وڵات و وارپارێزیی (تێریتۆریالیزم)
کوردستان دەوڵەتێکی کۆماریی سەربەخۆیە، کە تەنیا وڵات و وارگەی (تێریتۆری) نەتەوەی کوردە. سەروەریی نەتەوەیی کوردستان نەگۆڕ و سەوداهەڵنەگرە و نە بەش دەکرێت و نە بە هاوبەشی دادەنرێت. ڕیشەی ئەم سەروەرییە لە درێژەدارییەتی مێژوویی، کولتوری و وارگەی نەتەوەیی کوردستا…
کوردستان دەوڵەتێکی کۆماریی سەربەخۆیە، کە تەنیا وڵات و وارگەی (تێریتۆری) نەتەوەی کوردە. سەروەریی نەتەوەیی کوردستان نەگۆڕ و سەوداهەڵنەگرە و نە بەش دەکرێت و نە بە هاوبەشی دادەنرێت. ڕیشەی ئەم سەروەرییە لە درێژەدارییەتی مێژوویی، کولتوری و وارگەی نەتەوەیی کوردستان وەک نەتەوەیەکی یەکبوویی هەیە.
یهكهم: پێناسەی سەروەریی و وارپارێزی
١.١. سەروەریی نەتەوەیی باڵاترین دەسەڵاتی قانوونیی نەتەوەی کوردە بەسەر وارگەی نەتەوەیی کوردستاندا کە تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی دانپێدانراوی خاوەن دەسەڵاتی ڕەها ڕایی دەکرێت.
١.٢. سەروەریی بنەمای وارگێڕی ڕەوای دەوڵەتی سەربەخۆیە و بەستێنی دەوڵەتداری و دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان دابین دەکات.
١.٣. وارپارێزیی بریتییە لە خاوەندارێتی ڕەبەق بەسەر گردوکۆی خاکی مێژوویی کوردستاندا.
١.٤. وارگەی نەتەوەیی کوردستان هەموو ئەو خاکە لەخۆ دەگرێت کە بە درێژایی مێژوو نەتەوەی کورد تێیدا نیشتەجێ بووە.
دوویهم: ئەرکی بەکۆمەڵ بۆ وارپارێزیی
٢.١. سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان ئەرکی قانوونیی و نیشتمانی وارپارێزیی و پاراستنی سەروەریی نەتەوەییان لەسەر شانە.
٢.٢. ئەم ئەرکە لە ڕێگەی:
ئا. بەشداری چالاک لە دامەزراوەکانی کوردستان
ب. وەفاداری بە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت
پ. ئامادەیی بۆ بەرگریکردن لە وارگەی نەتەوەیی لە کاتی ئاشتی و شەڕدا، ڕایی دەکرێت.
سێیهم: پابەندبوون بە وارگێڕیی بەرگری نیشتمانی
٣.١. دەوڵەتی کوردستان وارگێڕیی یەکگرتووی بەرگری نیشتمانی پەیڕەو دەکات.
٣.٢. دەوڵەت بە قانوون پێویستە:
ئا. هێزی بەرگری نیشتمانی دابمەزرێنێت
ب. بەشداری بەکۆمەڵی هاووڵاتیانی کوردستان لە بەرگری نیشتمانیدا ڕێکبخات
پ. هاوئاهەنگی نێوان دامەزراوە سەربازی و ژیارییەکان دابین بکات
٣.٣. ئامانجی بەرگری نیشتمانی نەک هەر بەرگریکردن، بەڵکو پاراستنی چالاکانەی سەربەخۆیی و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانە.
چوارهم: دەوڵەتداری و دەسەڵاتداری
٤.١. دەوڵەت و دەسەڵات دوو ڕەهەندی سەرەکی وارگێڕی لە کوردستانن:
ئا. دەوڵەت: پێکهاتەی هەردەمیی وارپارێزی و سەروەریی نەتەوەییە کە ئامرازەکانی لەشکەری، پەروەردە، دارایی و دیپلۆماسی لەخۆ دەگرێت.
ب. دەسەڵات (حکومەت): میکانیزمی کاتی وارگێڕییە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات کە لە ڕێگای هەڵبژاردنی گشتییەوە دادەمەزرێت.
٤.٢. کۆماری کوردستان دەوڵەتی کوردستانە و دەوڵەتی کوردستان ڕەوایی خۆی وەک زایەڵەی ویستمەندیی مێژووی کورد بۆ دەوڵەت تەنیا و تەنیا لەم دەستوورە وەردەگرێت و هیچ هێزێک و ویستێکی جیاوازی ناوخۆیی و یان ویستێک دژی دەرەکی ناتوانێت ئەم ڕەوایی لە دەوڵەتی کوردستان بستێنێتەوە.
٤.٣. هەموو هاووڵاتیان و شارۆمەندانی کوردستان بە ناسنامەی کوردستانی لە ڕێگای میکانیزمەکانی بەشداریی وارگێڕی وەک دامەزراندنی پارتی وارگێڕیی و چووونە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە مافی بەشداری لە دەسەڵاتداریان هەیە بە مەرجی پابەندبوون بە دەستوور و بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی کوردستان.
پێنجهم: پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی سەروەریی
٥.١. دەوڵەتی کوردستان مافی قانوونیی بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی و ئەندامێتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەیە.
٥.٢. دەوڵەتی کوردستان بە مەرجی بەرژەوەندیی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بەشداری چالاکانە لە پەیماننامە نێودەوڵەتیەکاندا دەکات و پابەندی ڕاییکردنیان دەبێت لە چوارچێوەی سەروەریی نەتەوەیی خۆیدا.
٥.٣. هەموو ڕێککەوتن و هاوپەیمانییەک دەبێت:
ئا) ڕووەن بن
ب) لەسەر بنەمای ڕێزی دووقۆڵی بۆ وارپارێزی کوردستان بن
پ) سەروەریی نەتەوەیی کوردستان لاواز نەکەن.
٥.٤. هەر ڕێککەوتنێک دژی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان بێت، لە ڕووی قانوونییەوە پووچەڵە.
شهشهم: دەستوور وەک یەکەم دامەزراوەی دەوڵەتی کوردستان
٦.١. دەستوور یەکەم دامەزراوەی دەوڵەتی کوردستانە، و ژێرخانی وارگێڕی و ژوراڵ بۆ هەموو دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتی کوردستان دادەڕێژێت.
٦.٢. ئەم دەستوورە پارێزوانی قانوونیی و دەستووری وارگەی نەتەوەیی، سەروەریی نەتەوەیی، ئاسایشی نەتەوەیی و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە.
٦.٣. بەندەکانی ئەم دەستوورە کە پەیوەندیدارن بە بنەماکانی دەوڵەتداری و وارپارێزی، نەگۆڕن و دەستکاری ناکرێن، مەگەر بۆ پتەوکردن و ڕاییکردنی باشتری هەمان بنەماکان.
٦.٤. دەستووری کۆماریی کوردستان زایەلەی ویستی و خواستی گشتی وەک بەرهەمی ژیریی کۆیی نەتەوەی کوردە لە کوردستان کە ئێستا لە قووڵایی خودی کۆیی خۆیدا خاوەنی کەسایەتی نەتەوەییە و هەموو ئەمانە کاتێک کە دەبێتە دەق، پێکەوە دەبن بە دەستووری کۆماری کوردستان.
٦.٥. هیچ قانوون، ڕێسا یان بڕیارێک نابێت دژی بنەماکانی ئەم بەندە دابڕێژرێت.
٦.٦. هەر کردەوە یان چالاکییەکی وارگێڕی یان کۆمەڵایەتی کە هەڕەشە بۆ سەروەریی و وارپارێزی کوردستان بکات، بە تاوانی ناپاکی نیشتمانی هەژمار دەکرێت و بە پێی قانوون سزا دەدرێت.
حهوتهم: زمانی کوردی و وار و سەروەریی
٧.١. زمانی کوردی درێژەدارییەتی مێژوویی و بەشێکی دانەبڕاوی ناسنامەی هەزاران ساڵەی نەتەوەیی و وارگەی نەتەوەیی کوردستانە.
٧.٢. هەموو ناوچەیەکی کوردستان، تەنانەت ئەو ناوچانەی کە نەتەوەی کورد تیایاندا بە کەمینە کراوە، بەشێکی دانەبڕاوی خاکی کوردستانن و هیچ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی، قانوونیی ئەم ڕاستییە ناگۆڕێت.
٧.٣. لە نێوان زاراوەکانی زمانی کوردی باڵادەستی و بندەستی پەسەند نەکراوە و هیچ زاراوەیەکی کوردی بە تاقی تەنیا زمانی کوردی نییە، بەڵکو زمانی کوردی وەک زنجیرەزاراوە، گردوگۆی گشت زاراوەکانی کوردییە و فەرمییەتی زمانی کوردی هەموو زاراوەکان دەگرێتەوە.
٧.٤. زمانی کوردی لە سەرانسەری کوردستان دەبێت:
ئا. زمانی فەرمی پەروەردە و خوێندن بێت
ب. لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا بەکار بهێنرێت
پ. لەلایەن هەموو دانیشتووانی کوردستانەوە فێر ببن
ت. دەوڵەتی کوردستان "ئەکادیمیای نیشتمانیی زمانی کوردی" دادەمەزرێنێت، کە ئەرکی ستانداردسازی، پەرەپێدان و ئاسانکاریی وێژەی فەرمی زمانی کوردی لە دامودەزگانی دەوڵەت و شوێنە گشتییەکاندا لە ئەستۆ دەگرێت، بە شێوەیەک کە لێک تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی ئاسان بکاتەوە و هاوکات ڕێز لە فرەزاراوەیی زمانی کوردی بگرێت.
٧.٥. هەموو ئەو کوردانەی کە لە ئەنجامی تواندنەوە و گواستنەوەی زمانیی، زمانی کوردی خۆیان لە دەست داوە، لە کوردبوون ناکەون و ئەرکی دەوڵەتی کوردستانە کە بە وارگێڕیی درووست زمانی کوردی بۆ خۆیان و نەوەکانی دواتریان بگەڕێنێتەوە.
ههشتهم: کوردستان وەک ژێرخانی نەتەوەیی
٨.١. سەروەریی و وارپارێزی کوردستان لە سنوورە وارگێڕییە ئەمپریاڵەکانی داگیرکەران تێدەپەڕێت و بەرهەمی خەباتی مێژوویی نەتەوەی کوردە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی.
٨.٢. سەروەریی کوردستان بەسەر وارگەی نەتەوەیی خۆی:
ئا) ئەنجامی بوونایەتی سروشتی و کەتواریی کوردە
ب) لە سەرووی ویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە
پ) بەرهەمی ویستی هەتایی و بێپسانەوەی نەتەوەی کوردە
نۆیهم: ناسێنەی کوردبوون و کوردستانیبوون
٩.١. پێناسەی کوردبوون:
ئا. کوردبوون ژێرخانی بوونناسانەی هەستی نەتەوەیی کوردە و دەرخەری پەیوەندیی ڕەچەڵەکی، مێژوویی، کولتوری و وارناسانە لەگەڵ نەتەوەی کوردە.
ب. دەوڵەتی کوردستان پێویستە پاراستنی ناسنامەی کوردبوون بە شێوازی دامەزراوەیی لە قانوون بنەڕەتی و لاوەکییەکاندا مسۆگەر بکات.
پ. بۆ پاراستنی کوردبوون دەبێت دامەزراوەی تایبەت بە کاروباری ناسنامەی نەتەوەیی دابمەزرێت کە ئەرکی دیاریکردن، پاراستن و چەسپاندنی پێوەرەکانی کوردبوونی لە ئەستۆ بێت.
٩.٢. ڕێگاکانی گواستنەوەی کوردبوون:
ئا. کوردبوون لە ڕێگەی ڕەچەڵەکی کوردییەوە دەگوێزرێتەوە، کە دەکرێت لە هەردووک دایک و باوک یان تەنیا یەکێکیانەوە وەرگیرابێت.
ب. کوردبوون لە ڕێگەی خۆئاگایی، هاوئاگایی و هەستی ناسنامەی ڕەچەڵەکمەندانەی کوردییەوە دەچەسپێت و گەشە دەکات.
پ. کوردبوون پابەندبوونی قانوونیی و کردارییە بە دەستووری کوردستان و وارپارێزیی نەتەوەیی کوردستان.
ت. کوردبوون مەرجی پەیمانی نەتەوەیی لەگەڵ دەوڵەتی کوردستان و پابەندبوونە بە ویستی سەروەریی ڕەبەقی نەتەوەیی.
٩.٣. پێناسەی کوردستانیبوون:
ئا. کوردستانیبوون پێوەبەستەییەکی بنەڕەتییە بە وارگەی نەتەوەیی کوردستان وەک وڵات و خاک کە بوونایەتی و ژیانی مرۆڤی کورد پێوەی گرێدراوە.
ب. کوردستانیبوون بنەمای قانوونیی و دەستووری هاووڵاتیبوونی کوردستانییە و مافی نیشتەجێبوون و ژیان لەسەر خاکی کوردستان مسۆگەر دەکات.
پ. کوردستانیبوون لە ڕێگەی لەدایکبوون لەسەر خاکی کوردستان لە دایک و باوکی خاوەن شارۆمەندیی کوردستانی، نیشتەجێبوونی درێژخایەن، یان پەیمانی هاووڵاتیبوون بەدەست دێت.
ت. کوردستانیبوون پەیوەستە بە پەسەندکردن و وەفاداری بە دەستووری کوردستان و ناسنامەی نەتەوەیی کوردستانەوە فەرمییەتی قانوونیی وەردەگرێت.
٩.٤. پێگەی شارۆمەندی کوردستانی:
ئا. شارۆمەندی کوردستانی بریتییە لە کۆی کوردان و ناکوردانی نیشتەجێی کوردستان کە خاوەنی پلەی شارۆمەندیین.
ب. گشت شارۆمەندانی کوردستان، بەبێ جیاوازی لە ڕەچەڵەک، نەژاد، ڕەگەز، ئایین، باوەڕ، زمان، یان پێگەی کۆمەڵایەتی، لە بەرامبەر بە قانووندا یەکسانن.
پ. گشت شارۆمەندانی کوردستان یەکسانن لە ئەرک و ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکان کە لە دەستووردا پێناسە کراون.
ت. ناکوردانی کوردستان مافی پاراستنی شوناسی فەرهەنگی و زمانی خۆیان هەیە بە مەرجێک پابەند بن بە دەستوور و سەروەریی وارگەی نەتەوەیی کوردستان.
٩.٥. ئەرکی دەوڵەت بەرامبەر بە کوردستانیبوون:
ئا. دەوڵەتی کوردستان بەرپرسیارە لە دیاریکردنی قانوون و ڕێساکانی پەیوەست بە شارۆمەندی کوردستان، مافی پەنابەری، مافی نیشتەجێبوون، و هەموو پرسە پەیوەندیدارەکان.
ب. دەوڵەت پێویستە هاوسەنگی نێوان مافەکانی تاکەکەسی شارۆمەندان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و وارگەی نەتەوەیی کوردستان بپارێزێت.
پ. قانوونی تایبەت بە شارۆمەندی و هاووڵاتیبوونی کوردستانی لەلایەن مەکۆی نیشتمانی کوردستانەوە دەردەچێت و پێوەر و مەرجەکانی وەرگرتن، لەدەستدان، و گەڕاندنەوەی شارۆمەندی دیاری دەکات.
