دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 27

پێکهاتەی دەسەڵاتی دادوەریی

دەسەڵاتی دادوەریی لە کۆماری کوردستاندا وەک کۆڵەکەیەکی سەربەخۆ و ژینەکیی دەوڵەت، لە پەرگاڵێکی پلەبەندی دادگاکان و کۆڕێکی باڵای دادوەریی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کارگێڕیی دادوەران پێکدێت. ئەم پێکهاتەیە بۆ دابینکردنی دادپەروەریی، سەروەریی قانوون و پاراستنی ماف…

بەندی 27 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

دەسەڵاتی دادوەریی لە کۆماری کوردستاندا وەک کۆڵەکەیەکی سەربەخۆ و ژینەکیی دەوڵەت، لە پەرگاڵێکی پلەبەندی دادگاکان و کۆڕێکی باڵای دادوەریی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کارگێڕیی دادوەران پێکدێت. ئەم پێکهاتەیە بۆ دابینکردنی دادپەروەریی، سەروەریی قانوون و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی شارۆمەندانی کوردستان داندراوە و بەپێی ئەم دەستوورە و قانوون پەیوەندیدارەکان کار دەکات.

یەکەم: پەرگاڵی دادگاکان

١.١. پەرگاڵی دادگاکان لە کۆماری کوردستاندا بە شێوازێکی پلەبەندی ڕێکخراوە و لەم دادگایانەی خوارەوە پێکدێت:

ئا. دادگای باڵا: باڵاترین دەزگای دادوەرییە و لە لووتکەی پەرگاڵی دادگاکاندا جێی دەبێتەوە. وەک پارێزەری ڕەهای دەستوور، دەسەڵاتی کۆتایی لەسەر پێداچوونەوەی دەستووریی بە قانوون و کردارەکانی دەسەڵاتەکاندا هەیە و یەکلاکەرەوەی ناکۆکییە دەستووری و قانوونییەکانە (وەک لە بەندی ٢٨دا بە وردی باس دەکرێت).

ب. دادگا ناوەندییەکان: ئەم دادگایانە لە پلەی دواتری دادگای باڵا دێن و بە گشتی پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی دادگا سەرەتاییەکاندا دەکەن و لە هەندێک جۆری کەیسی دیاریکراودا دەکرێت دادگای پلەی یەکەم بێت.

پ. دادگا سەرەتاییەکان: ئەم دادگایانە یەکەم پلەی دادگاکانن و لە بوارە جیاوازەکاندا (وەک شارستانی، سزایی، تاوانی و کارگێڕی، هتد) هەڵسوکەوت لەگەڵ زۆربەی کەیسە قانوونییەکان دەکەن، بەپێی پسپۆڕییەکەیان کە بە قانوون دیاری کراوە.

ت. دادگاکانی دیکە و دادگا تایبەتەکان: بەپێی قانوون و بۆ پێداویستیی تایبەت، دەکرێت دادگای دیکە یان دادگای تایبەت بۆ بوارە دیاریکراوەکان دابمەزرێنرێن وەک دادگای کارگێڕی، دادگای بازرگانی، یان دادگای سەربازی (کە دەسەڵاتیان تەنیا سنووردار دەبێت بە کاروباری سەربازی). مەرجە بنەمای دادپەروەری، سەروەریی قانوون و ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ لە گشت ئەم دادگایانەدا بە تەواوی پارێزراو بێت.

دووەم: کۆڕی باڵای دادوەریی

٢.١. کۆڕی باڵای دادوەریی دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی گشتیی کاروباری کارگێڕی و پیشەیی دەسەڵاتی دادوەریی و دادوەرانی لە ئەستۆدایە. ئەم کۆڕە ڕۆڵێکی ژینەکی لە دابینکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی لە کاریگەریی وارگێڕی و دەستێوەردانی دەرەکی دەگێڕێت.

٢.٢. پێکهاتە و دەسەڵاتەکانی کۆڕی باڵای دادوەریی بە قانوونێکی تایبەت دیاری دەکرێن، بە شێوازێک کە سەربەخۆیی تەواوی کۆڕەکە مسۆگەر بکات.

٢.٣. ئەرکەکانی کۆڕی باڵای دادوەریی بریتین لە:

ئا. دانانی دادوەران (بەپێی بەندی ٢٩)

ب. بەرزکردنەوەی پلەکانیان، گواستنەوەیان، لێپرسینەوە لێیان و سزادانیان (بەپێی بەندی ٣٢)

پ. سەرپەرشتیکردنی خوێندنگەی دادوەریی و پرۆگرامی ڕاهێنانی دادوەران، بە شێوازێک کە پیشەییبوون و پاکی لە دەسەڵاتی دادوەرییدا بەرز ڕابگرێت.

٢.٤. کۆڕی باڵای دادوەریی دەتوانێت ڕاوێژکاریی پسپۆڕانە سەبارەت بە پرۆژە قانوونەکانی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی دادوەریی بە دەسەڵاتی قانووندانان و ڕایەدار پێشکەش بکات.