بنەما دەستوورییەکانی دەوڵەتی ژیر
١.١. کۆماری کوردستان یەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو خاوەن سەروەریی و دابەشنەکراوە. سەروەریی دەوڵەت بە هەمان هێز و چوارچێوەی قانوونیی، وارگەی دیجیتاڵیش دەگرێتەوە.
یەکەم: یەکێتیی یەکەی دەوڵەت و فراوانبوونی سەروەری
١.١. کۆماری کوردستان یەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو خاوەن سەروەریی و دابەشنەکراوە. سەروەریی دەوڵەت بە هەمان هێز و چوارچێوەی قانوونیی، وارگەی دیجیتاڵیش دەگرێتەوە.
١.٢. پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر وەک ڕەهەندی دیجیتاڵیی دەوڵەت، ئامرازی سەرەکیی ڕاییکردنی سەروەرییە لەم وارەدا و بەشێکی دانەبڕاوە لە دامەزراوەکانی کۆمار.
١.٣. ئامانجی ئەم پەڕگاڵە، گۆڕینی دەسەڵاتدارییە لە پرۆسەیەکی بیرۆکراتییەوە بۆ پرۆسەیەکی زیرەک، کارا و داتا تەوەر و مسۆگەرکردنی درێژەدارییەتی دەوڵەتە لەژێر هەر بارودۆخێکدا.
دووەم: ژێرخانی سەربەخۆ و ناوکی ژیریی دەستکرد
٢.١. دەوڵەت ژێرخانێکی دیجیتاڵیی نیشتمانیی سەربەخۆ و تۆکمە دادەمەزرێنێت، کە ناوەندی داتای نیشتمانی، هەوری دەوڵەتی پارێزراو و کەناڵی پەیوەندیی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت.
٢.٢. ئەم ژێرخانە و گشت داتاکانی ناوی، بە سامانێکی ستراتیژیی نەتەوەیی دادەنرێن و دەکەونە ژێر باڵادەستیی ڕەهای قانوون و سەروەریی کۆماری کوردستانەوە.
٢.٣. ناوکی کارپێکەری ئەم ژێرخانە، پەرگاڵێکی ژیریی دەستکردی پێشکەوتووە (دەوڵەتی ژیر)، کە ئەرکی پاراستنی خۆگەڕ، باشترکردنی کارایی و چاودێریی دەستووریی پەڕگاڵەکەی لە ئەستۆدایە.
سێیەم: فەرمانە بنەڕەتییەکانی دەوڵەتی ژیر
پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر ئەم فەرمانە بنەڕەتییانەی هەیە:
ئا. پاراستنی خۆڕاگر: پاراستنی درێژەدارییەتی و دەستپاکی ژێرخانی دیجیتاڵی لەبەرامبەر هەموو جۆرەکانی هێرشی سایبەری و تێکدان، بە شێوەیەک کە نەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی هیچ هێزێکی ناقانوونییەوە.
ب. چاودێریی دەستووری: پشکنینی خۆگەڕی گشت ئەو فەرمان و بڕیارە دیجیتاڵییانەی کە دەخرێنە ناو پەڕگاڵەکەوە. لە باریی ناسینەوەی هەر فەرمانێک کە پێچەوانەی بنەما نەگۆڕەکانی دەستوور بێت، دەوڵەتی ژیر ڕاییکردنی ڕادەگرێت و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکاتەوە.
پ. شیکاریی ستراتیژی: شیکردنەوەی داتای گەورە بە مەبەستی بەهێزکردنی ئابووریی نیشتمانی، باشترکردنی ڕاژە گشتییەکان و پشتیوانیکردن لە داڕشتنی وارگێڕیی نیشتمانی.
چوارەم: شوناس و یادەوەریی دیجیتاڵی
ئا. پەرگاڵی "شوناسی نیشتمانیی کوردستان" (KN0ID) وەک تاکە شوناسی دیجیتاڵیی فەرمیی دانپێدانراو، بۆ گشت شارۆمەندان ناچاری دەبێت.
ب. گشت بەڵگەنامە ژینەکییەکانی کۆمار لە ئەرشیڤێکی دیجیتاڵیی دابەشکراو و دەستکارینەکراودا دەپارێزرێن.
پێنجەم: بنەمای کۆنترۆڵی مرۆیی و چوارچێوەی قانوونیی
ئا. دەوڵەتی ژیر ئامرازێکی ڕایەدارییە، نەک دەسەڵاتێکی بڕیاردەری سەربەخۆ. گشت بڕیارێکی ستراتیژی و قانوونیی کە کاریگەریی لەسەر مافی شارۆمەندان هەبێت، دەبێت لە کۆتاییدا لەلایەن دەسەڵاتدارێکی مرۆیی خاوەن ڕەواییەوە دەربچێت.
ب. بەکارهێنانی دەوڵەتی ژیر بە قانوونێکی تایبەت ڕێکدەخرێت و دەکەوێتە ژێر چاودێریی دەسەڵاتێکی ڕێکخەری سەربەخۆوە.
شەشەم: دۆخی ئاوارتە و درێژەدارییەتی دەوڵەت
لە کاتی ڕاگەیاندنی دۆخی جەنگ، داگیرکاری یان داڕمانی دامەزراوە فیزیکییەکان، پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر درێژەدارییەتی دەسەڵاتداریی و کارگێڕییە ژینەکییەکان مسۆگەر دەکات تا ئەو کاتەی سەروەریی فیزیکی دەگەڕێتەوە.
