دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 26

سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی

دەسەڵاتی دادوەریی لە کۆماری کوردستاندا دەسەڵاتێکی بێکەموکۆڕی سەربەخۆیە و یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییە ژینەکییەکانی دەوڵەتە. هیچ دەسەڵاتێکی دیکە (قانووندانان یان ڕایەدار) یان هیچ تاک و لایەنێک مافی دەستێوەردانی لە کاروباری دادگاکان و بڕیارەکانی دادوەراندا نییە.…

بەندی 26 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

دەسەڵاتی دادوەریی لە کۆماری کوردستاندا دەسەڵاتێکی بێکەموکۆڕی سەربەخۆیە و یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییە ژینەکییەکانی دەوڵەتە. هیچ دەسەڵاتێکی دیکە (قانووندانان یان ڕایەدار) یان هیچ تاک و لایەنێک مافی دەستێوەردانی لە کاروباری دادگاکان و بڕیارەکانی دادوەراندا نییە. سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی گەرەنتیی دادپەروەری و سەروەریی ڕەهای قانوون لە کوردستانە.

یەکەم: سەربەخۆیی بنەڕەتی و کارگێڕی

١.١. دەسەڵاتی دادوەریی خاوەنی بودجەی سەربەخۆ و کارگێڕیی تایبەت بە خۆیەتی کە بەپێی قانوون بۆ دڵنیابوون لە توانای ڕاییکردنی ئەرکەکانی بەبێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتەکانی دیکە ڕێکدەخرێت.

١.٢. بودجەی دەسەڵاتی دادوەریی لەلایەن "ئەنجومەنی باڵای دادوەریی"ـەوە ئامادە دەکرێت و ڕاستەوخۆ پێشکەش بە دەسەڵاتی قانووندانان دەکرێت بۆ پەسەندکردن، بەبێ دەستێوەردانی دەسەڵاتی ڕایەدار.

دووەم: سەربەخۆیی تاکەکەسیی دادوەر

٢.١. دادوەران تەواو سەربەخۆن و لە کاتی بڕیارداندا تەنیا بەم دەستوورە، قانوون بەرکارەکان، و ویژدانی پیشەیی خۆیانەوە پابەند دەبن.

٢.٢. ناشێت بەهۆی بڕیارەکانیانەوە لێپرسینەوەیان لێ بکرێت یان سزا بدرێن، مەگەر لە باریی پێشێلکاریی جددیی قانوونیی یان ڕەوشتی کە بەپێی قانوونی تایبەت و لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی دادپەروەرانە سەلمێندرابێت.

سێیەم: پاراستنی دادوەران

٣.١. قانوون پارێزبەندیی پێویست بۆ دادوەران دابین دەکات بۆ پاراستنیان لە هەر جۆرە فشار، هەڕەشە، یان دەستێوەردانێک کە کاریگەری لەسەر سەربەخۆیی بڕیارەکانیان دابنێت.

٣.٢. هەر هەوڵێک بۆ کاریگەریکردنە سەر بڕیاری دادوەر، وەک دەستێوەردانێکی ناقانوونیی هەژمار دەکرێت و سزای قانوونیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

چوارەم: پابەندبوون بە دەستوور و سەروەریی قانوون

٤.١. سەرجەم دادگاکان و دادوەران پابەندن بە بنەما و بەندەکانی ئەم دەستوورە و دەبێت گشت قانوونەکان و بڕیارەکانیان لەگەڵ دەستووردا یەکبگرنەوە و لە ڕاژەی سەروەریی قانووندا بن.

٤.٢. دادگای باڵا، وەک پارێزەری دەستوور، دەسەڵاتی کۆتایی هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو قانوون و بڕیارەکان لەگەڵ ئەم دەستوورەدا یەکدەگرنەوە.

پێنجەم: ڕێنەدراوکردنی دەستێوەردان

هەر جۆرە هەوڵێک بۆ دەستێوەردان لە کاروباری دادوەریی، کاری دادوەران، یان کاریگەری کردنە سەر بڕیارەکانیان، ڕێنەدراوە و بە تاوان هەژمار دەکرێت.

شەشەم: جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان

٦.١. بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە نێوان دەسەڵاتی دادوەریی، قانووندانان، و ڕایەداردا بنەمایەکی بنەڕەتیی ئەم دەستوورەیە.

٦.٢. هیچ دادوەرێک ناتوانێت لە هەمان کاتدا ئەندامی دەسەڵاتی قانووندانان یان ڕایەدار بێت.