دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 35

ئەرک و چوارچێوەی قانوونیی پارتییە وارگێڕییەکان

پارتییە وارگێڕییەکان، وەک کەرەسەی بنەڕەتی دەسەڵاتی وارگێڕیی و ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراسی، ئامرازی سەرەکیی پێکهێنانی ویستمەندیی وارگێڕیی نەتەوە و پردی پەیوەندیی نێوان شارۆمەندان و دەسەڵاتن. دامەزراندن و کارکردنیان تەنیا لە چوارچێوەی قان…

بەندی 35 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

پارتییە وارگێڕییەکان، وەک کەرەسەی بنەڕەتی دەسەڵاتی وارگێڕیی و ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراسی، ئامرازی سەرەکیی پێکهێنانی ویستمەندیی وارگێڕیی نەتەوە و پردی پەیوەندیی نێوان شارۆمەندان و دەسەڵاتن. دامەزراندن و کارکردنیان تەنیا لە چوارچێوەی قانووندا و بە مەبەستی بەشداریکردنی بنیاتنەرانە لە کێبڕکێی تەندرووستی وارگێڕیی و دیموکراتی لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیک و ڕووەن لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا ڕەوایەتیی هەیە و دەبێت ببنە هۆکاری پتەوکردنی یەکێتیی نەتەوەیی، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی وارگێڕی، و بەهێزکردنی کۆڵەکەکانی کۆماری کوردستان، نەک لاوازکردنیان.

یەکەم: ئەرک و ڕۆڵی بنیاتنەرانە

پارتییە وارگێڕییەکان، وەک دامەزراوەی ژینەکیی ژیانی دیموکراسی و ئازادی، ئەرکیانە لە ڕێگەی ئەم چالاکییە بنەڕەتییانەوە بەشداری لە بنیاتنان و بەهێزکردنی کۆماردا بکەن:

١.١. پێکهێنانی ویستمەندیی وارگێڕیی نەتەوەیی:

ئا. کارکردن وەک سەکۆی سەرەکی بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی بیروڕا جیاوازەکانی کۆمەڵگا و گۆڕینیان بۆ بەرنامەی وارگێڕیی کردەیی، کە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا دەخرێتە بەردەم بڕیاری دەوڵەت.

١.٢. داڕشتنی بەرنامە و وارگێڕیی نیشتمانی:

ئا. پێشکەشکردنی دیدگای ستراتیژی و بەرنامەی تۆکمە و گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بوارەکانی ئابووری، ئاسایش، پەروەردە و وارگێڕیی دەرەوە.

ب. مسۆگەرکردنی ئەوەی کە هەموو بەرنامەیەک لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکان و بنەما نەگۆڕەکانی ئەم دەستوورەدا هاوتەریب بێت.

١.٣. پێگەیاندنی سەرکردە و کادری نیشتمانی:

ئا. کارکردن وەک قوتابخانەیەکی وارگێڕی بۆ دۆزینەوە، پێگەیاندن و ئامادەکردنی نەوەیەکی نوێ لە سەرکردە و کادری لێهاتوو.

ب. دامەزراندنی پرۆگرامی ڕاهێنانی ناوخۆیی لەسەر بنەماکانی دەوڵەتداریی مۆدێرن، قانوون و کارگێڕی، کە شایستەی وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی باڵا بن لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

پ. هاندانی کادرەکانیان بۆ بەدەستهێنانی پسپۆڕی لە بوارە ژینەکییەکانی دەوڵەتداریدا.

١.٤. ڕێکخستنی بەشداریی هەڵبژاردن:

ئا. ڕێکخستن و هاندانی شارۆمەندان بۆ بەشداریکردنی کارا لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا وەک بەرزترین کردەی ڕاییکردنی ویستمەندیی نەتەوەیی.

ب. پاڵاوتنی کاندیدی شایستە و خاوەن توانست بۆ پۆستە هەڵبژێردراوەکان، کە نوێنەرایەتیی بەرنامەی پارتییەکە و بەرژەوەندیی گشتی بکەن.

١.٥. هۆشیارکردنەوەی وارگێڕیی شارۆمەندان:

ئا. بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی وارگێڕی و شارۆمەندی لە ڕێگەی دیالۆگی بێوچان و ناساندنی ماف و ئەرکەکانی شارۆمەندان.

ب. ڕوونکردنەوەی پرسە ئاڵۆزە نیشتمانییەکان بۆ ڕای گشتی، بۆ بەهێزکردنی بنەمای بڕیاردانی ئاگاهانە.

١.٦. نوێنەرایەتی و چاودێریی دیموکراتی:

ئا. گواستنەوەی داخوازکاری و گازندەی شارۆمەندان بۆ ناوەندەکانی بڕیار.

ب. ڕاییکردنی ئەرکی چاودێریی بنیاتنەرانە بەسەر کاری دەسەڵاتی ڕایەدارەوە، بەتایبەتی کاتێک لە ئۆپۆزسیۆندان.

پ. بەشداریکردنی کاریگەرانە لە کاری لیژنە تایبەتمەندەکانی دەسەڵات لە قانوونداناندا.

ت. بوون بە پردی پەیوەندیی نێوان شارۆمەند و دەوڵەت.

١.٧. پراکتیزەکردنی دیموکراسیی ناوخۆیی:

ئا. کارکردن وەک نموونەیەکی بچووککراوەی دیموکراسی، لە ڕێگەی ڕاییکردنی هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئازاد و ڕووەن بۆ هەموو ئۆرگانەکانی.

ب. ڕێزگرتن لە مافی ئەندامان بۆ ڕەخنەگرتن و بەشداریکردن لە داڕشتنی بڕیاردا، بۆ ئەوەی پارتییەک ببێتە قوتابخانەیەک بۆ پەروەردەکردنی شارۆمەندی دیموکرات.

١.٨. بەهێزکردنی یەکێتیی نەتەوەیی و سەقامگیری:

ئا. کارکردن بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی هەمیشە لە سەرووی بەرژەوەندیی تەسکی پارتییەوە بێت.

ب. بنیاتنانی پردی پەیوەندی و هاندانی دیالۆگ لەنێوان توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا.

دووەم: مەرجەکانی دامەزراندن و ڕەوایەتی

هەر پارتییەکی وارگێڕی بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایەتیی قانوونیی و درێژەدارییەتی، دەبێت پابەندی ئەم مەرجانە بێت:

٢.٢. پابەندبوونی بێ مەرج بە بنەما نەگۆڕەکانی دەروازەی یەکەمی ئەم دەستوورە.

٢.٣. هەبوونی پەیڕەوێکی ناوخۆیی دیموکراتی کە گۆڕینی دەوریی سەرکردایەتی مسۆگەر بکات.

٢.٤. ڕوونایی ڕەبەقی سەرچاوە داراییەکان و ملکەچبوون بۆ چاودێریی قانوونیی.

٢.٥. ئاشکرابوونی ئامانج، پەیڕەو، و بەرنامەکانی بۆ ڕای گشتی.

٢.٦. هەموو دۆخێکدا دەبێ لە پەرگاڵی تۆماری نیشتمانی یان باڵاترین دەزگای نیشتمانی تۆمار کرابێت.

سێیەم: ڕێنەدراوکارییە ڕەهاکان

ئەنجامدانی هەر کام لەم کردەوانەی خوارەوە بە پێشێلکاریی بنەڕەتیی دەستوور هەژمار دەکرێت:

٣.١. دامەزراندنی باڵی چەکداری یان پەنابردن بۆ توندوتیژی.

٣.٢. هاندانی دووبەرەکی و پێکدادانی ئێتنیکی، ئایینی، یان ناوچەیی.

٣.٣. وەرگرتنی فەرمان یان یارمەتیی دارایی لە لایەنی بیانی بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان.

٣.٤. هەر چالاکییەک کە سەروەریی و یەکپارچەیی وڵات بخاتە مەترسییەوە.

چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی قانوونیی

هەڵوەشاندنەوەی پارتییەکی وارگێڕی تەنیا بە بڕیارێکی کۆتایی دادگای باڵا دەبێت، لەسەر بنەمای بەڵگەی سەلمێنراوی پێشێلکردنی یەکێک لە بڕگەکانی ئەم بەندە.

پێنجەم: پشتیوانیی دارایی گشتی و ڕوونایەتی

٥.١. دەوڵەت دەتوانێت بەپێی قانوون، پشتیوانیی دارایی گشتی پێشکەش بەو پارتییە وارگێڕییانە بکات کە لە هەڵبژاردنەکاندا نوێنەرایەتی بەدەست دەهێنن. ئەم پشتیوانییە دەبێت ڕووەن و دادپەروەرانە بێت.

٥.٢. هەموو پارتییەک پابەندە بە بڵاوکردنەوەی ساڵانەی ڕاپۆرتی وردی دارایی خۆی بۆ ڕای گشتی، کە سەرچاوەی داهات و شێوازی خەرجییەکانی تێدا ڕوون کرابێتەوە.

شەشەم: جیاکردنەوەی ڕەهای پارتی لە دەوڵەت

٦.١. بەکارهێنانی سامانی گشتی، دامەزراوەکانی دەوڵەت، یان کارمەندانی دەوڵەتی بۆ بەرژەوەندیی پارتی بە تەواوی ڕێنەدراوە و بە تاوانی گەندەڵیی نیشتمانی هەژمار دەکرێت.

٦.٢. نابێت هیچ بەرپرسێکی باڵای دەوڵەت لە هەمان کاتدا پۆستی سەرکردایەتیی کارا لە پارتەکەیدا وەربگرێت، بەپێی ئەو وردەکارییانەی کە قانوون دیاری دەکات.

حەوتەم: پێگەی دەستووریی ئۆپۆزسیۆنی بنیاتنەر

٧.١. ئەو لایەن و پارتانەی کە لە دەسەڵاتدا نین، ئۆپۆزسیۆنی فەرمی پێکدەهێنن و ڕۆڵیان وەک چاودێرێکی بنەڕەتیی سەر دەسەڵات و هێزێکی پێشکەشکردنی بەدیلی وارگێڕی، لەلایەن دەستوورەوە پارێزراوە.

٧.٢. قانوون مافی ئۆپۆزسیۆن بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری و بەشداریکردن لە لیژنە گرنگەکانی پەرلەماندا مسۆگەر دەکات.

هەشتەم: ڕێنەدراوکردنی چالاکیی بازرگانی و قۆرخکاریی ئابووری

٨.١. پارتییە وارگێڕییەکان وەک دامەزراوەی وارگێڕی کار دەکەن و بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە خاوەندارێتیی کۆمپانیای بازرگانی بکەن یان بەشدار بن لە چالاکیی ئابووریدا.

٨.٢. هەر هەوڵێک لەلایەن پارتییەکەوە بۆ قۆرخکردنی بازاڕ یان بەکارهێنانی دزەکردنی وارگێڕی بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی ئابووری، بە تاوانێکی گەورە دژی ئابووریی نیشتمانی دادەنرێت.

نۆیەم: بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتی و ئاشکراکردنی سامان

سەرۆک و ئەندامانی دەفتەری وارگێریی یان هەر ئۆرگانێکی باڵای هاوشێوەی هەموو پارتییە وارگێڕییەکان، پابەندن بەوەی ساڵانە و بە شێوەیەکی گشتی، سامانی خۆیان و سەرچاوەی داهاتیان بۆ دەستەیەکی تایبەتمەندی سەربەخۆ ئاشکرا بکەن.

دەیەم: ڕێکخستنی قانوونیی

قانوونێکی تایبەت، وردەکاریی هەموو بڕگەکانی ئەم بەندە، لەوانە مەرجەکانی دامەزراندن، شێوازی کارکردن، میکانیزمی پشتیوانی و چاودێریی دارایی، و پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پارتییە وارگێڕییەکان، ڕێکدەخات.