دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 110

نووسینگەی پارێزەری گشتی

بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و شکۆی شارۆمەند لەبەرامبەر دەسەڵاتی کارگێڕیی دەوڵەتدا و بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دەسەڵاتداریی وەڵامدەرەوە و دادپەروەرانە، نووسینگەی پارێزەری گشتی دادەمەزرێت.

بەندی 110 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و شکۆی شارۆمەند لەبەرامبەر دەسەڵاتی کارگێڕیی دەوڵەتدا و بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دەسەڵاتداریی وەڵامدەرەوە و دادپەروەرانە، نووسینگەی پارێزەری گشتی دادەمەزرێت.

یەکەم: دامەزراندن و پێگەی دەستووری

١.١. "نووسینگەی پارێزەری گشتی" وەک دامەزراوەیەکی دەستووریی سەربەخۆ دادەمەزرێت.

١.٢. ئەم نووسینگەیە لە ڕاییکردنی ئەرکەکانیدا خاوەنی سەربەخۆیی تەواوی کارگێڕی و داراییە و تەنیا لەبەرامبەر دەسەڵاتی قانوونداناندا وەڵامدەرەوەیە.

دووەم: پێکهاتە و دانان

٢.١. نووسینگەکە لەلایەن پارێزەری گشتیی کۆمارەوە بەڕێوە دەبرێت.

٢.٢. پارێزەری گشتی، لەسەر پێشنیازی سەرکۆمار و بە ڕەزامەندیی زۆرینەی ئەندامانی مەکۆی ژیران دادەنرێت.

٢.٣. بەربژێری ئەم پۆستە دەبێت پێشینەیەکی بەرچاوی لە بواری قانوون، مافەکانی مرۆڤ، یان کارگێڕیی گشتیدا هەبێت و خاوەنی پاکی و بێلایەنیی سەلمێندراو بێت.

٢.٤. پارێزەری گشتی بۆ خولێکی حەوت ساڵە دادەنرێت و تەنیا بۆ یەک جار مافی دووبارە دانانەوەی هەیە.

سێیەم: پانتایی دەسەڵات و سنوورەکان

٣.١. پانتایی دەسەڵاتی نووسینگەی پارێزەری گشتی، لێکۆڵینەوەیە لەو سکاڵایانەی کە پەیوەندییان بە " بەد بەڕێوەبردن"ـەوە هەیە لەلایەن گشت دامەزراوە و فەرمانگەیەکی کارگێڕیی سەر بە دەسەڵاتی ڕایەدارەوە. ئەمەش ئەم بوارانەی خوارەوە دەگرێتەوە:

ئا. ناڕەوایی و ستەم لە بڕیارە کارگێڕییەکاندا.

ب. کەمتەرخەمی یان دواخستنی ناپاساوی هەڵسوکەوتی شارۆمەندان.

پ. بەد بەکارهێنانی دەسەڵات.

ت. پێشێلکردنی ڕێکارە قانوونییە دیاریکراوەکان.

ج. دانەدواوەی پێدانی زانیاری کە شارۆمەند مافی دەستگەیشتنی پێی هەیە.

٣.٢ پانتایی دەسەڵاتی نووسینگەکە بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری، پڕۆسەی قانووندانان لەناو مەکۆی نیشتمانی و مەکۆی ژیراندا، و وارگێڕییە باڵاکانی ئاسایشی نەتەوەیی و دەرەوە ناگرێتەوە.

چوارەم: دەسەڵاتەکانی لێکۆڵینەوە

بۆ ڕاییکردنی ئەرکەکانی، نووسینگەی پارێزەری گشتی خاوەنی ئەم دەسەڵاتانەیە:

٤.١. دەستگەیشتنی تەواو بە گشت بەڵگەنامە، تۆمار و زانیارییەک کە پەیوەندی بە سکاڵاکەوە هەبێت.

٤.٢. بانگهێشتکردنی هەر فەرمانبەر یان بەرپرسێک بۆ وەرگرتنی شایەدی و ڕوونکردنەوە.

٤.٣. سەردانی مەیدانی و پشکنینی هەر نووسینگە و دامەزراوەیەک کە لێکۆڵینەوەکە دەیگرێتەوە.

٤.٤. هەر هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە کاری پارێزەری گشتی، بە تاوانێکی سەربەخۆ هەژمار دەکرێت و بەپێی قانوون سزای لەسەر دەبێت.

پێنجەم: دەرەنجام و ڕاسپاردەکان

٥.١. دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوە، پارێزەری گشتی ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە دەکات و دەتوانێت ڕاسپاردەی پابەندکەر دەربکات.

٥.٢. ئەم ڕاسپاردانە دەکرێت ئەم بوارانە لەخۆبگرن:

ئا. ڕاستکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە کارگێڕییەکە.

ب. بۆبژاردنی زیانی شتەکی و گیانەکی زیانلێکەوتوو.

پ. پێشکەشکردنی داخوازی لێبوردنی فەرمی لەلایەن دامەزراوەکەوە.

ت. پێشنیارکردنی گۆڕانکاری لە ڕێسا و ڕێکارە کارگێڕییەکاندا بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی چەوتی.

٥.٣. ئەگەر دامەزراوەی پەیوەندیدار لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە قانوون دیاری دەکات، پابەندی ڕاسپاردەکان نەبوو، پارێزەری گشتی مافی هەیە دۆسییەکە، بە مەبەستی ڕاییکردن، بەرز بکاتەوە بۆ دادگای کارگێڕی.

شەشەم: ڕاپۆرتدان و ڕوونایەتی

٦.١. پارێزەری گشتی ساڵانە ڕاپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی نووسینگەکە و ڕاسپاردە سەرەکییەکانی پێشکەش بە مەکۆی نیشتمانی دەکات.

٦.٢. پوختەیەکی گشتیی ڕاپۆرتەکە، کە پارێزەری نهێنیی سکاڵاکاران بێت، بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە.

حەوتەم: دەستگەیشتنی گشتی و بێبەرامبەر

٧.١. تۆمارکردنی سکاڵا لە نووسینگەی پارێزەری گشتی، مافێکی بنەڕەتیی هەموو شارۆمەندێکە.

٧.٢. دەبێت پڕۆسەی سکاڵا تۆمارکردن سادە، بێبەرامبەر و دەستگەیشتوو بێت بۆ هەموو شارۆمەندان، بەبێ ڕەچاوکردنی شوێنی جوگرافی یان توانای داراییان.