دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 13

دابەشکاریی کارگێڕی و دەسەڵاتە خۆماڵییەکان

دەسەڵاتە خۆماڵییەکان، وەک یەکەی بنەڕەتیی دیموکراسی و ڕاژەداری لە کۆماری کوردستاندا، لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی کارگێڕیی کارا و سەربەخۆیی دامەزراوەیی دادەمەزرێن، بە ئامانجی گەیاندنی دەسەڵات و دێموکراسی بە نزیکترین ئاست لە شارۆمەندەوە و مسۆگەرکردنی گەشەیەکی ن…

بەندی 13 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

دەسەڵاتە خۆماڵییەکان، وەک یەکەی بنەڕەتیی دیموکراسی و ڕاژەداری لە کۆماری کوردستاندا، لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی کارگێڕیی کارا و سەربەخۆیی دامەزراوەیی دادەمەزرێن، بە ئامانجی گەیاندنی دەسەڵات و دێموکراسی بە نزیکترین ئاست لە شارۆمەندەوە و مسۆگەرکردنی گەشەیەکی نیشتمانیی هاوسەنگ و دادپەروەرانە.

یەکەم: پێکهاتەی بنەڕەتی و هەڵوەشاندنەوەی ئاستی پارێزگا

١.١. دابەشکاریی کارگێڕیی کۆماری کوردستان لەسەر دوو ئاستی بنەڕەتی دادەمەزرێت: دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەت و یەکە خۆماڵییەکان کە پێیان دەوترێت "شارەوانی".

١.٢. بە مەبەستی پتەوکردنی یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی، ڕێگریکردن لە دروستبوونی ناوچەگەریی وارگێڕی، پچڕاندنی ڕیشەی قۆرخکاریی پارتایەتیی، کەمکردنەوەی بیرۆکراسی و ئۆلیگارشی ناپێویست و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی سیستماتیک، هیچ ئاستێکی کارگێڕیی ناپێویست لەنێوان دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەت و شارەوانییەکاندا بوونی نابێت.

١.٣. بەپێی ئەم دەستوورە، پەرگاڵی پارێزگا وەک پلیکە و ئاستێکی کارگێڕی بە شێوەیەکی دەستووری هەڵدەوەشێنرێتەوە.

١.٤. گشت ئەو دەسەڵات و ئەرکانەی کە پێشتر لە ئەستۆی پارێزگاکاندا بوون، بەپێی قانوونێکی تایبەت، بە شێوەیەکی لۆژیکی و کارا لەنێوان دەسەڵاتی ناوەندی (شالیارگە تایبەتمەندەکان) و شارەوانییەکاندا دابەش دەکرێن.

دووەم: پێگەی قانوونیی، سنوور و هاوکاریی شارەوانییەکان

٢.١. هەر شارەوانییەک لە چوارچێوەی دەوڵەتی کوردستاندا یەکەیەکی خۆبەڕێوەبەریی خاوەن کەسایەتیی قانوونیی سەربەخۆیە و مافی خاوەندارێتی، بەستنی گرێبەست، و سکاڵا تۆمارکردن و سکاڵا لێ تۆمارکردنی هەیە.

٢.٢. سنووری جوگرافی، پێکهاتە و میکانیزمی دامەزراندن یان یەکخستنی شارەوانییەکان بە لەبەرچاوگرتنی فاکتەرە مێژوویی، جوگرافی، ئابووری، دیمۆگرافی و توانای دابینکردنی ڕاژەداریی کارا بە قانوونێکی تایبەت ڕێکدەخرێت.

٢.٣. شارەوانییەکان دەتوانن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش یان دابینکردنی ڕاژەداریی هاوبەش، هاوکاریی خۆویستانە لەنێوان خۆیاندا پێکبهێنن، بەڵام ئەم هاوکارییە نابێت ببێتە هۆی دروستکردنی ئاستێکی کارگێڕیی نوێ یان یەکەیەکی وارگێڕیی سەروو-شارەوانی.

سێیەم: دەسەڵات و بەرپرسیارێتییە بنەڕەتییەکان

٣.١. شارەوانییەکان خاوەنی دەسەڵاتی داڕشتن و ڕاییکردنی وارگێڕیی خۆماڵین و بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆیان لە گەیاندنی ئەم ڕاژەدارییە بنەڕەتییانەدا هەیە:

ئا. پلاندانانی شارستانی، دەرکردنی مۆڵەتی بیناسازی و بەڕێوەبردنی کاروباری زەویوزار لە چوارچێوەی پلانی گشتیی نیشتمانیدا.

ب. دابینکردنی ڕاژەدارییە گشتییەکان، وەک ئاو، ئاوەڕۆ، وزەی خۆماڵی و بەڕێوەبردنی پاشماوە.

پ. بنیاتنان و چاککردنەوەی ژێرخانی خۆماڵی، وەک ڕێگاوبان، پارک، کتێبخانە و شوێنە گشتییەکان.

ت. سەرپەرشتیکردنی کارگێڕیی پەروەردەی بنەڕەتی (باخچەی ساوایان، دایانگە و قوتابخانەی بنەڕەتی) و ڕاژەی تەندروستیی سەرەتایی.

ج. گەشەپێدانی ئابووریی خۆماڵی، پشتیوانیکردن لە پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنان.

چ. پاراستنی ژینگە و پاشماگی کولتووریی خۆماڵی و پاراستنی نەزمی گشتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نیشتمانی.

چوارەم: هەڵبژاردن و پێکهاتەی دیموکراتی

٤.١. هەر شارەوانییەک لەلایەن "کۆڕی شارەوانی"ـیەوە بەڕێوەدەبرێت، کە ئەندامەکانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی گشتی، ئازاد و ڕاستەوخۆوە لەلایەن دانیشتووانی شارەوانییەکەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

٤.٢. کۆڕی شارەوانی، سەرۆکی شارەوانی کە سەرۆکی دەسەڵاتی ڕایەداریی شارەوانییەکەیە هەڵدەبژێرێت.

٤.٣. هەڵبژاردنەکان لەژێر چاودێریی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا بەڕێوەدەچن.

٤.٤. بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی دەسەڵاتی تاکەکەسی، مافی دووبارە هەڵبژاردنەوە بۆ سەرۆکی شارەوانی و ئەندامانی کۆڕ تەنیا بۆ یەک خولی دیکەی یەک لەدوای یەک سنووردار دەکرێت.

پێنجەم: سەربەخۆیی دارایی و سندوقی هاوسەنگیی نیشتمانی

٥.١. شارەوانییەکان خاوەنی بودجەی سەربەخۆی خۆیانن و مافی کۆکردنەوەی داهاتی خۆماڵییان لە ڕێگەی باج و تێچووی ڕاژەدارییەوە هەیە.

٥.٢. دەوڵەتی ناوەندی، لە ڕێگەی "سندوقی هاوسەنگیی نیشتمانی"ـیەوە، پشکێک لە بودجەی گشتی بۆ شارەوانییەکان تەرخان دەکات.

٥.٣. شێوازی دابەشکردنی ئەم پشکە بەپێی فۆرمولایەکی قانوونیی ڕووەن دەبێت کە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان، پێداویستیی گەشەپێدان، بە ئامانجی کەمکردنەوەی جیاوازی و دابینکردنی گەشەی هاوسەنگدۆخی جوگرافی و توانای داهاتی خۆماڵی دادەڕێژرێت.

شەشەم: چاودێریی دەوڵەت و ڕێکاری ڕایەداریی تایبەت (میکانیزمی ڕۆبێک)

٦.١. بنەمای بەرپرسیارێتیی دارایی: سەربەخۆیی دارایی شارەوانییەکان بەندە بە بەرپرسیارێتییەوە. هەر شارەوانییەک ئەرکدارە بە بەڕێوەبردنی ژیرانەی داهات و خەرجییەکانی و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی دارایی درێژخایەن.

٦.٢. چوونە ناو لیستی چاودێری: هەر شارەوانییەک کە ناتوانێت بودجەیەکی هاوسەنگ پەسەند بکات یان پابەندییەکانی دارایی خۆی ڕایی بکات، بەپێی قانوون و دوای هەڵسەنگاندنی دامەزراوەی باڵای چاودێریی دارایی، دەخرێتە ژێر "ڕێکاری ڕایەداریی تایبەت"ـەوە.

٦.٣. سنووردارکردنی دەسەڵاتی دارایی: لەم دۆخەدا، شارەوانییەکە مافی وەرگرتنی قەرزی نوێ یان ئەنجامدانی هەر پابەندبوونێکی دارایی درێژخایەنی نابێت، مەگەر بە ڕەزامەندیی پێشوەختەی شالیارگەی تایبەتمەندی دەسەڵاتی ناوەندی.

٦.٤. دانانی چاودێری دارایی: دەسەڵاتی ناوەندی مافی هەیە چاودێرێکی دارایی بۆ شارەوانییەکە دابنێت کە ئەرکی یارمەتیدان و چاودێریکردنی پلانی چاکسازیی دارایی دەبێت.

٦.٥. ئامانجی ڕێکارەکە: ئامانج لەم ڕێکارە نەک سنووردارکردنی سەربەخۆیی خۆماڵی، بەڵکو پاراستنی مافی شارۆمەندان، ڕێگریکردن لە مایەپووچبوونی دارایی، و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی ئابووریی نیشتمانییە.

٦.٦. دەرچوون لە لیست: شارەوانییەکە تا ئەو کاتە لەژێر ئەم ڕێکارەدا دەمێنێتەوە کە بەپێی ڕاپۆرتی فەرمی، توانای بەڕێوەبردنی دارایی سەربەخۆی بەدەست هێنابێتەوە.

حەوتەم: وەڵامدەرەوەیی، ڕوونایەتی و بەشداریی گشتی

٧.١. بنەمای وەڵامدەرەوەیی: شارەوانییەکان لە بەرامبەر دانیشتووانی خۆیان و قانوونەکانی دەوڵەتدا وەڵامدەرەوەن. کۆڕی شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆیان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کاروباری شارەوانییەکەدا هەیە.

٧.٢. ڕوونایەتیی ڕەها: دەبێت گشت بڕیار، گرێبەست، و خەرجییەکی شارەوانی بە شێوەیەکی گشتی و ئاسان بۆ دەستگەیشتن بڵاوبکرێتەوە. بودجەی ساڵانە و ڕاپۆرتی وردبینیی دارایی دەبێت بۆ ڕای گشتی بەردەست بێت.

٧.٣. هاندانی بەشداریی شارۆمەندان: شارەوانییەکان ئەرکدارن بە هاندانی بەشداریی چالاکانەی شارۆمەندان لە پرۆسەی بڕیارداندا، لە ڕێگەی میکانیزمی جۆراوجۆرەوە وەک:

ئا. کۆبوونەوەی گشتیی دەوری.

ب. ڕاوێژکاری لەسەر پڕۆژە گرنگەکان.

پ. پلاتفۆرمی دیجیتاڵی بۆ وەرگرتنی پێشنیار و سکاڵا.

ت. "بودجەی بەشداریکەر" کە تێیدا بەشێک لە بودجە بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان دەکرێت کە لەلایەن خودی هاووڵاتیانەوە پێشنیار کراون.

٧.٤. مافی دەستگەیشتن بە زانیاری: هەر شارۆمەندێک مافی دەستگەیشتنی بە زانیارییەکانی پەیوەست بە کارەکانی شارەوانییەکەی هەیە، بەپێی ئەو قانوونەی کە ئەم مافە ڕێکدەخات.

٧.٥. لێپرسینەوە لە گەندەڵی: هەر بارێکی گوماناوی گەندەڵی یان بەد بەکارهێنانی دەسەڵات، لەلایەن دەزگای نیشتمانیی دژەگەندەڵییەوە لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت.

هەشتەم: پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی

٨.١. پابەندبوون بە ستراتیژی نیشتمانی: شارەوانییەکان لە چوارچێوەی قانووندا کار دەکەن و بە وارگێڕییە ستراتیژییە نیشتمانییەکانی دەوڵەت، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاسایش، پەروەردەی باڵا، پاراستنی ژینگە، و پلانی گشتیی خاکدا پابەندن.

٨.٢. چاودێریی قانوونیی، نەک وارگێڕی: دەسەڵاتی ناوەندی، لە ڕێگەی شالیارگەی تایبەتمەندەوە، چاودێریی قانوونیی کارەکانی شارەوانییەکان دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بڕیارەکانیان لەگەڵ دەستوور و قانوون نیشتمانییەکاندا یەکدەگرنەوە، بەڵام دەست لە بڕیارە خۆماڵییەکانیان وەرنادات.

٨.٣. پشتیوانیی تەکنیکی و پسپۆڕی: دەسەڵاتی ناوەندی ئەرکدارە بە دابینکردنی پشتیوانیی تەکنیکی، زانیاری و پسپۆڕی بۆ شارەوانییەکان، بەتایبەتی بۆ ئەو شارەوانییانەی کە توانای مرۆیی و دارایی سنوورداریان هەیە.

٨.٤. ئاڵوگۆڕی زانیاری: دەبێت پەرگاڵێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و داتا لەنێوان شارەوانییەکان و دەسەڵاتی ناوەندیدا هەبێت، بۆ مسۆگەرکردنی پلاندانانێکی زانستی و هاوبەش.

٨.٥. نوێنەرایەتی لە ئاستی نیشتمانی: قانوون میکانیزمێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی شارەوانییەکان وەک دامەزراندنی "کۆڕی نیشتمانیی شارەوانییەکان" کە دەبێتە سەکۆیەکی ڕاوێژکاری لە ئاستی نیشتمانیدا دادەنێت.

نۆیەم: بەڕێوەبردنی قەیران و بەرگریی شارستانی

٩.١. بەرپرسیارێتیی هاوبەش: لە دۆخی کارەساتی سروشتی، قەیرانی تەندروستیی گشتی، یان هەر هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر ئاسایشی گشتی، شارەوانییەکان وەک هێڵی پێشەوەی بەرپەرچدانەوە کار دەکەن، بەڵام بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دامەزراوە فریاکەوتنە نیشتمانییەکاندا ئەرکدارن.

٩.٢. پلانی ئامادەیی خۆماڵی: هەر شارەوانییەک دەبێت پلانی ئامادەیی بۆ قەیران و تیمی بەرپەرچدانەوەی فریاکەوتنی خۆماڵیی هەبێت، کە بە شێوەیەکی دەوری ڕاهێنانیان پێدەکرێت.

٩.٣. پەرگاڵی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە: شارەوانییەکان لە ڕاییکردنی پەرگاڵی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی دانیشتووان لە کاتی مەترسیدا بەرپرسیارن.

٩.٤. بەڕێوەبردنی خۆبەخشان: شارەوانییەکان ئەرکی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی هێزی خۆبەخشی شارستانییان لە کاتی قەیرانەکاندا لە ئەستۆدایە.

٩.٥. دەسەڵاتی کاتیی تایبەت: لە کاتی قەیراندا، دەسەڵاتی ناوەندی دەتوانێت بەپێی قانوون، دەسەڵاتی کاتیی تایبەت بۆ خێراکردنی دابەشکردنی هاوکاری و جووڵاندنی سەرچاوەکان بە شارەوانییەکان بدات.

دەیەم: پاراستنی پاشماگی خۆماڵی و شوناسی ناوچەیی

١٠.١. ئەرکی پاراستن: شارەوانییەکان لە پاراستن و پەرەپێدانی پاشماگی کولتووری، زمانەوانی و مێژوویی تایبەت بە ناوچەکانیان، وەک بەشێک لە شوناسی گشتیی نەتەوە بەرپرسیارێتیی قانوونیی ڕاستەوخۆیان هەیە.

١٠.٢. پشتیوانی لە داهێنانی خۆماڵی: پشتیوانیکردن لە هونەر، پیشەی دەستی، فێستیڤاڵە خۆماڵییەکان، و گشت ئەو چالاکییانەی کە شوناسی تایبەتی ناوچەکە دەوڵەمەند دەکەن، ئەرکێکی بنەڕەتییانە.

١٠.٣. پاراستنی شوێنەوارەکان: شارەوانییەکان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی نیشتمانیی پاراستنی پاشماگ، لە پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانی سنووری خۆیان بەرپرسیارن.

١٠.٤. ناوی شوێنەکان: شارەوانییەکان بە پاراستن و بەکارهێنانی ناوە ڕەسەن و مێژووییەکانی شوێنە جوگرافییەکانی سنووری خۆیان ئەرکدارن.

١٠.٥. هاوکاریی کولتووری: شارەوانییەکان بە هاندانی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە کولتووری و پەروەردەییەکان بۆ بەهێزکردنی شوناسی کولتووریی خۆماڵی ئەرکدارن.

یازدەیەم: کێبڕکێی تەندروست و گەشەی هاوسەنگ

١١.١. بنەمای کێبڕکێی بنیاتنەر: پەرگاڵی شارەوانییە سەربەخۆکان لەسەر بنەمای هاندانی کێبڕکێی تەندروستی بنیاتنەر لەنێوان شارەوانییەکاندا بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان، داهێنان، پەرەپێدانی توانای مرۆیی و بەرزکردنەوەی چلۆنایەتیی ژیان دادەمەزرێت.

١١.٢. ئامانجی گەشەی هاوسەنگ: ئامانجی ستراتیژیی ئەم کێبڕکێیە، دابینکردنی گەشەیەکی نیشتمانیی هاوسەنگ و فرەچەشنە و ڕێگریکردن لە چڕبوونەوەی گەشەی ئابووری و دانیشتووان لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراودایە.

١١.٣. پێوەری نیشتمانیی هەڵسەنگاندن: دەوڵەت، بەپێی قانوون، پەرگاڵێکی نیشتمانیی ڕووەن و زانستی بۆ هەڵسەنگاندنی کارایی شارەوانییەکان لە بوارەکانی وەک ڕاژەداری، گەشەی ئابووری، پاراستنی ژینگە و ڕەزامەندیی شارۆمەندان دادەمەزرێنێت.

١١.٤. سندوقی هاندانی نیشتمانی: دەرئەنجامی ئەم هەڵسەنگاندنە دەبێتە بنەما بۆ دابەشکردنی بەشێک لە یارمەتییە داراییە هاندەرەکان لە "سندوقی هاوسەنگیی نیشتمانی"ـیەوە، بە مەبەستی پاداشتکردنی سەرکەوتن و هاندانی شارەوانییەکانی دیکەیە.

١١.٥. هاوکاریی نێوان شارەوانییەکان: شارەوانییەکان بۆ دامەزراندنی هاوکاریی خۆویستانە و بەستنی ڕێککەوتنی فەرمی لەنێوان خۆیاندا بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەشی ستراتیژی، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کارایی و کەمکردنەوەی تێچوو هان دەدرێن.

١١.٦. یەکخستنی ڕاژەداری: قانوون چوارچێوەی قانوونیی پێویست بۆ یەکخستنی ڕاژەداری لە بوارە تایبەتەکاندا (وەک گواستنەوەی گشتی یان بەڕێوەبردنی پاشماوە) لەنێوان چەند شارەوانییەکی دراوسێدا دابین دەکات، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی دروستکردنی ئاستێکی کارگێڕیی نوێ.

١١.٧. ئاڵوگۆڕی ئەزموون و باشترین پراکتیک: دەوڵەتی ناوەندی بە دامەزراندنی سەکۆیەکی نیشتمانی بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و ناساندنی باشترین پراکتیکەکانی بەڕێوەبردنی خۆماڵی لەنێوان شارەوانییەکاندا ئەرکدارە.

دوازدەیەم: دادگای کارگێڕی و چارەسەرکردنی ناکۆکی

١٢.١. دەسەڵاتی دادوەریی تایبەتمەند: هەر ناکۆکییەک لەسەر سنووری دەسەڵاتی نێوان شارەوانییەک و دەسەڵاتی ناوەندی، یان لەنێوان دوو شارەوانیدا، لەلایەن دادگای کارگێڕیی تایبەتمەندەوە یەکلایی دەکرێتەوە.

١٢.٢. پابەندبوون بە بڕیارەکان: بڕیارەکانی دادگا لەم بوارەدا کۆتایی و پابەندکەرن بۆ هەموو لایەنەکان و ناشێت تانەیان لێبدرێت.

١٢.٣ ڕاوێژی قانوونیی پێشوەختە: شارەوانییەکان مافیان هەیە داخوازی ڕاوێژی قانوونیی لە دەزگای ڕاوێژکاریی دەوڵەت بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەیکە بڕیارە ستراتیژییەکانیان لەگەڵ دەستوور و قانوون نیشتمانییەکاندا دەگونجێن.

١٢.٤. ناوبژیوانیی کارگێڕی: قانوون دەتوانێت میکانیزمێک بۆ ناوبژیوانیی کارگێڕی لەنێوان شارەوانییەکاندا دابنێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان پێش گەیشتنیان بە دادگا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر دەسەڵاتی دادوەری.

١٢.٥. پاراستنی مافی شارەوانییەکان: دادگای کارگێڕی ئەرکی پاراستنی ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی شارەوانییەکانی لە ئەستۆدایە لەبەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی ناقانوونیی لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە.

١٢.٦. سکاڵای شارۆمەندان: هەر شارۆمەندێک کە پێی وابێت بڕیارێکی شارەوانی مافە دەستوورییەکانی پێشێل کردووە، مافی هەیە سکاڵا لە دادگای کارگێڕی تۆمار بکات.

سێزدەیەم: نەهێڵانی قۆرخکاریی وارگێڕی

١٣.١. بێلایەنیی دامەزراوەیی: هیچ پارت یان لایەنێکی وارگێڕی مافی نییە دامودەزگای شارەوانییەک بۆ بەرژەوەندیی پارتایەتی بەکاربهێنێت. کارمەندانی شارەوانی دەبێت لە کاتی کارکردنی فەرمیدا بێلایەنیی تەواو بپارێزن.

١٣.٢. بەکارهێنانی سامانی گشتی: بەکارهێنانی سامانی گشتیی شارەوانی، لەوانە باڵەخانە، ئۆتۆمبێل و بودجە، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن یان هەر کارێکی پارتایەتی، بە تاوانی گەندەڵی دادەنرێت و سزای توندی قانوونیی لەسەر دەبێت.

١٣.٣. دامەزراندن لەسەر بنەمای شایستەیی: دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە لە پۆستە کارگێڕییەکانی شارەوانیدا دەبێت تەنیا لەسەر بنەمای شایستەیی، لێهاتوویی و ئەزموون بێت، نەک وەفاداریی پارتایەتی.

١٣.٤. جیاکردنەوەی پۆستی هەڵبژێردراو و کارگێڕی: دەبێت جیاکارییەکی ڕوون لەنێوان پۆستە هەڵبژێردراوەکان (ئەندامانی کۆڕ و سەرۆکی شارەوانی) و پۆستە کارگێڕییە پیشەییەکاندا هەبێت. فەرمانبەرانی پیشەیی نابێت لەژێر فشاری وارگێڕیدا بن.

١٣.٥. چاودێریی بێوچان: دەزگای نیشتمانیی دژەگەندەڵی و دامەزراوەی باڵای چاودێریی دارایی، بە شێوەیەکی بێوچان و لەناکاو، چاودێریی کار و گرێبەستەکانی شارەوانییەکان دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک.

١٣.٦. نەهێڵانی گرێبەست لەگەڵ بەرپرسان: بەستنی هەر جۆرە گرێبەستێکی بازرگانی لەنێوان شارەوانی و هەر کۆمپانیایەک کە ئەندامێکی هەڵبژێردراوی شارەوانییەکە یان کەسە پلە یەکەکانی خاوەنی بن، بە توندی نەهێڵراوە.

١٣.٧. ئاشکراکردنی بەرژەوەندییەکان: هەموو ئەندامێکی هەڵبژێردراوی شارەوانی دەبێ بە ئاشکراکردنی گشت بەرژەوەندییە داراییەکانی خۆی و خێزانەکەی پێش دەستبەکاربوون یان لە سەروبەندی هەر گۆڕانکارییەکدا پابەند بێت.

١٣.٨. سزای توند: هەر سەرپێچییەک لەم بڕگانە، جگە لە سزای قانوونیی، دەبێتە هۆی لادانی یەکجارەکی لە پۆستی گشتی و بێبەشکردنی هەردەمیی لە مافی خۆپاڵاوتن.

چواردەیەم: مافی شارۆمەند بۆ لێپرسینەوە

١٤.١. میکانیزمی لێپرسینەوەی گشتی: شارۆمەندانی هەر شارەوانییەک مافیان هەیە لە ڕێگەی میکانیزمی قانوونییەوە، وەک پێشکەشکردنی داخوازکاریی کۆکردنەوەی واژۆ، داخوازی لێپرسینەوەی فەرمی لە کۆڕی شارەوانی یان سەرۆکی شارەوانی لەسەر هەر مژارێکی دیاریکراو بکەن.

١٤.٢. ڕیفراندۆمی خۆماڵی بۆ لادان: قانوون ڕێگە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی خۆماڵی دەدات بۆ لادانی ئەندامانی هەڵبژێردراو پێش کۆتاییهاتنی خولەکەیان، بە مەرجێک ژمارەیەکی دیاریکراو و بەرچاو لە دانیشتووان داخوازی بکەن، کە وردەکارییەکەی لە قانووندا دیاری دەکرێت.

١٤.٣. مافی سکاڵا لە دادگای کارگێڕی: شارۆمەندان مافیان هەیە سکاڵا لەسەر هەر بڕیارێکی شارەوانی کە پێیان وایە ناقانوونییە یان زیانی پێگەیاندوون، لە دادگای کارگێڕیدا تۆمار بکەن.

١٤.٤. چاودێریی بێپسانەوەی شارۆمەندان: شارەوانییەکان ئەرکدارن بە دامەزراندنی پلاتفۆرمی ڕوونایی ئۆنلاین بۆ ئەوەی شارۆمەندان بتوانن بە شێوەیەکی بێوچان چاودێریی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژە و خەرجییەکان بکەن.

١٤.٥. پاراستنی ئاشکراکەرانی گەندەڵی: قانوون پارێزبەندیی تەواوی قانوونیی و کارگێڕی بۆ هەر شارۆمەند یان فەرمانبەرێک دابین دەکات کە زانیاریی باوەڕپێکراو لەسەر گەندەڵی لەناو شارەوانیدا ئاشکرا دەکات.

١٤.٦. دامەزراندنی کاریار (ئۆمبودسمان)ـی خۆماڵی: پێویستە نووسینگەی "کاریاری خۆماڵی" وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بۆ وەرگرتنی سکاڵای شارۆمەندان و لێکۆڵینەوە لە کارەکانی کارگێڕیی شارەوانی دابمەزرێت و ئەرکەکانی بێکەموکۆڕی بەڕێوە ببات.

١٤.٧. کۆبوونەوەی ساڵانەی لێپرسینەوە: سەرۆکی شارەوانی پابەندە بە سازکردنی کۆبوونەوەیەکی گشتیی ساڵانە لەگەڵ دانیشتوواندا بۆ خستنەڕووی کارنامەی ساڵی ڕابردوو و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان.

١٤.٨. مافی پێداچوونەوە بە بڕیارەکان: ژمارەیەکی دیاریکراوی شارۆمەندان، کە قانوون دیاری دەکات، دەتوانن داخوازی پێداچوونەوە بە هەر بڕیارێکی کۆڕی شارەوانی بکەن و کۆڕەکە پێویستە بە دووبارە تاوتوێکردنەوەی مژارەکە پابەند بێت.

١٤.٩. بەرپرسیارێتیی تاکەکەسیی بەرپرسان: قانوون بەرپرسیارێتیی قانوونیی تاکەکەسی بۆ ئەو بەرپرسە هەڵبژێردراوانە دیاری دەکات کە بەهۆی کەمتەرخەمی یان بڕیاری چەوتەوە زیان بە سامانی گشتی دەگەیەنن.

پازدەیەم: چوارچێوەی گشتیی قانوونیی

١٥.١. قانوونی دەسەڵاتە خۆماڵییەکان: قانوونێکی گشتگیر و تایبەت بە دەسەڵاتە خۆماڵییەکان، وردەکاریی گشت بڕگەکانی ئەم بەندە، لەوانە پێکهاتە، دەسەڵات، میکانیزمی دارایی، چاودێری و هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، ڕێکدەخات.

١٥.٢. پێداچوونەوەی دەوری: ئەم قانوونە دەبێت بە شێوەیەکی دەوری، لانیکەم هەر دە ساڵ جارێک، و بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکان و ئەزموونەکان، پێداچوونەوەی بۆ بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمدا دەگونجێت.

١٥.٣. ڕاهێنان و تواناسازی: دەوڵەتی ناوەندی، لە ڕێگەی دامەزراوەی تایبەتمەندەوە، دەبێت لە دابینکردنی ڕاهێنان و تواناسازیی بێپسانەوە بۆ ئەندامانی هەڵبژێردراو و فەرمانبەرانی شارەوانییەکان لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی مۆدێرن، دارایی گشتی و پلاندانانی ستراتیژیدا بەرپرسیار بێت.

١٥.٤. پەرەپێدانی دیموکراسیی خۆماڵی: دەوڵەت هانی توێژینەوەی ئەکادیمی و دیالۆگی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی بێوچانی مۆدێلی دیموکراسیی خۆماڵی لە کوردستاندا دەدات.

١٥.٥. یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی: سەرەڕای سەربەخۆیی کارگێڕی، هەموو شارەوانییەکان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دەوڵەتی یەکگرتووی کوردستان کار دەکەن و پێویستە بە کار و کردەوە بە پاراستنی یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی پابەند بن.

١٥.٦. قانوونی گواستنەوە: قانوونێکی تایبەت، پڕۆسەی گواستنەوە لە پەرگاڵی پێشووەوە بۆ پەرگاڵی نوێی شارەوانییەکان، دابەشکردنی مڵک و ماڵ و گواستنەوەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و کارا ڕێکدەخات.