پەرگاڵی وارگێڕی و سەقامگیریی دەوڵەت
پەرگاڵی وارگێڕی لە کۆماری کوردستاندا، فۆڕمی دەسەڵاتداریێتی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستانە و دەبێت پابەند و پارێزەری بنەما نەگۆڕەکانی دەستوور بێت، بە تایبەتی سەروەریی نەتەوەیی، یەکپارچەیی وڵات و ئاسایشی نەتەوەیی. ئەم پەرگاڵە بنەمای سەقامگیریی دەوڵەت و مانەوەی نە…
پەرگاڵی وارگێڕی لە کۆماری کوردستاندا، فۆڕمی دەسەڵاتداریێتی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستانە و دەبێت پابەند و پارێزەری بنەما نەگۆڕەکانی دەستوور بێت، بە تایبەتی سەروەریی نەتەوەیی، یەکپارچەیی وڵات و ئاسایشی نەتەوەیی. ئەم پەرگاڵە بنەمای سەقامگیریی دەوڵەت و مانەوەی نەتەوەکەیە.
یهكهم: بنەمای پەرگاڵ
١.١. پەرگاڵی وارگێڕی لە کوردستاندا دەبێت دیموکراسی بێت و لەسەر بنەماکانی ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری بونیادنرابێت.
١.٢. ئەم بنەمایانە نابێت ببنە هەڕەشە بۆسەر یەکپارچەیی و سەروەریی دەوڵەت یان ئاسایشی نەتەوەیی.
١.٣. پەرگاڵی وارگێڕی دەبێت پارێزەری ئەم بنەما نەگۆڕانە بێت کە لە دەروازەی یەکەمی دەستووردا هاتوون.
دوویهم: نەگۆڕیی پەرگاڵی بنەڕەتی
٢.١. فۆڕمی بنەڕەتیی پەرگاڵی وارگێڕی کۆماری کوردستان، کۆماری نەتەوەیی سەربەخۆیە.
٢.٢. ئەم فۆڕمە بنەڕەتییە لەم دەستوورەدا چەسپێندراوە و نەگۆڕە.
٢.٣. تەنیا لە باریی زۆر نائاسایی و هەڕەشەی بوونیدا دەکرێت پێداچوونەوەی بنەڕەتی بە فۆڕمەکەیدا بکرێت، بەپێی مەرجەکانی بەشی سێیەم.
سێیهم: ڕیفراندۆمی گۆڕینی فۆڕم
٣.١. گۆڕینی فۆڕمی بنەڕەتیی پەرگاڵی وارگێڕی (وەک گۆڕینی لە کۆمارییەوە بۆ شێوازێکی دیکە) تەنیا لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکی نیشتمانییەوە دەکرێت، بە مەرجێک کە:
ئا. قەیرانێکی بوونایەتی یان هەڕەشەیەکی گەورەی نیشتمانی سەرهەڵبدات کە ڕاستەوخۆ سەروەریی یان مانەوەی دەوڵەت بخاتە مەترسییەوە
ب. داخوازکارییەکە لەلایەن سەرۆکی دەوڵەتەوە، پاش ڕاوێژ لەگەڵ کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و دادگای باڵا، پێشکەش بکرێت
پ. پاڕلمان بە زۆرینەیەکی زۆر تایبەت کە لێرەدا سێ لەسەر چوارە (٣/٤)، داخوازی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە بکات
ت. گۆڕانکاریی پێشنیارکراو دەبێت لە ڕاژەی پاراستن و بەهێزکردنی سەروەریی، یەکپارچەیی و ئاسایشی نەتەوەیی بێت
ج. گۆڕانکاریی پێشنیارکراو نابێت پێچەوانەی هیچ بەندێکی بنەڕەتیی دەروازەی یەکەمی ئەم دەستوورە بێت
چوارهم: ستانداردەکانی ڕیفراندۆم
٤.١. بۆ پەسەندکردنی گۆڕانکاری لە فۆڕمی بنەڕەتیی پەرگاڵی وارگێڕی لە ڕیفراندۆمدا، پێویستە زۆرینەیەکی زۆر تایبەت واتا زیاتر لە سێ لەسەر چواری دەنگەکان بەدەست بهێنرێت.
٤.٢. ئەم زۆرینەیە نابێت لە حەفتاوپێنج لەسەد (٧٥٪) کەمتر بێت.
٤.٣. ئەم پێوەرە بۆ دڵنیابوون لەوە دانراوە کە هەر گۆڕانکارییەکی پەیوەست بە فۆڕمی بنەڕەتیی پەرگاڵی وارگێڕی، تەنیا بە پشتگیریی ڕوون، ژمارەیی و دەستنیشانکراوی زۆرینەی نەتەوەیی پەسەند بکرێت.
٤.٤. وردەکاریی پرۆسەی ڕیفراندۆم و چاودێرییەکەی بەپێی قانوونێکی تایبەت دیاری دەکرێت.
پێنجهم: ڕێنەدراوکردنی پەرگاڵی دژی دەستوور
٥.١. هیچ پەرگاڵێکی وارگێڕی کە ئەم بنەمایانە پێشێل بکات، لە کوردستان ڕێنەدراوە:
ئا. بنەماکانی دیمۆکراسی
ب. سەروەریی قانوون
پ. مافە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندان بەپێی ئەم دەستوورە
٥.٢. ههر فۆڕمێکی دەسەلاتداریی کە ئەم خەسڵەتانەی هەبێت، لە کوردستان ڕێنەدراوە:
ئا. دیکتاتۆر
ب. ئۆتۆریتار
پ. تۆتالیتار
ت. دژی نیشتمانی
ج. ئایدیۆلۆژیک و دژی مۆدێرنیزم
چ. دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە هەموو فۆرمەکانی خۆیدا
٥.٣. هەر هەوڵێک بۆ دامەزراندنی پەرگاڵێکی وارگێڕی دژی ئەم بەندە، بە ناپاکیی نیشتمانی و پێشێلکردنی دەستوور هەژمار دەکرێت.
