دەوڵەتی ڕزگاریی وەک جێگرەوەی قانوونیی و دامەزرێنەر
بۆ ڕاستکردنەوەی چەوتیی مێژوویی و بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئاگری دەوڵەتخوازیی کورد هەرگیز ناکوژێتەوە، ئەم دەستوورە دامەزراندنی "دەوڵەتی ڕزگاریی کوردستان" وەک تاکە جێگرەوەی قانوونیی و فەرمیی کۆماری کوردستان لە قۆناغی داگیرکاریدا ڕادەگەیەنێت. ئەمە کردارێکی دامەزر…
بۆ ڕاستکردنەوەی چەوتیی مێژوویی و بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئاگری دەوڵەتخوازیی کورد هەرگیز ناکوژێتەوە، ئەم دەستوورە دامەزراندنی "دەوڵەتی ڕزگاریی کوردستان" وەک تاکە جێگرەوەی قانوونیی و فەرمیی کۆماری کوردستان لە قۆناغی داگیرکاریدا ڕادەگەیەنێت. ئەمە کردارێکی دامەزرێنەری ئاگاهانەیە بۆ داهاتوو؛ گۆڕینێکی بنەڕەتییە لە پارادایمی خەبات، لە جوڵانەوەیەکی ڕزگارییەوە بۆ دەوڵەت-لە-چاوەڕوانیدا.
یەکەم: ئەرکی دەستووری و پێگەی قانوونیی
١.١. دەوڵەتی ڕزگاریی، جەستەبەندیی دەستووریی و قانوونیی کۆماری کوردستانە لە قۆناغی داگیرکاریدا. ئەم دەوڵەتە ئەو یەکە وارگێڕییەیە کە لە خۆیدا هەڵگری سەروەریی نەتەوەییە و نوێنەرایەتیی دەکات، بەمەش ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بۆشایی هێز و دامەزراوەیی دەکات.
١.٢. ئەرکی بنەڕەتیی ئەم دەوڵەتە بریتییە لە خوڵقاندنی ژێرخانی کرداریی بۆ ڕاییکردنی دەستوور وەک بەرزترین دەقی قانوونی کوردستان. ئەم دەوڵەتە دەبێتە پارێزەری ئەو بنەما و بەهایانەی کە لە دەستووردا چەسپاون.
١.٣. ئامانجی سەرەکیی دەوڵەتی ڕزگاریی بریتییە لە گۆڕینی دۆخی کورد لە داگیرکراوی بۆ دۆخی ڕزگاریی و دەوڵەتی ئەکتەرێکی کاریگەری بنیاتنانی داهاتووی خۆی.
١.٤. ئەم دەوڵەتە تەنیا لە کاتی داگیرکاریدا بوونی هەیە و ئەرکەکەی بە دامەزراندنەوەی سەرلەنوێی دەوڵەتی کۆماری کوردستان لەسەر خاکی ئازادکراو کۆتایی دێت.
١.٥. دەوڵەتی ڕزگاریی وەک "زانکۆی دەوڵەتداری" کار دەکات بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە سەرکردە و کاربەدەست لەسەر بنەماکانی ژیرمەندیی وارگێڕی و دەوڵەتی و بەڕێوەبردنی وڵات بە شێوەی مۆدێرنی دەوڵەتداریی و دەسەڵاتدارێتی.
١.٦. ئەم دەوڵەتە لەسەر بنەمای "یەکێتیی نەتەوەیی" کار دەکات و دەبێتە مەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێز و لایەنە نیشتمانپەروەرەکان.
١.٧. ئەرکی دەستووریی ئەم دەوڵەتە بریتییە لەوەی کە ببێتە نوێنەری قانوونیی و دەستووریی کوردستان لە هەموو گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا.
دووەم: کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان وەک دەسەڵاتی دامەزرێنەر
٢.١. "کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان" (KNC) وەک باڵاترین دەسەڵاتی نوێنەرایەتیی ویستی نەتەوە و "دەسەڵاتی دامەزرێنەر لە تاراوگە" کار دەکات.
٢.٢. ئەرکی مێژوویی و دەستووریی کۆنگرەی کۆماریی بریتییە لە تێکۆشان بۆ دامەزراندن و ڕاگەیاندنی فەرمیی "دەوڵەتی ڕزگاریی کوردستان."
٢.٣. کۆنگرەی نیشتمانی بەرپرسە لە هەڵبژاردنی یەکەم سەرۆکایەتی و کۆڕی شالیارانی دەوڵەتی ڕزگاریی.
٢.٤. لە قۆناغی ڕزگاریدا، کۆنگرەی کۆماریی وەک ئاوەزی وارگێڕی دامەزراوەساز کار دەکات. ئەرکە سەرەکییەکانی بریتین لە:
ئا. مسۆگەرکردنی ژێرخانی وارگێڕیی دامەزراندنی قانوونیی دەوڵەتی ڕزگاریی.
ب. دابینکردن و بەڕێوەبردنی سامانی نەتەوەیی.
پ. فەرماندەیی باڵای هێزی چەکدار.
ت. نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی قانوونیی و دەستووری.
ج. دیپلۆماسیی ناوخۆیی بۆ یەکخستنی یەکە کوردییەکان.
چ. گۆڕینی پارادایمی وارگێڕیی پارتە کوردییەکان.
ح. ڕێکخستنی بەرەنگاریی خۆماڵی.
خ. پەخش و ڕاگەیاندنی نەتەوەیی.
د. پاراستنی مافی هاووڵاتیان لە دەرەوە.
٢.٥. ئەندامێتی لە کۆنگرەی کۆمارییدا لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیی نەتەوەیی دادەڕێژرێت.
٢.٦. ئەرکی کۆنگرەی نیشتمانیی بە ڕاگەیاندنی یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد لەسەر خاکی ڕزگارکراوی کوردستان کۆتایی دێت.
سێیەم: پێکهاتەی دەسەڵاتی ڕاییکردن (دەوڵەتی ڕزگاریی)
٣.١. سەرۆکایەتی: دەوڵەتی ڕزگاریی لەلایەن سەرۆکێکی کاتیی کۆمارەوە بەڕێوەدەبرێت، کە لەلایەن کۆنگرەی نیشتمانیی بە زۆرینەی ڕەها هەڵدەبژێردرێت.
٣.٢. کۆڕی شالیارانی ڕزگاریی: سەرۆکی کاتی، کۆڕێکی شالیارانی پسپۆڕ و کارا پێکدەهێنێت کە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و وەفاداری بۆ دەستوور هەڵدەبژێردرێن. ئەم کۆڕە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی بوارە ستراتیژییەکانی وەک دیپلۆماسی، دارایی و ئابووری، ئاسایشی نەتەوەیی و هەواڵگری، پەروەردە و کولتوور، دادوەریی کاتی و کاروباری دیاسپۆرا.
٣.٣. شالیارگە سێبەرەکان: هەر شالیارگەیەک لە کۆڕی شالیاراندا وەک "شالیارگەیەکی سێبەر" کار دەکات. ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە داڕشتنی پلانی ورد و کردەیی بۆ وەرگرتنەوە و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە یەکەم ڕۆژی ڕزگاریدا.
٣.٤. پابەندبوونی دەستووری: هەموو بڕیارێکی ستراتیژی و قانوونێکی دەرچوو لەلایەن دەوڵەتی ڕزگارییەوە دەبێت بە ڕەبەقی لەگەڵ بنەما و ڕۆحی نەگۆڕی دەستووردا بگونجێت.
چوارەم: پانتایی ئەرک و دەسەڵاتی ستراتیژی
٤.١. کۆکردنەوە و شیکردنەوەی هەواڵگریی دەرەکی: ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر نیاز و توانای دەوڵەت و هێزە دوژمنکارەکان.
٤.٢. بەرەنگاربوونەوەی هەواڵگریی دوژمن لە ناوخۆی وڵاتدا: ئەم ئەرکە بریتییە لە پاراستنی جەستەی بزووتنەوەکە لە دزەکردن و سیخوڕی.
٤.٣. ئەنجامدانی "کردەی ژێرەکی" لە دەرەوەی سنوورەکان: ئەمە تەنیا لە بارودۆخی زۆر هەستیاردا ئەنجام دەدرێت.
٤.٤. هاوکاریی هەواڵگریی چالاک لەگەڵ دەوڵەتە هاوپەیمانەکان: بنیاتنانی پەیوەندیی هەواڵگریی متمانەپێکراو لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان.
٤.٥. پابەندبوون بە قانوون نێودەوڵەتییەکان: هەموو هاوکارییەکی هەواڵگری دەبێت لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە قانوون نێودەوڵەتییەکاندا بێت.
پێنجەم: دیپلۆماسیی ڕزگاریی و بنیاتنانی هاوپەیمانیی ستراتیژی
٥.١. بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی: ئەرکی سەرەکیی دیپلۆماسیی دەوڵەتی ڕزگاریی بریتییە لە بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی وەک تاکە نوێنەری قانوونیی نەتەوەی کورد.
٥.٢. کردنەوەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی: کردنەوەی نوێنەرایەتیی فەرمی یان نافەرمی لە پایتەختە ستراتیژییەکانی جیهان.
٥.٣. واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی هاوپەیمانیی ستراتیژی: واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی هاوپەیمانیی ستراتیژی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە پشتیوانی لە دۆزی ڕەوای کوردستان دەکەن.
٥.٤. فشارخستنە سەر دەوڵەتانی داگیرکەر: بەکارهێنانی هەموو کەناڵە قانوونیی و دیپلۆماسییەکان بۆ فشارخستنە سەر دەوڵەتانی داگیرکەر.
٥.٥. دیپلۆماسیی نەتەوەکانی مادنەژاد: بنیاتنانی پەیوەندییەکی ستراتیژیی قووڵ لەگەڵ هەموو ئەو نەتەوانەی کە وەک نەوەکانی ماد هەژمار دەکرێن.
٥.٦. هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوە داگیرکراوەکان و پاراستنی مافی کەمینە نیشتمانییەکان: داڕشتنی وارگێڕیێکی ستراتیژی بۆ دروستکردنی پەیوەندیی پتەو و هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی دەوڵەتە ئیمپریالەکان.
٥.٧. بەکارهێنانی ستراتیژیی قانوونی نێودەوڵەتی: بەکارهێنانی دادگا جیهانییەکان وەک گۆڕەپانێکی سەرەکیی خەبات.
٥.٨. دیپلۆماسیی ئابووریی چالاک و خۆڕاگرانە: بەکارهێنانی توانای ئابووریی دیاسپۆرا و سامانە سروشتییەکانی ناوچە ئازادکراوەکان وەک ئامرازێکی ستراتیژیی دیپلۆماسی.
شەشەم: خۆڕاگریی ئابووری و دارایی نیشتمانی
٦.١. دامەزراندنی "سندووقی نیشتمانیی کوردستان" وەک گەنجینەی دەوڵەتی ڕزگاریی.
٦.٢. داڕشتنی وارگێڕیی ئابووریی تۆکمە بۆ لاوازکردنی ئابووریی داگیرکەر و بەهێزکردنی خۆڕاگریی نەتەوەیی.
٦.٣. بەکارهێنانی دیپلۆماسیی ئابووری بۆ کردنەوەی دەروازەی جیهانی.
٦.٤. دابینکردنی پشتیوانیی کۆمەڵایەتیی نەتەوەیی بۆ خێزانی شەهیدان و تێکۆشەران.
٦.٥. بنەمای ئابووریی فرەبناغە و دژە-ڕانتی.
حەوتەم: هێزی بەرگریی نیشتمانی و دۆکترینی سەربازی
٧.١. یەکخستنی هێزی چەکدار لەژێر ئاڵای کۆماری کوردستاندا.
٧.٢. دۆکترینی سەربازیی: بەرگریی ستراتیژیی چالاک و ڕزگاریی قۆناغبەندی.
٧.٣. پابەندبوون بە قانوونی نێودەوڵەتی و پرەنسیپە ڕەوشتییەکان.
٧.٤. ئەرکە فرەڕەهەندەکان: پاراستنی ناوچە ئازادکراوەکان و ئامادەکاری بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی تر.
٧.٥. پێکهاتە و فەرماندەیی لەسەر بنەمای سوپایەکی پیشەگەرانە.
هەشتەم: پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و پەروەردەی ڕزگاریی
٨.١. دامەزراندنی "کۆڕی باڵای پەروەردە و شوناس".
٨.٢. گەیاندنی پرۆگرامی پەروەردەیی بە ناوخۆی وڵات.
٨.٣. پشتیوانیکردنی دامەزراوە کولتوورییەکانی دیاسپۆرا.
٨.٤. بەکارهێنانی هونەر و ئەدەب وەک چەکی نەرمی خەباتی ڕزگاریی.
٨.٥. پاراستنی پاشماگی مێژوویی و کولتووری.
نۆیەم: دادوەریی دەورانی جەنگ و سەروەریی قانوون
٩.١. دامەزراندنی "دەستەی باڵای دادوەری" لە چوارچێوەی دەوڵەتی ڕزگاریدا.
٩.٢. ئەرک و دەسەڵاتەکان: دادگاییکردنی تاوانەکانی ناپاکیی نیشتمانی و سیخوڕی، تاوانە گەورەکانی دژی خەباتی ڕزگاریی و چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان.
٩.٣. بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی قانوون.
دەیەم: پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ ناوخۆی وڵات و ستراتیژیی هەرەسهێنان بە داگیرکەر
١٠.١. فەلسەفەی خەباتی یەکگرتوو: داڕشتنی ستراتیژییەک بۆ هەرەسهێنان بە چوار کۆڵەکەی دەسەڵاتی داگیرکەر.
١٠.٢. یەکخستنی ستراتیژیی خەباتی ناوخۆ و دەرەوە.
١٠.٣. ڕووخاندنی ڕەوایی دامەزراوەکانی داگیرکەر.
١٠.٤. پووچەڵکردنەوەی قانوونمەندیی ساختەی داگیرکەر.
١٠.٥. پەکخستنی ئابووریی تاڵانکاری.
١٠.٦. بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی هزری.
١٠.٧. بنیاتنانی دامەزراوەی جێگرەوە.
یازدەیەم: مافی بەشداریی وارگێڕیی دیاسپۆرا
١١.١. مافی دەنگدان وەک مافێکی بنەڕەتی.
١١.٢. نوێنەرایەتیی کاریگەر و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی "سپەنگەی تایبەت بە دیاسپۆرا" لە مەکۆی نیشتمانیدا.
١١.٣. بەشداری لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا.
١١.٤. گرەنتیی پاکی و بێگەردیی پرۆسەی دەنگدان لە ڕێگەی "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بۆ دیاسپۆرا".
١١.٥. ڕێکخستنی ژیانی پارتایەتی لە تاراوگە.
١١.٦. مافی خۆپاڵاوتن و بەشداریکردن لە دەسەڵات.
دوازدەیەم: پرۆتۆکۆڵی گواستنەوەی دەسەڵات
١٢.١. لە کاتی ڕزگارکردنی پایتەخت یان بەشێکی گەورەی خاکی کوردستاندا، دەوڵەتی ڕزگاریی دەگوازرێتەوە بۆ ناوخۆی وڵات.
١٢.٢. کۆنگرەی کۆماریی هەڵدەوەشێتەوە و داخوازی هەڵبژاردنی "کۆڕی دامەزرێنەر" دەکات.
١٢.٣. کۆڕی دامەزرێنەر "دەستوور" وەک دەستووری هەردەمیی پەسەند دەکات و یەکەم هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ڕێکدەخات.
١٢.٤. بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەرکی مێژوویی دەوڵەتی ڕزگاریی کۆتایی دێت و دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەگوازرێتەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییە هەڵبژێردراوەکان.
سێزدەیەم: لێخۆشبوونی نیشتمانی و ئاشتەوایی
١٣.١. دوای ڕزگاری، دەوڵەت پرۆسەی "لێخۆشبوونی نیشتمانی و ئاشتەوایی" ڕادەگەیەنێت.
١٣.٢. ئەم پرۆسەیە لێخۆشبوون لەو کەسانە دەگرێتەوە کە تاوانی گەورەیان ئەنجام نەداوە.
١٣.٣. ئامانج لەم پرۆسەیە بریتییە لە یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی لێبووردە.
چواردەیەم: پابەندبوون بە قانوونی نێودەوڵەتی
هەموو کار و چالاکییەکانی دەوڵەتی ڕزگاریی، بەتایبەتی لە بواری سەربازیدا، دەبێت بە ڕەبەقی لەگەڵ قانوون نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤدا بگونجێت.
پازدەیەم: ئەرکی نەگۆڕ و هەردەمیی
١٥.١. ئەرکی دەوڵەتی ڕزگاریی ئەرکێکی مێژوویی نەگۆڕە و تا بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی درێژەی دەبێت.
١٥.٢. هیچ کەس و لایەنێک مافی هەڵوەشاندنەوە یان پەکخستنی ئەم دەوڵەتەی نییە، مەگەر لە ڕێگەی ئەو میکانیزمە دەستوورییانەی کە لەم بەندەدا دیاری کراوە.
