دادگای باڵا - پارێزەری ڕەهای دەستوور و سەروەریی قانوون
دادگای باڵا باڵاترین دەزگای دەسەڵاتی دادوەرییە لە کۆماری کوردستاندا و پارێزەری ڕەهای ئەم دەستوورەیە. ئەم دادگایە هێمای باڵادەستیی قانوون و بنەمای دادپەروەریی دەستوورییە و ڕۆڵێکی ژینەکی لە دابینکردنی سەقامگیریی پەرگاڵی دەسەڵاتداریی و پاراستنی ماف و ئازادییە…
دادگای باڵا باڵاترین دەزگای دەسەڵاتی دادوەرییە لە کۆماری کوردستاندا و پارێزەری ڕەهای ئەم دەستوورەیە. ئەم دادگایە هێمای باڵادەستیی قانوون و بنەمای دادپەروەریی دەستوورییە و ڕۆڵێکی ژینەکی لە دابینکردنی سەقامگیریی پەرگاڵی دەسەڵاتداریی و پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندان دەگێڕێت. دادگای باڵا خاوەنی دەسەڵاتی بێ مەرجی پێداچوونەوەی دەستوورییە بەسەر گشت قانوون و بڕیار و کردارەکانی دەسەڵاتەکاندا و یەکلاکەرەوەی کۆتایی ناکۆکیی دەستووری و قانوونییەکان لە وڵاتە.
یەکەم: دەسەڵاتی پێداچوونەوەی دەستووریی
١.١. دادگای باڵا خاوەنی دەسەڵاتی تەنیا و ڕەهای پێداچوونەوەی بە دەستووریبوونی گشت قانوونەکانی دەرچوو لە دەسەڵاتی قانووندانان (پەرلەمان و مەکۆی ژیران)، بڕیار و فەرمانەکانی سەرکۆمار، بڕیارنامەکانی کابینەی دەسەڵات و گشت کردار و بڕیارە فەرمییەکانی دەسەڵاتە گشتییەکانە.
١.٢. ئامانجی ئەم پێداچوونەوەیە دڵنیابوونە لەوەی کە هیچ قانوون یان کردارێکی فەرمی پێچەوانەی هیچ بەند و پرەنسیپێکی ئەم دەستوورە نییە، بەتایبەت بنەما نەگۆڕەکانی دەروازەی یەکەم و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندانی کوردستان.
١.٣. پێداچوونەوەی دەستووریی بەپێی قانوونی تایبەت و بە داخوازی لایەنی دیاریکراو (وەک سەرکۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی مەکۆی ژیران، ژمارەیەکی دیاریکراو لە ئەندامانی پەرلەمان یان مەکۆی ژیران، یان دەسەڵاتی دادوەریی) یان لە ڕێگەی سکاڵای دەستووریی شارۆمەندانەوە ئەنجام دەدرێت.
دووەم: بڕیاری گەرەکین و پووچەڵکردنەوەی نادەستووری
٢.١. بڕیارەکانی دادگای باڵا سەبارەت بە نادەستووریبوونی قانوون و بڕیار و کردارەکان کۆتایی، گەرەکین و زۆرەملێن بۆ گشت دەسەڵاتەکان، دادگاکانی دیکە و گشت لایەنەکان.
٢.٢. قانوون یان بڕیارێک کە لەلایەن دادگای باڵاوە بە نادەستووری ناسێنرا، لە ڕۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە یان لە هەر وادەیەکی دیکەدا کە دادگا دیاری دەکات، بە پووچەڵ و بێ کاریگەر دادەنرێت.
٢.٣. ناشێت بە هیچ شێوەیەک قانوونێکی نادەستووری ڕایی بکرێت یان کاری پێبکرێت.
سێیەم: یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە دەستووری و قانوونییەکان
٣.١. دادگای باڵا خاوەنی دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی کۆتایی ناکۆکییە دەستووری و قانوونییەکان لە نێوان دەسەڵاتی قانووندانان، دەسەڵاتی ڕایەداری و دەسەڵاتی دادوەریی یان لە نێوان دەسەڵاتی ناوەندی کوردستان و دەسەڵاتە خۆماڵییەکان (پارێزگاکان و شارەوانییەکان)، یان لە نێوان دامەزراوە سەربەخۆکان و دەسەڵاتە گشتییەکانە.
٣.٢. بڕیارەکانی دادگای باڵا لەم بارەیەشەوە کۆتایی و پابەندکەرن.
چوارەم: سکاڵای دەستووریی شارۆمەندان
٤.١. شارۆمەندانی کوردستان مافیان هەیە کە بەپێی قانوونی تایبەت سکاڵای دەستووریی لە دادگای باڵا تۆمار بکات، کاتێک هەست بکات ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی کە لەم دەستوورەدا گرەنتی کراون، بەهۆی قانوونێک یان کردارێکی فەرمیی دەوڵەتییەوە پێشێل کراون.
٤.٢. قانوون مەرج و ڕێکارەکانی تۆمارکردنی ئەم سکاڵایانە بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی مافەکانی شارۆمەندان و ڕێگرتن لە بەکارهێنانی نادروستی ئەم مافە ڕێکدەخات.
پێنجەم: پێکهاتەی دادگای باڵا
٥.١. دادگای باڵا لە ژمارەیەکی دیاریکراو دادوەر پێکدێت کە ژمارەیان بە قانوون دیاری دەکرێت.
٥.٢. دادوەرانی دادگای باڵا دەبێت لە کەسانی خاوەن ئەزموون، پسپۆڕیی قانوونیی باڵا پێک بێت کە بە تەواوی پاک و بێلایەن بن.
٥.٣. دانانی دادوەرانی دادگای باڵا بە پێشنیاری ئەنجومەنی باڵای دادوەریی وەک لە بەندەکانی ١٧ و ٢٩دا هاتووە، بۆ دڵنیابوون لە سەربەخۆیی ڕەبەقیان و دوورخستنەوەیان لە کاریگەریی وارگێڕی و لایەنگری بە ڕەزامەندیی مەکۆی ژیران دەبێت.
٥.٤. ماوەی ڕاژەی دادوەرانی دادگای باڵا (وەک هەتا تەمەنی خانەنشینی یان بۆ ماوەیەکی دیاریکراوی درێژ) بۆ گەرەنتیی سەربەخۆییان درێژخایەن دەبێت.
شەشەم: سەربەخۆیی و پاراستنی دادوەرانی دادگای باڵا
٦.١. دادوەرانی دادگای باڵا بەتەواو ی سەربەخۆن و لە کاتی بڕیارداندا تەنیا بە دەستوور و قانوون و ویژدانی خۆیانەوە پابەند دەبن.
٦.٢. ناشێت بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردان لە کاروباری دادگای باڵا یان بڕیارەکانی دادوەرانیدا لەلایەن هیچ دەسەڵاتێک یان لایەنێکەوە بکرێت.
٦.٣. قانوون پارێزبەندیی پێویست بۆ دادوەرانی دادگای باڵا بۆ پاراستنیان لە هەر جۆرە فشار یان هەڕەشەیەک دابین دەکات.
حەوتەم: لێپرسینەوە و لادان
لێپرسینەوە و لادانی دادوەرانی دادگای باڵا تەنیا لە باریی پێشێلکاریی جددیی قانوونیی، ڕەوشتی یان دەستووریی کە بەپێی قانوون سەلمێندرابێت و بەپێی پڕۆسەیەکی زۆر توند و دیاریکراو لە قانوونی تایبەتدا ئەنجام دەدرێت، کە مافی بەرگریی تەواوی دادوەرەکەی تێدا پارێزراو بێت.
