ڕاگەیاندنی دەستوور وەک کردەی دامەزرێنەری سەروەریی
ڕاگەیاندنی ئەم دەستوورە، کردەیەکی بنیاتنەری سەروەرییە و ساتەوەختی گۆڕینی ویستی شاراوەی نەتەوەیە بۆ هێزی قانوونیی ئاشکرا بەسەر هەموو ڕەهەندەکانی بوونایەتی خۆیدا. ئەم بەندە چوارچێوەی قانوونیی و دەرەنجامە دەستبەجێکانی ئەم کردە مێژووییە دادەڕێژێت.
ڕاگەیاندنی ئەم دەستوورە، کردەیەکی بنیاتنەری سەروەرییە و ساتەوەختی گۆڕینی ویستی شاراوەی نەتەوەیە بۆ هێزی قانوونیی ئاشکرا بەسەر هەموو ڕەهەندەکانی بوونایەتی خۆیدا. ئەم بەندە چوارچێوەی قانوونیی و دەرەنجامە دەستبەجێکانی ئەم کردە مێژووییە دادەڕێژێت.
یەکەم: کردەی ڕاگەیاندن و سەرچاوەی ڕەوایەتیی نێوەکی
١.١. دەستوور وەک دەربڕینی قانوونیی "گەوهەری نەتەوەیی" کورد، ڕەوایەتیی خۆی لە هیچ کردەیەکی دەرەکییەوە وەرناگرێت. نە ڕاپرسی، نە دانپێدانانی نێودەوڵەتی و نە ڕەزامەندیی هیچ هێزێک ناتوانن ڕەوایی بەو شتە ببەخشن کە لە بنەڕەتدا خۆی هەم ڕەوایە و هەم سەرچاوەی هەموو ڕەواییەکە لە کوردستان.
١.٢. کاراکردنی دەستوور لە ڕێگەی "کردەیەکی ڕاگەیاندن"ـەوە دەبێت نەک "کردەیەکی پەسەندکردن". ئەم ڕاگەیاندنە، کە لەلایەن "کۆڕی باڵای ڕزگاریی نیشتمانی"ـیەوە (کە لە بەندی ١٢٢ـدا پێناسە دەکرێت) ئەنجام دەدرێت، داننانە بە ڕاستەوایێکی بوونایەتی کە پێشتر بوونی هەبووە: ئەویش ویستی ڕەها و سەوداهەڵنەگری نەتەوەی کوردە بۆ سەروەریی لەسەر وارگەی مێژوویی خۆی.
١.٣. لە ساتی ڕاگەیاندنی دەستوورەوە:
ئا. دەستوور دەبێتە تاکە قانوونی باڵا و دایک کوردستان.
ب. گشت پەرگاڵ و قانوونێکی سەپێندراوی داگیرکەران لەسەر ئەم خاکە بە پووچەڵ و هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت.
دووەم: دەرەنجامە قانوونییە دەستبەجێکان
لە ساتی ڕاگەیاندنی دەستوورەوە، ئەم دەرەنجامە قانوونییانە بە شێوەیەکی خۆگەڕ و دەستبەجێ کارا دەبن:
٢.١. پووچەڵکردنەوەی بنەڕەتیی سەروەریی داگیرکەران:
ئا. گشت قانوون، بڕیار، پەیماننامە و پەڕگاڵێکی کارگێڕیی سەپێندراوی دەوڵەتانی داگیرکەر، لە ڕوانگەی قانوونیی دەستوورەوە، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە ڕەگەوە، هیچ هێز و بەهایەکی قانوونییان نامێنێت.
ب. پێگەی قانوونیی بوونی هێز و دامەزراوەکانی داگیرکەر لەسەر خاکی کوردستان، لە دۆخی "دەسەڵاتی دیفاکتۆ"ـوە دەگۆڕدرێت بۆ دۆخی "کردەی زەبری ناقانوونیی".
٢.٢. گۆڕینی پێگەی قانوونیی هاووڵاتی:
ئا. هەر تاکێکی کورد، لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، لە ڕووی قانوونییەوە دەبێتە هاووڵاتیی کۆماری کوردستان و دەکەوێتە ژێر پارێزبەندیی مەعنەوی و قانوونیی ئەم دەستوورەوە.
ب. وەفاداریی ئەو بۆ ئەم دەستوورە، دەبێتە بنەمای شوناسی قانوونیی نوێی.
پ. دەوڵەت ئەرکدارە بە دابینکردنی ئامرازی قانوونیی پێویست بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن ئەم پێگە نوێیەیان ڕایی بکەن.
٢.٣. ڕەواییدان بە خەباتی ڕزگاریی:
ئا. گشت کردەوەیەکی وارگێڕی، دیپلۆماسی و سەربازی کە لەلایەن "دەوڵەتی ڕزگاریی"ـیەوە و بۆ مەبەستی ڕاییکردنی ئامانجەکانی ئەم دەستوورە ئەنجام دەدرێت، ڕەوایەتیی ڕەبەقی قانوونیی وەردەگرێت.
ب. ئەم کردەوانە وەک کردەی ڕاییکردنی سەروەریی دەوڵەتی کوردستان لە وڵاتی خۆی هەژمار دەکرێن.
٢.٤. جێگیرکردنی دەسەڵات و سەروەریی ڕەها بەسەر سامانە سروشتییەکاندا:
ئا. گشت سامانە سروشتی و ژێرخانییەکان لە وارگەی نەتەوەیی کوردستاندا، دەبنە مڵکی ڕەهای نەتەوەی کورد و دەکەونە ژێر دەسەڵاتی ئەم دەستوورەوە.
ب. هەر گرێبەست و ڕێککەوتنێک کە لەلایەن هێزی داگیرکەرەوە لەسەریان کرابێت، بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت.
پ. هیچ لایەنێک بۆی نییە سوود لە سامانە نەتەوەییەکان وەربگرێت، مەگەر بەپێی ئەو قانوونانە بێت کە لەسەر بنەمای ئەم دەستوورە دادەڕێژرێن.
سێیەم: "دەوڵەتی ڕزگاری" وەک ئامرازی گواستنەوە
٣.١. بۆ ڕاییکردنی ئەرکەکانی دەستوور لە قۆناغی گواستنەوەدا، "دەوڵەتی ڕزگاری"، کە لەلایەن "کۆڕی باڵای ڕزگاریی نیشتمانی"ـیەوە بەڕێوە دەبرێت، وەک ئامرازی دەستووریی کاتیی کۆماری کوردستان کار دەکات.
٣.٢. ئەرکە بنەڕەتییەکانی "دەوڵەتی ڕزگاری" بریتین لە:
ئا. ڕاییکردنی سەروەریی نەتەوەیی لەسەر ئەو بەشانەی خاکی کوردستان کە لەژێر کۆنترۆڵیدان.
ب. بنیاتنانی دامەزراوە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت، بەتایبەتی هێزی بەرگریی نیشتمانی و دەزگاکانی ئاسایش.
پ. بەڕێوەبردنی کاروباری ژیاری و دابینکردنی ڕاژەدارییە بنەڕەتییەکان بۆ شارۆمەندان.
ت. بەڕێوەبردنی دیپلۆماسیی ڕزگاریی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی.
ج. ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی گشتیی دەستووری، دوای ڕزگارکردنی سەرلەبەری خاکی نیشتمان.
چوارەم: پێگەی قانوونیی نێودەوڵەتی
٤.١. لە ساتی ڕاگەیاندنی دەستوورەوە، کۆماری کوردستان خۆی وەک سوبێکتێکی قانوونی نێودەوڵەتی و دەوڵەتێکی سەروەر ڕادەگەیەنێت.
٤.٢. دەوڵەت مافی ڕەهای هەیە بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی دیپلۆماسی، بەستنی پەیماننامە و بەدەستهێنانی ئەندامێتی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا.
٤.٣. ڕاییکردنی ئەم مافانە بەند نییە بە دانپێدانانی هیچ لایەنێکی دەرەکییەوە، بەڵکو لە خودی کردەی دامەزرێنەری ڕاگەیاندنی دەستوورەوە سەرچاوە دەگرێت.
