هەموارکردنەوەی دەستوور
١.١. هەموارکردنەوەی دەستوور، نەک تەنیا ڕێکارێکی قانوونیی، بەڵکو کردەیەکی مێژوویی و ئەرکێکی قورسی نەتەوەییە بۆ هاوسەنگکردنی پێویستییەکانی نوێبوونەوە لەگەڵ پاراستنی بێ سازانی بنەما بوونایەتییەکانی کۆمار. ئەم پڕۆسەیە دڵنیایی دەدات کە هەر گۆڕانکارییەک لەم پەیما…
یەکەم: دەستپێشخەریی هەموارکردنەوە
١.١. هەموارکردنەوەی دەستوور، نەک تەنیا ڕێکارێکی قانوونیی، بەڵکو کردەیەکی مێژوویی و ئەرکێکی قورسی نەتەوەییە بۆ هاوسەنگکردنی پێویستییەکانی نوێبوونەوە لەگەڵ پاراستنی بێ سازانی بنەما بوونایەتییەکانی کۆمار. ئەم پڕۆسەیە دڵنیایی دەدات کە هەر گۆڕانکارییەک لەم پەیمانە پیرۆزەدا، دەبێت دەرئەنجامی هاوئاگاییەکی قووڵی نەتەوەیی و ویستێکی کۆیی بێت بۆ بەهێزکردنی سەروەریی، نەک بۆ لاوازکردنی بناغە نەگۆڕەکانی نیشتمان.
١.٢. پێشنیازی هەموارکردنەوەی دەستوور، وەک کردەیەکی خاوەن کێشی دەستووری، تەنیا لەلایەن ئەم لایەنانەوە مافی پێشکەشکردنی هەیە:
ئا. سەرکۆمار وەک نوێنەری یەکێتیی نەتەوەیی و پارێزەری دەستوور.
ب. دوو لەسەر پێنجی (٢/٥)ی کۆی گشتیی ئەندامانی مەکۆی نیشتمانی.
پ. دەستپێشخەریی کۆمەڵی، بەپێی ئەو مەرج و میکانیزمانەی کە لە بەندی (١٧، ١٨ و ٢٠)ی ئەم دەستوورەدا هاتووە، بە مەرجێک ژمارەی واژۆکاران لە سەدا دە (١٠٪)ـی کۆی دەنگدەران کەمتر نەبێت و لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە پشتڕاست کرابێتەوە.
١.٣. گشت پێشنیازێک دەبێت بە شێوەی پڕۆژەقانوونێکی نووسراو و هۆکاردار پێشکەش بە سەرۆکایەتیی هەردوو کۆڕی قانووندانان بکرێت.
دووەم: پڕۆسەی پەسەندکردنی قانووندانان
٢.١. هەر پێشنیازێک بۆ هەموارکردنەوە، دەبێت پڕۆسەیەکی ورد و فرەقۆناغی قانووندانان تێپەڕێنێت.
٢.٢. پێشنیازەکە پێویستی بە ڕەزامەندیی زۆرینەی دوو لەسەر سێی (٢/٣)ی کۆی گشتیی ئەندامانی مەکۆی نیشتمانی و هەروەها زۆرینەی دوو لەسەر سێی (٢/٣)ی کۆی گشتیی ئەندامانی مەکۆی ژیران هەیە.
٢.٣. ئەم ڕەزامەندییە دەبێت لە دوو خوێندنەوەی جیاوازدا بەدەست بهێنرێت کە نابێت ماوەی نێوانیان لە سێ (٣) مانگ کەمتر بێت، بۆ دابینکردنی دەرفەتی پێویست بۆ گفتوگۆی گشتی و لێکۆڵینەوەی ورد.
٢.٤. لە ماوەی نێوان دوو خوێندنەوەکەدا، دەبێت ڕەشنووسی هەموارکردنەوەکە بە شێوەیەکی گشتی بڵاو بکرێتەوە و ڕاوێژی پسپۆڕان و کۆمەڵگەی ژیاری لەسەر وەربگیرێت.
٢.٥. ئەگەر پێشنیازەکە لە یەکێک لە دوو کۆڕەکەدا ڕەزامەندیی پێویستی بەدەست نەهێنا، ئەوا بە ڕەتکراوە هەژمار دەکرێت.
سێیەم: ڕاپرسیی گشتیی پابەندکەر
٣.١. هەموارکردنەوەی ئەو بەندانەی کە گەوهەری پەیمانی نێوان دەوڵەت و شارۆمەند پێک دەهێنن، پێویستی بە گەڕانەوەی ڕاستەوخۆ هەیە بۆ خاوەنی ڕەسەنی سەروەری، کە نەتەوەی کوردە.
٣.٢. لەبەرئەوە، هەموارکردنەوەی ئەو بەندانەی کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بەم بوارانەی خوارەوە هەیە، دوای پەسەندکردنیان لە هەردوو کۆڕەکەدا، پێویستیان بە ئەنجامدانی ڕاپرسیی گشتیی نیشتمانیی هەیە:
ئا. گشت بەندەکانی دەروازەی یەکەم (بنەماکان و ناسنامە).
ب. فۆڕمی کۆماریی پەرگاڵی وارگێڕی.
پ. پێکهاتە و دەسەڵاتە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت (قانووندانان، ڕایەدار، دادوەری).
ت. گشت بەندەکانی دەروازەی شەشەم (ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان).
ج. میکانیزمی هەموارکردنەوەی خودی ئەم بەندە.
٣.٣. هەموارکردنەوەکە تەنیا کاتێک دەچێتە بواری ڕاییکردنەوە کە زۆرینەی ڕەهای دەنگە ڕاستەکان دەنگی "بەڵێ"ـی پێ بدەن.
چوارەم: بەندە نەگۆڕەکان
٤.١. سەرەڕای میکانیزمەکانی هەموارکردنەوە، گەوهەری بوونایەتیی کۆمار و ئەو بنەمایانەی کە هۆکاری بوونی دەوڵەتن، نەگۆڕ و پارێزراون.
٤.٢. هیچ هەموارکردنەوەیەک ناتوانێت ئەم بەندانە یان ناوەڕۆکە بنەڕەتییەکانیان بگۆڕێت:
ئا. بەندی (١) سەبارەت بە پێناسەی کۆماری کوردستان وەک وارگەی نەتەوەی کورد و یەکپارچەیی وڵات.
ب. بەندی (٢) سەبارەت بە ئاڵای کوردستان.
پ. بەندی (٣) سەبارەت بە سروشتی خۆسەرچاوەیی سەروەری.
ت. فۆڕمی کۆماریی دەوڵەت.
٤.٣. هەر هەوڵێک، چ لە ڕێگەی پڕۆسەی هەموارکردنەوە یان هەر ڕێکارێکی دیکەوە، بۆ گۆڕینی ئەم بنەمایانە، لە بنەڕەتەوە پووچەڵە و بە تاوان دژی پەڕگاڵی دەستووری هەژمار دەکرێت.
پێنجەم: ڕاگرتنی پڕۆسەی هەموارکردنەوە
٥.١. لە کاتی ڕاگەیاندنی فەرمیی باری جەنگ یان دۆخی نائاساییدا، گشت پڕۆسەیەکی هەموارکردنەوەی دەستوور بە شێوەیەکی خۆگەڕ ڕادەگیرێت.
٥.٢. پڕۆسەکە تەنیا دوای کۆتاییهاتنی ئەو دۆخە نائاساییە و بە بڕیارێکی نوێی دەسەڵاتی قانووندانان دەست پێ دەکاتەوە.
