ژمێریاریی گشتی و چاودێریی کارایی
کارایی، دەستپاکی و بەکارهێنانی قانوونیی سامانی گشتی، مەرجی پێشوەختەی هێزی دەوڵەت و متمانەی نەتەوەیین. بۆ چەسپاندنی ئەم بنەمایانە، "نووسینگەی ژمێریاریی گشتی" وەک دامەزراوەیەکی دەستووریی سەربەخۆی کارگێڕی و دارایی دادەمەزرێت کە تەنیا لەبەرامبەر دەسەڵاتی قانوون…
کارایی، دەستپاکی و بەکارهێنانی قانوونیی سامانی گشتی، مەرجی پێشوەختەی هێزی دەوڵەت و متمانەی نەتەوەیین. بۆ چەسپاندنی ئەم بنەمایانە، "نووسینگەی ژمێریاریی گشتی" وەک دامەزراوەیەکی دەستووریی سەربەخۆی کارگێڕی و دارایی دادەمەزرێت کە تەنیا لەبەرامبەر دەسەڵاتی قانوونداناندا وەڵامدەرەوەیە.
یەکەم: ئەرک و فەرمانە بنەڕەتییەکان
ئەرکی بنەڕەتیی نووسینگەکە بریتییە لە چاودێریکردنی گشتگیر بەسەر دارایی گشتی و کارگێڕیی دەوڵەتدا، کە ئەم بوارانە دەگرێتەوە:
١.١. ژمێریاریی دارایی: وردبینیکردن و هەڵسەنگاندنی ساڵانەی گشت داهات و خەرجییەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەپێی قانوون و بنەما ژمێریارییەکان تۆمار کراون.
١.٢. چاودێریی کارایی: هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا سەرچاوەکان بە شێوەیەکی کارا و ئابوورییانە بەکارهاتوون بۆ بەدیهێنانی ئامانجە دیاریکراوەکان و ناسینەوەی هەر بارێکی بەفێڕۆدان یان بەد بەڕێوەبردن.
١.٣. پشکنینی پێشوەختەی گرێبەستەکان: چاودێریکردن و پێداچوونەوەی ڕێکارەکانی بەستنی گرێبەستە گشتییە گەورەکان بۆ دڵنیابوون لە ڕوونایەتی و کێبڕکێی دادپەروەرانە.
١.٤. ڕێگریی سیستماتیک: ناسینەوەی کەلێنەکان لە پەرگاڵی کارگێڕی و داراییدا و پێشکەشکردنی ڕاسپاردەی کرداری بۆ چاکسازی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گەندەڵی.
دووەم: دەسەڵاتەکانی نووسینگەی ژمێریاریی گشتی
بۆ ڕاییکردنی ئەرکەکانی، نووسینگەکە خاوەنی ئەم دەسەڵاتانەیە:
٢.١. دەستگەیشتنی بێسنوور: مافی دەستگەیشتنی تەواو و بێمەرجی بە گشت بەڵگەنامە، تۆمار و بنکەی داتاکانی هەر دامەزراوەیەکی دەوڵەتی هەیە.
٢.٢. بانگهێشتکردن و وەرگرتنی گەوایی: دەسەڵاتی بانگهێشتکردنی هەر فەرمانبەر و بەرپرسێکی دەوڵەتی هەیە، لە هەر پلەیەکدا بێت، بۆ پێشکەشکردنی زانیاری و ڕوونکردنەوە.
٢.٣. ڕاسپاردەی پابەندکەر: دامەزراوەی پەیوەندیدار پابەندە بە ڕاییکردنی ڕاسپاردەکانی نووسینگە لە ماوەیەکی دیاریکراودا. لە باریی دانەدواوەدا، دەبێت بە فەرمی و بە هۆکاری قانوونیی وەڵام بداتەوە، کە ئەمەش دەکەوێتە ژێر چاودێریی مەکۆی نیشتمانییەوە.
٢.٤. ئاڕاستەکردنی دۆسیە: لە باریی دۆزینەوەی بەڵگەی تاوانی گەندەڵی، نووسینگە پابەندە بە ئاڕاستەکردنی ڕاستەوخۆی دۆسیەکە بۆ دەزگا دادوەرییە پەیوەندیدارەکان.
سێیەم: ژمێریاری گشتی
٣.١. نووسینگەکە لەلایەن ژمێریاری گشتیی کۆمارەوە بەڕێوە دەبرێت.
٣.٢. ژمێریاری گشتی بۆ خولێکی حەوت ساڵە و تەنیا بۆ یەک جار، لەلایەن سەرکۆمارەوە و بە ڕەزامەندیی زۆرینەی ئەندامانی مەکۆی ژیران دادەنرێت.
٣.٣. بەربژێری ئەم پۆستە دەبێت خاوەنی پسپۆڕیی باڵا و ئەزموونی سەلمێندراو بێت لە بواری ژمێریاری و وردبینی گشتیدا و نابێت لە ماوەی دە ساڵی پێش دامەزراندنیدا هیچ پۆستێکی پارتایەتیی هەبووبێت.
چوارەم: ڕاپۆرت و ڕوونایەتی
٤.١. ژمێریاری گشتی ساڵانە ڕاپۆرتێکی گشتگیر پێشکەش بە دەسەڵاتی قانووندانان و ڕای گشتی دەکات.
٤.٢. گشت ئەو ڕاپۆرتانەی کە نهێنیی ئاسایشی نەتەوەیی لەخۆ ناگرن، دەبێت بە شێوەیەکی گشتی و ئاسان بۆ دەستگەیشتن بڵاو بکرێنەوە.
