دەسەڵاتی قانووندانان و مەکۆی نیشتمانی (پەرلەمان)
مەکۆی نیشتمانیی کوردستان وەک نوێنەری ڕاستەوخۆی کۆمەڵی کوردستان، نێوکی دەسەڵاتی قانووندانانە و کۆڵەکەیەکی ژینەکیی کۆماری کوردستان پێکدەهێنێت. ئەم کۆڕە بە دەنگی ئازادانەی گشت شارۆمەندانی شایستە هەڵدەبژێردرێت و ڕەنگدانەوەی ویستی نیشتمانی، فرەیی وارگێڕی، کولتوو…
مەکۆی نیشتمانیی کوردستان وەک نوێنەری ڕاستەوخۆی کۆمەڵی کوردستان، نێوکی دەسەڵاتی قانووندانانە و کۆڵەکەیەکی ژینەکیی کۆماری کوردستان پێکدەهێنێت. ئەم کۆڕە بە دەنگی ئازادانەی گشت شارۆمەندانی شایستە هەڵدەبژێردرێت و ڕەنگدانەوەی ویستی نیشتمانی، فرەیی وارگێڕی، کولتووری، کۆمەڵایەتیی کۆمەڵی کوردستانە. مەکۆی نیشتمانی ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە داڕشتن و پەسەندکردنی قانوونەکانی وڵات، چاودێریکردنی وردی کاری دەسەڵاتی ڕایەدار و دامەزراوە گشتییەکان، و دابینکردنی میکانیزمەکانی پشکنین و هاوسەنگی لە چوارچێوەی دەستووریی دیاریکراودا.
یهكهم: دەسەڵاتی تەنیا و بێ مەرجی قانووندانان
١.١. مەکۆی نیشتمانی خاوەنی دەسەڵاتی تەنیا و سەرەکییە لە داڕشتن، گفتوگۆکردن، هەموارکردنەوە و پەسەندکردنی پڕۆژەقانوون و پێشنیارقانوونەکانی وڵات لە گشت بوارەکاندا کە پەیوەندیدارن بە ژیانی شارۆمەندان، پەڕگاڵی گشتی، ئابووری، کۆمەڵگا، پێکهاتەی دەوڵەت، بەپێی بنەما و پرەنسیپە نەگۆڕەکانی ئەم دەستوورە.
١.٢. لەم بوارەدا ئەم خاڵانە پەیڕەو دەکرێن:
ئا. هیچ دەسەڵاتێکی دیکە، چ ڕایەدار و چ دادوەری، مافی دەرکردنی قانوونی نییە. تەنیا لە باریی زۆر نائاسایی و بە مەرجی توند و دیاریکراو کە بە دەستوور و قانوونی تایبەت ڕێکخراوە (وەک فەرمانی قانووندانان لە باری نائاساییدا)، دەسەڵاتی ڕایەدار مافی دەرکردنی ڕێکاری هاوشێوەی قانوونی هەیە، بەڵام دەبێت مەکۆی نیشتمانی دواتر لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەو فەرمانانە پەسەند بکات یان ڕەتی بکاتەوە، ئەگینا پووچەڵ دەبنەوە.
ب. مەکۆی نیشتمانی دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوە و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە گشت قانوونەکانی وڵاتدا هەیە، بەپێی پڕۆسەی قانووندانانی دیاریکراو.
پ. مافی پێشنیارکردنی قانوون بۆ ئەندامانی مەکۆی نیشتمانی (وەک دەستپێشخەریی قانووندانانی شارۆمەندان لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە)، مەکۆی ژیران (بەپێی بەندی ١٧)، دەسەڵاتی ڕایەدار (کابینەی دەسەڵات بە پێشنیاری سەرکۆمار) پارێزراوە، بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە قانوون دیاری کردووە.
ت. لە باریی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەقانوونێک لە نێوان مەکۆی نیشتمانی و مەکۆی ژیران، مەکۆی نیشتمانی مافی بڕیاردانی کۆتایی هەیە بە زۆرینەیەکی دیاریکراو دوای تاوتوێکردنی تێبینییەکانی مەکۆی ژیران، بەپێی ئەو میکانیزمەی قانوون دیاری کردووە.
ج. مەکۆی نیشتمانی مافی پێداچوونەوەی هەیە بە قانوونەکانی پەسەندکراو لە کاتی گەڕاندنەوەیان لەلایەن سەرکۆمارەوە بەهۆی مافی ڤیتۆوە و مافی تێپەڕاندنی ڤیتۆی سەرکۆماری هەیە بە زۆرینەیەکی تایبەت بەپێی بەندەکانی ٢١ و ١٠ی ئەم دەستوورە.
دوویهم: پەسەندکردن و چاودێریی دارایی و بودجەی گشتیی دەوڵەت
٢.١. مەکۆی نیشتمانی بە تەنیا مافی تاوتوێکردن، هەموارکردنەوە و پەسەندکردنی پڕۆژە قانوونی بودجەی گشتیی دەوڵەتی هەیە کە ساڵانە لەلایەن دەسەڵاتی ڕایەدارەوە پێشکەش دەکرێت.
٢.٢. هیچ خەرجییەکی گشتی نادرێت مەگەر بە قانوونی بودجە یان قانوونێکی دیکە ڕێگەی پێدرابێت.
٢.٣. مەکۆی نیشتمانی ئەم ئەرکانەی هەیە:
ئا. چاودێریی وردی ڕاییکردنی بودجە، داهاتەکان، قەرزە گشتییەکان و بەڕێوەبردنی گشتیی دارایی دەوڵەت لە ڕێگەی لیژنە پسپۆڕەکان و بەپێی ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی سەربەخۆی چاودێریی دارایی دەکات.
ب. مەکۆی نیشتمانی مافی لێکۆڵینەوەی هەیە سەبارەت بە گەندەڵی دارایی و ئیداری، لە گشت دامەزراوە گشتییەکاندا و مافی داخوازکردنی زانیاریی تەواوی هەیە لەم بوارەدا.
سێیهم: چاودێریی دەستووریی و قانوونیی و کارگێڕیی بەسەر دەسەڵاتی ڕایەدار و دامەزراوە گشتییەکاندا
٣.١. مەکۆی نیشتمانی، بەپێی بنەمای پشکنین و هاوسەنگی، چاودێریی پابەندبوونی دەسەڵاتی ڕایەدار (کە پێکدێت لە شالیارگەکان و سەرجەم دامەزراوەکانی دەسەڵات) بە دەستوور و قانوون کارپێکراوەکانەوە دەکات، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕاژەی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و هاووڵاتییان دەکەن.
٣.٢. ئەم چاودێرییە نابێت ببێتە دەستوەردان لەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی کە ڕاستەوخۆ بە سەرکۆمار سپێردراون، مەگەر لە کاتی پێشێلکردنی دەستوور یان قانووندا.
٣.٣. ئەم چاودێرییە لە ڕێگەی ئەم ئامرازە پەرلەمانییانەوە ئەنجام دەدرێت:
ئا. پرسیار ئاراستەکردن
ب. بانگهێشتکردنی شالیارەکان (وەزیرەکان) و بەرپرسانی باڵای دەسەڵات
پ. پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی کاتی یان هەردەمیی
ت. داخواز کردنی ڕاپۆرت و زانیاریی پێویست
٣.٤. شالیارەکان و سەرجەم بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی ڕایەدار پابەندن بە:
ئا. ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی مەکۆی نیشتمانی و لیژنە تایبەتمەندەکانیدا
ب. وەڵامدانەوەی پرسیارەکان
پ. پێشکەشکردنی ئەو زانیارییانەی کە بەپێی قانوون داخواز دەکرێن
٣.٥. هەر بەرپرسێک ئەم ئەرکە ڕایی نەکات، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی قانوونیی دەبێتەوە کە لە قانووندا دیاری کراوە.
چوارهم: پەسەندکردنی پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان
٤.١. مەکۆی نیشتمانی دەسەڵاتی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی ئەو پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی هەیە کە دەوڵەت واژۆیان دەکات و بەپێی دەستوور و قانوون پێویستیان بە پەسەندکردنی مەکۆی نیشتمانییە.
٤.٢. بەتایبەت ئەو پەیماننامانەی کاریگەریی ستراتیژی، ئابووری گەورە یان کاریگەریی لەسەر سەروەریی نەتەوەیی، ئاسایش، یان ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندان هەیە.
پێنجهم: ڕۆڵ لە دۆخی ئاوارتە و جەنگدا
٥.١. مەکۆی نیشتمانی ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە پڕۆسەی بڕیاردان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتە یان دۆخی جەنگ لەلایەن سەرکۆمارەوە و پەسەندکردنی بڕیارەکانی پەیوەندیدار لەم دۆخانەدا، بەپێی ئەو ڕێکارانەی لە بەندی ١٠ و قانوونی تایبەتدا دیاری کراون.
٥.٢. لەم دۆخانەدا ئەم ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆ:
ئا. مەکۆی نیشتمانی چاودێریی قانوونیی و دەستووریی بەسەر ڕاییکردنی دۆخی ئاوارتەدا دەکات بۆ پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان و دڵنیابوون لەوەی کە ڕێکارەکان لە سنووری دیاریکراوی قانوونییدا دەمێننەوە.
ب. مەکۆی نیشتمانی دەسەڵاتی پەسەندکردنی پەیماننامەکانی ئاشتی هەیە.
شهشهم: پەسەندکردن و لێپرسینەوەی بەرپرسانی باڵا
٦.١. مەکۆی نیشتمانی ڕۆڵی هەیە لە پڕۆسەی پەسەندکردنی دانانی هەندێک بەرپرسی باڵای دەوڵەت کە لەلایەن سەرکۆمارەوە کاندید دەکرێن وەک سەرۆکی دامەزراوە سەربەخۆکان و دادوەرانی دادگا باڵاکان (بەپێی بەندەکانی ١٠، ١٧ و ٢٩)، بەپێی قانوون.
٦.٢. لە بواری لێپرسینەوەی بەرپرسان مەکۆی نیشتمانی مافی لێپرسینەوە و لادانی ئەو بەرپرسە باڵایانەی (جگە لە سەرکۆمار) لە باریی سەلماندنی پێشێلکاریی توندیی قانوونیی یان کارگێڕیدا بەپێی قانوون و پڕۆسەیەکی دادپەروەرانە هەیە.
حهوتهم: هەموارکردنەوەی دەستوور و بەندە نەگۆڕەکان
٧.١. مەکۆی نیشتمانی مافی پێشنیارکردن، تاوتوێکردن و پەسەندکردنی پڕۆژەی هەموارکردنەوەی دەستووری هەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە بە هیچ شێوەیەک ڕەها نییە و تەنیا بەپێی ئەو مەرجە زۆر توندانەی کە بۆ گۆڕانکاریی لە دەستووردا دانراون و بەپێی ڕێکاری دەستووریی دیاریکراو کە پێویستی بە زۆرینەیەکی زۆر تایبەت هەیە لە هەردوو مەکۆی نیشتمانی و مەکۆی ژیران و پێویستی بە ڕیفراندۆمێکی نیشتمانی دەبێت (بەپێی قانوونی تایبەت بە هەموارکردنەوەی دەستوور)، ڕێکدەخرێت.
٧.٢. بۆ پاراستنی سەقامگیریی دەستوور:
ئا. ئامانج لەم ڕێکارە قورسانە دڵنیابوون لە سەقامگیریی دەستوور و بنەما نەتەوەییەکان و پاراستنی لە گۆڕانکاریی کاتی یان وارگێڕیی نامسۆگەر.
ب. بەندە نەگۆڕەکانی دەستوور، کە بنەمای دامەزراندن و مانەوەی کۆماری کوردستانن و نوێنەرایەتیی ویست و ناسنامەی نەپساوەی نەتەوەی کورد لەسەر خاکی خۆی دەکەن، بە هیچ شێوەیەک ناشێت بگۆڕدرێن یان هەموار بکرێنەوە، چ بە ڕێگەی پڕۆسەی هەموارکردنەوەی دەستوور لەلایەن دەسەڵاتی قانووندانانەوە، یان دەرکردنی دەستوورێکی نوێ، یان واژۆکردنی پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان.
پ. ئەم بەندە نەگۆڕانە بریتین لە بەندەکانی ١، ٣ و ٤ (تایبەت بە پێناسە، سەروەریی ڕەبەق و پێشێلنەکراو و وارپارێزیی و یەکپارچەیی خاکی مێژوویی کوردستان وەک مڵک و وارگەی نەتەوەی کورد)، بەندی ٥ (تایبەت بە ناسنامە، پاشماگ و قووڵایی ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەی کورد وەک خاوەن و پاشماگگری شارستانییەتەکانی سەر خاکی کوردستان)، بەندی ٨ (تایبەت بە خاوەندارێتیی نەتەوەی کورد لە خاک و بووم و وارگەی نەتەوەیی و ڕێنەدراوکردنی کڕین و فرۆشتنی هەردەمیی خاک)، بەندی ١، خاڵی ٦ (تایبەت بە باڵادەستیی ڕەهای دەستوور وەک قانوونی بنەڕەتی و پێناسەکردنی ئەو کردارانەی هەڕەشە بۆ سەر سەروەریی و بنەما نەتەوەییەکان دروست دەکەن وەک تاوانی ناپاکیی نیشتمانی)، بەشە سەرەکییەکانی پێشەکی کە باس لە مێژوو، ناسنامە، مافی ڕەوای نەتەوەی کورد بۆ خاکی خۆی و دامەزراندنەوەی کۆماری کوردستان دەکەن وەک بنەمایەکی فەلسەفی و شوناسنامەیی بۆ دەستوورەکە، فۆڕمی کۆماریی دەوڵەتی کوردستان وەک فۆڕمی دەسەڵاتداریی (کە لە پێشەکی و بەندی ١ و ١١ـدا هاتووە).
ت. هەر هەوڵێک، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، بۆ گۆڕینی ئەم بەندە نەگۆڕانە و ناوەڕۆکە بنەڕەتییەکانیان، یان لاوازکردنیان، یان تێکدانی بونیادی دەستوور و بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، بەپێی بەندی ١، خاڵی ٦ و قانوون پەیوەندیدارەکان بە تاوانی گەورە و دژە-دەستووری هەژمار دەکرێت و ڕووبەڕووی توندترین سزای قانوونیی دەبێتەوە.
ههشتهم: لادانی سەرکۆمار
٨.١. مەکۆی نیشتمانی مافی دەستپێکردنی پڕۆسەی لادانی سەرکۆمار لە پۆستەکەی هەیە، ئەگەر تۆمەتێکی دەستووریی ڕوون و بەڵگەی پشکنراو لەسەر پێشێلکاریی سەلمێنراوی قورس لە دەستوور، ناپاکیی نیشتمانی، گەندەڵی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، یان تاوانێکی مەبەستداری قورس هەبێت کە بەپێی قانوون دیاری کرابێت و متمانەی دەستووری و شایستەیی مانەوەی سەرکۆمار لە پۆستەکەدا بخاتە ژێر پرسیاری بنەڕەتی.
٨.٢. ئەم پڕۆسەیە بەم شێوەیە ڕێکدەخرێت:
ئا. مەکۆی نیشتمانی ئەرکی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەسەر تۆمەتە دیاریکراوەکانی سەرکۆمار لە ئەستۆ دەگرێت.
ب. پڕۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی سەرکۆمار بەپێی دەستوور و قانوونی تایبەت ڕێکدەخرێت و دەبێت لەسەر بنەمای تۆمەتنامەی دەستووریی ڕوون، بەڵگەی پشکنراو، مافی بەرگری، بێلایەنی، دادپەروەریی پڕۆسە و ڕوونایی ڕێکارەکان بێت. لەم پڕۆسەیەدا، ڕۆڵی مەکۆی ژیران و دادگای باڵا بۆ لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن، پشکنینی دەستووری و بڕیاردانی کۆتایی ڕێکدەخرێت که بەپێی ئەو سنوور و مەرجانەی لەم دەستوورە و قانوونی تایبەتدا دیاری دەکرێن.
نۆیهم: ڕۆڵی نوێنەرایەتی و پەیوەندیی لەگەڵ کۆمەڵی کوردستان
٩.١. مەکۆی نیشتمانی وەک سەکۆی سەرەکیی نوێنەرایەتیی کۆمەڵی کوردستان، دەنگی شارۆمەندان لە پڕۆسەی بڕیاردان و قانوونداناندا دەگرێتەبەر.
٩.٢. لەم بوارەدا:
ئا. ئەندامانی مەکۆی نیشتمانی نوێنەرایەتیی گشتی وڵات دەکەن و بە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان و مافەکانی گشت شارۆمەندانی بازنەکانیان پابەندن.
ب. مەکۆی نیشتمانی هانی بەشداریی چالاکی مەردم لە پڕۆسەی قانووندانان و چاودێریدا لە ڕێگەی میکانیزمەکانی وەک پێشنیاری شارۆمەندان، دانیشتنی گشتی و پلاتفۆرمی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ دەدات.
دهیهم: پێکهاتەی کارگێڕی و لیژنە پسپۆڕەکان
١٠.١. مەکۆی نیشتمانی پێکهاتەیەکی کارگێڕیی سەربەخۆی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆی.
١٠.٢. لەم بوارەدا لیژنە هەردەمیی و کاتییەکانی مەکۆی نیشتمانی ڕۆڵی سەرەکی لە وردبوونەوە لە پڕۆژەقانوون و پێشنیارقانوونەکان، چاودێریکردنی کاروبار و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوە لە پرسە گرنگەکان بەپێی پسپۆڕی دەگێڕن.
یازدهیهم: ڕێسا ناوخۆیی و کۆدی ڕەوشت و سزادانی ئەندامان
١١.١. مەکۆی نیشتمانی ڕێسا ناوخۆییەکانی خۆی دادەڕێژێت و بۆ ڕێکخستنی کارەکانی، پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی، لیژنەکانی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان، بڕیاردان و دەنگدان پەسەندی دەکات، بە شێوازێک کە لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و پرەنسیپەکانی دەسەڵاتداریی دیموکراتیدا بگونجێت.
١١.٢. لەبارەی ڕەوشت و سزادانەوە:
ئا. ئەندامانی مەکۆی نیشتمانی پابەند دەبن بە کۆدی ڕەوشتی پەرلەمانیی کە بنەماکانی پاکی، ڕاستگۆیی و ڕێزگرتنی پیشەیی دەچەسپێنێت.
ب. مەکۆی نیشتمانی مافی سزادانی ئەندامانی لە باریی سەرپێچیی جددیی لە ڕێسا ناوخۆییەکان یان کۆدی ڕەوشت بەپێی قانوون و ڕێسا ناوخۆییەکان هەیە.
دوازدهیهم: پارێزبەندی و سەربەشەکانی ئەندامان
١٢.١. ئەندامانی مەکۆی نیشتمانی مافی پارێزبەندیی قانوونییان دەبێت بۆ ئەو بۆچوون و قسانەی لەناو هۆڵی مەکۆی نیشتمانی و لیژنەکانیدا دەریدەبڕن و بۆ دەنگدانەکانیان لە کاتی خولی ئەندامێتییاندا، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی و بێ ترس و بەپێی ویژدانی خۆیان ئەرکەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن.
١٢.٢. لەم بوارەدا:
ئا. ناشێت ئەندامی مەکۆی نیشتمانی بەبێ ڕەزامەندیی مەکۆی نیشتمانی (مەگەر لە باریی تاوانکاریی ئاشکرا و بەرچاو، بەپێی قانوون) دەستگیر، زیندانی، یان دادگایی بکرێت.
ب. وردەکاریی پارێزبەندیی و سەربەشەکانی (ئیمتیاز) ئەندامان بە قانوونی تایبەت ڕێکدەخرێت.
سێزدهیهم: ڕوونایەتی و دەستگەیشتن بە زانیاری
١٣.١. دانیشتنەکانی مەکۆی نیشتمانی بەگشتی بۆ کۆمەڵی کوردستان و مێدیا، بۆ دڵنیابوون لە ڕوونایەتی و لێپرسینەوە کراوە دەبن.
١٣.٢. لەم بوارەدا:
ئا. تەنیا لە بارە زۆر تایبەتەکاندا کە بە پاساوی ئاسایشی نەتەوەیی، پاراستنی نهێنیی پڕۆسەی دادوەریی، یان بەرژەوەندیی گشتیی گرنگ ڕەوا بن و بەپێی قانوون دیاری کرابێت، دەکرێت دانیشتنەکان بە نهێنی ئەنجام بدرێن.
ب. مەکۆی نیشتمانی بە دابینکردنی دەستگەیشتن بە زانیاریی گشتی سەبارەت بە کار و بڕیارەکانی بەپێی قانوون پابەندە.
چواردهیهم: پەیوەندیی لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکە
١٤.١. مەکۆی نیشتمانی دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و بە بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پابەندە.
١٤.٢. لەم بوارەدا: لە هەمان کاتدا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرکۆمار، دەسەڵاتی دادوەریی، مەکۆی ژیران، دامەزراوە سەربەخۆکان کار بۆ بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی بنەماکانی دەستوور و پەڕگاڵی نیشتمانی دەکات.
