پەڕگاڵی دیموکراسیی دیجیتاڵی
١.١. ئەرکی دەستووریی ئەم بەندە، دامەزراندنی پەڕگاڵێکە کە تێیدا مافە دیموکراتییە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندان وەک لەم دەستوورەدا چەسپێنراون، بە تەواوی دیجیتاڵ دەکرێن و بە تواناکانی دەوڵەتی ژیر تەیار دەکرێن.
یەکەم: بنچینەی دەستووری و دیجیتاڵکردنی بنەماکان
١.١. ئەرکی دەستووریی ئەم بەندە، دامەزراندنی پەڕگاڵێکە کە تێیدا مافە دیموکراتییە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندان وەک لەم دەستوورەدا چەسپێنراون، بە تەواوی دیجیتاڵ دەکرێن و بە تواناکانی دەوڵەتی ژیر تەیار دەکرێن.
١.٢. ئامانجی ئەم پەڕگاڵە، گۆڕینی دیموکراسییە لە ڕووداوێکی خولییەوە بۆ پرۆسەیەکی زیندوو و درێژەدارییەتی دەسەڵاتداریی کە تێیدا ویستی کۆمەڵ بە شێوەیەکی دینامیکی کار لەسەر بڕیار و وارگێڕییەکانی دەوڵەت دەکات.
١.٣. پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر دەبێتە کارپێکەری تەکنیکی و ویژدانی قانوونیی ئەم پەڕگاڵە دیموکراتییە و گشت میکانیزمەکانی ئەم بەندە لە ڕێگەی ئەوەوە ڕایی دەکرێن.
دووەم: بنچینەی بەشداری: مافی گەیشتن بە پانتایی دیجیتاڵی
٢.١. دەوڵەت گەرەنتیی مافی گەیشتنی یەکسان و بێ سانسۆری گشت شارۆمەندان بە ژێرخانی دیجیتاڵیی نیشتمانی دەکات.
٢.٢. بەپێی قانوون، دەوڵەت پابەندە بە داڕشتنی وارگێڕیی و تەرخانکردنی بوودجەی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە هیچ شارۆمەندێک لەبەر هۆکاری جوگرافی، ئابووری، یان جەستەیی، لە ڕاییکردنی مافە دیموکراتییە دیجیتاڵییەکانی بێبەش نەبێت.
٢.٣. ئەم وارگێڕییانە دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا و هەرزان و دابینکردنی خولی فێربوونی دیجیتاڵی بۆ توێژە بەتەمەنەکان و کەمئەندامان لەخۆدەگرێت.
٢.٤. دامەزراوە گشتییەکان پابەند دەکرێن بە دابینکردنی خاڵی گەیشتنی گشتی و خۆڕایی بە وارگەی دیجیتاڵیی نیشتمانی.
سێیەم: سندوقی دەنگدانی دیجیتاڵی: پاراستنی دەنگی جەماوەر
٣.١. قانوون، پەڕگاڵی دەنگدانی ئەلیکترۆنیی پشتڕاستکراو بە شوناسی دیجیتاڵی (KN-ID) وەک یەکێک لە شێوازە فەرمییەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردن و ڕاپرسییە گشتییەکاندا دادەمەزرێنێت.
٣.٢. دەوڵەتی ژیر دەبێتە گەرەنتیکەری دەستپاکی و ئاسایشی تەواوی پڕۆسەی دەنگدان، لە ڕێگەی:
ئا. نهێنیکردنی ڕەهای دەنگ و شوناسی دەنگدەر لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای نهێنیکردنی دووسەرەوە.
ب. مسۆگەرکردنی دەستکارینەکردنی هەر دەنگێک لە ساتی تۆمارکردنەوە تا ژماردنی کۆتایی، بە تەکنەلۆژیای دابەشکراو.
پ. شیاوبوونی تەواوی پڕۆسەکە بۆ پشکنین و وردبینیی سەربەخۆ لەلایەن لایەنی سێیەمی باوەڕپێکراوەوە، بەبێ ئاشکراکردنی شوناسی دەنگدەران.
چوارەم: گۆڕەپانی دیجیتاڵی: پلاتفۆرمی ڕاوێژی نیشتمانی
٤.١. "پلاتفۆرمی ڕاوێژی نیشتمانیی دیجیتاڵی" وەک میکانیزمێکی دەستووریی هەردەمیی دادەمەزرێت.
٤.٢. ئەم پلاتفۆرمە، کە بۆ گشت شارۆمەندانی خاوەن (KN-ID) کراوە دەبێت، بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە ستراتیژییانە بەکاردەهێنرێت کە لەلایەن سەرکۆمار یان مەکۆی نیشتمانییەوە دەخرێنەڕوو.
٤.٣. دەوڵەتی ژیر ئەرکی کارپێکردنی ئەم پلاتفۆرمەی لە ئەستۆدایە و دەرەنجامی گفتوگۆکان وەک ڕاسپاردەیەکی ڕاوێژکاری پێشکەش بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات.
پێنجەم: چاودێریی دیجیتاڵیی کۆمەڵ بەسەر دەسەڵاتدارییەوە
٥.١. بەپێی دەستوور، "دەروازەی ڕوونایی نیشتمانی" دادەمەزرێت، کە پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی ناوەندییە.
٥.٢. دەوڵەتی ژیر ئەرکی کۆکردنەوە، ڕێکخستن و خستنەڕووی بێوچانی ئەم زانیارییانەی لەسەر ئەم دەروازەیە لە ئەستۆدایە:
ئا. خەرجییەکانی بودجەی گشتی بە شێوەی زیندوو.
ب. وردەکاریی گشت گرێبەستە گشتییەکان.
پ. تۆماری دەنگدانی نوێنەران لە مەکۆی نیشتمانی.
ت. سامانی ئاشکراکراوی بەرپرسانی باڵای دەوڵەت.
شەشەم: پێداچوونەوەی قانوونیی دینامیک: دەنگی بێپسانەوەی کۆمەڵ
٦.١. شارۆمەندان مافی هەڵسەنگاندنی بێوچانی بۆ قانوون و وارگێڕییە بەرکارەکان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی دیجیتاڵییەوە دەبێت.
٦.٢. دەوڵەتی ژیر بە شێوەیەکی بێپسانەوە کاریگەریی قانوونەکان لەسەر کۆمەڵگا شیدەکاتەوە و لە باریی ناسینەوەی ناڕەزایەتییەکی بەرچاو، دۆسییەکە ئاڕاستەی مەکۆی نیشتمانی دەکات بۆ پێداچوونەوە.
حەوتەم: مافی گردبوونەوە و داخوازکاریی دیجیتاڵی
٧.١. مافی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتییانە، مافی ڕێکخستنی گردبوونەوە و داخوازکاریی دیجیتاڵیش لەخۆدەگرێت.
٧.٢. شارۆمەندان مافیان هەیە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی نیشتمانییەوە، داخوازکاریی گشتی ئاڕاستەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەن. ئەگەر داخوازکارییەک ژمارەی دیاریکراوی واژۆی بەدەست هێنا، دامەزراوەی پەیوەندیدار پابەندە بە وەڵامدانەوەی فەرمی.
هەشتەم: دەستپێشخەریی قانووندانانی کۆمەڵ
٨.١. شارۆمەندان مافیان هەیە پێشنیازی پڕۆژەقانوون بکەن.
٨.٢. دەوڵەتی ژیر ئەرکی پشتڕاستکردنەوەی واژۆکان و دڵنیابوون لە گونجانی پێشنیازەکە لەگەڵ بنەماکانی دەستووردا لە ئەستۆ دەگرێت.
٨.٣. ئەگەر پێشنیازێک ژمارەی دیاریکراوی واژۆی دیجیتاڵیی بەدەست هێنا، ئەوا مەکۆی نیشتمانی پابەند دەکرێت بە تاوتوێکردنی و بە شێوەیەکی ئاشکرا هۆکاری پەسەندکردن یان دانەدواوەی ڕابگەیەنێت.
نۆیەم: ڕاپرسیی گشتیی دیجیتاڵی: پرسیاری چارەنووسساز
٩.١. ڕاپرسیی گشتیی دیجیتاڵی، تەنیا لەسەر ئەو پرسانە ئەنجام دەدرێت کە کاریگەریی بنەڕەتییان لەسەر داهاتووی دەوڵەت هەیە.
٩.٢. ئەنجامدانی ڕاپرسی، بەپێی مەرجی توندی دەستووری دەبێت کە قانوون دیاری دەکات.
٩.٣. دەوڵەتی ژیر بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی تەکنیکیی تەواوی پڕۆسەکە و دڵنیابوون لە دەستپاکی و ئاسایشی.
دەیەم: قەڵغانی دیجیتاڵی: پاراستنی پەڕگاڵی دیموکراتی
١٠.١. دەوڵەتی ژیر و "قەڵغانی سایبەریی نیشتمانی" ئەرکی پاراستنی دەستپاکی و ئاسایشی گشت پڕۆسەیەکی دیموکراتیی دیجیتاڵییان لە ئەستۆدایە.
١٠.٢. دەوڵەتی ژیر ئەرکی ناسینەوە و بەرەنگاربوونەوەی سیستماتیکی ئەو کەمپینە زانیارییە چەواشەکارانەیەی لە ئەستۆدایە کە ئامانج لێی کاریگەریکردنە سەر ویستمەندیی ئازادی دەنگدەرانە.
١٠.٣. هەر هەوڵێک بۆ دەستکاریکردن، تێکدان، یان بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە بە مەبەستی کاریگەریکردنە سەر پڕۆسە دیموکراتییەکان، بە تاوانێکی قورسی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی و پەڕگاڵی دەستووری هەژمار دەکرێت.
یازدەیەم: چوارچێوەی قانوونیی و باڵادەستیی دەستوور
١١.١. وردەکاریی ڕاییکردنی میکانیزمەکانی ئەم بەندە، بە قانوونێکی تایبەت ڕێکدەخرێت.
١١.٢. هیچ قانوونێک کە لەسەر بنەمای ئەم بەندە دەربچێت، نابێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتە بنەڕەتییەکانی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی کۆمار یان پێچەوانەی بنەما نەگۆڕەکانی تری ئەم دەستوورە بێت.
