دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 36

ئەرکی بەرگریی نیشتمانی و ڕاژەی گشتی

پاراستنی سەروەریی، یەکپارچەیی وڵات، و پەڕگاڵی دەستووریی کۆماری کوردستان، ئەرکێکی پیرۆز و مافێکی سەوداهەڵنەگری سەرشانی هەموو شارۆمەندێکە. دەوڵەت لەسەر بنەمای "بەرگریی گشتگیر" هێزی بەرگریی نیشتمانی دادەمەزرێنێت.

بەندی 36 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

پاراستنی سەروەریی، یەکپارچەیی وڵات، و پەڕگاڵی دەستووریی کۆماری کوردستان، ئەرکێکی پیرۆز و مافێکی سەوداهەڵنەگری سەرشانی هەموو شارۆمەندێکە. دەوڵەت لەسەر بنەمای "بەرگریی گشتگیر" هێزی بەرگریی نیشتمانی دادەمەزرێنێت.

یەکەم: هێزی بەرگریی نیشتمانی

١.١. کۆماری کوردستان خاوەنی هێزێکی بەرگریی نیشتمانیی یەکگرتووە، کە ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە پاراستنی وڵات لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی و ناوخۆیی کە ئاسایشی نەتەوەیی بخاتە مەترسییەوە.

١.٢. هێزی بەرگریی نیشتمانی بە تەواوی لەژێر فەرمانی دەسەڵاتی قانوونیی و دەستووریی وڵاتدایە و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرکۆمارە.

١.٣. هەر جۆرە چالاکییەکی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم هێزە بە تەواوی ڕێنەدراوە و بە هەوڵێک دژی ئاسایشی دەوڵەت هەژمار دەکرێت.

دووەم: بنەمای بەرگریی گشتگیر

پەرگاڵی بەرگریی وڵات لەسەر بنەمای بەرگریی گشتگیر دادەمەزرێت، کە پێکدێت لە:

٢.١. هێزێکی پیشەیی هەردەمیی، کە کۆڵەکەی سەرەکی ئارتەش پێکدەهێنێت و بە بەرزترین ئاستی لێهاتوویی و تەکنەلۆژیا پڕچەک دەکرێت.

٢.٢. هێزێکی یەدەگی بەرفراوان، کە لەو شارۆمەندانە پێکدێت کە ڕاژەی گشتییان گەیاندۆتە کۆتایی و لە کاتی پێویستدا بانگهێشت دەکرێنەوە.

سێیەم: ڕاژەی نیشتمانیی ناچاری

٣.١. ڕاژەکردن لە چوارچێوەی پەرگاڵی بەرگریی نیشتمانیدا، ئەرکێکی قانوونییە و هەموو شارۆمەندێکی شایستە دەگرێتەوە.

٣.٢. ئەم ئەرکە ژن و پیاو بە یەکسانی دەگرێتەوە و قانوون وردەکارییەکانی ڕێکدەخات.

٣.٣. قانوون ڕێگە بە جێگرەوەی "ڕاژەی ژیاری" (مەدەنی) دەدات بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی باوەڕی ویژدانی یان هۆکاری پزیشکیی سەلمێنراوەوە ناتوانن چەک هەڵبگرن. ڕاژەی ژیاری لە دامەزراوە گشتییەکان و بۆ بەرژەوەندیی گشتی بەڕێوەدەچێت.

چوارەم: بانگەوازی گشتی و هێزی یەدەگ

لە کاتی جەنگ، داگیرکاری، یان هەر هەڕەشەیەکی بوونایەتی بۆ سەر کۆمار، دەوڵەت مافی ڕاگەیاندنی "بانگەوازی گشتی" و بانگهێشتکردنی هێزی یەدەگی نیشتمانیی هەیە. هەموو شارۆمەندێک لەم دۆخەدا ئەرکیەتی بەپێی توانا و پسپۆڕی بەشداری لە بەرگریی نیشتمانیدا بکات.

پێنجەم: چوارچێوەی قانوونیی

قانوونێکی تایبەت وردەکارییەکانی پێکهاتەی هێزی بەرگریی نیشتمانی، ماوە و شێوازی ڕاژەی گشتی و ڕاژەی ژیاری، ماف و ئەرکی سەربازان، و پڕۆسەی بانگەوازی گشتی ڕێکدەخات.