ژێر دەسەڵاتی بیانی: کارکردن بۆ خستنی کۆماری کوردستان یان هەر بەشێک لە خاکەکەی، بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی بیانی.

پ. هاوکاریکردنی دوژمن: پێشکەشکردنی هەر جۆرە یارمەتییەک، چ شتەکی، چ لۆجستیکی، چ مرۆیی، بە هێزێکی دوژمن لە کاتی جەنگ یان هەر پێکدادانێکی چەکداریدا.

ت. ڕادەستکردنی دامەزراوەی سەربازی: ڕادەستکردنی هەر بنکە، قەڵا، کەشتی، فڕۆکە، یان هەر دامەزراوەیەکی سەربازیی گرنگ بە دوژمن.

ج. یاخیبوونی چەکداری: دامەزاندن، سەرکردایەتیکردن، یان بەشداریکردن لە هەر گرووپێکی چەکداریی ناوخۆییدا کە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی دەوڵەت و دابەشکردنی خاک بێت.

٣.٢. تاوانی دژ بە ئاسایشی دەوڵەت و نهێنییە باڵاکان (سیخوڕی):

ئا. ئاشکراکردنی نهێنییە باڵاکان: ئاشکراکردن یان گواستنەوەی هەر زانیاری، بەڵگەنامە، یان تەکنەلۆژیایەک کە بە نهێنیی باڵای سەربازی، هەواڵگریی، دیپلۆماسی، یان ئابووریی ستراتیژی پۆلێن کراوە، بۆ هەر دەوڵەت، ڕێکخراو، یان لایەنێکی بیانی.

ب. کۆکردنەوەی زانیاری بۆ دوژمن: بەدەستهێنان یان هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی نهێنی بە مەبەستی گەیاندنی بە لایەنێکی بیانی کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت بگەیەنێت.

پ. چالاکیی هەواڵگریی بێ مۆڵەت: ئەنجامدانی چالاکیی هەواڵگری لەسەر خاکی کوردستان بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی بیانی، تەنانەت ئەگەر زانیاریی نهێنیشی تێدا نەبێت، بە مەرجێک زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی بگەیەنێت.

٣.٣. تاوانی دژ بە پەڕگاڵی دەستووری و دامەزراوە باڵاکان:

ئا. گۆڕینی نادەستووریی پەڕگاڵ: هەوڵدان بۆ گۆڕینی پەڕگاڵی دەستووریی وڵات بە بەکارهێنانی هێز، هەڕەشە، یان هەر شێوازێکی ناقانوونیی دیکە.

ب. هێرشکردنە سەر دامەزراوە باڵاکان: ئەنجامدانی هێرشی چەکداری یان توندوتیژی دژی بارەگای سەرۆکایەتی کۆمار، مەکۆی نیشتمانی، مەکۆی ژیران، یان دادگای باڵا.

پ. هێرشکردنە سەر سەرکردە باڵاکان: ئەنجامدان یان پیلانگێڕی بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی دەوڵەت، سەرۆکی مەکۆی نیشتمانی، سەرۆکی مەکۆی ژیران، یان سەرۆکی دادگای باڵا، بە مەبەستی تێکدانی پەڕگاڵی دەوڵەت.

ت. ڕێگریکردن لە کاری دامەزراوەکان: بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشە بۆ ڕێگریکردن لە کارکردنی ئاسایی دامەزراوە دەستوورییە باڵاکانی دەوڵەت.

٣.٤. تاوانی دژ بە ژێرخانی ژینەکی و ئاسایشی ئابووری:

ئا. تێکدانی ژێرخانی ستراتیژی: ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانەی مەبەستدارانە دژی ژێرخانە ژینەکییەکانی وڵات وەک سەرچاوەکانی وزە، بەنداوەکان، تۆڕەکانی پەیوەندی، پەرگاڵی بانکی ناوەندی، یان هێرشی ئەلیکترۆنی (سایبەری) بۆ سەر دامەزراوە هەستیارەکان.

ب. شەڕی ئابووری: ئەنجامدانی هەر کردەوەیەک بە هاوکاریی لایەنێکی دەرەکی کە ئامانج لێی داڕمانی ئابووریی کوردستان بێت، وەک تێکدانی بەهای دراوی نیشتمانی یان قاچاخچێتیی ستراتیژی.

چوارەم: بارودۆخی قورسکەر

ئەگەر هەر کام لە تاوانەکانی ئاماژەپێکراو لەلایەن کەسێکەوە ئەنجام بدرێت کە پۆستێکی باڵای دەوڵەتی، سەربازی، یان دادوەریی هەبێت و سوودی لە پۆستەکەی وەرگرتبێت بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە، ئەوا بە بارودۆخی قورسکەر هەژمار دەکرێت و کاریگەریی لەسەر توندیی سزاکەی دەبێت.

پێنجەم: دادگاییکردن و ڕێکارەکان

٥.١. دادگای تایبەتمەند: گشت تاوانەکانی ناپاکیی نیشتمانی لە دادگایەکی تایبەتمەنددا تاوتوێ دەکرێن کە پێکهاتە و دەسەڵاتەکانی بە قانوونێکی تایبەت دیاری دەکرێت.

٥.٢. پڕۆسەی دادپەروەرانە: سەرەڕای قورسیی تاوانەکە، دەبێت پڕۆسەی دادگاییکردن بە تەواوی دادپەروەرانە بێت و گشت مافە دەستوورییەکانی تۆمەتبار، لەوانە مافی بەرگری و هەبوونی پارێزەر، پارێزراو بێت.

شەشەم: سزا و ئاکامەکان

٦.١. توندترین سزا: هەر کەسێک بەم تاوانە سزا بدرێت، ڕووبەڕووی توندترین سزای دیاریکراو لە قانووندا دەبێتەوە.

٦.٢. لێخۆشنەبوونی هەردەمیی: تاوانی باڵای ناپاکیی نیشتمانی لێبوردنی گشتی یان تایبەتی نایگرێتەوە و بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابێت.

٦.٣. سزای تەواوکەر: جگە لە سزای سەرەکی، تاوانبار بە شێوەیەکی هەردەمیی لە گشت مافە وارگێڕی و ژیارییەکانی بێبەش دەکرێت و ئەو سامانەی لە ئەنجامی تاوانەکەوە بەدەستی هێناوە، لەلایەن دەوڵەتەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

حەوتەم: چوارچێوەی قانوونیی

قانوونێکی تایبەت، وردەکاریی کردەوەکانی تاوانی ناپاکیی نیشتمانی، پێکهاتە و دەسەڵاتی دادگای تایبەتمەند، ڕێکارەکانی دادگاییکردن، و جۆری سزاکان بە شێوەیەکی ورد دیاری دەکات.