میکانیزمی ڕاگوێز بۆ کۆماری کوردستان وەک دەوڵەتی سەربەخۆ
١.١. ئەرکی مێژوویی "دەوڵەتی ڕزگاریی"، گەیاندنی کوردستانە بە یەکەم کردەی دامەزرێنەری دەوڵەتی سەربەخۆ. ئەم هەڵبژاردنە، ساتەوەختی بەرجەستەکردنی ویستمەندیی نەتەوەیە لە دامەزراوە دەستوورییە هەردەمییەکاندا و گێڕانەوەی سپێردەی خەباتە بۆ نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی کو…
یەکەم: یەکەم هەڵبژاردنی گشتیی دامەزرێنەر: کردەی بەرجەستەکردنی ویستمەندیی کوردستان
١.١. ئەرکی مێژوویی "دەوڵەتی ڕزگاریی"، گەیاندنی کوردستانە بە یەکەم کردەی دامەزرێنەری دەوڵەتی سەربەخۆ. ئەم هەڵبژاردنە، ساتەوەختی بەرجەستەکردنی ویستمەندیی نەتەوەیە لە دامەزراوە دەستوورییە هەردەمییەکاندا و گێڕانەوەی سپێردەی خەباتە بۆ نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی کوردستان.
١.٢. دوای چەسپاندنی دەسەڵات بەسەر بەشێکی ستراتیژیی وارگەی نەتەوەییدا کە بتوانێت ببێتە "بنکەی سەقامگیریی نەتەوەیی" بۆ کۆمار و دوای مسۆگەرکردنی ئاسایش، "دەوڵەتی ڕزگاریی" لە ماوەیەکدا کە لە هەژدە (١٨) مانگ تێپەڕ نەکات، یەکەم هەڵبژاردنی گشتیی دامەزرێنەر بۆ دانانی سەرکۆمار و مەکۆی نیشتمانی ڕێک دەخات.
١.٣. ئەم هەڵبژاردنە لەسەر بنەمای قانوونێکی هەڵبژاردنی مۆدێرن و دادپەروەرانە بەڕێوە دەچێت، کە بەپێی بنەماکانی ئەم دەستوورە دادەڕێژرێت و بەکارهێنانی هاوتەریبی پەڕگاڵی دەنگدانی دیجیتاڵی و فیزیکی لەخۆ دەگرێت، بۆ دڵنیابوون لە بەشداریی گشتگیر و پاراستنی دەنگی هەموو کوردێک.
دووەم: ڕاگوێزی شکۆمەندانەی سپێردە و کۆتاییهاتنی ئەرکی مێژوویی
٢.١. بە سوێندخواردنی قانوونیی یەکەم سەرکۆماری هەڵبژێردراو و دەستبەکاربوونی یەکەم خولی مەکۆی نیشتمانی لەژێر سێبەری ئەم دەستوورەدا، "دەوڵەتی کاتی/ڕزگاریی" ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێ دەگەیەنێت و بە شێوەیەکی شکۆمەندانە هەڵدەوەشێتەوە.
٢.٢. گشت دەسەڵات، ئەرک، سامان و بەڵگەنامەکانی وەک سپێردەیەکی پیرۆزی نەتەوەیی، بە شێوەیەکی فەرمی و بەپێی پڕۆتۆکۆلێکی قانوونیی دیاریکراو، ڕادەستی دامەزراوە دەستوورییە نوێیەکانی کۆماری کوردستان دەکرێت. ئەم کردەی ڕادەستکردنە، سیمبولی زیندووی درێژەدارییەتیی سەروەریی نەتەوەییە لە قۆناغی خەباتەوە بۆ قۆناغی دەوڵەتداریی دامەزراو. ئەم ئەمانەتە بەتایبەتی ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
ئا. ڕادەستکردنی تەواوی دەسەڵاتە وارگێڕی، سەربازی و کارگێڕییەکان بە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان.
ب. ڕادەستکردنی گشت سامانە شتەکی و گیانەکییەکان، بەتایبەتی " ئەرشیڤی نەتەوەیی دیجیتاڵی" وەک یادەوەریی زیندووی نەتەوە و "خەزێنەی نیشتمانیی دیجیتاڵی" وەک سامان و بناغەی ئابووریی کۆماری کوردستان.
پ. ڕادەستکردنی گشت ئەو بەرپرسیارێتی و پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی کە "دەوڵەتی ڕزگاریی" لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەدا بەستوویەتی.
سێیەم: درێژەدارییەتیی قانوونیی و ڕێگریکردن لە پچڕانی دەستووریی
٣.١. بۆ مسۆگەرکردنی درێژەدارییەتیی قانوونیی و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە بۆشاییەک، گشت ئەو قانوون و بڕیارانەی کە پێش ڕاگەیاندنی ئەم دەستوورە لە هەرێمە ئازادکراوەکانی کوردستاندا کاریان پێکراوە، بە شێوەیەکی کاتی بە کارایی دەمێننەوە.
٣.٢. ئەم کارپێکردنە کاتییە مەرجدارە بەوەی کە ئەو قانوون و بڕیارانە بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ پێچەوانەی گەوهەر و بنەما نەگۆڕەکانی ئەم دەستوورە نەبن. هەر قانوونێک کە لەگەڵ ڕۆحی دەستووردا ناکۆک بێت، لە ساتی ڕاگەیاندنی دەستوورەوە بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت.
٣.٣. دەسەڵاتی قانووندانانی کۆمار وەک یەکەم ئەرکی نیشتمانیی خۆی، دەست دەکات بە پێداچوونەوە، هەموارکردنەوە، یان هەڵوەشاندنەوەی ئەو قانوون کاتییانە، بە مەبەستی بنیاتنانی پەرگاڵێکی قانوونیی یەکگرتوو و مۆدێرن کە لەگەڵ فەلسەفەی ئەم دەستوورەدا هاوتەریب بێت.
٣.٤. لیژنەیەکی پسپۆڕی دەستووری پێک دەهێنرێت کە ئەرکی پشکنینی گشت قانوون بەرکارەکان و دیاریکردنی ڕادەی گونجانیان لەگەڵ ئەم دەستوورەدا لە ئەستۆ دەگرێت و ڕاپۆرتی خۆی بۆ پێداچوونەوە پێشکەش بە دەسەڵاتی قانووندانان دەکات.
