دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 10

سەرکۆماری کوردستان - سەرۆکی دەوڵەت و ڕایەدار

سەرکۆماری کوردستان وەک هێمای باڵای سەروەریی، یەکێتیی نەتەوەیی، درێژەداریی مێژوویی نیشتمان، لە ڕێگەی مانداتی ڕاستەوخۆی گشت شارۆمەندانی کوردستانەوە، نوێنەرایەتیی باڵاترین ئاستی ویستی نیشتمانی و ویستی نەتەوەیی بۆ ڕایەداریی دەوڵەتێکی بەهێز و پێشکەوتوو دەکات. سە…

بەندی 10 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

سەرکۆماری کوردستان وەک هێمای باڵای سەروەریی، یەکێتیی نەتەوەیی، درێژەداریی مێژوویی نیشتمان، لە ڕێگەی مانداتی ڕاستەوخۆی گشت شارۆمەندانی کوردستانەوە، نوێنەرایەتیی باڵاترین ئاستی ویستی نیشتمانی و ویستی نەتەوەیی بۆ ڕایەداریی دەوڵەتێکی بەهێز و پێشکەوتوو دەکات. سەرکۆمار سەرۆکی ڕایەداریی باڵایە، فەرماندەی گشتیی باڵای گشت هێزە چەکدارەکانە، و گەرەنتیی سەروەریی قانوون و پارێزەری دەستوورە.

یه‌كه‌م: پێناسە و هەڵبژاردن

١.١. سەرکۆماری کوردستان سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی ڕایەداریی باڵایە کە نوێنەرایەتیی سەروەریی نەتەوەیی دەکات.

١.٢. سەرکۆمار بەرپرسیاریی سەرەکیی ڕاییکردنی دەستوور و قانوونەکان و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتی لە ئەستۆدایە.

١.٣. سەرکۆمار لەڕێگەی دەنگدانی ڕاستەوخۆی گشت شارۆمەندانی شایستەی کوردستانەوە هەڵدەبژێردرێت.

١.٤. ماوەی سەرۆکایەتی پێنج ساڵە و سەرۆک تەنیا یەک جار مافی دووبارە هەڵبژاردنەوەی هەیە.

دوویه‌م: مەرجەکانی بەربژێربوون و سوێندخواردن

٢.١. بەربژێری پۆستی سەرکۆمار دەبێت خاوەنی ئەم مەرجانە بێت:

ئا. تەمەنی لە ٣٥ ساڵ کەمتر نەبێت

ب. خاوەن لانیکەم بڕوانامەی زانستیی باوەڕپێکراوی بەکالۆریۆس، یان هاوتایەکی قانوونیی دانیپێدانراو بێت، لە بوارێکدا کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دەوڵەتداری، قانوون، کارگێڕیی گشتی، ئابووری، دارایی گشتی، دیپلۆماسی، ئاسایشی نەتەوەیی، بەرگری، ستراتیژیی نەتەوەیی، وارگێڕیی گشتی، یان بەڕێوەبردنی دامەزراوەییەوە هەبێت.

پ. لانیکەم ١٠ ساڵ ئەزموونی سەلمێنراوی پیشەیی لە ڕاژەی گشتی، کارگێڕیی باڵا، دەوڵەتداری، قانووندانان، دادوەری، دیپلۆماسی، بەرگری، ئاسایشی نەتەوەیی، ئابووریی نیشتمانی، دارایی گشتی، یان بەڕێوەبردنی دامەزراوەیی هەبێت.

ت. خاوەن توانای سەلمێنراوی ڕایەداریی دەوڵەت، بڕیاردانی ستراتیژی، بەڕێوەبردنی قەیران، پاراستنی سەروەریی قانوون، ڕێزگرتن لە دەستوور، و هاوئاهەنگیکردنی دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت بێت؛ ئەم توانایە بەپێی پێشینەی پیشەیی، ڕاپۆرتی شایستەیی، و پشکنینی قانوونیی دیاریکراو پشتڕاست دەکرێتەوە.

ج. بە حوکمی کۆتایی دادگای شایستە، پێشینەی سزادانی بەهۆی ناپاکیی نیشتمانی، گەندەڵی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، تاوانەکانی دژ بە پاکڕەوشتی و ڕاژەی گشتی، یان هەر تاوانێکی مەبەستداری دیکەی نەبێت کە بەپێی قانوون متمانەی گشتی و شایستەیی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرکۆمار لەناو دەبات.

چ. لە کوردستان لەدایک بووبێت و باوک و دایکی هەردووکیان بە ڕەچەڵەک کورد بن.

ح. لانیکەم ٢٠ ساڵ لە کوردستان نیشتەجێ بووبێت.

خ. زمانی کوردی بە باشی بزانێت و توانای قسەکردنی بە لانیکەم یەک زاراوەی دیکەی کوردی هەبێت.

د. پێش پەسەندکردنی ناوی وەک بەربژێر، بەپێی قانوونی تایبەت، پشکنینی شایستەیی، پاکڕەوشتی، پێشینەی قانوونی، هاوبەندیی بەرژەوەندی، و پابەندی بە دەستوور و سەروەریی قانوون بۆی ئەنجام بدرێت. ئەم پشکنینە تەنیا بۆ پشتڕاستکردنەوەی مەرجە دەستووری و قانوونییەکانە و نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ سنووردارکردنی کێبڕکێی وارگێڕی یان مافی هەڵبژاردنی شارۆمەندان.

ر. ڕاپۆرتێکی شایستەیی گشتی پێشکەش بکات، کە تێیدا پێشینەی زانستی و پیشەیی، ئەزموونی دەوڵەتداری و بەڕێوەبردن، دیدگای ستراتیژی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، ئابووریی نیشتمانی، خۆشبژێویی گشتی، دادپەروەریی نەتەوەیی، وارگێڕیی دەرەوە، و گەشەی ڕاوەستاو ڕوون کرابێتەوە.

ز. سامان، سەرچاوەکانی داهات، هاوبەندیی بەرژەوەندی، پەیوەندییە دارایی و پیشەییە گرنگەکان، و هەر پەیوەندییەک کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سەربەخۆیی بڕیار و پاکڕەوشتیی ڕایەداریی بکات، بەپێی قانوون ئاشکرا بکات.

ژ. بەشداری لە گفتوگۆیەکی گشتی، ڕووەن، بێلایەن و یەکساندا بکات، کە تێیدا بەرنامەی سەرکۆماریی خۆی بۆ پاراستنی دەستوور، بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئاسایشی نەتەوەیی، بەرگری، ئابووری، دادپەروەریی نەتەوەیی، ڕاژەی گشتی، و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕوون بکاتەوە.

س. پاش هەڵبژاردن و پێش دەستبەکاربوونی فەرمی، قۆناغێکی ئامادەسازیی دەستووری و ستراتیژی تەواو بکات، کە ناساندنی وردی دەستوور، پەرگاڵی دەوڵەت، ئاسایشی نەتەوەیی، بەرگری، بوودجە و دارایی گشتی، دادوەری، دیپلۆماسی، ڕاژەی گشتی، و پەڕگاڵی دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت لەخۆ بگرێت. ڕێکاری ئەم قۆناغە بەپێی قانوونی تایبەت ڕێکدەخرێت.

٢.٢. پاش هەڵبژاردنی، سەرکۆمار دەبێت سوێندی وەفاداری بە دەستوور و کوردستان بخوات. دەقی سوێندەکە بەم جۆرەیە:

"لەبەردەم مەردم و نیشتمانی پیرۆزی کوردستان و لەبەردەم ویژدانی خۆم، من ______________________ وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی کۆماری کوردستان، سوێند دەخۆم بە هەموو پیرۆزییەکانم و بە باڵاترین بەهای نیشتمانی:

کە بەوپەڕی دڵسۆزی، ڕاستگۆیی و بەرپرسیارێتییەوە، ئەرکی سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی ڕایەداریی باڵای وڵات ڕاپەڕێنم؛

کە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان بکەم و بە هەموو توانام پارێزەری دەوڵەت و نەتەوە و سەروەریی نەتەوەیی، یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی پیرۆزی کوردستان بم لە بەرامبەر هەموو هەڕەشەیەک؛

کە دەستووری کۆماری کوردستان وەک باڵاترین قانوون بپارێزم، پابەند بم بە بنەما و پرەنسیپە نەگۆڕەکانی و دڵنیایی لە ڕاییکردنی قانوون و بڕیارەکان بدەم؛

کە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی گشت شارۆمەندانی کوردستان، بەپێی دەستوور و قانوون، بەبێ هیچ جیاوازییەک گرەنتی و پارێزگاری بکەم؛

کە بێپسانەوە کارە بنچینەیی بۆ گەشەی وڵات و پەرەسەندنی هێز و تواناییەکان و زانست و تەکنۆلۆژیا لە کوردستان بم،

کە بێوچان کار بۆ دابینکردنی خۆشبژێویی، دادپەروەریی نەتەوەیی و پێشکەوتنی هەمەلایەنەی گشت شارۆمەندانی کوردستان بکەم؛

کە هەرگیز بە هۆی بیرو باوەڕ و ئایدیۆلۆژیا وڵات و نەتەوەکەم نەخەمە بەر تاقیکردنەی مەترسیدار و هەڕەشەی جیهانی لە هاوکێشییە وارگێرییەکان و هاوسەنگی هێزدا؛

بەڵێن دەدەم هەموو ژیان و توانام بۆ ڕاژە بە کوردستان و بەرزڕاگرتنی شکۆ و بەرزیی وڵات و نەتەوەکەم لە ناوچەکە و جیهاندا تەرخان بکەم."

سێیه‌م: دەسەڵات و ئەرکەکان

٣.١. سەرکۆمار خاوەنی ئەم دەسەڵات و ئەرکە سەرەکییانەیە:

ئا. سەرۆکی ڕایەدار:

سەرپەرشتیکردنی گشتیی دەسەڵاتی ڕایەدار

داڕشتنی وارگێڕییە گشتییەکانی دەوڵەت

دڵنیابوون لە ڕاییکردنیان لەلایەن کابینە و دامەزراوە فەرمییەکانەوە

ب. دانان و لادانی کابینە:

دانان و لادانی سەرۆکی کابینەی دەسەڵات (ئەگەر هەبێت) و شالیارەکان

کابینە و شالیارەکان بەرپرسیاریی ڕاستەوخۆیان لەبەردەم سەرکۆماردا هەیە

پ. فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان:

فەرماندەی گشتیی باڵای گشت هێزە چەکدارەکانی کوردستانە

سەرپەرشتیی باڵای وارگێڕیی بەرگریی نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەیی دەکات

ت. وارگێڕیی دەرەوە:

داڕشتن و بەڕێوەبردنی وارگێڕیی دەرەوەی کوردستان

نوێنەرایەتیکردنی دەوڵەت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا

دانانی باڵیۆزان و نوێنەرانی دیپلۆماسیی کوردستان

وەرگرتنی باوەڕنامەی نوێنەرانی بیانی

ج. واژۆکردنی قانوونەکان و مافی ڤیتۆ:

واژۆکردن و ڕاگەیاندنی ئەو قانوونیانەی لە پەرلەمانەوە پەسەند کراون

مافی ڤیتۆی قانووندانانی هەیە

دەتوانێت پڕۆژەقانوونی پەسەندکراوی پەرلەمان بۆ پێداچوونەوە یان دانەدواوە بگەڕێنێتەوە بەپێی مەرجەکانی بەندی ٢١

چ. بڕیار و فەرمانی ڕایەدار:

دەرکردنی بڕیار و فەرمانی ڕایەدار بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بەپێی دەستوور و قانوونەکان

ح. لێبوردن و مەدالیا:

دەرکردنی بڕیاری لێبوردنی تایبەت (جگە لەو تاوانانەی قانوون دیاری دەکات)

پێدانی نیشان و مەدالیای دەوڵەتی

خ. باری نائاسایی و جەنگ:

ڕاگەیاندنی باری نائاسایی یان باری جەنگ بەپێی قانوون

دوای ڕاوێژ یان پەسەندن لەگەڵ مەکۆی نیشتمانی و مەکۆی ژیران

یان بەپێی بڕیاری دادگای باڵا لە هەندێک باردا کە قانوون دیاریکردوون

د. دانانی بەرپرسانی باڵا:

دانانی بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت

دانانی سەرۆکی دامەزراوە سەربەخۆکان و دادوەرانی دادگا باڵاکان

ئەم دانانانە بەپێی قانوون و لەوانەیە بە ڕەزامەندیی مەکۆی ژیران بێت

چواره‌م: بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە

٤.١. سەرکۆمار بەرپرسیارە لەبەرامبەر کۆمەڵگای کوردستان و پابەندە بە ڕاییکردنی دەستوور و قانوونەکان.

٤.٢. لێپرسینەوە و لادانی سەرکۆمار لە پۆستەکەی تەنیا لە ڕێگەی پرۆسەی لادانی دەستوورییـەوە دەکرێت بەهۆی:

ئا. پێشێلکاریی سەلمێنراوی قورس لە دەستوور، کە بەڵگەی ڕوون و پشکنراو هەبێت و بەپێی قانوون متمانەی دەستووری و شایستەیی مانەوەی سەرکۆمار لە پۆستەکەدا لەناو ببات

ب. ناپاکیی نیشتمانی

پ. تاوانێکی مەبەستداری قورس کە بە حوکمی کۆتایی دادگای شایستە بسەلمێنرێت و بەپێی قانوون متمانەی دەستووری، پاکڕەوشتیی ڕایەداری، یان شایستەیی مانەوەی سەرکۆمار لە پۆستەکەدا لەناو ببات.٤.٣. پرۆسەی لادان بەپێی ئەو مەرجە زۆر توندانەی لە دەستوور و قانوونی تایبەتدا دیاری کراون، ڕایی دەکرێت.

پێنجه‌م: ڕێنەدراوکردنی کاری دیکە

٥.١. سەرکۆمار لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا مافی ئەنجامدانی هیچ کارێکی بازرگانی، پیشەیی، یان هەر کارێکی دیکەی نییە کە:

ئا. لەگەڵ پۆستەکەی ناکۆک بێت

ب. ببێتە سەرچاوەی بەرژەوەندیی تایبەت

٥.٢. سەرکۆمار و جێگرەکەی (ئەگەر هەبێت) پابەندن بە ئاشکراکردنی سامانی خۆیان بەپێی قانوون.