دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 12

دەسەڵاتی ڕایەدار - کابینەی دەسەڵات

دەسەڵاتی ڕایەدار وەک کۆڵەکەی سەرەکیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دڵنیابوون لە ڕاییکردنی دەستوور و قانوونەکان، لە کۆماری کوردستاندا بە سەرکردایەتیی باڵای سەرکۆمار بەڕێوە دەچێت. ئەم دەسەڵاتە لە سەرکۆمار و کابینەی دەسەڵات پێکهاتووە. کابینەی دەسەڵات، بە سەرۆکایەتیی سە…

بەندی 12 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

دەسەڵاتی ڕایەدار وەک کۆڵەکەی سەرەکیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دڵنیابوون لە ڕاییکردنی دەستوور و قانوونەکان، لە کۆماری کوردستاندا بە سەرکردایەتیی باڵای سەرکۆمار بەڕێوە دەچێت. ئەم دەسەڵاتە لە سەرکۆمار و کابینەی دەسەڵات پێکهاتووە. کابینەی دەسەڵات، بە سەرۆکایەتیی سەرکۆمار کە سەردەستەی ڕایەدارە، بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی وردەکاریی کاروباری ڕۆژانەی وڵات و ڕاییکردنی بڕیار و وارگێڕییەکان.

یه‌كه‌م: پێکهاتە و دانانی کابینە

١.١. کابینە پێکدێت لە ژمارەیەک شالیار، کە سەرۆکایەتیی کاروبارە جیاجیاکان دەکەن.

١.٢. ژمارە و پسپۆڕی کاروبارەکان بە قانوونێک ڕێکدەخرێت، کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەردەچێت.

١.٣. سەرکۆمار وەک سەرۆکی دەسەڵاتی ڕایەدار، شالیارەکان دادەنێت و لە پۆستەکانیان دووریان دەخاتەوە.

١.٤. دانانی شالیارەکان:

ئا. پێویستی بە وەرگرتنی رەزامەندی زۆرینەی ئەندامانی مەکۆی ژیران هەیە

ب. ئەم ڕەزامەندییە تەنیا بۆ پشکنینی شایستەیی و گونجاویی دەستووریی کاندیدەکانە

پ. ئەم ڕەزامەندییە بە هیچ شێوەیەک وەک بەخشینی متمانەی وارگێڕیی پەرلەمانی هەژمار ناکرێت

١.٥. کابینە لەژێر سەرۆکایەتیی ڕاستەوخۆی سەرکۆماردا کاردەکات، شالیارەکان تەنیا لەبەردەم ئەودا بەرپرسیارن.

١.٦. سەرکۆمار دەتوانێت بەپێی قانوون، هەندێک لە دەسەڵاتە کارگێڕییەکانی خۆی بە شالیارەکان بسپێرێت، بۆ ماوەی کاتی، بەبێ ئەوەی لە بەرپرسیارێتی سەرکۆمار کەم بکاتەوە.

دوویه‌م: بەرپرسیارێتی و وەڵامدەرەوەیی

٢.١. کابینە، بە گشت شالیارەکانەوە، بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆیان لەبەردەم سەرکۆماردا هەیە.

٢.٢. کابینە پابەندە بە:

ئا. ڕاییکردنی وارگێڕیی و بڕیارەکانی سەرکۆمار

ب. بەڕێوەبردنی کارای کاروبارەکان

٢.٣. سەرکۆمار وەک سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی ڕایەدار، بەرپرسیارێتی کۆتایی لەبەرامبەر گەلی کوردستان و بەپێی ئەم دەستوورە لە ئەستۆدایە.

٢.٤. دەسەڵاتی ڕایەدار پابەندە بە:

ئا. بنەماکانی ڕوونایەتی و وەڵامدەرەوەیی

ب. دەسەڵاتدارییەتی دادپەروەرانە

پ. پاراستنی سامانی گشتی

ت. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە گشت ئاستەکان

سێیه‌م: ئەرک و دەسەڵاتەکان

٣.١. دەسەڵاتی ڕایەدار، بە سەرکردایەتیی سەرکۆمار و لە ڕێگەی کابینەی دەسەڵات و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە، خاوەنی ئەم ئەرک و دەسەڵاتە سەرەکییانەیە کە لە ڕاژەی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتماندان:

ئا. داڕشتن و ڕاییکردنی وارگێڕییە نیشتمانییەکان:

یارمەتیدانی سەرکۆمار لە داڕشتنی وارگێڕییە ستراتیژییەکان

داڕشتن و ڕاییکردنی وردەکاریی وارگێڕییە نیشتمانییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا

مافی پێشنیارکردنی وارگێڕیی نوێ بۆ سەرکۆمار

بەرپرسیارێتی پەرەپێدان و پێشنیارکردنی نەخشە و بەرنامە بۆ سەرکۆمار

ب. بەڕێوەبردنی دارایی گشتی و بودجە:

ئامادەکردن و پێشکەشکردنی پڕۆژە قانوونی بودجەی گشتیی دەوڵەت بۆ پەرلەمان

بەڕێوەبردنی بودجە دوای پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە

کۆکردنەوەی داهاتەکان و بەڕێوەبردنی قەرزە گشتییەکان

سەرپەرشتیکردنی ژیرانەی سامانی نیشتمانی بۆ گەشەی ڕاوەستاو و دابینکردنی خۆشبژێویی

پ. دابینکردنی ڕاژەدارییە گشتییە بنەڕەتییەکان:

دابینکردنی چلۆنایەتی بەرز و کارای ڕاژەدارییە بنەڕەتییەکان بۆ گشت شارۆمەندان بە دادپەروەرانە

ڕاژەداری لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانی پێویست (ئاو، کارەبا، ڕێگاوبان، پەیوەندییەکان)

ت. پاراستنی ئاسایشی نێوخۆیی و پەرگاڵی گشتی:

سەرپەرشتیکردنی هێزی پۆلیسی نیشتمانی و دەزگا هەدارییەکانی دیکە

پاراستنی پەڕگاڵی گشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی

ڕاییکردنی قانوون بەپێی فەرمان و ڕێنوێنییەکانی دەسەڵاتی دادوەریی پسپۆڕ

ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ

ج. بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان:

ڕاییکردنی وارگێڕیی دەرەوەی دیاریکراو لەلایەن سەرکۆمارەوە

بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە شێوازێک کە ڕاژەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات

بەهێزکردنی پێگەی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی

چ. پێشنیارکردنی پڕۆژەقانوون و بڕیارنامە:

ئامادەکردنی پڕۆژەقانوون و بڕیارنامە پێویستەکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات

پێشکەشکردنیان بە دەسەڵاتی قانووندانان (پەرلەمان و مەکۆی ژیران)

ح. بەڕێوەبردنی سامانی گشتی:

سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا و مڵک و ماڵی گشتیی دەوڵەت

بەڕێوەبردن بە شێوازێکی کارا و ڕووەن و لە ڕاژەی بەرژەوەندیی نیشتمانیدا

خ. پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی:

پابەندبوون بە ڕاییکردنی بڕیارە کۆتاییەکانی دادگاکان

ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی

چواره‌م: پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتی قانووندانان

٤.١. پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی ڕایەدار و دەسەڵاتی قانووندانان لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پەرگاڵی پشکنین و هاوسەنگی ڕێکدەخرێت.

٤.٢. هەردوو دەسەڵات پابەندی هاوکاری و ڕێزگرتنی یەکترن.

٤.٣. دەسەڵاتی قانووندانان، کە پێکدێت لە پەرلەمان و مەکۆی ژیران، مافی چاودێریکردنی کارەکانی کابینەی دەسەڵات و کاروبارەکانی هەیە لە ڕێگەی:

ئا. ئاراستەکردنی پرسیار

ب. لێکۆڵینەوە

پ. پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند

٤.٤. شالیارەکان و ئەندامانی کابینە:

ئا. تەنیا لەبەردەم سەرکۆماردا بەرپرسیارێتیی وارگێڕییان هەیە

ب. بۆ مانەوە لە پۆستەکانیاندا پشت بە دەنگی متمانەی پەرلەمان نابەستن

٤.٥. پەرلەمان دەسەڵاتی تاوانبارکردنی هەر شالیارێکی بە مەبەستی لابردن هەیە، ئەگەر:

ئا. بە پێشێلکاریی مەترسیداری دەستوور یان قانوون تۆمەتبار کرا

ب. پڕۆسەی لابردنەکەی بەپێی قانوونێکی تایبەت ڕێکدەخرێت

٤.٦. شالیارەکان و بەرپرسانی باڵای دەسەڵات پابەندن بە:

ئا. ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و لیژنەکانیدا

ب. وەڵامدانەوەی پرسیارەکان

پ. پێشکەشکردنی هەر زانیارییەک کە بەپێی قانوون داخواز دەکرێت

پێنجه‌م: ڕاژەی گشتی و دامەزراندن

٥.١. دەسەڵاتی ڕایەدار بەرپرسیارە لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی پەرگاڵێکی ڕاژەی شارستانیی پیشەیی، لێهاتوو و بێلایەن.

٥.٢. دامەزراندن لە ڕاژەی گشتی دەبێت:

ئا. لەسەر بنەمای قانوون بێت

ب. بنەمای شایستەیی ڕەچاو بکات

پ. یەکسانی لە دەرفەتەکاندا بۆ گشت شارۆمەندانی کوردستان دابین بکات

٥.٣. ئامانجەکانی پەرگاڵی ڕاژەی گشتی:

ئا. دابینکردنی ڕاژەداریی کارا و دادپەروەرانە

ب. دڵنیابوون لە پاکی و دەستپاکی لە ئیدارەی گشتیدا

شه‌شه‌م: ڕێوشوێنە تایبەتەکان و باری نائاسایی

٦.١. لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی کارەسات ، قەیرانی سەخت و هەر بارێکی نائاسایی کە ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و پەرگاڵی گشتی

٦.٢. سەرکۆمار وەک سەرۆکی دەسەڵاتی ڕایەدار دەتوانێت باری نائاسایی ڕابگەیەنێت، بەو مەرجەی:

ئا. لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە قانوون دیاری دەکات، فەرمانەکەی بۆ پەسەندکردن پێشکەش بە پەرلەمان بکات

ب. ڕاییکردنی ئەم دەسەڵاتە و گرتنەبەری ڕێکارەکان تەنیا بەپێی قانوونی تایبەت بێت کە مەرج و ماوە و سنووری باری نائاسایی دیاری دەکات

٦.٣. لە باریی ڕوودانی شەڕ یان دەستدرێژیی سەربازیی دەرەکی بۆ سەر خاکی کوردستان:

ئا. سەرکۆمار وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەسەر بنەمای ڕەزامەندیی پەرلەمان، باری جەنگ ڕادەگەیەنێت

ب. بۆ بەڕێوەبردنی دۆخەکە کابینەیەکی تایبەت بە جەنگ پێکدەهێنێت

حه‌وته‌م: هێزی پۆلیسی نیشتمانی

٧.١. هێزی پۆلیسی نیشتمانیی، دامەزراوەی فەرمیی دەسەڵاتی ڕایەدارە.

٧.٢. ئەرکەکانی هێزی پۆلیسی نیشتمانی:

ئا. پاراستنی ئاسایشی نێوخۆیی

ب. پاراستنی پەڕگاڵی گشتی

پ. ڕاییکردنی قانوون و بڕیارەکانی دادگاکان

٧.٣. تایبەتمەندییەکانی هێزی پۆلیسی نیشتمانی:

ئا. هێزێکی ژیاری و پیشەییە

ب. لەژێر فەرمانی کاروباری ناوخۆ یان دامەزراوەیەکی هاوشێوەی سەر بە کابینەی دەسەڵات کار دەکات

٧.٤. هێزی پۆلیسی نیشتمانی پابەندە بە:

ئا. بنەماکانی دەستوور

ب. سەروەریی قانوون

پ. پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندانی کوردستان

ت. ڕێگرتن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک دژی شارۆمەندان