دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 17

مەکۆی ژیران (سەنا) - ژووری ژیرمەندی و سەقامگیریی نیشتمانی

مەکۆی ژیران وەک ژووری دووەمی دەسەڵاتی قانووندانان، دامەزراوەیەکی نیشتمانیی بۆ دابینکردنی سەقامگیریی دەوڵەت، پێداچوونەوەی قووڵ و ستراتیژیی قانوونەکان، نوێنەرایەتیکردنی ئەزموون و پسپۆڕیی باڵای نیشتمانی و پاراستنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی نیشتمان و نەوەکانی…

بەندی 17 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

مەکۆی ژیران وەک ژووری دووەمی دەسەڵاتی قانووندانان، دامەزراوەیەکی نیشتمانیی بۆ دابینکردنی سەقامگیریی دەوڵەت، پێداچوونەوەی قووڵ و ستراتیژیی قانوونەکان، نوێنەرایەتیکردنی ئەزموون و پسپۆڕیی باڵای نیشتمانی و پاراستنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی نیشتمان و نەوەکانی داهاتوویە.

مەکۆی ژیران وەک هێزێکی سەقامدەر لە پڕۆسەی قانووندانان و بڕیارداندا کار دەکات و لە میکانیزمەکانی پشکنین و هاوسەنگی بەسەر دەسەڵاتەکانی دیکەدا، بەشدارە بە شێوازێک کە دەسەڵاتداریی ژیرانە و تۆکمە و لە هەمان کاتدا دادپەروەرانە مسۆگەر بکات.

ڕۆڵی مەکۆی ژیران تەواوکەر و قاڵبکەری ڕۆڵی مەکۆی نیشتمانی (پەرلەمان)ـە و پێکەوە هەیکەلەی دەسەڵاتی قانووندانان لە کۆماری کوردستاندا پێکدەهێنن.

یه‌كه‌م: پێکهاتە و هەڵبژاردن/دانان و مەرجەکانی ئەندامێتی

١.١. مەکۆی ژیران لە ژمارەیەکی دیاریکراو ئەندام پێکدێت کە ژمارەیان بە قانوونی تایبەت دیاری دەکرێت.

١.٢. ئەندامانی مەکۆی ژیران لەسەر بنەمای ئەزموون، پسپۆڕیی باڵا، ڕاژەی بەرچاوی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن یان دادەنرێن. شێوازی هەڵبژاردن یان دانانیان:

ئا. دەکرێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ (وەک لەلایەن کۆڕە خۆماڵییەکان، زانکۆکان، دامەزراوە پیشەیی و کولتوورییەکان) بێت

ب. یان دانان لەلایەن سەرکۆمارەوە بە ڕەزامەندیی پەرلەمان (بۆ ژمارەیەکی دیاریکراو)

پ. یان تێکەڵێک لەم شێوازانە بێت

ت. بە مەرجێک نوێنەرایەتییەکی هەمەلایەنەی ئەزموون، پسپۆڕی و بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی نیشتمان مسۆگەر بکات

١.٣. ئەندامی مەکۆی ژیران دەبێت خاوەنی ئەم مەرجانە بێت:

ئا. شارۆمەندیی کوردستانی

ب. تەمەنی دیاریکراو (کە دەبێت لە هی ئەندامانی پەرلەمان زیاتر بێت)

پ. بڕوانامەی خوێندنی باڵا یان ئەزموونی کارگێڕی/قانوونیی/ئابووری/کولتوریی بەرچاو

ت. پاکی ناو و پێشینە

١.٤. ماوەی خولی ئەندامێتیی مەکۆی ژیران درێژتر دەبێت لە ماوەی خولی پەرلەمان بۆ دابینکردنی سەقامگیری و درێژەدارییەتی ئەزموون.

١.٥. ناشێت ئەندامانی مەکۆی ژیران بەبێ هۆکارێکی قانوونیی و بەپێی پڕۆسەیەکی دیاریکراو لە پۆستەکانیان لاببرێن یان پلەکانیان دابەزێندرێت.

١.٦. وردەکاریی پێکهاتە، ژمارەی ئەندامان، شێوازی هەڵبژاردن/دانان، مەرجەکان و ماوەی ڕاژە بە قانوونی تایبەت ڕێکدەخرێت.

دوویه‌م: ئەرک و دەسەڵاتەکان

٢.١. مەکۆی ژیران خاوەنی ئەم ئەرک و دەسەڵاتە سەرەکییانەیە کە تەواوکەری ڕۆڵی پەرلەمانن و بەشدارن لە تۆکمەکردنی پەرگاڵی دەسەڵاتداریی و پشکنین و هاوسەنگی:

ئا. پێداچوونەوەی قانووندانان:

پێداچوونەوەی قووڵ و ژیرانە بەو پڕۆژە قانوونیانەی لە پەرلەمانەوە پەسەند کراون

مافی پێشنیارکردنی هەموارکاریی لەسەر پڕۆژە قانوونەکان

مافی دانەدواوەیان و گەڕاندنەوەیان بۆ پەرلەمان بۆ پێداچوونەوەی دووبارە

دڵنیابوون لە گونجانی پڕۆژە قانوونەکان لەگەڵ دەستوور و بنەما نەگۆڕەکان

وردبینیی قانوونیی و تەکنیکی، کاریگەرێتیی درێژخایەن

لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و نەوەکانی داهاتوو

ب. یەکلاکردنەوەی ناکۆکی لەسەر قانوون:

لە باریی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەقانوونێک لە نێوان پەرلەمان و مەکۆی ژیران

میکانیزمی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان بەپێی قانوونی تایبەت ڕێکدەخرێت (وەک لیژنەی هاوبەش)

لە کۆتاییدا پەرلەمان مافی بڕیاردانی کۆتایی بە زۆرینەیەکی دیاریکراو (وەک دوو لەسەر سێ) دوای تاوتوێکردنی تێبینییەکانی مەکۆی ژیران، بەپێی بەندی ١٨ هەیە

پ. پەسەندکردنی دانانی بەرپرسانی باڵا:

پەسەندکردنی دانانی ئەو بەرپرسە باڵایانەی دەوڵەت کە لەلایەن سەرکۆمارەوە کاندید دەکرێن

بەپێی دەستوور (وەک بەندی ١٠) یان قانوونی تایبەت پێویستیان بە ڕەزامەندیی مەکۆی ژیران هەیە

لەوانە دانانی باڵیۆزان، سەرۆکی دامەزراوە سەربەخۆکان و دادوەرانی دادگا باڵاکان

وەک میکانیزمێکی ژینەکیی، پشکنینی شایستەیی و وارگێڕی بەسەر بڕیارەکانی سەرکۆماردا کار دەکات

ت. ڕۆڵ لە هەموارکردنەوەی دەستوور:

مەکۆی ژیران ڕۆڵی ژینەکیی هەیە لە پڕۆسەی هەموارکردنەوەی دەستوور

پڕۆژەی هەموارکردنەوەی دەستوور پێویستی بە پەسەندکردنی هەردوو کۆڕی پەرلەمان و مەکۆی ژیران هەیە

بە زۆرینەیەکی زۆر تایبەت (کە قانوون دیاری دەکات)

بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموارکردنەوەی دەستوور تەنیا بە پشتگیریی ڕوون، ژمارەیی و دەستنیشانکراوی زۆرینەی نەتەوەیی ئەنجام بدرێت، و سەقامگیریی بنەما دەستوورییەکان، یەکپارچەیی قانوونی و ڕەواییی دەستووری پارێزراو بمێنێتەوە

بەپێی ڕێکارەکانی بەندی ٢١ی ئەم دەستوورە

ج. ڕۆڵ لە لادانی سەرکۆمار:

مەکۆی ژیران ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پڕۆسەی لادانی سەرکۆمار دەگێڕێت

لە باریی دەستپێکردنی پڕۆسەی لادان و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەلایەن پەرلەمانەوە

مەکۆی ژیران دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی لادان بەپێی دەستوور و قانوونی تایبەت، و دوای پێشکەشکردنی تۆمەتنامەی دەستووری، ئەرکی دادگاییکردنی دەستووریی سەرکۆمار و بڕیاردانی کۆتایی لەسەر لادانی لە پۆستەکە لە ئەستۆ دەگرێت. ئەم پڕۆسەیە تەنیا بەهۆی پێشێلکاریی سەلمێنراوی قورس لە دەستوور، ناپاکیی نیشتمانی، گەندەڵی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، یان تاوانێکی مەبەستداری قورس دەکرێت کە بە حوکمی دادگای شایستە یان بە بەڵگەی ڕوون و پشکنراو، متمانەی دەستووری و شایستەیی مانەوەی سەرکۆمار لە پۆستەکەدا لەناو ببات. بڕیاری لادان تەنیا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی هەموو ئەندامانی مەکۆی ژیران و لە چوارچێوەی گەرەنتیی مافی بەرگری، دادپەروەریی پڕۆسە، و ڕووناییی تەواوی ڕێکارەکاندا دەردەچێت.

چ. ڕاوێژکاریی ستراتیژی و چاودێریی درێژخایەن:

پێشکەشکردنی ڕاوێژکاریی پسپۆڕانە و ستراتیژی بە سەرکۆمار، کابینەی دەسەڵات و پەرلەمان

لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە سەروەریی خاک، بەرگری، هەموارکردنەوەی دەستوور، سامانە سروشتییەکان، قەرزی نیشتمانی، پەیمانە نێودەوڵەتییە ستراتیژییەکان، یان مافە بنەڕەتییەکان

نەخشە درێژخایەنەکان و وارگێڕییە گشتییەکان

کە کاریگەرییان لەسەر داهاتووی وڵات و نەوەکانی داهاتوو دەبێت

چاودێریی کاری دامەزراوە گشتییەکان لە ڕووی کاریگەرێتی و گونجان لەگەڵ ئامانجە درێژخایەنەکان

ح. لێکۆڵینەوە لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان:

مەکۆی ژیران مافی پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەتی هەیە

سەبارەت بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییە گرنگ و درێژخایەنەکان

کە پێویستیان بە پسپۆڕی و تێڕوانینی قووڵ هەیە

خ. هەر ئەرکێکی دیکە:

هەر ئەرکێکی دیکە کە لەم دەستوورە یان قانوونی تایبەتدا دیاری کراوە

بە مەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی دەروازەی یەکەم

و دەسەڵاتە سەرەکییەکانی پەرلەمان و دەسەڵاتی ڕایەدار و دەسەڵاتی دادوەریی

سێیه‌م: ماوەی ڕاژەی و پارێزبەندی و کۆدی ڕەوشت

٣.١. ماوەی خولی ئەندامێتیی مەکۆی ژیران درێژتر دەبێت لە ماوەی خولی پەرلەمان بۆ دابینکردنی سەقامگیری.

٣.٢. وردەکاریی ماوەی ڕاژەی قانوونی تایبەت ڕێکدەخرێت.

٣.٣. ئەندامانی مەکۆی ژیران وەک ئەندامانی پەرلەمان، مافی پارێزبەندیی قانوونییان دەبێت:

ئا. بۆ ئەو بۆچوون و قسانەی لەناو مەکۆی ژیران و لیژنەکانیدا دەریدەبڕن

ب. بۆ دەنگدانەکانیان لە کاتی خولی ئەندامێتییاندا

پ. بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی و بێ ترس بەپێی قانوونی تایبەت ئەرکەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن

٣.٤. ئەندامانی مەکۆی ژیران پابەند دەبن بە کۆدی ڕەوشت و ڕێسا ناوخۆییەکان:

ئا. کە بنەماکانی پاکی، ڕاستگۆیی و ڕێزگرتنی پیشەیی دەچەسپێنن

ب. مەکۆی ژیران مافی سزادانی ئەندامانی لە باریی سەرپێچیدا بەپێی ڕێسا ناوخۆییەکان هەیە

چواره‌م: ڕێسای ناوخۆیی و ڕوونایەتی

٤.١. مەکۆی ژیران ڕێسا ناوخۆییەکانی خۆی بۆ ئەم مەبەستانە دادەڕێژێت:

ئا. ڕێکخستنی کارەکانی

ب. پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی

پ. دامەزراندنی لیژنەکانی

ت. چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان و بڕیاردان

٤.٢. دانیشتنەکانی مەکۆی ژیران بە گشتی بۆ کۆمەڵی کوردستان و مێدیا کراوە دەبن، مەگەر لە بارە زۆر تایبەتەکاندا کە بە قانوون دیاری کراوە (وەک پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی).

پێنجه‌م: پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکە

٥.١. مەکۆی ژیران وەک بەشێک لە دەسەڵاتی قانووندانان، بە هاوکاری لەگەڵ پەرلەمان و بەپێی بنەماکانی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پشکنین و هاوسەنگی، کار دەکات.

٥.٢. مەکۆی ژیران پەیوەندیی ڕاوێژکاریی و چاودێریی لەگەڵ سەرکۆمار، کابینەی دەسەڵات، دەسەڵاتی دادوەریدا دەبێت بەپێی دەستوور و قانوون.

شەشەم: درێژەدارییەتی كاری كۆڕ و پاراستنی پاشماگی قانوونیی

٦.١. كۆڕی ژیران وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌قامگیر، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆڕی نیشتمانی (په‌رله‌مان) یان له‌ ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كاندا، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌ ڕاوێژكارییه‌ نیشتمانییه‌كانی بۆ ڕێگریكردن له‌ دروستبوونی بۆشایی قانوونیی و ستراتیژی.

٦.٢. كۆڕی ژیران ئه‌ركی پاراستنی پاشماگی قانوونیی و دیكۆمێنته‌ ستراتیژییه‌كانی ده‌وڵه‌تی له‌ ئه‌ستۆیه‌ و وه‌ك "ئه‌رشیفی زیندووی ئاوه‌زی ده‌وڵه‌ت" كار ده‌كات بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ گۆڕانكارییه‌ وارگێرییه‌ خولییه‌كان كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئاراسته‌ درێژخایه‌نه‌كانی نیشتمان دروست ناكه‌ن.

٦.٣. ئه‌ندامانی كۆڕی ژیران پابه‌ندن به‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموون و زانیارییه‌كانیان بۆ نه‌وه‌كانی داهاتووی كۆمه‌ڵی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی به‌شداریی له‌ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمی و فێركارییه‌كاندا.

حەوتەم: میکانیزمی ڕوونایەتی و شایستەیی لە هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆدا

٧.١. قانوونی تایبەت بە مەکۆی ژیران، میکانیزمێکی ڕووەن، کێبڕکێکارانە و لەسەر بنەمای شایستەیی بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆی نوێنەرانی زانکۆکان و دامەزراوە پیشەیی و کولتوورییەکان دادەڕێژێت.

٧.٢. ئەم میکانیزمە دەبێت لانیکەم ئەم بنەمایانە مسۆگەر بکات:

ئا. دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی هەڵبژاردنی سەربەخۆ لەناو هەر دامەزراوەیەکدا بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەکە.

ب. دیاریکردنی پێوەری ڕوونی شایستەیی و لێهاتوویی بۆ بەربژێرەکان.

پ. بەڕێوەبردنی پرۆسەی دەنگدانی نهێنی و دادپەروەرانە لەلایەن گشت ئەندامانی شایستەی ئەو دامەزراوەیەوە.

ت. ڕێنەدراوکردنی هەر جۆرە بانگەشەیەکی پارتایەتی یان بەکارهێنانی فشاری وارگێڕی لەناو پڕۆسەکەدا.

٧.٣. ئامانج لەم ڕێکارانە، دڵنیابوونە لەوەی کە تەنیا ئەو کەسانە دەگەنە مەکۆی ژیران کە بەڕاستی نوێنەرایەتیی لوتکەی پسپۆڕی و ئەزموونی نیشتمانی دەکەن، نەک بەرژەوەندیی گرووپی دیاریکراو.