دەستەی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی
بۆ پاراستنی درێژەدارییەتی ژیانی نەتەوەیی، سەقامگیریی کۆمەڵگا و کارکردنی بێپسانەوەی دەوڵەت، "دەستەی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی" وەک دامەزراوەیەکی دەستووریی ژیاریی سەربەخۆ دادەمەزرێت. ئەم دەستەیە قەڵغانی نیشتمانیی کۆمارە لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی ئەلیکترۆنی…
بۆ پاراستنی درێژەدارییەتی ژیانی نەتەوەیی، سەقامگیریی کۆمەڵگا و کارکردنی بێپسانەوەی دەوڵەت، "دەستەی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی" وەک دامەزراوەیەکی دەستووریی ژیاریی سەربەخۆ دادەمەزرێت. ئەم دەستەیە قەڵغانی نیشتمانیی کۆمارە لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی ئەلیکترۆنی کە ئامانجی پەکخستنی ژێرخانە ژینەکییەکانی وڵات و تێکدانی پەڕگاڵی گشتی بێت.
یەکەم: ئەرکە ستراتیژییە بەرگرییەکان
دەستەی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، باڵاترین دەسەڵاتی داڕشتنی ستراتیژی و چاودێریکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی نیشتمانییە لە کەرتی ژیاریدا و ئەم ئەرکە بنەڕەتییانەی هەیە:
١.١. پاراستنی ژێرخانی ژینەکی: دیاریکردن و پاراستنی گشت ئەو ژێرخانە ژینەکییانەی کە کارکردنیان بۆ درێژەدارییەتی ژیانی کۆمەڵگا و دەوڵەت پێویستە، لەوانە کەرتی وزە، سەرچاوەکانی ئاو، پەرگاڵی بانکی و دارایی، کەرتی تەندروستی، پەیوەندییەکان و ژێرخانی هەڵبژاردنەکان.
١.٢. دانانی ستانداردی نیشتمانیی پابەندکەر: دەرکردنی ڕێسا و ستانداردی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی پابەندکەر بۆ گشت دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و تایبەت کە خاوەنی ژێرخانی ژینەکین و چاودێریکردنی وردی ڕاییکردنیان.
١.٣. بەڕێوەبردنی قەیرانە نیشتمانییەکان: لە کاتی ڕوودانی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی بەرفراوان بۆ سەر کەرتی ژیاری، ئەم دەستەیە دەبێتە ناوەندی فەرماندەیی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە.
دووەم: سەربەخۆیی و میکانیزمی بەڕێوەبردن
بۆ دڵنیابوون لە سەربەخۆیی و بێلایەنیی ئەم دەستەیە:
٢.١. دەستەکە خاوەنی سەربەخۆیی ڕەبەقی کارگێڕی و داراییە و تەنیا لەبەرامبەر دەسەڵاتی قانوونداناندا وەڵامدەرەوەیە.
٢.٢. سەرۆک و ئەندامانی باڵای دەستەکە لە پسپۆڕانی بێلایەنی بوارەکانی تەکنەلۆژیا، قانوون و ئاسایشی نەتەوەیی پێکدێن، کە بە پێشنیازی سەرکۆمار و بە ڕەزامەندیی زۆرینەی ئەندامانی مەکۆی ژیران دادەنرێن.
سێیەم: هۆشیاریی نەتەوەیی و بنیاتنانی توانای مرۆیی
دەستەکە ئەرکدارە بە داڕشتنی بەرنامەی نیشتمانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ئەلیکترۆنی و بنیاتنانی توانای مرۆیی لە ڕێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆکان و ناوەندەکانی ڕاهێنان بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە پسپۆڕانی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ژیاری.
چوارەم: پەیوەندیی ستراتیژی و دابەشکردنی ئەرک
دەستەی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بە هاوئاهەنگییەکی تەواو و دابەشکردنێکی ڕوونی ئەرک، لەگەڵ "فەرماندەیی ئەلیکترۆنیی ئارتەش" و "ناوەندی نیشتمانی بۆ هەواڵگریی ئەلیکترۆنی"ـدا کار دەکات.
پێنجەم: دۆخی ئاوارتەی ئەلیکترۆنی
لە دۆخی ڕوودانی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی ستراتیژی کە هەڕەشە لە کارکردنی ژێرخانە ژینەکییەکانی دەوڵەت بکات، سەرکۆمار، لەسەر پێشنیاری "دەستەی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی"، دەتوانێت "دۆخی ئاوارتەی ئەلیکترۆنی" ڕابگەیەنێت.
شەشەم: چوارچێوەی قانوونیی و ڕەوشتیی کارکردن
گشت کار و چالاکییەکانی ئەم دەستەیە دەبێت بە تەواوی پابەندی بنەماکانی ئەم دەستوورە و مافە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندان بن. بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی ئەم دەستەیە بۆ چاودێریکردنی ناقانوونیی هاووڵاتیان بە ڕەهایی ڕێنەدراوە.
