دیجیتاڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری
یەکەم: بنچینەی دەستووری و ئامانجی دەوڵەت
یەکەم: بنچینەی دەستووری و ئامانجی دەوڵەت
١.١. دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری کوردستان وەک یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت، دەسەڵاتێکی یەکگرتووە و لە هەردوو ڕەهەندی فیزیکی و دیجیتاڵیدا کارەکانی ڕادەپەڕێنێت. ئامانجی ئەم بەندە، دیجیتاڵکردنی پڕۆسەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە بە مەبەستی بەهێزکردنی سەروەریی قانوون، خێراکردنی پڕۆسەی دادبینی و مسۆگەرکردنی دەستگەیشتنی کارای شارۆمەندان بە دادپەروەری.
١.٢. دیجیتاڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری، بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لە سروشت، سەربەخۆیی و بێلایەنیی دەسەڵاتی دادوەریدا ناکات، بەڵکوو ئامرازێکی مۆدێرنە بۆ ڕاییکردنی ئەرکە دەستوورییەکانی.
١.٣. گشت پڕۆسە و ژێرخانە دیجیتاڵییەکانی دادوەری دەکەونە ژێر چاودێری و بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی دادوەریی خۆیەوە وەک لەم دەستوورەدا پێناسە کراوە.
دووەم: پانتایی دیجیتاڵکردن
٢.١. پەڕگاڵی دادوەریی دیجیتاڵی، بەپێی ئەو قانوونەی کە ئەم بوارە ڕێک دەخات، ئەم پڕۆسە بنەڕەتییانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
ئا. تۆمارکردنی سکاڵا و داخوازی قانوونیی:
١. شارۆمەندان و پارێزەران دەتوانن لە ڕێگەی دەروازەی دادوەریی نیشتمانییەوە و بە بەکارهێنانی شوناسی دیجیتاڵی (KN-ID)، سکاڵا و داخوازی قانوونیی تۆمار بکەن.
٢. پەڕگاڵەکە بە شێوەیەکی خۆگەڕ پشتڕاستکردنەوەی سەرەتایی بۆ داخوازکارییەکان دەکات و ڕەوانەی دادگای پسپۆڕی دەکات.
ب. بەڕێوەبردنی دۆسیەی دیجیتاڵی:
١. هەر دۆسیەیەکی قانوونیی، کۆدێکی دیجیتاڵیی تایبەت و نەگۆڕی پێ دەدرێت.
٢. گشت بەڵگەنامە، نووسراو و بڕیارێکی پەیوەست بە دۆسیەکەوە، بە شێوەی دیجیتاڵی ئەرشیڤ دەکرێت.
پ. ئاڵوگۆڕی بەڵگەنامەی قانوونیی:
١. گشت ئاڵوگۆڕێکی بەڵگەنامە و نووسراوی قانوونیی لەنێوان لایەنەکانی داخواز و دادگادا، لەسەر پلاتفۆرمێکی نهێنیکراو و پارێزراو ئەنجام دەدرێت.
٢. پەڕگاڵەکە بە شێوەیەکی خۆگەڕ کات و بەرواری وەرگرتنی هەر بەڵگەنامەیەک تۆمار دەکات، کە هێزی قانوونیی تەواوی دەبێت.
سێیەم: دەروازەی دادوەریی نیشتمانی
٣.١. "دەروازەی دادوەریی نیشتمانی" وەک تاکە پلاتفۆرمی فەرمی بۆ کارلێکی شارۆمەندان و پارێزەران لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریدا دادەمەزرێت.
٣.٢. ئەم دەروازەیە، کە لە ڕێگەی شوناسی دیجیتاڵییەوە (KN-ID) دەستگەیشتن دەکات، ئەم توانایانەی خوارەوە دابین دەکات:
ئا. بەدواداچوونی زیندووی قۆناغەکانی دۆسیەی قانوونیی.
ب. ئاگادارکردنەوەی خۆگەڕی لایەنەکان لە وادەی دانیشتنەکان و بڕیارە نوێیەکان.
پ. دەستگەیشتن بە ئەرشیڤی دیجیتاڵیی بڕیارە دادوەرییە بڵاوکراوەکان.
چوارەم: بەڵگەی دیجیتاڵی و ڕەسەنایەتی
٤.١. قانوون بنەما و ستانداردی وەرگرتن، پاراستن و هەڵسەنگاندنی بەڵگەی دیجیتاڵی دادەڕێژێت.
٤.٢. پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر ئەرکی پاراستنی دەستپاکی و ڕەسەنایەتیی بەڵگە دیجیتاڵییەکانی لە ئەستۆ دایە، لە ڕێگەی:
ئا. بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای "مۆری کاتی" بۆ دیاریکردنی کاتی دروستبوونی بەڵگەکە.
ب. بەکارهێنانی ئەلگۆریتمی نهێنیکراو بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەڵگەکە لە دوای تۆمارکردنییەوە دەستکاری نەکراوە.
پێنجەم: دانیشتنی دادگای دیجیتاڵی
٥.١. بەڕێوەبردنی دانیشتنی دادگا لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بۆ ئەو داخواز ژیاری، بازرگانی و کارگێڕییانەی کە قانوون دیاری دەکات، ڕێگەپێدراوە.
٥.٢. دانیشتنی دیجیتاڵی دەبێت هەمان گەرەنتییە قانوونییەکانی دانیشتنی فیزیکی مسۆگەر بکات، لەوانە:
ئا. مافی ئامادەبوون و بەرگریکردنی لایەنەکان و پارێزەرەکانیان.
ب. کراوەیی دانیشتنەکە بۆ ڕای گشتی، مەگەر لەو دۆخانەدا نەبێت کە قانوون دیاری کردووە.
شەشەم: ڕۆڵی دەوڵەتی ژیر وەک ئامرازی ڕایەدار
٦.١. پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر وەک ئامرازێکی ڕایەدار و پشتیوانیکار بۆ دەسەڵاتی دادوەری کار دەکات، نەک وەک بڕیاردەر.
٦.٢. ئەرکەکانی دەوڵەتی ژیر لەم چوارچێوەیەدا بریتین لە:
ئا. پاراستنی پەڕگاڵ: قەڵغانکردنی تەواوی ژێرخانی دادوەریی دیجیتاڵی لەبەرامبەر هەر هەوڵێکی دزەکردن، دەستکاریکردن یان تێکدان.
ب. خۆکارکردنی کارگێڕی: بەڕێوەبردنی خۆگەڕی کارە کارگێڕییەکانی وەک خشتەبەندکردنی دانیشتنەکان، ئاگادارکردنەوەی لایەنەکان و ئەرشیڤکردنی بڕیارەکان.
پ. پشتیوانیی شیکاری: دابینکردنی ئامرازی شیکاریی داتا بۆ یارمەتیدانی دادوەران لە بەڕێوەبردنی دۆسیە ئاڵۆزەکاندا، بەبێ ئەوەی دەست لە ناوەڕۆکی دادبینییەکە وەربدات.
حەوتەم: گەرەنتییەکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە
٧.١. دیجیتاڵکردنی پڕۆسەکان نابێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی هیچ کام لە مافە بنەڕەتییەکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە.
٧.٢. مافی پارێزەر، مافی ڕووبەڕووبوونەوەی بەڵگە و بنەمای بێتاوانبوون تا سەلماندنی تاوان، لە وارگەی دیجیتاڵیدا بە هەمان شێوەی وارگەی فیزیکی پارێزراون.
هەشتەم: دەستگەیشتنی یەکسان بە دادپەروەری
٨.١. دەوڵەت پابەندە بە دامەزراندنی ناوەندی ڕاژەداریی گشتی بۆ یارمەتیدانی ئەو شارۆمەندانەی کە توانای تەکنیکی یان دەستگەیشتنیان بە پەڕگاڵە دیجیتاڵییەکان سنووردارە.
٨.٢. نابێت هیچ شارۆمەندێک لەبەر هۆکاری تەکنیکی، لە مافی گەیشتن بە دادپەروەری بێبەش بکرێت.
نۆیەم: هێزی قانوونیی بڕیارە دیجیتاڵییەکان
٩.١. گشت بڕیار و فەرمانێک کە لە پڕۆسەی دادوەریی دیجیتاڵییەوە دەربچێت و بە شوناسی دیجیتاڵیی دادوەری پسپۆڕ پشتڕاست کرابێتەوە، هەمان هێز و بەهای قانوونیی بڕیارە فیزیکییەکانی هەیە.
دەیەم: ئەرشیڤی دادوەریی نیشتمانی
١٠.١. کۆپییەکی دیجیتاڵیی دەستکارینەکراوی گشت بڕیارە دادوەرییەکان، لە ئەرشیڤی نیشتمانیی دیجیتاڵی هەڵدەگیرێت، بۆ مسۆگەرکردنی درێژەدارییەتی و پاراستنی یادەوەریی دادوەری.
١٠.٢. ئەم ئەرشیڤە دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ لێکۆڵینەوەی قانوونیی و یەکخستنی پێوەرەکانی دادبینی.
یازدەیەم: چوارچێوەی قانوونیی تایبەتمەند
١١.١. وردەکاریی ڕاییکردنی ئەم بەندە، لەوانە دیاریکردنی جۆری ئەو داخوازیانەی کە دەکرێت بە شێوەی دیجیتاڵی بەڕێوە بچن، پەیڕەوی دادبینیی دیجیتاڵی و ستانداردەکانی بەڵگەی ئەلیکترۆنی، بە قانوونێکی تایبەت ڕێک دەخرێت.
١١.٢. ئەم قانوونە دەبێت لەلایەن دەسەڵاتی قانووندانانەوە و بە ڕاوێژ لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی دا بڕێژرێت.
